عادەتێك هەیە لە هەندێ وڵات ئەویش ئەوەیە كە كەسێك دەمرێت دەنگ بەقورئان بەرزدەكەنەوە بەهۆى مسەجەل وبڵندگۆوە جا حوكمى ئەو كارە چییە؟
وەڵام ئەوەیە كە دەڵێین ئەم كارە بیدعەیە و گومانى تێدا نییە، چونكە لەسەردەمى پێغەمبەرى خوا ﷺ و هاوەڵاندا نەبووە، وە قورئان لەڕاستیدا كە دەخوێنرێت لەلایەن كەسێكەوە لە غەم و دڵتەنگى سووك دەكاتەوە، نەوەك لە بڵندگۆوە و هەموو كەسێك بیبیستێت تەنانەت ئەوانەى خەریكى لەهو خراپەیشن لەشوێنى خۆیاندا، تەنانەت ئەوانەى كە گوێ لە گۆرانى و مۆسیقا دەگرن تێكەڵیان دەبێت و وایان لێ دێت گوێ لە گۆرانى و مۆسیقا وقورئانیش دەگرن، وەكو بڵێى گاڵتە بەقورئان دەكەن، پاشان كۆبونەوەى كەسوكارى مردوو بۆ پێشوازى كردن لە خەڵكى بۆ تەعزیە دیسان ئەوەش لەو كارانەیە كەلەسەردمى پێغەمبەردا نەبووە ﷺ ، تەنانەت هەندێ لە زانایان دەڵێن ئەوە بیدعەیە.
هەربۆیە واى نابینین كە شەرعى بێت ئەوەى كە كەسوكارى مردوو كۆببنەوە بۆ پێشوازى لە خەڵكى نەخێر بەڵكو دەرگا دادەخەن، ئەگەر یەكێك لەبازاڕ گەیشت پێیان یان خزم ونزیكێك هات بۆ لایان بەبێ مەوعیدى پێشتر بۆ چاوپێكەوتن وبەبێ ئەوەى دەرگا بخەنە سەرپشت بۆ هەموو كەس ئەوا ئاساییە، بەڵام ئەگەر كۆببنەوە ودەرگا واڵابكەن بۆ پێشوازى لە خەڵكى ئەوا ئەمە شتێكە كەلەسەردەمى پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵاندا نەبووە، بەڵكو وایان بینیوە كە كۆبونەوە لەلاى كەسوكارى مردوو وە خواردن دروست كردن بریتیە لەو شتەى كە پێى دەوترێت ( النیاحە) گریەوزارى ناشەرعى وشیوەن وڕۆڕۆ كە تاوانى گەورەیە، چونكە پێغەمبەرى خوا ﷺ نەفرەتى كردووە لەوەى نیاخە دەكات ولەوەش گوێى لێ دەگرێت وفەرموویەتى: (( النائحة إذا لم تتب قبل موتها تُقام يوم القيامة وعليها سربال من قطران، ودرع من جرب)) (١) . واتە: ئافرەتى شیوەنكار ئەگەر پێش مردنى تۆبە نەكات ئەوا لە رۆژى دواییدا دێت و شەرواڵێكى لە قیر لە پێدایە و كراسێك لە جرب ( جۆرە نەخۆشیەكە كە كەسەكە خۆى پێ ناگیرێت و هەمیشە خۆى دەخورێنێت) نسأل الله العافية.
جا ئامۆژگاریم بۆ برا موسڵمانەكانم ئەوەیە كە واز لەم كارە داهێنراوانە بهێنن، چونكە ئەوە باشترە بۆیان لاى خوا، و بۆ مردووەكەش باشترە دیسان، لەبەر ئەوەى پێغەمبەرى خوا هەواڵى داوە بەوەى كە مردوو سزا دەدرێت و ئازار دەبینێت بەبۆنەى گریان و شیوەن وزارى كەس وكارەكەى لەسەرى، وە سزا دەدرێت واتە هەست بە ئازار وئەزیەت دەكات لەبەر ئەو گریانەیان لەسەرى، ئەگەرچی تۆڵەى لێ ناكرێتەوە وەكو بكەرى شیوەنەكە، لەبەر ئەوەى خواى گەورە دەفەرموێت: [ وَلا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى ](الأنعام: الآية164)، واتە: هیچ كەسێكیش تاوان وخراپەى كەسى تر هەڵناگرێت.
وە سزایش هەمیشە ئەوە ناگەیەنێت كە تۆڵەكردنەوە بێت بۆ نمونە پێغەمبەرى خوا ﷺ دەفەرموێت: (( السفر قطعة من العذاب)) (٢)، واتە: سەفەركردن بەشێكە لە سزا وئازار. جا بۆیە ئازار و ناڕەحەتى وغەم وخەفەتیش هەربە سزا هەژمار دەكرێن. هەروەها لەو قسانەى كەلەنێو خەڵكیدا دەكرێت ئەوەیە كە دەڵێن: ( ویژدانم سزای دام) ئەگەر غەم وخەفەت ڕووى تێ بكات، بەهەرحاڵ من ئامۆژگارى برایانم دەكەم بەوەى واز لەم رەفتارانە بهێنن كە تەنها دووركەوتنەوەیان لەخواوە پێى زیاد دەكات و سزاى مردوەكەیشیان پێى زیاد دەبێـت.
(١) أخرجه مسلم : كتاب الجنائز/ باب التشديد في النياحة (934).
(٢) أخرجه البخاري : كتاب العمرة/ باب السفر قطعة من العذاب (1804) . ومسلم: كتاب الإمارة/ باب السفر قطعة من العذاب (1927).