ئەگەر كەسێك لە ئەوروپا بێت دروستە ماڵى باوكى لە كوردستان سەرفترەى بۆ بدەن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر كەسێك لە ئەوروپا بێت دروستە ماڵى باوكى لە كوردستان سەرفترەى بۆ بدەن

بەناوى خواى گەورەو میهرەبان
لە هیچێك لەو فەرموودانەى كە باس لە سەرفترە دەكەن باس لەوە ناكەن كە دەبێت بە پێی وڵاتى خۆت (واتە: وڵاتى دایك، یان ئەو وڵاتەى كە تێیدا لە دایك بووى)، یان بە پێی ئەو وڵاتە بێت كە تێیدا دەژیت، بەڵكو بە ڕەهایە هاتووە، و هیچ پەیوەستیەكى پێوە دانەنراوە، و تەنها ووتراوە خواردن بدەن.
بۆیە: ئەگەر خۆت سەرفترەكەت دا، و لە وڵاتانى ئەورۆپایت، ئەوا خواردنى هەژارى موسڵمانان دەدەیت لەوێ.
وە ئەگەر كەسێك لە وەڵاتى خۆت بكەى بە وەكیل كە ئەو كارەت بۆ ئەنجام بدات لەو وڵاتەى كە تێیدا لە دایك بووى، ئەوا بە پێی ئەو وڵاتە دەیدات كە وەكیلەكەتى تێدایە.
بڕى سەرفترەكەش بریتیە لە (صاعێك) لە خواردن كە چوار گوێل دەكات بە دەستى كەسێكى مام ناوەند، كە زانایان بە دوو كێلۆ و چوارسەد غەرام خەمڵاندوویانە، وە هەندێكى تر فەرموویانە نیو صاعە دوو گوێل دەكات و دەكاتە یەك كێلۆ و دوو سەد غەرام خواردن.
چەند تێبینیەکى گرنگ :
یەکەم : دەبێت ئەوەش بزانى كە بە هیچ شێوەیەك بە پارە نابێت ئەنجام بدرێت، واتە: پارە لە جیاتى خواردنەكە بدرێت.
دووەم : سەرفترە لە دوای خۆر ئاوابوونی ئێوارەی شەوی جەژن واجب و فەرز دەبێت ، بەڵام روخسەت و ڕێگە دراوە بە ڕۆژێك یان دوو ڕۆژ یان سێ‌ ڕۆژ پێش جەژن بدرێت .
كەواتە هەر كەسێك لە سێ‌ ڕۆژ زیاتر پێش جەژن سەرفترە بدات ئەوا بە پێچەوانەی صەحابەكانی پێغەمبەرەوە () ڕەفتاری كردووە كە ئەوان لە هەموو كەسێك زاناتر و شارەزاترن بە سوننەتی پێغەمبەر () .
سێیەم : تایبەت کردنی سەرفترەدان بە شێخ و مەلا و فەقێ ! چونکە سەرفترە تەنھا حەقی ھەژارەکانە و بەس ، وە تایبەت نییە بە شێخ و مەلاوە .
بۆ زانینى زیاتر سەبارەت بە ئەحكامەكانى ڕۆژووان بە گشتى، كەفارەت و فیدیە دان لە ڕۆژوو، و چۆنێتى ڕۆژووى پێغەمبەر () لە ڕمەزاندا، ئەم كتێبە بخوێنەوە (چۆنێتى ڕۆژووى پێغەمبەر () لە ڕمەزاندا).
یان كتێبى: (فەتواى گەورە زانای انى ئەهلى سوننە و جەماعە (ابن باز والألباني وابن العثيمين والوادعي وفوزان واللجنة الدائمة للإفتاء) سەبارەت بە نادرووستێ تى سەرفترەدان بە پارە.)

وَآخِرُ دَعْوَانَا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
لە لایەن مامۆستا (عدنان بارام) ە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٣,٧٤٧ بەش: زەکاتى سەرفیترە