كاریگه‌رى یه‌ زیان به‌خشه‌كانى كه‌ناڵه‌ ئاسمانى یه‌كان له‌سه‌ر بیرو باوه‌ڕ و ئەخلاقى گەنجانمان چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
كاریگه‌رى یه‌ زیان به‌خشه‌كانى كه‌ناڵه‌ ئاسمانى یه‌كان له‌سه‌ر بیرو باوه‌ڕ و ئەخلاقى گەنجانمان چیە؟

الحمد لله والصلاة والسلام على رسول الله وعلى آله وصحبه اجمعين
جەنگى كەناڵە ئاسمانیەكان بۆ سەر عەقیدە و ئەخڵاقى موسڵمانان
خراپترین جەنگێك كە ئەمڕۆ ڕوبەڕوى موسڵمانان بۆتەوە ئەو هێرشە فیكریەیە كە لەڕێگەى كەناڵە ئاسمانیەكانەوە دێتە نێو ماڵەكانیان.
بۆسەیەكى تازەو ڕێگەیەكى شاراوەیە... كەچەندەها لاو تێیدا دەبنە قوربانى دەستى كەناڵە ئاسمانیەكان كەلەم جەنگە دوژمن هیچ ئامێرێگى قورسى تێدا بەكار ناهێنێت وەكو تۆپ و تەیارە بەڵكو ئەم جەنگە گرەوى بردنەوەى شەرەفى لاوەكانمانە ، گرەوى بردنەوەى ئابڕوى موسڵمانانە كەلەڕێگەى ئافرەتى داوێن پیسەوە كەناڵەكانیان كردۆتە شانۆى بەد ڕەوشتى و نەزانى لەڕێگەى زنجیرە تەلەفزیۆنیەكانەوە... لەڕێگەى گۆرانى و سەما و خۆبادانەوە لەڕێگەى مادە سڕكەرو بێهۆش كەرەكانەوە... لەڕێگەى توندو تیژیەوە كەئەمانە هەموى باسم كرد لاى بینەر ڕۆژانە لەمامۆستاى ماڵەكەیەوە وەرى دەگرێت كەئەویش (سەتەلایت)ە.

پیلان و نەخشەى دوژمنان بۆ تێکدانى ئەخلاق و ڕەوشتى گەنجى موسڵمان
کەسێکى ئەمریکى بەناوى (صمويل مارينوس زويمر) دەڵێت:
ئەگەر ئێمە كۆمەڵە لاوێك دروست بكەین نەزانن خوا واتاى چى یە و ماناى بەتەواوەتى نەزانن واتە پەیوەندیان لەگەڵ خوا نەبێت ونەیناسن ئەو كاتە ئێمە ئەتوانین موسڵمانان لەبازنەى ئیسلامەوە بهێنینە دەرەوە بەشێوەیەك كەبایەخ بەدروشمى ئیسلام نەدەن و حەز لەتەمەڵى و تەوەزەلى بكەن، وەهەوڵ بدەن ئارەزوەكانیان بەدەست بهێنن بەهەر ڕێگەو نرخێك بێت. بەشێوەیەك كەئارەزوەكانیان دەبێتە ئامانجیان بۆیە ئەوكاتیش هەرچى فێربن لەزانست تەنها بۆ ئارەزوەكانیانە وەهەروەها هەرچیش كۆبكەنەوە لەماڵ و لە سامان لەپێناو ئارەزوەكانیان دەبێت تاوەكو وایان لێ دێت هەوڵ دەدەن بگەنە بەرزترین پلەى دەسەڵات تەنها بۆ ئەوەى بەمەرامە ئارەزوەكانیان بگەن.
ئەمەیە كەسێكى دڕندە كەئامانجێتى لاوەكانمان بە نەزانى و هەڵدێر ئاشنا بكات و بەرەو دۆزەخ بیانبات.
ئەى خوشک وبراى ئازیز :
باش بیر لەو وتەیە بکەرەوە و پاشان هەر خۆت بەراوردێك بكەیت لەنێوان وتەكانى ئەودا لەگەڵ حاڵى لاوەکانى ئەمڕۆدا.
بۆیە پێویستە خۆت بەئاگا بهێنیتەوە لەبۆسەى دوژمنان ، وەنەكەویتە داویانەوە بەهیچ شێوەیەك.

چەند خاڵێكى گرنگ
یەکەم : ئیماندار بەتاوان دڵ خۆش نابێت:
ئەمە یەكێكە لە خاڵە هەرە گرنگەكان كەنابێت مرۆڤ بەهیچ شێوەیەك بەتاوان دڵ خۆش بیت ڕەنگە مرۆڤى ئیماندار تاوان بكات بەڵام هەرگیز دڵى بەتاوان خۆش نابێت وە بەهەمان شێوە هەموو دەم لەسەر تاوان بەردەوام نابێت بەڵكو پەشیمان دەبێتەوەو وازى لێ دەهێنێ
ئەگەر لێرەدا بەراورد بكەین لەنێوان ئەم خاڵەو ئەو كەسانەى كەوا دڵ خۆش دەبن بەبینینى ئافرەتى بەدڕەوشت وە لەحاڵتێكدا ئەگەر ئەم تاوانەیان لە دەست بچێت بێ زار دەبن ئەمەش بەڵگەیە لەسەر مردنى دڵى ئەو جۆرە كەسانە.

دووەم : کاریگەرى شوێن كەوتنى هەواو ئارەزو لەسەر دڵ:
ئەى ئەو كەسەى كە لەبەرامبەر كەناڵە ئاسمانیەكاندا دادەنیشیت و بەگەڕان بەدواى كەناڵە خراپەكاندا خۆت ماندو دەكەیت بەمەبەستى چێژ وەرگرتنێکى کاتى :
ئایا ڕۆچونت لەنێو ئەم شەهوەتبازیەدا دووركەوتنەوەت نیە لەپەروەردگار وپەرسشتەكانى ؟
ئایا لەبیر چونى مردن نیە؟
ئایا ئەمە لەبیركردنى تاریكى گۆڕت نیە؟
ئایا ئەمە لەبیركردنى ڕۆژى مەحشەرت نیە؟
ئایا ئەمە لەبیركردنى ساتەكانى سەرەمەرگ نیە ؟
كەدەڵێت: (رَبِّ ارْجِعُونِ لَعَلِّي أَعْمَلُ صَالِحًا فِيمَا تَرَكْتُ)
ئه‌ی په‌روه‌ردگار بمگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دونیا.به‌ڵكو له‌ دونیادا كرده‌وه‌ی چاك بكه‌م كه‌ پێشتر نه‌مكردبوو (داوا ناكات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دونیا تا رابوێرێت و تاوان بكات به‌ڵكو تا كرده‌وه‌ى چاك بكات، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ى له‌ ژیاندایه‌ با كرده‌وه‌ى چاك بكات پێش ئه‌وه‌ى بمرێت و داواى گه‌ڕانه‌وه‌ بكات و نه‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌)

چیت ئامادە كردوە بۆ ڕۆژی دوایى و وەستان لەبەردەست پەروەردگارت ؟
چى تێشویەكت ئامادە كردوە بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە لێپرسینەوە ؟
باشە خۆ ئامادەكردن بۆ ئەو ڕۆژە بەكردەوەى چاكە دەبێت یان بەسەیركردنى فلیم و گۆرانى و سەماكردن... ؟؟؟!

سێیەم : بتى نێو دڵت تێك بشكێنە:
خوشک وبراى ئازیز : باوەڕت ساغ وسەلامەت نابێت تاوەكو بتى ئارەزو پەرستى نێو دڵت تێك نەشكێنى ئەمەش بەدى نایەت تا وەكو ئەم ئامێرە لەنێو دڵ و ماڵ و دەرونت دوور نەخەیتەوە یان هیچ نەبێت كەناڵە خراپەكانى بسڕیتەوە بۆیە هەر ئێستا گۆڕانكارى لە خۆتدا بكە و بەشێوەیەكى نەرم و نیانیش لە گەڵ ماڵەوەتدا چونكە پێغەمبەر صلى الله علیە وسلم دەفەرموێت: (حفت الجنة بالمكاره،وحفت النار بالشهوات) (متفق عليه).
واته‌ : به‌هه‌شت په‌رژین كراوه‌ به‌و كرده‌وانى كه‌ ئاره‌زووت لێى نیه‌ ، كه‌چى دۆزه‌خ په‌رژین كراوه‌ به‌ ئاره‌زووه‌كان
پێویستە خاوەنى بڕیارى خۆت بیت وەخاوەنى هەستێكى بەرز بیت بۆ ئەوەى دڵت لەبەندایەتى جگە لەخودا ڕزگار بكەیت و بەرەو بەندایەتى بۆ خوا هەنگاو هەڵنێى.
چونكە تەنها بەبەندایەتى كردنى پەروەردگار سودمەند و سەرفراز ئەبیت.

چەند ڕاوەستانێك
برا و خوشکى بەڕێز گومانى تێدا نیە كە زۆربەى موسڵمانان ئەم ئامێرە (سەتەلایت) لەماڵەكانیاندا دەبینرێ بۆیە حەز دەكەم لەم ڕوەوە لەگەڵ چەند ئایەت و فەرمودەیەكدا ڕاوەستان و تێڕامان بكەین.
{قُل لِّلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ... }النور30
واتە:ئەى پێغەمبەرى خودا بەئیمانداران بڵێ كەوا چاوەكانیان لەگەڵ داوێنیاندا بپارێزن.

{يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَاراً ... } (التحريم:6)
واتە: ئەى ئیمانداران خۆتان و وە چەكانتان لەئاگر بپارێزن..

{إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ كُلُّ أُولـئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْؤُولاً}الإسراء36
واتە:چاو و دڵ بەرپرسیارن لەبەرامبەر خودا.

پێغەمبەریش صلى الله علیە وسلم دەفەرموێت: (فاتقوا الدنيا واتقوا النساء فان أول فتنة بني إسرائيل كانت في النساء) (رواه المسلم)
واتە: خۆتان لەدونیا و ئافرەت بپارێزن یەكەمین تاقى كردنەوەیەك لەبەنى ئیسرائیل دا ئافرەت بوو.

پێغەمبەر صلى الله علیە وسلم دەفەرموێت: (ما تركت بعدي فتنة اضر على الرجال من النساء)(متفق عليه)
واتە:دواى خۆم هیچ شتێكم جێنەهێشتوە لەتاقى كردنەوەدا گەورەتر و زەرەرمەند بێت لەسەر پیاوان گەورەتر بێت لەتاقى كردنەوەى ئافرەت.

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)دەفەرموێت: (العينان تزينان وزناهما النظر) (متفق عليه)
واتە:هەردوو چاو زینا دەكەن زیناكەیان تێڕوانینى حەرامە.

شاعیریش دەڵێت:
إذا ماخلوت بريبةِ في ظلمةِ والنفس داعية الى الطغيان
فاّستحي من النظر الاله وقل لها إن الذي خلق الظلام يراني.
واتە: ئەگەر خۆت بەتەنها بوویت لەتاریكى دا
دەرونت بانگى دەكردى بۆ سەرپێچى
شەرم بكە لەبینینى خوا بەدەرونت بڵێ.
ئەوەى تاریكى دروست كردووە دەمبینێ

بەرهەمەخراپەكانى كەناڵە ئاسمانیەكان

1- بڵاوكردنەوە‌ى بیرو باوەڕى كافران: كەبانگەشەكردن بۆ بیرو باوەڕى پێچەوانەى بیروباوەڕى موسڵمانان ئەوەش لەزۆربەى كەناڵەكاندا بەدى دەكرێت و بەچەندەها شێوە پیشانى بینەر دەدرێت. وەكو بت پەرستى و كوفركردن بەخودا و چەندەها شێوەى تر... هتد.

2-شەهوەت بازى: ئەمەش بەهەمان شێوە لەچەندەها شێوەى ڕەنگاو ڕەنگ و هەمەجۆر خۆى دەبینێتەوە كەلاوەكانى خستۆتە نێو گێژاوى شەهوەت و ئارەزوو بازیەوە.
د. بلومەر دەڵێت: فیلمە بەناوبانگەكان كەلەدنیاى ئەمڕۆدا خۆى دەبینێتەوە و بازاڕێكى گەرمى هەیە ناوەڕۆكەكانیان جەخت كردنەوەیە لەسەر بابەتى ئارەزووبازى ولەش فرۆشى هەروەكو چۆن كوڕو كچە لاوەكانمان فێرى چەندەها خوڕەوشتى ناشرین دەكات كەئەمانەش بێگومان لەڕێگەى كەناڵە ئاسمانیەكانەوە پێیان دەگات.

3- تاوانكارى: د. سبول دەڵێت: ((ژمارەیەكى زۆر لە پیاوانى دادگاو شیكارە دەرونیەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن زۆربەى لاوەكان فێربوونى تاوانكارى لەكەناڵە ئاسمانیەكانەوە وەردەگرن))

4- نەزانى: مارغرێت سميث دەڵێت: ((زۆربەى قوتابیەكان تەنها بیر لە سۆزو ئارەزووەكانیان دەكەنەوە 60%ى قوتابیان كاتێك سەرناكەون لەخوێندن هۆكارەكەى دەگەڕێتەوە بۆ بیر كردنەوە لەئارەزووبازى و بایەخدان بەلایەنى سۆزدارێتى))

وأخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين.

ئامادەکردنى : ستافى وەڵامەکان

سەردان: ٢,٦٢٢ بەش: شوێنکەوتنى ئارەزووەکان