ئایا ئیسلام بە زەبرى شمشێر و شەڕ بڵاوبوەتەوە؟ چۆن وەڵامى ئەم گومانە دەدەنەوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ئیسلام بە زەبرى شمشێر و شەڕ بڵاوبوەتەوە؟ چۆن وەڵامى ئەم گومانە دەدەنەوە؟

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکان لەسەر شانی بانگخوازان لەم سەردەمەدا :
ڕون کردنەوەی لێبوردەیی ئیسلام وڕێنماییە باڵاکانیەتی وڕزگار کردنی ئیسلامە لەهەندێ تێگەیشتنی توند ، و هەندێ لەو گومانانەی کەبۆ ئیسلام دروست دەکرێت گوایە ئیسلام بەهێز وخوێن ڕشتن وزۆر بڵاو بۆتەوە ، حەتمەن ئەم لێکدانەوەیە باتڵە لەچەند ڕویەکەوە :

یەکەم : ئیسلام دینێکە خوێنی مرۆڤی زۆر بەلاوە گەورەیە ، و یەکێکە لەبەرو بوومەکانی ڕاگرتنی ئەو جەنگانە بوو کە لەنێوان عەشیرەتەکانی عەرەبدا هەبوو ، وە ئاشتی و لێ بوردەیی بڵاو کردەوە .

دووەم : ئیسلام ڕێگری کردووە لەزۆر کردن لەدیندا ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : {لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ} .
ابن كثير دەڵێت :
«أي: لا تُكرِهُوا أحدا على الدخول في دين الإسلام»، واتە : زۆر لەکەس مەکەن و بەزۆر مەیان کەن بەموسوڵمان .
وە ابن القيم دەڵێت :
«هذا نفيٌ في معنى النهي، أي لا تُكرهوا أحدا على الدين».
واتە : ئەمە نەفی یەکە بەمانای نەهی وڕێگری دێت ، واته : زۆر لەکەس مەکەن بۆ هاتنە نێو دینەوە .

سێیەم : ئیسلام فەرمانی کردووە بەچاکە کردن لەگەڵ ئەو کەسانەشدا کەموسوڵمان نین وزیانیان بۆ موسوڵمانان نی یە ، وهانی موسوڵمانانی داوە ، بەڵکو خودا ئەو کەسانەی خۆش دەوێت کەچاکە دەکەن لەگەڵ بێباوەڕی بێ وەی و سەلامەتدا ، هەروەک فەرموویەتی : {لَّا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُم مِّن دِيَارِكُمْ أَن تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ}.
واتە : خودا ڕێگریتان لێ ناکات لەوەی چاک و داد پەروەر بن لەگەڵ ئەو بێباوەڕانەدا کەلەگەڵتان ناجەنگن ولەوڵاتی خۆتان دەرتان ناکەن ، خودا کەسانی داد پەروەری خۆش دەوێت .

چوارەم : ئیسلام ڕێگری کردووە لەئەزیەت دانی ئەو کەسە بێباوەڕانەی کەڕێگەیان پێدراوە لەوڵاتی موسوڵماناندا بژین ،وسزای بۆ ئەو کەسانە دەس نیشان کردووە کەئەزیەتیان دەدەن .

پێنجەم : ئیسلام ڕێگەی بە پیاوی موسوڵمان داوە ئافرەتی جولەکە ومەسیحی مارە بکات وئەو ئافرەتەش لەسەر دینی خۆی بمێنێتەوە ، خۆ ئەگەر ئیسلام زۆری لەکەسێک بکردایە بەوەی بەزۆر بیانکاتە موسوڵمان ئەوا زۆری لەو ئافرەتانە دەکرد بەزۆر ببنە موسوڵمان .

شەشەم : ئیسلام ڕێگەی داوە کەسانی بێباوەڕ لەسەر دینەکەیان بمێننەوە ، و ساڵانە مەبلەغێکی کەم لەپارەیان لێ وەردەگرێت کەزۆر لەو زەکاتە کەمترە کەلەسەر موسوڵمانان واجبە ، ئەوە لەبەرانبەر ئەو ئەمن وئەمانەدایە کەبۆیان فەراهەم دەکرێت لەوەی کەدەستی دەرەکی هێرشیان بکاتە سەر ، ئەو سەرانەیەش تەنها لەپیاوانی بەتوانا وەردەگیرێت ولەئافرەت ومنداڵ وکەسی نەخۆش وبێ توانا وپیر وپەک کەوتە وەرناگیرێت ، حەتمەن ئەمەش جوانترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کەئیسلام نەهاتووە بەزۆر کەس بکات بەموسوڵمان .

موستەشریقی ئینگلیزی ( السير توماس أرنولد) دەڵێت :
«نەمزانیوە هیچ هەوڵێک درابێت بۆ زۆر کردن لەکەس لەوەی ببن بەموسوڵمان ، یاخود هەوڵی پاکتاو کردنی دینی مەسیحیان درابێت ، خۆ گەر خەلیفەکان ئەو دوو خوتەیەیان جێ بەجێ بکردایە زۆر بەئاسانی دەیان توانی مەسیحی لەنێو ببەن هەروەک چۆ ( فرديناند وإِيزابلا) دژی ئیسلام بەکاریان هێنا لە ئیسپانیا ..».

حەوتەم : لەقورئان چەندین بەڵگە هەیە کەموناقەشەی بیر وڕای بێ باوەڕانی کردووە ، وحەقی بەبەڵگە ڕون کردۆتەوە ، وبەسەرهاتی پێغەمبەرانی تێدایە کەپڕیەتی لەبەسەر هاتی پڕ حیکمەت کە پێغەمبەران چۆن گفتو گۆیان لەگەڵ گەلەکانیاندا کردووە ، خوای پەروەردگار فەرمانی بە کۆتا پێغەمبەر کردووە وفەرموویەتی : {ادْعُ إِلَىٰ سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ ۖ وَجَادِلْهُم بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ ۚ} سورەتی: النحل ئایەتی ژمارە: ١٢٥
واتە : تۆ بانگه‌وازی خه‌ڵكی بكه‌ بۆ ڕێگای ڕاستی خوای گه‌وره‌ به‌ حیكمه‌ته‌وه‌، واته‌: به‌ دانایی و كاربه‌جێیی، یاخود به‌ سوننه‌ت بانگه‌وازیان بكه‌ [وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ] وه‌ به‌ ئامۆژگاری جوان [وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ] وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك گومانی هه‌بوو مشومڕو گفتوگۆی له‌گه‌ڵ بكه‌ به‌ جوانترین شێواز تا تێی بگه‌یه‌نیت و وه‌ڵامى گومانه‌كانى بده‌یته‌وه‌ .

خۆ ئەگەر ئیسلام بەزەبری هێز وچەک وجەنگ بڵاو بوایەتەوە ئەوا هیچ مانایەک بۆ ئەم بەڵگە وگفتو گۆیانە نامێنێتەوە .

هەشتەم : لەسەردەمی مەکەدا کەسیازدە ساڵی خایاند جیهاد فەرز نەکرابوو لەگەڵ ئەوەشدا ئیسلام هەر زوو لەنێو خەڵکدا بڵاو بووەوە ، موهاجیرین وئەنساڕ بەئارەزوی خۆیان قەبوڵیان کرد ، تاوەکو وای لێ هات خەڵکێکی زۆر لەمەدینە موسوڵمان بوون وماڵ نەما کەسێکی نەبوبێتە موسوڵمان ، حەتمەن هەموو ئەمانە بەرهەمی هەوڵدان و ڕون کردنەوەی دین بوو .

نۆیەم : پێغەمبەرى خوا کاتێ شاری مەکەی ئازاد کرد سزای دانیشتوانەکەی نەدا لەکاتێکدا ئەوان پەیمانیان شکاندبوو ، بەڵکو لێیان خۆش بوو ، ئەوانیش بەو هۆیەوە پۆل پۆل موسوڵمان بوون .

دەیەم : جیهاد کردن بەشمشێر لەبەر پێوستی فەرز کرا ، بۆ بەرپەرچ دانەوەی دوژمنان ولابردنی بەربەستەکان کەدەبوونە ڕێگر لەبەرانبەر بڵاو بوونەوەی ئیسلامدا ، بەڵام جیهاد کردن بەقسە ودەعوە کردن ئەوا هەموو کاتێک مەشروعە ، هەروەک خوای پەروەردگار وەسفی ئەو جیهادەی کردووە بەگەورە : { وَجَاهِدْهُم بِهِ جِهَادًا كَبِيرًا }واتە : وه‌ به‌و قورئانه‌ پیرۆزه‌ جیهادێكی گه‌وره‌ی كافران بكه‌.

یانزەیەم : زۆربەی گەلانی جیهان لەشەڕق و لەغەرب بەویستی خۆیان موسوڵمان بوون ، لەوانە( ماليزيا یاخود أندونيسيا یاخود الصين یاخود الفلبين...) وهیچ یەکێک لەو وڵاتانە بەشمشێر وزەبری هێز موسوڵمان نەبوون .

دوانزەیەم : ئبێمە زۆر جار شایەتی کەسانی غەیرە موسڵمانیشمان لایە وەک بیرمەند وفەلسەفی وئەدیب کە شایەتی ئەوە دەدەن ئیسلام بەزەبری هێز بڵاو نەبۆتەوە .

سیانزەیەم : لەم زەمانەدا زۆر کەس دەبینین موسوڵمان دەبن بەبێ ئەوەی کەس زۆریان لێ بکات ، جا ئەوەی جێی سەرنجە کەسە بیرمەند و زانا وبەناوبانگەکانیش موسوڵمان دەبن ، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کەئیسلام ئەوەندەی بەبەڵگە وئاشتی بڵاو بۆتەوە کەمتر بەهۆی جەنگەکانەوە بڵاو بۆتەوە .

وەرگیراوە لە : شبكة بينونة للعلوم الشرعية

سەردان: ٣,٠٩١ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان