ئیسلام بۆ چ مەبەستێک هاتووە ؟ چۆن و بە چی خۆشگوزەرانى بۆ کۆمەڵگا دابین دەکات؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئیسلام بۆ چ مەبەستێک هاتووە ؟ چۆن و بە چی خۆشگوزەرانى بۆ کۆمەڵگا دابین دەکات؟

ئیسلام هاتووە بۆ خۆش گوزەرانی مرۆڤ ، وپاراستنی مەسڵەحەتەکانی ، ودابین کردنی ئەمن وپارێزگاری لەتاک وکۆمەڵگا ، ومەسڵەحەتی بەچەند پلەیەک داناوە ، و گەورەترینیان پێنج مەسڵەحەتە گەورەکەیە ، کەبریتی یە لە: (حفظ الضروريات الخمس) كە مەبەستی هەرە سەرەكی هاتنی ئایینە كە بریتین لە:
یەکەم : پاراستنی دین و ئایینی مرۆڤــ (حفظ الدين).
دووەم : پاراستنی ژیان و بوونی مرۆڤــ (حفظ النفس).
سێیەم : پاراستنی ناموس و شەرەفـی مرۆڤــ (حفظ العِرض).
چوارەم : پاراستنی ئەقڵی مرۆڤــ (حفظ العقل).
پێنجەم : پاراستنی ماڵ و پارە و سامانی مرۆڤــ (حفظ الـمال).
بۆیە دەبینین خوای گەورە چەندین حوكمی داناوە بۆ پاراستنی ئەم پێنج پێویستى یە كە پێیان دەوترێت: (الضروريات الـخمس)

یەکەم : پاراستنی دین و ئایینی مرۆڤــ (حفظ الدين):  گەورەترین ئامانج لە ئیسلامدا پەیوەندی مرۆڤە بەخوداوە ، کەبونیات نراوە لەسەر پاکی عەقیدە ، و ڕەوشتی بەرز ، وچاک کردنی ڕوکەش ودەروون .
وە بەچاکی مامەڵە کردن لەگەڵ خەڵکدا ، وڕزگار کردنی مرۆڤ لەخوڕافات وشتی پڕ وپوج ، بۆ ئەوەی پاڵنەری دینی هەبێت وبیپارێزێت لەستەم وسنور بەزاندن ، خۆی بپارێزێت لەهەموو جۆرەکانی توند ڕەوی ، خاوەنی بەربەستشێکە کەدەیپارێزێت لەهەموو بیر وبۆچوونێکی لارو وهەموو جۆرە لادانێک .

ئا لێرەوە ئیسلام فەرمانی بەوەسەتیەت کردووە ، و وریای کردوینەتەوە لەتوند ڕەوی وفەرمانی کردووە بەپاراستنی دین لەهەر بۆچونێکی هەڵە وتێگەیشتنێکی کەجوانیەکانی ئیسلام لەکەدار دەکات ، وەک تیرۆر وتەکفیری بەناحەق وتۆقاندن ، وپاراستنی دین لەبازرگانی کردن پێوەی ، خوای پەروەردگار سەر زەنشتی ئەو کەسانەی کردووە کە بازرگانی دەکەن بەناوی دینەوە : {ولا تشتروا بآياتي ثمناً قليلاً
واتە : ئایەتەکانی خودا مەگۆڕنەوە بەشتێکی کەمی دونیا .

بێگومان ئەو حیزب و گروپانەى کەئیسلام بەکار دێنن بۆ بەدەست هێنانی مەرامى سیاسی و دنیایی دینیان ناشرین کردووە ، وەهەروەها تاقمە توندڕەوەکانیش زیانێکی گەورەیان بەئیسلام گەیاندووە ؛ چونکە وێنەی ئیسلامیان ناشرین کردووە ، وخەڵک لەئیسلام دوور دەکەنەوە ودەیان ڕەتێنن ، واش گومان دەبەن کاری چاکیان ئەنجام داوە {ألا إنهم هم المفسدون ولكن لا يشعرون}.
واتە : ئاگادار بن ئەوانە تێکدەر وموفسیدن بەڵام هەستی پێناکەن .

دووەم : پاراستنی ژیان و بوونی مرۆڤــ (حفظ النفس) : لەڕوی پاراستنی نەفسەوە جۆرەها تەشریعات وئەحکام وئاداب وئەخلاق هەیە ، بۆ ئەوەی هەموو ئەو ڕێگایانە دابخات کە زیان بەو ئامانجانە دەگەیەنێت ، ئیسلام خوێنی مرۆڤی زۆر بەگەورە داناوە ، وحەڕامی کردووە سنور ببەزێنرێت ومرۆڤ بکوژرێت ، و واجبی کردووە تۆڵە لەکەسی بکوژ بکرێتەوە ، وتەئکیدی کردۆتەوە لەهۆکارەکانی ئەمن وئەمانەت وبێکەوە ژیان ، وسور بوونی پێغەمبەر لەسەر ئاشتی گەشتبووە ئاستێک کە ناوی (حرب)ی پێ خۆش نەبوو وفەرموویەتی : «أقبح الأسماء حرب»، واتە : ناخۆشترین ناو ناوی حەڕبە .
زانایان دەڵێن : بۆیە ناوی حەڕب ناخۆشترین ناوە چونکە کوشتار وئەزیەت دانی تێدایە ، ولەهەمان کاتدا پێغەمبەر گەشبینی پێ خۆش بوو وەهەروەها حەزی لەناوی ( الحسن ) بوو .

هەروەک چۆن ئیسلام هەموو ڕێگەیەکی حەڕام کردووە کەسەر بکێشێت بۆ دوژمنکاری وکوشتار ، وهاندان بۆ کوشتن ، وڕێگری کردووە لە جوێن وقسە بەیەک کردن وهەرشتێک کەببێتە هۆی کردنەوەی دەرگای شەڕ ودوو بەرەکی وڕق وکینە ، حەتمەن قسە کاریگەریەکی زۆری هەیە ، ترسناکترینیان ئەو قسەیەیە کە هانی کوشتن دەدات ، وەهەروەها ئەو قسانەش کەدەمار گیری بڵاو دەکەنەوە وکۆمەڵگا پارچە پارچە دەکەن ودەبنە هۆکاری فیتنە .

وەگرنگی دانی ئیسلام بەپارێزگاری کردنی تاک ئاستێکی باڵای هەیە ، ڕێگری کردووە لەهەرشتێک کەببێتە هوکاری ئەزیت ، هەرچەند بەگاڵتەش بێت ، لەفەرموودەیەکدا هاتووە : «من أشار إلى أخيه بحديدة فإن الملائكة تلعنه وإن كان أخاه لأبيه وأمه»،
واتە : هەر کەسێک بەئاسنێک ئاماژە بکات بۆ برایەکی ئەوا فریشتەکان لەعنەتی لێ دەکەن هەرچەند ئەو کەسە برای دایک وباوکیشی بێت .

جا گەر ئەو هەڕەشەیە لەبارەی کەسێکەوە هاتبێت کەبەئاسنێک ئیشارەت بکات ئەی دەبێ حوکمی ئەو کەسانە چۆن بێت کەخەڵک دەکوژن وخوێنی خەڵک دەڕێژن ؟!
عبد الله بن عمر دەڵێت : «إن من ورطات الأمور التي لا مخرج لمن أوقع نفسه فيها سفك الدم الحرام بغير حله».
واتە : لەخراپترین شت کەمرۆڤ توشی ببێت وهیچ ڕزگار بونێکی لێی نیە ئەوەیە کە کەسێک بەناحەق بکوژێت .

هەروەها ئیسلام خۆ کوشتنی بەتوندی حەڕام کردووە ، کەسێک کەخۆی دەکوژێت خودا توڕە دەکات ، وە خۆ کوشتن یەکێکە لەتاوانە گەورەکان : {ولا تقتلوا أنفسكم إن الله كان بكم رحيماً. ومن يفعل ذلك عدواناً وظلماً فسوف نصليه ناراً وكان ذلك على الله يسيرا
واتە : بەدەستی خۆتان خۆتات مەکوژن خودا بەڕەحمە بەرانبەر بەئێوە . هەرکەسێک ئەو کارە بەستەم ودوژمنکارانە بکات ئەوا دەیخەینە نێو ئاگرەوە وئەوا لەسەر خودا ئاسانە .

وەپێغەمبەر عليه الصلاة والسلام فەرموویەتی : «من قتل نفسه بشيء في الدنيا عُذب به يوم القيامة»،
واتە : هەرکەسێک لەدونیادا خۆی بەشتێک بکوژێت ئەوا لەڕۆژی دوایدا بەو شتە سزا دەدرێت .

جا کۆمەڵگا لەم ڕۆژگارەدا پێویستیەکی زۆری بەچاندنی ئەم ڕێنماییانە هەیە ، لەکاتێکدا کەخۆ کوشتن لەپەرەسەندندایە جا بەناوی دینەوە بێت یاخود بەهۆی موشکیلە وکێشەی دونیاییەوە .

 سێیەم: پاراستنی ئەقڵی مرۆڤــ (حفظ العقل) : لەبواری پاراستنی عەقڵدا ئیسلام تەئکیدی کردۆتەوە لە مەکانەت و پێگەی عەقڵ ، وتەکلیفی بەستۆتەوە بەعەقڵەوە ، وهەموو شتێکى وەک عەڕەق وهاوشێوەکانی حەڕام کردووە کەدەبێتە هۆی زیان گەیاندن بەعەقڵ ، وداوای کردووە عەقڵ بڕازێنرێتەوە بەزانستی بەسود ، وبپارێزرێت لەگومان ، وئاگاداری کردوینەتەوە لە دەمار گیری وتەعەسوب وتەقلیدی کوێرانە ، وهەر شتێک کەدوور بێت لەوەسەتیەتەوە جا بەلای زیادەڕەویدا بێت یاخود بەلای شل ڕەوی وکەم ڕەویدا بێت ، هەروەک چۆن ئیسلام ڕێگاکانی دڵخۆشی بۆ مرۆڤ فەراهەم کردووە و داوای لێ کردووە بەهەموو شێوەیە بەرەنگاری ناخۆشی ونەخۆشیەکان ببێتەوە ، کەبێ پێویستی دەکات لەوەی پەنا بباتە بەر مادە هۆشبەرەکان .

چوارەم : پاراستنی ناموس و شەرەفـی مرۆڤــ (حفظ العِرض) : وەلەبواری پاراستنی ناموس و وەچەدا ، ئیسلام هانی داوین بۆ زەواج کردن ، وهەڵبژاردنی هاوبەشی ژیان بەجوانترین شێوە ، وگرنگی بەخێزان داوە ، وپایەکانی بەهێز کردووە ، وگرنگی داوە بەپەروەردە کردنی نەوەکان ، وجێبەجێ کردنی مافەکانیان ، وڕێگری کردووە لەپەیوەندی حەڕام ، وئاشکرا کردنی نهێنی خەڵک ، وفەرمانی کردووە بەداوێن پاکی وڕەوشتی بەرزی وپارێزگاری کردن لەعادەتە جوانەکانی کۆمەڵگا .

پێنجەم : پاراستنی ماڵ و پارە و سامانی مرۆڤــ (حفظ الـمال) : وەلەبواری پاراستنی ماڵدا خەڵکی هانداوە بۆ کار کردن وگەڕان بەدوای ڕزقدا ، وڕێگری کردووە لەدەس بەتاڵی وتەمبەڵی وخەڵکی هانداوە بۆ بازرگانی وبەدەس هێنانی ماڵی بەڕێگای شەرعی ، وپاراستنی ئەمانەتی واجبی کردووە ، وخواردنی ماڵی یەکتری بەناحەق حەڕام کردووە ، وەهەروەها دزی وڕەشوە وغەش وڕیبا وقوماری حەڕام کردووە ، وەهەروەها ڕێگری کردووە لەئیسراف وبەفڕۆدانی ماڵ لەشتێکدا کەسودی نی یە .

بەکورتی ئیسلام گرنگی داوە بەهەر شتێک کەببێتە مایەیی خۆش گوزەرانی دونیا ودوا ڕۆژ ، وڕێگری کردووە لەهەرشتێک کەببێتە مایەیی زیان بۆ خودی مرۆڤ ودەور وبەرەکەی .