ئەو هەڵە و سەرپێچیانە چین کە زۆرێک لە موسڵمانان لە کاتى دەست نوێژ و سەرئاو و غوسلدا ئەنجامى دەدەن و لێیى بێ ئاگان؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەو هەڵە و سەرپێچیانە چین کە زۆرێک لە موسڵمانان لە کاتى دەست نوێژ و سەرئاو و غوسلدا ئەنجامى دەدەن و لێیى بێ ئاگان؟
پرسیار:

لەم وەڵامەدا : (25) هەڵە و سەرپێچی باس کراوە کە گرنگە موسڵمانان بیزانن و ئاگادارى بن

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

1- چوونە سەر ئاو و خۆپاک کردنەوە لەکاتی دەرچوونی با
2- دەربڕینی نیەت بە زمان لەکاتی دەس نوێژ گرتن وخۆشوشتندا
3- ئاو لەدەم ولوت وەردان بەشەش گوێل وجودا کردنەوەی دەم و لوت لەیەک :
4- زیادە ڕەوی کردن لەسەرف کردنی ئاودا
5-  دەس نەخستنە نێو پەنجەکان
6-  کەم تەرخەمی کردن لەشوشتنی ئەندامەکانی دەس نوێژ
7- خۆ پاکنەکردنەوە لەو نینۆک و مووانەى کە فەرمان بە لابردنیان کراوە
8-  دەس نوێژ نەگرتن لەئاوی زەمزەم
9- نوێژ کردن لەکاتی تەنگاویدا بەمیز و پیسی
10-  زیکر نەکردن لەکاتی چوونە سەر ئاو دەر چوون لێی
11- کەم تەرخەمی کردن لەخۆ پاکردنەوە لەمیز
12-  پیسبونى لاشە و جلوبەرگ دەست نوێژ بەتاڵ ناکاتەوە
13- هاتنی خوێن لەلاشە دەس نوێژ ناشکێنێت
14- هەندێ کەس پێیان وایە دەس دان لەئافرەت دەس نوێژ دەشکێنێت :
15- بەردەوام بوون لەنوێژ کردن لەکاتی دەس نوێژ شکاندندا جا بەهۆی شەرمەوە بێت یاخود لەبەر ئەوە بێت بەنێوان خەڵکدا تێپەڕ ببێت :
16- پاڕانەوە لەکاتی شوشتنی ئەندامەکانی دەس نوێژدا
17- هەموو خۆشۆردنێک جێگاى دەست نوێژ ناگرێتەوە
18-  کەم تەرخەمی هەندێ لەئافرەتان لەخۆشوشتندا لەدوای جیماع یاخود دوای پاک بوونەوە لەحەیز 
19-  نەشارەزایی هەندێ له ئافرەتان لەبارەی ئەحکامەکانی خوێنی سوڕی مانگانە و خوێنی نەخۆشی وجیاوازی نەکردن لەنێوانیاندا
20- بەدروست نەزانینی قورئان خوێندنە لەلایەن کەسێکەوە کەلەشی گران
21-  توشی وەسوەسە بوون لەدەس نوێژدا
22- سەلام کردن لەکەسێک کە خەریکی سەرئاو کردن بێت
23- نەکردنی نوێژ لەلایەن ئافرەتێکەوە کەمنداڵی بووە و پێش چل ڕۆژ پاک بۆتەوە
24-  مەسح کردنی مل وگەردن لەدوای دەس نوێژ گرتن
25- ڕوو کردن یاخود پشت کردنە قیبلە لەکاتی سەر ئاو کردندا

الحمد لله رب العالمين والصلاةُ والسلامُ علي خاتم النبيين ، وأشهدُ أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له وأشهدُ أن محمداً عبده ورسوله، وبعد:
ئەمانەى خوارەوە چەند ئاگادار کردنەوەیەکە لەبارەی ئەو هەڵانەی کە لەکاتی دەست نوێژگرتندا ڕوو دەدات ، جا خەڵک لەم بارەیەوە دەبنە دوو تاقمەوە :
یەکەم : تاقمێک کەزانیاریان لەبارەی ئەم هەڵانەوە هەیە بەڵام کەم تەرخەمی دەکەن لەئەنجام دانیدا وگوێی پێ نادەن .
دووەم : تاقمێکی تر بەنەزانین ولەبەر نەشارەزاییان دەکەونە ئەم هەڵانەوە وگەر بیانزانیبایە ئەنجامیان نەدەدا .

جا هەندێ لەو هەڵانە بریتین لە :
یەکەم : چوونە سەر ئاو و خۆپاک کردنەوە لەکاتی دەرچوونی با :
زۆر جار کەسانێک دەبینی دەچنە سەرئاو کاتێ بایان لێ دەبێتەوە ، حەتمەن ئەمەش موخالەفەیە چونکە بەڵگەی شەرعی لەم بارەیەوە نەهاتووە ،بەڵکو ئەوەی هەیە دەرچوونی با دەس نوێژ دەشکێنێت وا پێویست دەکات دەس نوێژی بگیردرێت ، ئیمامی ئەحمەد دەڵێت : ( ليس في الريح استنجاء في كتاب الله ولا في سنةِ رسوله ) .
واتە : دەرچوونی با چوونە سەر ئاو وخۆپاک کردنەوەی ناوێت نە لەقورئانەکەی خوادا و نەلەسوننەتەکەی پێغەمبەری خوادا شتی وا نەهاتووە .

دووەم : دەربڕینی نیەت بە زمان لەکاتی دەس نوێژ گرتن وخۆشوشتن ومەسح کردن وجگە لەمانەشدا :
ئەمەش پێجەوانەی سوننەتی پێغەمبەری خوایە ؛ چونکە پێغەمبەری خوا بەزمانی نیەتی نەهێناوە .
شيخ الإسلام ابن تيمية (1/214) دەڵێت :
( التلفظ بالنيةِ نقصٌ في العقل والدين : أما في الدين فلأنه بدعة ، وأما في العقل فلأنّه بمنزلة من يريد أن يأكل طعاماً فيقول نويت بوضع يدي في هذا الإناء ، إني أريد أن آخذ منه لقمةً فأضعها في فمي فأمضغها ثم أبلعها لأشبع . فهذا حمقٌ وجهل )
واتە : دەربڕینی نیەت بەزمان نیشانەی کەم وکورتیە لەعەقڵ و لەدینیشدا :
بەنیسبەت دینەوە ؛ چونکە بیدعەیە ، وبەنیسبەت عەقڵیشەوە وەک ئەوە وایە کەسێک خواردن بخوات وبڵێت نیەتم هەیە بەدەس خستنە ناو ئەم قاپە من دەمەوێت تیکەیەک هەڵگرم وبیکەمە دەممەوە وپاشان بیجاوم بۆ ئەوەی تێر ببم ، بێگومان ئائەمەش نیشانەی نەزانی و بێ عەقڵی یە .

سێیەم : بەشەش گوێل ئاو ، ئاو لەدەم ولوت وەردان وجودا کردنەوەی دەم و لوت لەیەک :
ئیمامی النووي رحمه الله دەڵێت :
( أن يكونا بثلاث غرفات، يتمضمض من كل غرفة ويستنشق . وبهذا جاءت الأحاديث الصحيحة ، أما فصلهما بست غرفات فلم يصح فيه شيْ ) الفتاوى ترتيب العطار صـ20 .
واتە : بەسێ گوێل ئاو ، ئاو لەدەم ولوت وەردەدرێت ، واتە : سێ جار بەیەک گوێل ئاو لەدەم ولوت بەیەکەوە وەردەدات . لە فەرموودە سەحیحەکاندا بەم شێوەیە هاتووە ، بەڵام هیچ فەرموودەیەکی سەحیح لەم بارەیەوە نەهاتووە بەوەی دەم ولوت جودا بکرێنەوە لەیەک و بەشەش گوێل ئاو ، ئاو لەدەم ولوت وەربدرێت .

لەسەحیحی بوخاری وموسلیم دا هاتوو لە ( عبد الله بن يزيد ) ەوە کەدەربارەی چۆنیەتی دەس نوێژ گرتنی پێغەمبەرەوە صلي الله عليه وسلم گوتویەتی : (ثم أدخل يده، فمضمض واستنشق من كفٍ واحدٍ ، يفعل ذلك ثلاثاً ) خ(186) م(235)
واتە : پاشان دەستی خستە نێو قاپەکەوە بەیەک گوێل ئاو ئاوی لەدەم ولوتی وەردا ، سێ جار ئەوەی دوو بارە کردەوە .

چوارەم : زیادە ڕەوی کردن لەسەرف کردنی ئاودا لەکاتی دەس نوێژگرتن وخۆ شوشتندا ، وەک ئەوەی زیاد لەسێ جار بێت.
ئیمامی البخاري رحمه الله [(1/280) فتح] دا ،دەڵێت :
( وكره أهلُ العلم الإسراف فيه ، وأن يجاوزوا فعل النبي صلي الله عليه وسلم) .
واتە : زانایان پێیان باش نەبووە زیادە ڕەوی تێدا بکرێت ، وزیاد لەو ئەندازەیە بکرێت کە پێغەمبەر صلي الله عليه وسلم کردوویەتی .

وە ( عبد الله بن مغفّل رضي الله عنه ) دەڵێت : پێغەمبەری خوا صلي الله عليه وسلم فەرمووی : ( " إنه سيكون في هذه الأمة قومٌ يعتدون في الطهور والدعاء ") أحمد وأبو داود ـ صحيح الجامع الصغير (2396) .
واتە : کەسانێک لەئومەتەکەم پەیدا دەبن زیادە ڕەوی دەکەن لەپاڕانەوە ودەس نوێژ گرتندا .

جا زیادە ڕەوی بەوە دەبێت زیاد لەسێ جار ئەندامەکانی دەست نوێژ بشۆردرێت وزیادە ڕەوی بکرێت لەئاو سەرف کردندا وەهەروەها زیادە ڕەوی بکرێت لەخۆ شوشتندا تاوەکو توشی وەسواس وقەلەقی ودڵە ڕاو کێی دەکات ، ئەمەش لەو فەرموودەیەدا ئاماژەی پێ دراوە کاتێ پێغەمبەر صلي الله عليه وسلم پیاوە دەشتەکیەکەی فێری دەس نوێژ گرتن دەکرد بەوەی سێ جار سێ جار ئەندامەکانی بشوات ، پاشان فەرمووی :
( هكذا الوضوء فمن زاد على هذا فقد أساءَ وتعدّى ) أحمد وأبو داود والنسائي ـ صحيح الجامع الصغير (7015)
واتە : دەس نوێژ بەم شێوەیەیە هەرکەسێک لەمە زیاتر بکات ئەوا زیادە ڕەوی کردووە وکارێکی خراپی ئەنجام داوە.

پێنجەم : دەس نەخستنە نێو پەنجەکان بەتایبەت پەنجەی پێیەکان لەکاتی دەس نوێژ گرتن وخۆشوشتندا :
پێغەمبەر صلي الله عليه وسلم فەرمویەتی : ( " أسبغ الوضوءَ وخلِّل بين الأصابع …" )أحمد وأبوداود والترمذي . واتە : جوان دەس نوێژ بگرە ودەست بخە نێو پەنجەکان .
ئیمامی الصنعاني لە ( سبل السلام ) دا ، دەڵێت :
فەرموودەکە بەڵگەیە لەسەر واجب بوونی جوان دەس نوێژ گرتن ئەوەش بەتەواوی دەس نوێژ گرتنە .
المستورد بن شداد رضي الله عنه دەڵێت :
(رأيت رسول الله إذا توضأ يدلك أصابع رجليه بخنصره ) .
واتە :پێغەمبەری خوام صلي الله عليه وسلم بینی کاتێ دەس نوێژی بگرتایە بەپەنجە توتەی نێوان پەنجەکانی پێی پاک دەکردەوە .
ولەفزێکی تردا هاتووە : ( فيخلل أصابع رجليه بخُنصره ) أبو داود والترمذي .
واتە : پەنجە توتەی دەخستە نێو پەنەجەکانی پێی .

شەشەم : کەم تەرخەمی کردن لەشوشتنی ئەندامەکانی دەس نوێژ وخۆشوشتندا بەوەی هەندێ جێگەی ئاوی پێ نەگات :
پێغەمبەر صلي الله عليه وسلم فەرمویەتی : ( ويلٌ للأعقاب من النار ) متفق عليه .
واتە : هاوارو ئازاری ئاگر بۆ ئەوانەی لەدەست نوێژ دا پاژنە پێیان تەڕ ناکەن

وەلەفەرموودەیەکی سەحیحی تردا هاتووە ( أن النبي رأى رجلاً وفي قدمه مثل الظفر لم يصبه الماء فقال: " إرجع فأحسن وضوءك " ) أبو داود .
واتە :پێغەمبەر صلي الله عليه وسلم پیاوێکی بینی بەقەد بانە نینۆکێک لەپێیەکانی ئاو بەری نەکەوتووە ، فەرمووی :
بگەڕێرەوە بەجوانی دەس نوێژەکەت بگرەوە .

حەوتەم : خۆ پاکنەکردنەوە لەو نینۆک و مووانەى کە فەرمان بە لابردنیان کراوە :
ئەنەس دەڵێت : (وقت لنا في قص الشارب وتقليم الأظفار ونتف الإبط وحلق العانة أنْ لا تُتركَ أكثر من أربعين ليلة) رواه مسلم.
واتە: پێغەمبەری خوا () كاتی بۆ دیاری كردوین كەوا كورت كردنەوەی سمێڵ بە مەقەص و قرتاندنی نینۆك و هەڵكەندنی مووی بن باڵ و توكەبەر تاشین زیاتر له (40) چل شەو نەهێڵرێتەوە.
كەواتە دەبێت لە ماوەی (40) چل ڕۆژدا لا ببرێت.

هەشتەم : دەس نوێژ نەگرتن لەئاوی زەمزەم و بەباش نەزانینی ئەو کارە ، و لەبری ئەوە تەیەمووم کردن ، لەئایەتی قورئاندا هاتووە : { فإن لم تجدوا ماءً فتيمموا صعيداً طيباً}
واتە : گەر ئاوتان دەست نەکەوت ئەوکات بەگڵێکی پاک تەیەمووم بکەن .
حەتمەن ئاوی زەمزەمیش ئاوە و نابێ گەر ئاوی زەمزەم هەبوو تەیەمووم بکرێت ، عەلی رضي الله عنه دەڵێت : ( أن رسول الله دعا بسَجْل من ماءِ زمزم فشرب منه وتوضأ) أحمد وصححه أحمد شاكر(2/19).
واتە : پێغەمبەری خوا صلي الله عليه وسلم بانگی کرد وئاوی زەمزەمیان بۆ هێنا و لێی خواردەوە ودەس نوێژی لێگرت .
ئیمامی النووي دەڵێت :
(لا تُكره الطهارةُ بماء زمزم عندنا، وبه قال العلماء كافةً إلا أحمد في روايةٍ ودليلنا أنه لم يثبت نهيٌ ) فتاوى النووي للعطار رقم (12)
واتە : لەمەزهەبی ئێمەدا دەس نوێژ گرتن بەئاوی زەمزەم مەکڕوە نی یە ، وئەمە بۆچوونی هەموو زانایانە تەنها ڕیوایەتێک نەبێت لە ئیمامی ئەحمەدەوە ، وبەڵگەی ئێمە ئەوەیە هیچ ڕێگریەک لەو بارەیەوە سابت نەبووە ونەهاتووە .

نۆیەم : نوێژ کردن لەکاتی تەنگاویدا بەمیز و پیسی :
پێغەمبەر صلي الله عليه وسلم فەرمویەتی : ("لا صلاةَ بحضرةِ طعامٍ ولا وهو يدافعه الأخبثان ") مسلم(560)
واتە : نوێژ ناکرێت لەکاتی ئامادبوونی خواردندا وەهەروەها لەکاتێکیشدا کەمرۆڤ تەنگاوە بەمیز وپیسی .

دەیەم : زیکر نەکردن لەکاتی چوونە سەر ئاو دەر چوون لێی ، وە زیکر نەکردن لە کاتى داکەندنى جل وبەرگ ودەرکەوتنی عەوڕەت :
زیکرەکان بریتین لە : ( أعوذ بالله من الخبث والخبائث ) متفق عليه .
وە ( بسم الله ) کردن لەکاتی دەرکەوتنی عەوڕەتدا ، لەبەر ئەم فەرموودەیە : ( ستر ما بين الجن وعورات بني آدم إذا دخلوا الكنيف أن يقولوا بسم الله ) ارواء الغليل (1/88) ، واتە : لەکاتی چوونە سەر ئاودا پەردەی نێوان عەوڕەتی نەوەی ئادەم و جن ئەوەیە ( بسم الله )بکرێت .
وەهەروەها گوتنی : ( غفرانك ) لەبەر فەرموودەکەی عائشة کە دەڵێت : ( كان إذا خرج من الخلاء قال ( غفرانك )أحمد والترمذي وأبو داود .
واتە : پێغەمبەر صلي الله عليه وسلم کاتێ لەسەر ئاو دەرچوایە دەیفەرموو : ( غفرانك ) .

یانزەیەم : کەم تەرخەمی کردن لەخۆ پاکردنەوە لەمیز ، وەهەروەها بەهەمان شێوەش زیادە ڕەوی کردن لەخۆ پاکردنەوەدا :
بەنیسبەت کەم تەرخەمی کردن لەخۆ پاکردنەوە لەمیز ، هۆکاری سزای نێو گۆڕە لەبەر ئەم فەرموودەیە : ( عامّة عذاب القبر من البول ) صحيح الجامع .
واتە : زۆربەی سزای نێو گۆڕ بەهۆی میزەوەیە .
وەبەنیسبەت زیادە ڕەوی کردن لەخۆ پاکردنەوەدا ، الشيخ محمد بن عبد السلام لە ( السنن والمبتدعات) قشيري"دالـ :25 ئاماژەی پێداوە و دەڵێت :
یەکێک لەبیدعەکان ئەوەیە کەئەو کەسانە توشی بوون کەوەسواسیان هەیه وزیادە ڕەوی دەکەن لەخۆ پاکردنەوە و خۆ پاراستن لەمیز بەشێوەیەک پەمو دەنێنە جێگای میزە وەجۆرەها شتی سەیر وسەمەرەی تر دەکەن بەیانیوی خۆ پاراستن لەمیز .

دوانزەیەم : هەندێ کەس پێیان وایە هەر کەسێک دەس نوێژی گرت وپاشان پیسی بەر جلەکانی یاخود لاشەی کەوت ئەوا دەس نوێژەکەی پەتاڵ دەبێتەوە ، حەتمەن ئەم کارەش هەڵەیە ودەس نوێژ بەتاڵ نابێتەوە بەڵکو تەنها پێویستە ئەو جێگەیە بشۆردرێت کەپیسیەکەی بەر کەوتووە .

سیانزەیەم : هەندێ کەس پێیان وایە هاتنی خوێن لەلاشە دەس نوێژ دەشکێنێت : حەتمەن
ئەوەش هەڵەیە وهیچ خوێنێک دەس نوێژ ناشکێنێت جگە لەخوێنی سوڕی مانگانە وخوێنی منداڵ بوون

چواردەیەم : هەندێ کەس پێیان وایە دەس دان لەئافرەت دەس نوێژ دەشکێنێت :
ئەمە لەکاتێکدا پێغەمبەر صلي الله عليه وسلم ماچی هەندێ لەخێزانەکانی دەکرد ودەس نوێژی نەدەگردەوە . ـ أحمد وأبو داود والترمذي وابن ماجه .
مەگەر لەحاڵەتێکدا نەبێت کەدەس لێدانەکە بەئارەزوەوە بێت و بەهۆیەوە مەزی دەربچێت ئەو کات دەس نوێژەکەی بەتاڵ دەبێتەوە .
پێناسەى مەزی :
مەزی :ئاوێكى سپى لینجە لە كاتى بیركردنەوە لە جووتبوون یان كاتى دەستبازى لەگەڵ ئافرەتاندا دادەبەزێ زۆرجار مرۆڤ هەست بە دەرچوونى ناكات لە پیاوان و ئافرەتانیشدا هەیە بەڵام لاى ئافرەتان زۆرترە ، جا (مذي) پیسە بە ئیتیفاقى زانایان بەڵام لەشگران ناكات واتە غوسڵ واجب نابێت .

پانزەیەم : بەردەوام بوون لەنوێژ کردن لەکاتی دەس نوێژ شکاندندا جا بەهۆی شەرمەوە بێت یاخود لەبەر ئەوە بێت بەنێوان خەڵکدا تێپەڕ ببێت :
لەم حاڵەتدا واجبە نوێژەکەی ببڕێت وبچێت دەس نوێژ بگرێت وبگەڕێتەوە بەڵکو بگات بەنوێژی جەماعەتدا ، خۆ ئەگەر نەیتوانی بەهۆی ئەوەی بەتەمەن بوو ویاخود توانای ڕۆشتنی نەبوو ، ئەوا دادەنیشێت تاوەکو نوێژەکە تەواو دەبێت ونابێت بەردەوام بێت لەنوێژ کردن ـ ئەم وەڵامە وەڵامی ابن باز لە [ الفتاوى 2/91 كتاب الدعوة] .

شانزەیەم : پاڕانەوە لەکاتی شوشتنی ئەندامەکانی دەس نوێژدا ، وەک ئەوەی لە کاتی شوشتنی دەستی ڕاستیدا بڵێت ئەى پەروەردگار لە قیامەتدا دەفتەرى کردەوەکانم بە دەستى ڕاست وەربگرم : (اللهم اعطني كتابي بيميني ) ، وە لەکاتی شوشتنی دەم وچاویدا بڵێت : (اللهم بيّض وجهي يوم تبيض وجوه …)
ابن القيم رحمه الله دەڵێت :
لەپێغەمبەرەوە صلي الله عليه وسلم نەگێڕدراوەتەوە کەلەکاتی دەس نوێژ گرتنداجگە لە (بسم الله) هیچ شتێکی تری وتبێت ، وهەرچی زیکر هەیە لەو بارەیەوە دروست کراوە وسەحیح نی یە ، پێغەمبەری خوا صلي الله عليه وسلم هیچ یەکێک لەو زیکرانەی نەکردووە جگە لە (بسم الله)نەبێت کەلەسەرەتاوە دەکرێت و لەکۆتایشدا دەڵێت : " أشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له وأشهد أن محمداً عبده ورسوله ، اللهم اجعلني من التوابين واجعلني من المتطهرين في آخره "
ئا ئەم زیکرە هاتووە وسابت بووە .

حەڤدەیەم : هەندێ کەس پێیان وایە هەر کەچونە حەمامەوە وخۆیان شوشت دەس نوێژیان گرتووە وپێویست ناکات دەس نوێژ بگرن :
حەتمەن ئەمەش هەڵەیە هەندێ خۆشوشتن هەیە بەدەس نوێژ حساب ناکرێت بۆ نموونە کاتێ کە خۆی دەشوات تەنها بۆ فێنک بوونەوە یاخود خۆ پاک کردنەوە بێت و نیەتی دەس نوێژی لێ نەهێنابێت .

هەژدەیەم : کەم تەرخەمی هەندێ لەئافرەتان لەخۆشوشتندا لەدوای جیماع یاخود دوای پاک بوونەوە لەحەیز کاتێ کەبەشەو پاک دەبنەوە تاوەکو خۆر دەردەکەوێت خۆیان ناشۆت :
بێگومان ئەمەش بەکۆدەنگی زانایان دروست نی یە ؛ چونکە دروست نی یە نوێژ دوا بخرێت ولەکاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت بەڵکو تاوانێکی گەورەشە .

نۆزدەیەم : نەشارەزایی هەندێ لەپیاوان و ئافرەتان لەبارەی ئەحکامەکانی ( الحيض=خوێنی سوڕی مانگانە ، والاستحاضة=خوێنی نەخۆشی) وجیاوازی نەکردن لەنێوانیاندا :
بەوەی کەنەزانن لەکاتی کە ئافرەت خوێنی(الاستحاضة=خوێنی نەخۆشی) دێت پێویستە نوێژ بکات بەڵام دەبێ بۆ هەموو نوێژێک دەس نوێژ بگرێت وشوێنەواری خویێنەکە بشوات وپارچە پەمو و لۆکەیەک لەجێگاکەیدا دابنێ،وهەروەها دروستە مێردەکەی لەگەڵیدا جوت ببێت .

بیستەم : یەکێکی تر لەو سەرپێچیانە : بەدروست نەزانینی قورئان خوێندنە لەلایەن کەسێکەوە کەلەشی گران بێت یاخود ئافرەتێک لەسوڕی مانگانەدا بێت یاخود تازە منداڵی بوبێت :
لەفەرموودەدا هاتووە : ( كان النبي يذكر الله على كل أحيانه ) رواه مسلم (1/282) .
واتە : پێغەمبەر صلي الله عليه وسلم یادی خودای دەکرد لەهەموو حاڵەتێکدا .

بەڵام بەنیسبەت قورئان خوێندن لەسەر قورئان ئەوا هەر ئافرەتێک کەلەسوڕی مانگانەدا بوو و ویستی قورئان لەسەر قورئان بخوێنێت ئەوا دەست دەدات لەقورئانەکە بەشتێک وەک پارچە پەڕۆیەکی پاک یاخود دەس کێش لەدەست دەکات ، وە بەقەڵەمێک ویاخود دارێک لاپەڕەکانی هەڵ دەداتەوە .

بیست و یەکەم : توشی وەسوەسە بوون لەدەس نوێژدا :
ئەوەش بەزیاد شوشتنی ئەندامەکانی دەس نوێژە بەوەی زیاد لەسێ جار بیشۆرێت وبەردەوام گومانی لەدەس نوێژەکەی هەبێت ، حەتمەن ئەمەش لەشەیتانەوەیە، چونکە پێغەمبەر صلي الله عليه وسلم زیاد لەسێ جار ئەندامەکانی دەس نوێژی نەشوشتووە .

بیست و دووەم : سەلام کردن لەکەسێک کە خەریکی سەرئاو کردن بێت :
ابن عمر دەڵێت : (أن رجلاً مرَّ ورسول الله يبول ، فسلم عليه فلم يرد عليه ) رواه مسلم
واتە : پیاوێک بەلای پێغەمبەری خوادا صلي الله عليه وسلم تێپەڕ بوو کاتێ کەمیزی دەکرد ، سەلامی لێ کرد ، پێغەمبەر صلي الله عليه وسلم وەڵامی سەلامەکەی نەدایەوە .

بیست و سێیەم : نەکردنی نوێژ لەلایەن ئافرەتێکەوە کەمنداڵی بووە و پێش چل ڕۆژ پاک بۆتەوە :
حەتمەن ئەمەش یەکێکە لەهەڵەکان کەئافرەتان زۆر تێی دەکەون ، هەرکات ئافرەت پاک بووەوە پێویستە خۆی بشوات و نوێژ بکات و نابێ چاوەڕێ بکات تاوەکو چل ڕۆژ تێپەڕ دەبێت مادام پێش چل ڕۆژەکە پاک بوەتەوە .

بیست چوارەم : مەسح کردنی مل وگەردن لەدوای دەس نوێژ گرتن :
شيخ الإسلام ابن تيمية [(1/56) الفتاوى]دا ،دەڵێت :
لە پێغەمبەرەوە صلي الله عليه وسلم فەرموودەیەکی سەحیح نەهاتووە مەسحی گەردن وملی کردبێت بەڵکو تەنانەت لەفەرموودەی زەعیفیشدا نەهاتووە هەر بۆیە جمهوری زانایان پێیان باش نەبووە ، جا هەرکەسێک مەسحی ملی نەکات دەس نوێژەکەی دروستە بەکۆدەنگی زانایان ، وەبەنیسبەت ئەم فەرموودەیوە : ( من توضأ ومسح عنقه لم يُغل بالأغلال يوم القيامة )
واتە : هەرکەسێک دەس نوێژ بگرێت ومەسحی ملی بکات ئەوا لەڕۆژی دوایدا زنجیر ناخێرتە ملی .
ئیمامی النووي لە [ المجموع (1/489) ] دا ، دەڵێت : ئەم فەرموودەیە مەوزوعە وهەڵبەستراوە .

بیست وپێنجەم : ڕوو کردن یاخود پشت کردنە قیبلە لەکاتی سەر ئاو کردندا :
پێغەمبەر فەرموویەتی : ( إذا أتى أحدكم الغائط فلا يستقبل القبلة ولا يولِّها ظهره ) رواه البخاري .
واتە : کاتێ یەکێک لەئێوە چووە سەر ئاو جا بۆ میز کردن بوو و یاخود بۆ پیسی کردن ئەوا با نەڕوی و نەپشتی نەکات لەقیبلە .
ابن حزم في لە [ المُحلى ( مسألة146)]دا ، دەڵێت :
دروست نی یە ڕوو کردن یاخود پشت کردنە قیبلە لەکاتی سەر ئاو کردندا جا لەخانودا بێت یاخود لەچۆڵەوانی ، پاشان ئەو فەرموودەیی ڕابردووی کردۆتە بەڵگە .
وەلەسەحیحی بوخاری وموسیلم دا هاتووە کە ئەبو ئەیوب کەڕاوی فەرموودەکەی ڕابردووە دەڵێت : ( فقدمنا الشام فوجدنا مراحيض قد بنيت قبل القبلة ، فننحرف عنها ونستغفر الله ) .
واتە : چوین بۆ شام بینیمان سەرئاوەکان ڕووەو قیبلە دروست کرابوو ، ئێمەش خۆمان لار دەکردەوە وداوای لێ بوردنمان لەخودا دەکرد .

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين

سەردان: ٨,٦٢٠ بەش: پاك و خاوێنى