لە دواى نوێژى تەراویح و ویتر دەتوانم شەو دیسان شەو نوێژ بکەم؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لە دواى نوێژى تەراویح و ویتر دەتوانم شەو دیسان شەو نوێژ بکەم؟

 باش وایە کۆتا نوێژی موسوڵمان بەشەو نوێژی ویتر بێت ، لەبەر ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر : ( اجْعَلُوا آخِرَ صَلَاتِكُمْ بِاللَّيْلِ وِتْرًا ) رواه البخاري (998) ومسلم (751) .

واتە : کۆتا نوێژتان بەشەو با نوێژی ویتر بێت .

جا ئەم فەرمانەی پێغەمبەر بۆ سوننەتە وباش وایە وا بێت نەک واجب بێت وپێویست بێت بەو شێوەیە بێت ؛ چونکە لە صحيح مسلم (738) دا لەعائیشەوە خوا لێی ڕازی بێت هاتووە ودەڵێت : ( أن النبي صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كان يُصَلِّي رَكْعَتَيْنِ بعد الوتر وَهُوَ جَالِسٌ) .
واتە : پێغەمبەر لەدوای نوێژی ویتر دوو ڕکاتی بەدانیشتنەوە دەکرد .

وەئیمامی النووي ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەڵێت :
الصَّوَاب : أَنَّ هَاتَيْنِ الرَّكْعَتَيْنِ فَعَلَهُمَا صَلَّى اللَّه عَلَيْهِ وَسَلَّمَ بَعْد الْوِتْر جَالِسًا ; لِبَيَانِ جَوَاز الصَّلَاة بَعْد الْوِتْر , وَبَيَان جَوَاز النَّفْل جَالِسًا , وَلَمْ يُوَاظِب عَلَى ذَلِكَ , بَلْ فَعَلَهُ مَرَّة أَوْ مَرَّتَيْنِ أَوْ مَرَّات قَلِيلَة . . .
واتە : بۆچوونی ڕاست ئەوەیە :
پێغەمبەر بۆیە ئەو دوو ڕکاتەی بەدانیشتەوە کردووە بۆ ئەوەی ڕوونی کاتەوە کە دروستە نوێژ لەدوای ویترەوە بکرێت ، وەهەروەها ڕوونی بکاتەوە کەسوننەت کردن بەدانیشتنەوە دروستە ، وبەردەوام نەبووە لەسەری ، بەڵکو جارێک دوو جار یاخود چەند جارێکی کەم کردوویەتی .

ڕیوایەتە مەشهورەکان کەلەسەحیحی بوخاری وموسلیم دا هاتووە لە عائشیە و هاوەڵانی ترەوە ڕوونە کە کۆتا نوێژی پێغەمبەر بەشەو نوێژی ویتر بووە ، ئەمە لەکاتێکدا لەزۆر فەرموودەی سەحیح ومەشهوردا هاتووە کەفەرمانی کردووە کۆتا نوێژ نوێژی ویتر بێت ، لەوانە : ( اِجْعَلُوا آخِر صَلاتكُمْ بِاللَّيْلِ وِتْرًا )
واتە : کۆتا نوێژتان بەشەو با نوێژی ویتر بێت .

وە هەروەها : ( صَلاة اللَّيْل مَثْنَى مَثْنَى , فَإِذَا خِفْت الصُّبْح فَأَوْتِرْ بِوَاحِدَةٍ )
واتە : شەو نوێژ دوو ڕکات دوو ڕکاته ، وه‌ ئه‌گه‌ر ترسان له‌وه‌ى به‌يانى (سپێدە) بۆته‌وه‌ ئه‌وا يه‌ك ڕكات بكه‌ن .

وجگە لەم فەرموودانەش ، ئیتر چۆن گومانی ئەوە دەبرێت کە پێغەمبەر بەردەوام دوو ڕکات نوێژی لەدوای نوێژی ویترەوە کردووە ؟! ، بەڵکو مانای ئەو فەرموودەیە ئەوەیە کەپێشتر ئاماژەمان پێ دا ئەوەش ئەوەیە ئەو کارەی کردووە بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کردنی سوننەت لەدوای نوێژی ویترەوە دروستە ، ئائەم وەڵامە وەڵامێکی ڕاست ودروستە اهـ .

وە هەروەها شێخ ابن باز لەباسی حیکمەتی نوێژ کردنی پێغەمبەر لەدوای نوێژی ویترەوە دەڵێت :
والحكمة في ذلك – والله أعلم- أن يبين للناس جواز الصلاة بعد الوتر . اهـ فتاوى إسلامية (1/339) .
واتە : حیکمەت (والله ٲعلم) لەو کارە بۆ ئەوە بووە بۆ خەڵکی ڕوون بکاتەوە کە دروستە لەدوای نوێژی ویترەوە نوێژی سوننەت بکرێت .

هەر بۆیە گەر کەسێک دەیەوێت بەشەو نوێژ بکات با لەگەڵ جەماعەتدا نوێژە ویترەکەی بکات ، دواتر چەندێ پێی خۆشە نوێژ بکات بەدوو ڕکات دوو ڕکات بەڵام ویتر دوو بارە نەکاتەوە .

وە پرسیار کراوە لە الشيخ ابن باز رحمه الله :
گەر لەسەرەتای شەودا نوێژی ویترم کرد پاشان لەکۆتایی شەودا هەستام نوێژ بکەم چۆن نوێژ بکەم ؟
لەوڵامدا گوتوویەتی :
گەر لەسەرەتای شەودا نوێژی ویترت کرد پاشان خوا بۆتی ئاسان کرد هەستیت لەکۆتایی شەودا ئەوا ئەوەندە نوێژە بکە کەلەتواناتدا هەیە بە دوو ڕکات دوو ڕکات بەڵام بەبێ ئەوەی نوێژی ویتر دوو بارە بکەیتەوە ، لەبەر ئەم فەرموودەیی پێغەمبەر : ( لا وتران في ليلة ) .
واتە : دوو نوێژی ویتر لەشەوێکدا ناکرێت .

وەهەروەها لەبەر ئەم فەرموودەیەیی کە لەعائیشەوە خوا لێی ڕازی بێت هاتووە ودەڵێت : ( أن النبي صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كان يُصَلِّي رَكْعَتَيْنِ بعد الوتر وَهُوَ جَالِسٌ) .
واتە : پێغەمبەر لەدوای نوێژی ویتر دوو ڕکاتی بەدانیشتنەوە دەکرد .
فتاوى إسلامية (1/339)

تێبینى : هەندێ کەس لە دواى هەشت ڕکات نوێژى تەراویح لە مزگەوت دەچێتە دەرەوە و لەماڵەوە نوێژی ویترەکەى دەکات لەکاتێکدا پێغەمبەری خوا فەرموویەتى : هەركەسێك لەگەڵ ئیمامدا دەست بكات بە نوێژی تەراویح تاوەكو لێ دەبێتەوە ئەوا وەك ئەوە وایە هەموو شەوەكە شەو نوێژی كردبێت . کەواتە هەرکەس هەموو تەراویح و ویترەکەى لەگەڵ ئیمام نەکات ئەم خێرە گەورەیەی دەست ناکەوێت .

سەردان: ٥,٩٧١ بەش: نوێژى تەراویح