وەڵامى کۆمەڵە پرسیارێک سەبارەت بە نوێژى تەراویح : ماڵپەڕی وەڵامەکان
وەڵامى کۆمەڵە پرسیارێک سەبارەت بە نوێژى تەراویح
پرسیار:

1- حوكمى نوێژى تەراویح چیە ؟
2- فەزڵی نوێژى تەراویح چیە؟
3- یەکەم شەوی دەست پێ کردنى نوێژى تەراویح چ شەوێکە ؟
4- دروستە پیاو لەماڵەوە بۆ خێزان و منداڵەکانى نوێژى تەراویح بکات؟ وە ئەگەر تەنها سورەتە کورتەکانى لەبەر بێ دەتوانێ پێش نوێژى بکات؟
5- تەراویج چەند ڕکاتە؟ وە نوێژى ویترەکە چۆن لەگەڵی دەکرێ؟
6- لە دواى عیشاوە کاتەکەى دەست پێ دەکات؟
7- پێش ئەنجامدانى نوێژى تەراویح خەڵکى نیەتى ڕۆژووى دێنن بۆ بەیانیەکەى 

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

1- حوكمى نوێژى تەراویح چیە ؟
نوێژی تەڕاویح سوننەتێكی تەئكید و جەخت لێكراوە ، پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه‌ وسلم به‌قسه‌ و كردار ئه‌نجامی داوه‌ .

2- فەزڵی نوێژى تەراویح چیە؟
پێغەمبەرى خوا فەرموویەتى: (من قام رمضان إيماناً واحتساباً غفر له ماتقدم من ذنبه) رواه الجماعة.
واتە: هەركەس لەشەوانى ڕەمەزاندا شەو نوێژبكات باوەڕى پێى هەبێت و بەتەماى پاداشتى هەبێت لاى خواى گەورە لە تاوانەكانى پێشووى دەبوررێت.

3- یەکەم شەوی دەست پێ کردنى نوێژى تەراویح چ شەوێکە ؟
بۆ نمونە : گەر وترا ڕۆژى هەینى یەکەم ڕۆژى ڕەمەزانە ، ئەوا ئێوارەى پێنج شەممە کە خۆر ئاوابوو ئەوا دەچینە ناو ڕەمەزانەوە و شەوەکەى نوێژى تەراویح دەست پێ دەکات ، نەک یەکەم ڕۆژ کە خەڵکى ڕۆژووى شکاند بۆ شەوەکەى تەراویح بکەن .

4- دروستە پیاو لەماڵەوە بۆ خێزان و منداڵەکانى نوێژى تەراویح بکات؟ وە ئەگەر تەنها سورەتە کورتەکانى لەبەر بێ دەتوانێ پێش نوێژى بکات؟
بەڵێ دروستە و ئاساییە کە پیاو لەماڵەوە نوێژى جەماعەت بکات بەتایبەت گەر لە شوێنێک بوون مزگەوت نەبوو یان دوور بوو یان داخرابوو .
وە سەبارەت بە بڕگەى دووەمى پرسیارەکە : ئەصڵ ئەوەیە کەسێک پێش نوێژى بکات لە هەموویان زیاتر و باشتر قورئان بزانێت و لەبەرى بێ ، بەڵام گەر باوک یان برا یان کوڕ تەنها سورەتە کورتەکانى لەبەر بێ دروستە و دەتوانێ پێش نوێژی بۆ ماڵ ومنداڵ و کەسوکارى خۆى بکات .

5- تەراویج چەند ڕکاتە؟ وە نوێژى ویترەکە چۆن لەگەڵی دەکرێ؟
عائشە ڕەزاى خواى لێ بێت دەفەرموێ: (أن النبي  ما كان يزيد في رمضان ولا في غيره على احدى عشرة ركعة) رواه الجماعة.
واتە: پێغەمبەرى خوا  لەڕەمەزان و غەیرى ڕەمەزانیشدا لە یانزە ڕكات زیاترى نەكردووە.
وە ئەم (11) ڕکاتە دوو دوو دەکرێت کە هەشت ڕکات کرا بە دوو دوو پاشان بۆ (3) ڕکاتە ویترەکە دەتوانێ بە دوو شێواز بیکات
یەکەم : دوو ڕکات دەکات و سەلام دەداتەوە ، پاشان یەک ڕکاتەکەى تر دەکات .
دووەم : دروستیشە جار جار هەر سێ ڕکاتە ویترەکە بەیەکەوە بکرێ و تەنها تەحیاتى کۆتایی بخوێنێ ، واتە وەکو نوێژى مەغریب بەڵام تەحیاتى یەکەم ناخوێنێ .

6- لە دواى عیشاوە کاتەکەى دەست پێ دەکات؟
دواى ئەنجام دانى نوێژى عیشا و دوو ڕکاتە سوننەتەکەى دواى عیشا نوێژى تەراویح کاتەکەى دەست پێ دەکات ، وە دروستە تەراویحەکە دوابخات و ڕاستەوخۆ دواى عیشا نەکرێت .

7- پێش ئەنجامدانى نوێژى تەراویح خەڵکى نیەتى ڕۆژووى دێنن بۆ بەیانیەکەى 
لە هەندێ لە مزگەوتەکان پێش ئەنجامدانى نوێژى تەراویح داوا لە خەڵکى دەکەن و دەڵێین ڕەحمەتتیان لێ بێ نیەتى ڕۆژووى بەیانى بێنن بە فەرز ، ئەم کارە دروست نیە و نیەت هێنان بەم شێوەیە لە سوننەتدا نەهاتووە ، وە نیەت شوێن و جێگاکەى دڵە نەک زمان ، واتە هەرکەس بە دڵ نیەتى هەبێ کە بۆ بەیانى بەڕۆژوو دەبێ ئەوەندە بەسە ، وە هەستان بۆ پارشێویش خۆى بۆ خۆى نیەتە چونکە ئەو کەسە بەنیەتى ئەوە هەستاوە پارشێو دەکات کە بۆ بەیانى بەڕۆژوو دەبێ .

ستافی وەڵامەکان

سەردان: ٥,١٩٢ بەش: نوێژى تەراویح