دروسته ئیمام لە ڕکوع یان لە تەحیاتى کۆتایی خۆى دوابخات لەبەر ئەو کەسەى تازە دێتە مزگەوتەوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
دروسته ئیمام لە ڕکوع یان لە تەحیاتى کۆتایی خۆى دوابخات لەبەر ئەو کەسەى تازە دێتە مزگەوتەوە؟

باشتر وایە ئیمام بەو شێوەیە نوێژەكەی بكات كە نەبێتە مایەی ناڕەحەتی بۆ نوێژ خوێنان ، وە ئەوانەی كە لەسەرەتای نوێژەكەوە لەگەڵ ئیمام بوون لە پێشترن كە ئیمام موراعاتیان بكات و ڕكوعەكە زۆر درێژ نەكاتەوە لەبەر خاتری ئەو كەسەی كە لەكاتی ڕكوعی ئیمامدا دێتە مزگەوتەوە ، بەڵام ئەگەر ئەندازەیەكی كەم چاوەڕێی كرد تاوەكو ئەو كەسە بگات بە ڕكوع يان لە كاتی تەحیاتدا سەلام دانەوە كەمێك دوابكات باشتر و ئەولا ترە بۆ ئیمام.
وەڵامى زاناى پایەبەرز عبدالعزیز بن عبدالله بن باز - رحمه الله -

کەواتە : ئەگەر ئیمام دواخستنەکەى لە ڕکوع یان لە تەحیاتدا بەشێوەیەک بوو کە نەبوە مایەى ئەزێت و ناڕەحەتى بۆ نوێژخوێنان ئەوا ئاساییە و دروستە .

چەند تێبینیەک :
یەکەم : كەسێك هاتە مزگەوتەوە و ئیمام لە ڕكوعدا بوو نابێ ڕا بكات و پەلە پەل بكات بەڵكو چەند فریای نوێژەكە كەوت لەگەڵ ئیمام دەیكات و چەند ڕكات فریا نەكەوتبوو دوای سەلام دانەوەی ئیمام ئەم هەڵدەسێتەوە باقی نوێژەكەی تەواو دەكات .
دووەم : هەركەس گەشت بە ڕكوع لەگەڵ ئیمام ئەوا فریای ئەو ڕكاتە كەوتوە گەشتنەكەش بەوە دەبێ كە گیانی لە جوڵە بكەوێ لە كاتی ڕكوعدا لەگەڵ ئیمام یان بە ئەندازەی خوێندنی یەكجاری (سبحان رب العظيم) نەك ئەم بچێتە بەرەو ڕكوع و ئیمام لە ڕكوع هەستێتەوە لەم حاڵەتەدا ئەو ڕكاتەی بۆ حساب نیە .
سێیەم : ئەگەر گەشتە نوێژی جەماعەت و ئیمام لەو كاتەدا چووە ڕكوع ئەم كەسە دەبێ هەر بە پێوە (الله أكبر)ی نوێژ دابەستن بكات پاشان ڕكوع ببات ، وە ئەگەر فریا كەوت بۆ ڕكوعەكەش جارێكی تر (الله أكبر) دەكات .

سەردان: ٢,٢٢٠ بەش: نوێژى جەماعەت