گەر چومە مزگەوتە و ئیمام لە سوجدەدا بوو ئایا منیش بچمە سوجدە یان چاوەڕێ بکەم تا هەڵدەسێتەوە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
گەر چومە مزگەوتە و ئیمام لە سوجدەدا بوو ئایا منیش بچمە سوجدە یان چاوەڕێ بکەم تا هەڵدەسێتەوە؟
پرسیار:

کاتێک کە نوێژ خوێن دەچێتە ناو مزگەوتەوە و ئیمام لە سوجدەدایە، ئایا ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا بچێتە سوجدە یاخوود چاوەڕێ بکات تاوەکو هەڵدەستێتەوە؟ وە ئەگەر چوو بۆ سجوود ئەوا لە دووای تەکبیرەی دابەستنی نوێژ جارێکی تر تەکبیرە (الله أکبر) بکات ؟

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
ئەگەر نوێژخوێن چووە ناو مزگەوتەوەو بینی ئیمام لە نوێژدایە ئەوا لەگەڵ ئیمامەکە دەچێتە ناو نوێژەکەوە بە هەر شێوازێک بێت، جا ئیمام لە حاڵەتی ڕاوەستاندا بێت یان لە ڕکووع بێت یان لە سوجدە بێت یاخوود لە نێوان دوو سوجدەکە بێت، ئەوا ئەو نوێژخوێنەش بە هەمان شێوە دەچێتە ئەو حاڵەتەی کە ئیمامەکەی تێدایە، بە بەڵگەی ئەم فەرموودەیەی کە أبو هوڕەیرە - ڕەزای خوای لێ بێت - دەڵێت : پێغەمبەری خوا - - فەرموویەتی: ( إِذَا جِئْتُمْ إِلَى الصَّلاةِ وَنَحْنُ سُجُودٌ فَاسْجُدُوا وَلا تَعُدُّوهَا شَيْئًا , وَمَنْ أَدْرَكَ الرَّكْعَةَ فَقَدْ أَدْرَكَ الصَّلاةَ ) رواه أبو داود (893) وحسنه الألباني في صحيح أبي داود .
واتا: ئەگەر هاتن بۆ نوێژ و ئێمە لە سوجدەدا بووین ئەوا ئێوەش سوجدە بەرن و ئەو ڕکاتەش هەژمار مەکەن، وە هەر کەسێک بگات بە ڕکاتێکی نوێژدا، ئەوا گەیشتووە بەو نوێژەدا.
وە لە باوکی قەتادەوە هاتووە - ڕەزای خوای لێ بێت - دەڵێت : پێغەمبەری خوا - - فەرموویەتی: ( إِذَا أَتَيْتُمْ الصَّلاةَ فَعَلَيْكُمْ بِالسَّكِينَةِ , فَمَا أَدْرَكْتُمْ فَصَلُّوا , وَمَا فَاتَكُمْ فَأَتِمُّوا ) رواه البخاري (635).
واتا: کاتێک کە دێن بۆ نوێژ؛ ئەوا هێمن و لەسەر خۆ بن، جا ئەوەندەی پێی ڕادەگەن لە نوێژەکە ئەنجامی بدەن ( لەگەڵ جەماعەت ) ئەوەشی لە دەستتان چووە تەواوی بکەن.
وە ئەو ڕکاتەی بۆ هەژمار ناکرێت، چونکە نەگەیشتووە بە ڕکوع لەگەڵ ئیمامدا.
وە هەندێک لە خەڵکی هەیە کاتێک دەچێتە ناو مزگەوت و ئیمام لە سوجدەدایە یاخوود لە نێوان سوجدەکانە؛ ناچێتە ناو نوێژەکەوە لەگەڵ ئیمام تا ئەو کاتەی کە ئیمام هەڵدەستێتەوە بۆ ڕکاتی دووەم، بەڕاستی ئەم جۆرە کەسانە فەزڵ و پاداشتی سوجدە بردن لە دەست ئەدەن، وە هەروەها کارەکەشیان پێچەوانەی ئەو بەڵگانەیە کە پێشتر باسمان کرد.

زانایان - ڕەحمەتی خوایان لێ بێت - باسی ئەوەیان کردووە کە ئەگەر نوێژخوێن هات بۆ نوێژی جەماعەت و بینی ئیمامەکە لە سوجدەدایە ئەوا تەکبیرەی ئیحرام -واتا (الله أکبر)ی دەست پێ کردنی نوێژ- دەکات و دەچێتە سوجدە لەگەل ئیمامەکە، بەبێ ئەوەی لە دووای تەکبیرەی ئیحرام تەکبیرەی تر بکات؛ چونکە نەگەیشتووە بەو شوێنەدا کە تەکبیرەی تێدا دەکرێت بۆ سوجدە. 

وە سەبارەت بە تەکبیرەی دابەستنی نوێژ ئایا جارێکی تر تەکبیرە (الله أکبر) بکات ؟

شێخ ابن عثیمین - ڕحمەتی خوای لێ بێت - فەرموویەتی: ئەوەی باو بێت لای زانایان - ڕەحمەتی خوایان لێ بێت - ئەوەیە کە :
دەچێتە سوجدە بەبێ ئەوەی تەکبیرە بکات.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێین: ئەگەر کەسێک - لە دووای تەکبیرەی ئیحرام - تەکبیرەی تری کرد کاتێک دەچێتە سوجدە، ئەوا ئاساییە و هیچی تێدا نیە، وە ئەگەر نەشیکات هەر ئاساییە، و ئەو کەسە خۆی سەرپشکە...بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەوەیە کە تەکبیرە بکات (احتیاطاً).
الشرح الممتع (4/128)

سەردان: ٣,٨٢٥ بەش: نوێژى جەماعەت