ئەگەر كەسێك هاتە مزگەوتەوە بۆ نوێژى جەماعەت و ئیمام لەركوعدا بوو ئایا دوو الله أکبر بكات؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر كەسێك هاتە مزگەوتەوە بۆ نوێژى جەماعەت و ئیمام لەركوعدا بوو ئایا دوو الله أکبر بكات؟
پرسیار:

ئەگەر كەسێك هاتە مزگەوتەوە بۆ نوێژى جەماعەت و ئیمام لەركوعدا بوو ئایا دوو الله أکبر بكات بۆ نوێژ دابەستنەکە و چوونە ڕکوع؟

ئەگەر كەسێك هاتە ژوورەوەو لەو كاتەدا ئیمامەكە لە ركوعدا بوو ئەوا هەر بە پێوە الله أكبرى ئیحرام دەكات و بەدوایدا دەچێتە ركوع، و لەو حاڵەتەدا تەكبیرەى بۆ ركوع دەبێتە سوننەت و واجب نییە، وە ئەگەریش تەكبیرەى كرد بۆ ركوع ئەوا باشترە و ئەگەریش نەیكرد تاوانى لەسەر نییە و ئاساییە، پاشان دواى ئەوە لە چەند حاڵەتێك دەرناچێت:

حاڵەتى یەكەم: دڵنیایە كە گەیشتووە بەركوعدا پێش ئەوەى ئیمام بەرزببێتەوە لەركوع، ئەوا لەو كاتەدا گەیشتووە بە ركاتێكدا، و خوێندنى فاتیحەى لەسەر دەكەوێت.

حاڵەتى دووەم: دڵنیایە كە ئیمامە بەرزبوەتەوە لە ركوع پێش ئەوەى ئەم بگات بە ركوعدا، ئەوا لەم حاڵەتەدا ركاتەكەى لەدەست چووە و دەبێت دواتر قەزاى بكاتەوە.

حاڵەتى سێ یەم: لە گوماندایە كە ئایا گەیشتووە بە ركوع یاخود پێش ئەوەى بگات بە ركوع ئیمامە بەرزبویەوە؟ جا لەم حاڵەتەدا لەسەر گومانە زۆرەكەى بیناى دەكات و ئەگەرهاتوو زۆربەى گومانى بۆ ئەوە چوو كە گەیشتووە بەئیمام لە ركوعدا ئەوا گەیشتووە بە ركاتەكەدا، وە ئەگەریش زۆربەى گومانى بۆ ئەوە چوو كە نەگەیشتووە بە ئیمام لە ركوعدا ئەوا ركاتەكەى لەدەست چووە، ئەوا لەم حاڵەتەدا ئەگەر شتێكى لە نوێژەكە لەدەست چووە ئەوا سوجدەى سەهو دەبات دواى سەلام دانەوە، ئەگەرچی هیچی لەدەست نەچووە لە نوێژەكەى، بەوەى كە ئەو ركاتەى كە گومانى هەیە لە ركاتى یەكەمدا بوو، وە گومانى زۆرى بۆ ئەوە چوو كە گەیشتووە پێى، ئەوا لەم حاڵەتەدا سوجدەى سەهو لەسەرى دەكەوێ لەبەر گەیشتنى نوێژەكەى بە نوێژى ئیمامدا و ئەو كات ئیمام سوجدەى سەهو هەڵدەگرێت لەبرى مەئموم ئەگەر مەئموم هیچی لەدەست نەچوو لە نوێژەكە.

وە حاڵەتێكى تریش هەیە لە كاتى بوونى گوماندا ئەویش ئەوەیە كە كەسەكە دوودڵە لەوەى كە گەیشتووە بە ركوع یان نا بەبێ ئەوەى گومانى زۆرى بۆ هیچ كامیان بچێت، ئەوا لەم كاتەدا لەسەر یەقین بیناى دەكات كە ئەویش نەگەیشتنە بە ركوع چونكە ئەوە ئەصلە، وە ركاتەكەى لەدەست چووە وپێش سەلام دانەوە سوجدەى سەهو دەبات.

وە لێرەدا بابەتێك هەیە پێم خۆشە كە سەرنجێكى لەسەر بدەم ئەویش ئەوەیە كە زۆرێك لە خەڵكى كەدێنە ژوورەوە و ئیمام لە ركوعدایە دەست دەكات بە كۆكەكردن و پێ دەكوتێت بەزەویدا و جارى واش هەیە دەڵێت: (إن الله مع الصابرين) جا هەموو ئەمانە نادروستن و پێچەوانەى سوننەتن، و دەنگ وژاوەژاو دورست دەكەن لەسەر ئیمام و خەڵكیش، وە خەڵكى واش هەیە كە دێتە ژورەوە لەو كاتەدا زۆر بەخێراییەكى نەشیاو ڕێ دەكات بۆ ئەوەى فریاى ركاتەكە بكەوێت و پێغەمبەرى خوایش نەهى كردووە لەو كارە و فەرموویەتى: ( إذا سمعتم الإقامة فامشوا إلى الصلاة وعليكم السكينة والوقار ، ولا تسرعوا ، فما أدركتم فصلوا، وما فاتكم فأتموا)

واتە: ئەگەر بیستتان قامەت كرا ئەوا بەئارامى و قورسی وسەنگینیەوە بڕۆن بۆ نوێژ وپەلەپەل مەكەن، ئەوەى فریاى كەوتن نوێژبكەن و ئەوەش فریاى نەكەوتن دواتر تەواوى بكەن.

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –

 

سەردان: ١,٦٠٤ بەش: نوێژى جەماعەت