ئەو شتانەی کە مرۆڤ دەپارێزێت لەسحر و چاو پیسی: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەو شتانەی کە مرۆڤ دەپارێزێت لەسحر و چاو پیسی
پرسیار:

گومانى تێدا نیە لە ئێستادا سیحر و جادووکردن زۆر بووە و خەڵکانێکى خراپ کە حەزیان بەخێرى کەسانێکدا نایات دەچن سیحر و جادویان لێ دەکەن و ژیانیان تێک دەدەن جا پرسیارەکەم ئەمەیە : چۆن خۆمان لەسحیر و جادوو بپارێزین؟

الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على سيد المرسلين نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين…

أما بعد:

یەکێک لەو نەخۆشیانە کە دەتوانین ناوی بنێین نەخۆشی سەردەم بریتی یە لە : (نەخۆشی سیحر و جادو و چاو پیسی)  ، کە دەکرێت بە قورئان وسوننە و بەردەوام بوون لەسەر زیکرەکان کە لە پێغەمبەرەوە   وارد بووە چارەسەر بکرێن  .

جا ئەمە هەندێ لەو شتانەیە کەپێویسته لەسەر موسوڵمان پارێزگاریان لێ بکات بۆ ئەوەى پارێزراو بن لە سیحر و جادوو :

یەکەم: پارێزگاری کردن لەنوێژەکان بەوەی لەکاتی خۆی و لەگەڵ جەماعەتدا ئەنجامی بدات ئەمە واجبێکە و لاناچێت مەگەر عوزرێک وەک ترس و نەخۆشی هەبێت .

دووەم : خوێندنی قورئان بەبیر لێکردنەوە لەماناکەی وجێ بەجێ کردنی فەرمانەکانی ودوور کەوتنەوە لەڕێگری لێ کراوەکانی ، بۆ ئەوەی ببێتە حوجەیەک بۆت لەڕۆژی دواییدا ، لەگەڵ لەبەر کردنی چەند سوڕەتێک ئەمەش بەپێی توانا  .

سێیەم : سوور بوون لەسەر زۆر یادی خودا کردن  ( أَلاَ بِذِكْرِ اللّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ)  [الرعد:28].
واته : وه‌ بزانن كه‌ ته‌نها به‌ زیكرو یادی خوای گه‌وره‌ دڵه‌كان هێمن و ئارام و ئاسووده‌ ئه‌بێت.

هەندێ لەو زیکرانە : 

أ – زیکرەکانى دواى نوێژە فەرزەکان

ب- زیکرى بەیانیان و ئێواران .

ج- زیکرەکانى پێش خەوتن و دەست نوێژ گرتن پێش خەوتن .

د- خوێندنى سورەتى (البقرة) لەماڵدا .

هـ – زۆر خێر وسەدەقە کردن لەبەر ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر عليه الصلاة والسلام: { داووا مرضاكم بالصدقة }.
واتە : نەخۆشەکانتان بەسەدەقە کردن چارەسەر بکەن .

ز – دوعای چونە سەر ئاو : ( اللهم إني أعوذ بك من الخبث والخبائث ).  واتە: (بەناوی خودا دەچمە ژورەوە، خودایە من پەنات پێ دەگرم لە شەیتانە نێر‌و مێینەكان) .
تێبینی : ئەم دوعایە پێش چوونە سەر ئاو دەکرێت وقسە کردن لەسەر ئاودا باش نی یە  .

ح – دوعای پێش جیماع : «بِسْمِ اللهِ، اللَّهُمَّ جَنِّبْنَا الشَّيْطَانَ، وَجَنِّبِ الشَّيْطَانَ مَا رَزَقْتَنَا». واتە: (بە ناوی خودا ئەم كارە پیرۆزە ئەنجام دەدەم، خودایە شەیتانمان لێ دوور بخەرەوە، هەروەها شەیتان دوور بخەرەوە لەوەی، كە پێمان دەبەخشیت لە منداڵ) 

ط – دوعای چوونە ماڵ :  «بِسْمِ اللهِ وَلَجْنَا, وَبِسْمِ اللهِ خَرَجْنَا, وَعَلَى اللهِ رَبِّنَا تَوَكَّلْنَا» واتە: (بەناوی خودا چوینە ژورەوە‌و بەناوی خودا دەرچوین لە ماڵ، پشت‌و پەناشمان بەستووە بە خودای پەروەردگارمان)
وەلەکاتی دەرچوون لەماڵدا دەڵێت : «بِسْمِ اللهِ, تَوَكَّلْتُ عَلَى اللهِ, وَلا حَوْلَ وَلا قُوَةَ إِلاَّ بِاللهِ». واتە: (بەناوی خودا دەچمە دەر لە ماڵ، پشتم بە خودا بەست‌و هیچ هەوڵ‌و هێزێكیش نییە جگە لەو توانا‌و هێزەی، كە لە لایەن خوداوەیە) .

ك – سوور بوون لەسەر هاوڕێیەتی کردنی کەسانی چاک وئامادە بوون لەمەجلیسی زیکر و زانستى شەرعى و گوێ گرتن لەشریتی بەسوود ، وەک شریتی قوڕئان و وتار و موحازەرە .

چوارەم : دوور کەوتنەوە لەتاوان ، و تەوبە کردن ئەمەش بەواز هێنان لێی وخەفەت خواردن لێی و پەشیمانى دەبێت ، خوای گەورە فەرموویەتی  : ( يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا تُوبُوا إِلَى اللَّهِ تَوْبَةً نَّصُوحاً )  [التحريم:8].
واته : ئه‌ی باوه‌ڕداران ئێوه‌ ته‌وبه‌ بكه‌ن و بۆ لای خوای گه‌وره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ڵام ته‌وبه‌یه‌كی راستگۆ و نه‌صوح، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤـ به‌ ڕاستگۆیی و به‌دڵسۆزی ته‌وبه‌ بكات و ئه‌وه‌ی له‌ ڕابردوودا كردوویه‌تی لێی په‌شیمان بێ، وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا له‌ تاوان ئه‌یكات ده‌ستی لێ هه‌ڵگرێ، وه‌ عه‌زیمه‌تی هه‌بێ كه‌ له‌ داهاتوودا نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ری، وه‌ به‌ دڵ په‌شیمان بێ له‌وه‌ی كه‌ ڕابردوو كردوویه‌تی، به‌ زمان داوای لێخۆشبوون له‌ خوای گه‌وره‌ بكات، به‌ لاشه‌ ده‌ستی لێ هه‌ڵگرێ، عه‌زیمه‌تی هه‌بێ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ری، وه‌ ئه‌گه‌ر ماف و حه‌قی خه‌ڵكیش بوو حه‌قی خه‌ڵكى بگه‌ڕێنێته‌وه‌ .
جا هەندێ لەو تاوانانە برتین لە :

أ –گوێگرتن لەگۆرانی ومۆسیقا  .

ب – تەماشا کردنی وێنەی حەڕام لە تەلەفزوێن بێ یان لە ڕۆژنامە و مۆبایل .

ج – هەڵواسینی ڕەسم ودانانی لەماڵدا ،  لەبەر ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر کە فەرمویەتى: { لا تدخل الملائكة بيتاً فيه تماثيل أو تصاوير }.
واتە : فریشته ناچێتە ماڵێکەوە کە وێنە یاخود تیمسالی تێدایە .

د – غەیبەت ودوو زمانی وقسە کردن لەناموسی موسوڵمان .

هـ –چوون بۆلای ساحیر وفاڵ گرەوەکان لەبەر ئەم فەرموودەیەیی پێغەمبەر : { من أتى عرافاً أو كاهناً فصدقه بما يقول فقد كفر بما أنزل على محمد  }.
واتە : هەرکەسێک بچێ بۆلای فاڵ چی وساحیرەکان وقسەکەی بەڕاست بزانێت ئەوا بەتەئکید کافر بووە بەو شتەی کەبۆ پێغەمبەر موحەمەد دابەزیوە کە قورئانە .

جا ساحیر وفاڵ گرەوەکانی بەم شتانە دەناسرێنەوە : 

- پرسیاری ناوی نەخۆش وناوی دایکی بکات .

- بەشێک لەشوێنەوارەکانی نەخۆش وەر بگرێت ویاخود جل وبەشێک لەو شتانەی کەبەکاری دێنێت .

- شتێک بدات بەنەخۆش کە کۆمەڵێ وشە وژمارەی لەخۆگرتووە .

- هەندێ وشەی تێکەڵ بنووسێت بەشێوەیەک نەحوێندرێتەوە ومانای نەزانرێت .

پێنجەم : سوور بوون لەسەر ئەنجام دانی عیبادەتەکان وەک :

أ – دانی زەکات وزۆر خێر کردن .

ب – زۆر بەڕۆژوو بوون ، چونکە دەبێته هۆکاری کەم کردنەوەی ڕۆڵی شەیتان  .

ج – زۆر ئەنجام دانێ نوێژە سوننەتەکان ، وەک سوننەته ڕاتیبەکان وشەو نوێژ وجگە لەمانەش .

د – پەلە کردن لەحەج وعومڕە کردن  .

شەشەم : پشت بەستن بەخودا لەهەموو شتێکدا چونکە خواى گەورە دەفەرموێ : ( وَمَن يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ ) [الطلاق:3]. واتە : وه‌ هه‌ر كه‌سێك كاره‌كانی به‌ خوای گه‌وره‌ بسپێرێ و ته‌وه‌كول بكاته‌ سه‌ر خوای گه‌وره‌و متمانه‌ی به‌ خوای گه‌وره‌ بێت ئه‌وه‌ خوای گه‌وره‌ی به‌سه‌ به‌وه‌ی كه‌ كاره‌كانی بۆ جێبه‌جێ بكات 

حەوتەم :  سوور بوون لەسەر پۆشینی حیجابی شەرعی بەنیسبەت ئافرەتەوە وبۆن لەخۆ نەدان لەکاتی هەبوونی پیاوانی نامەحڕەم دا و کۆ نەبوونەوە لەگەڵ نامەحڕەم دا وەک شۆفێر وجگە لەویش .

هەشتەم : زوو چوون بۆ نوێژی هەینی چونکە دانیشتن لە مزگەوت بۆ زیکر وقورئان خوێندن ئارامیت پێ دەبەخشێ .

نۆیەم: ئاگادارى کەسابەتى حەرام بە و وریابە ماڵی حەڵاڵ نەبێت نەیخۆیت بەڵکو پاڕانەوەکانت وەڵام بدرێنەوە  .

دەیەم : ئارام گر بە لەکاتی بەڵادا و سوپاسی خودا بکە چونکە ئارامگران پاداشتى بێ سنوریان بۆ دانراوە لاى خواى گەورە .

یانزەیەم : بسم اللە کردن لەکاتی هەموو کارێکدا .

دوانزەیەم : زۆر سەڵاوات بدە لەسەر پێغەمبەرى خوا چونکە سەڵاوات  هۆكارێكە بۆ چاودێرى خوایی بەسەر بەندەوەو هاوكارى كردنى لەكاروبارەكانیدا.

وە لە کۆتاییدا ئامۆژگاریت دەکەم دڵت بەخوداوە بەند بکە ، وئارام گر بە و زۆر بپارێڕەوە بەتایبەت لەکۆتایی شەودا .

سەردان: ١٢,٠٥٤ بەش: سيحر و جادوو