لە نوێژدا ئافرەت تەنها ئەوەندەی بەسە کەهەموو لاشی داپۆشێت تەنانەت گەر بەیەک جلیش بێت .
ئایا حوکمی نوێژی ئافرەت چی یە گەر پێجامەی لەپێ دا نەبێت لەکاتێکدا هەموو لاشەی بەجلێکی فراوان داپۆشیوە ؟
پێش ئەوەى بچینە سەر وەڵامى پرسیارەکە سەرەتا دەبێ ئەوە بزانیت کە هەندێك لە ئافرەتان وا دەزانن نوێژكردن تەنها بریتیە لە ڕوو كردن لە قیبلە و ئەنجامدانی چەند جوڵەیەك و خوێندنەوەی چەند ئایەت و زیكرێك، دەبینین ئەم بیركردنەوەیە وایان لێدەكات گرنگی نادەن بەوەی كە پێویستە چ جۆرە پۆشاكێك لەبەر بكەن بۆیە گوێ نادەنێ تەسك بێت یان تەنك بێت یان بەشێك لە پرچیان یان قاچیان یان قۆڵیان بەدەرەوە بێت، لەكاتێكدا ئافرەت هەموو جەستەی عەورەتە.
جا بابزانین پۆشاكی ئافرەتان دەبێت چۆن بێت لە ناو نوێژدا
1 ـ پێویستە ئافرەت لە نوێژدا پۆشاكێك لەبەر بكات هەموو جەستەی داپۆشێ جگە لە ڕومەت و هەردوو دەستی لەسەر ڕای دروست و پەسەندی زانایان.
ئەمەش بەبەڵگەی فەرمودەی پەیامبەری خوا (ﷺ) كە فەرموویەتی: " يا أسماء إن المرأة إذا بلغت المحيض لم يصلح أن يرى منها شيء إلا هذا وهذا - وأشار إلى وجهه وكفيه " حسنه الألباني في صحيح الجامع، برقم: (7874).
واتە: ئەی ئەسماء ئەگەر ئافرەتی موسڵمان گەشتە تەمەنی باڵغ بوون نابێت جگە لە دەستەكان و ڕوومەتی زیاتر دەركەوێت
2 ـ پێویستە سەرپۆشێكی باش بدات بەسەریا كە تەنك نەبێت وە هێندە گەورە بێت هەموو سەری داپۆشێ بە شێوەیەك هیچ لە پرچی بە دەرەوە نەبێت، بەڵگەی ئەمەش ئەو فەرمودەیەی دایكە عائیشە گێڕاویەتەوە كە پەیامبەری خوا (ﷺ) فەرمویەتی: (لا يقبلُ الله صلاةَ حائض إلا بخمار) صحيح أبي داود - (3 / 206)
واتە: خوا نوێژی ئافرەتی باڵغ بوو وەرناگرێت ئیللا بە سەرپۆشەوە نەبێت.
3 ـ نابێت بە پۆشاكی تەنكەوە نوێژ بكەن ئەگەر چی فراوانیش بوو چونكە وەكو ڕووت وایە بەڵگەشمان وتەی پەیامبەری خوایە (ﷺ) كە فەرمویەتی:(سيكون في آخر أمتي نساء كاسيات عاريات …) رواه الطبراني في المعجم الصغير بسند صحيح. واتە: لە ئاخری ئوممەتەكەم هەندێك ئافرەت هەن بەناو داپۆشراون بەڵام لە ڕاستیدا ڕووتن.
ابن عبد البر ئەفەرموێت: مەبەستی پەیامبەری خوا (ﷺ) ئەو ئافرەتانەیە كە پۆشاكی تەنك و ناسك دەكەنە بەر ئەو جۆرە پۆشاكە لە ڕاستیدا لەش دەردەخات، نەك ئەوەی كە دای بپۆشێت، ئەو جۆرە ئافرەتانە بە ناو داپۆشراون،
4 ـ نابێت بە پۆشاكی تەسكەوە نوێژ بكەن وەك (فانیلە و پانتۆڵ و تراكسۆت و هاوشێوەكانیان) چونكە قەبارەی جەستەیان دەردەخات ، هەروەك لە هشام بن عروە ئەفەرموێت: كاتێك كە (منذر) ی كوڕی (زبیر) لە عێراق گەڕایەوە پۆشاك و بەرگێكی لە جۆری (مرويَّة و ، و قوهية) ی نارد بۆ (أسماء) ی كچی (أبو بكر) ئەوەش لە كاتێكدا بوو كە (أسماء) چاوەكانی لە دەست دابوو، واتە: نابینا بوو: ڕاوی دەڵێت: كە (أسماء) دەستی دا لە پۆشاكەكە، فەرمووی: ئۆف بۆ ئەم پۆشاكە، پۆشاكەكەی بۆ بگەڕێننەوە، (منذر) یش ئەوەی زۆر لەلا گەورەو گران بوو، بۆیە فەرمووی: ئەی دایكی بەڕێزم ئەوە تەنك نییە بۆ ئەوەی لەش دەربخات، ئەویش لە وەڵامدا فەرمووی: ئەگەر لەشی تێدا دەرنەكەوێت، خۆ قەبارەی لەش دەردەخات.
وە زۆرێك لە زانایان كۆڕان لەسەر ئەوەی ئەو پۆشاكەی كە واجبە ئافرەتان لە نوێژدا لەبەری بكەن بریتیە لە (درع وخمار)
واتە: ئەو پۆشاكەی مەرجی حیجابی شەرعی تێدا بێت لەوانەش: فراوان بێت و تەسك و تەنك نەبێ و هاوشێوەی جلی بێ باوەڕان و پیاوان نەبێ.
لەگەڵ سەرپۆشدا.دەبینیت یەكێكیان دەچێتە نوێژەوە و پرچی یان بەشێك لە پرچی یان لە قۆڵی یان قاچی بەدەرەوەیە لەم كاتەدا لەسەریەتی ـ لای زۆربەی زانایان ـ نوێژەكەی دوبارە بكاتەوە
5 ـ سەبارەت بە پێكانی ئافرەت بەهەمان شێوە بە عەورەت دەژمێردرێن، و پێویستە دابپۆشرێن .
پرسیار كرا لە ئیمامی أحمد رحمه الله :
ئافرەت لە چەند پۆشاكدا نوێژ بكات ؟ فەرموی: بەلای كەمەوە: كراسێك و سەرپۆشێك، وە قاچەكانی داپۆشێت وە كراسەكە ئەوەندە درێژ بێ پێكانی داپۆشی .
هەروەها لەم بارەیەوە زانای پایە بەرز شێخ ابن باز رحمه الله ئەفەرموێت:
دەرخستنی قاچەكان لە نوێژدا بۆ ئافرەتان لای زۆربەی زانایان جائز نیە و نوێژەكەی پوچەڵ دەكاتەوە. بۆیە ئەگەر ئافرەت نوێژی كرد و قاچەكانی بە دەرەوە بوون واجبە لە سەری نوێژەكەی دوبارە بكاتەوە لای زۆربەی زانایان
كەواتە پێویستە لەسەر ئافرەتان لە نوێژدا پۆشاكێكی فراوانی ئەستور لەبەر بكەن هێندە شۆڕ بێت قاچەكانیشیان داپۆشێت، وە سەرپۆشێكی باش بدەن بە سەریاندا. ئەمە پۆشاكی شەرعی ئافرەتانە لە ناو نوێژدا.
وە سەبارەت بە پرسیارەکەت کە ئایا دروستە ئافرەت نوێژ بکات لە کاتێکدا پێجامە یان جلى ژێرەوەى لەبەر نەبێ؟
شێخ ابن عثيمين رحمه الله دەڵێت :
"يجزئ المرأة ستر عورتها، ولو بثوب واحد، فلو تلفلفت المرأة بثوب يستر رأسها وكفيها وقدميها وبقية بدنها، ولا يخرج منه إلا الوجه أجزأ" انتهى من "الشرح الممتع" (2/74) .
واتە : بەنیسبەت داپۆشینی عەوڕەتی ئافرەتەوە ، تەنها ئەوەندەی بەسه عەوڕەتی داپۆشێ ، گەر بەیەک جلیش بێت، خۆ ئەگەر ئافرەت جلێکی ئاڵاندە خۆیەوە و هەموو جەستەی و دەست وپێیەکانی دادەپۆشی ، تەنها دەم وچاو نەبێت ئەوا ئەوەندەی بەسە و نوێژەکەی دروسته .
وەهەروەها پرسیار هەر لە شێخ ابن عثيمين رحمه الله کراوە :
جلی ئافرەت لەنوێژدا ئایا دروسته یەک پارجە جل بێت یاخود پێویستە جلی ژێرەوەشی لەگەڵ بێت ؟
دروستە ئەو جلەی کەئافرەت نوێژی پێوە دەکات یەک جل بێت ؛ چونکە مەرجی نوێژ داپۆشینی عەورەتە ، و ئافرەتی حوڕ هەموو جەستەی عەورەتە لەنوێژدا جگە دەم و چاوی نەبێت ، و هەندێ لەزانایان دەست و پێیەکانیشیان جودا کردۆتەوە و بەدروستی دەزانن دانەپۆشرێت ، و دەڵێن : لەنوێژدا دەست ودەم وچاو واجب نی یە دابپۆشرێت .
هەر بۆیە ؛ گەر ئافرەت لەیەک پارچە جلدا نوێژی کرد وجلەکەی داپۆشەری ئەو جێگایانە بوو کەواجبە دابپۆشرێت ، ئەوا نوێژەکەی دروسته .
بەڵام هەندێ لەزانایان دەڵێن :
باشتر وایە ئافرەت ( درع وخمار وملحفة) بپۆشێت .
تێبینی :
(الدرع) : بریتیە لەو جلەی کە هاوشێوەی قەمیسە .
و(الخمار) : ئەو شتەیە کەسەری پێ دادەپۆشرێت .
و(الملحفة) : ئەو شتەیە کەهەموو لەشی پێ دادەپۆشرێت .
الفتاوى" (12/300) .
ماوەتەوە بڵێم:
خوشكی ئیماندار ئەوەت بیر نەچێت لە نوێژكردنت دا تۆ گفتوگۆ لەگەڵ پەروەردگارت دەكەیت، پۆشاكێك لەبەر مەكە ببێتە هۆی توڕەبونی پەروەردگار لێت،بەڵكو پۆشاكێك لەبەر بكە شایستە بێت بەو كاتەی تۆ تیایدای كە نوێژكردنە .
وَآخِرُ دَعْوَانا أَنِ الْحَمْدُ لِلّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ
ستافى وەڵامەکان