دروستە ئافرەت بچێت بۆ ئەو هۆڵ و شوێنانەى کە تایبەتن بە وەرزش کردنى ئافرەتان؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
دروستە ئافرەت بچێت بۆ ئەو هۆڵ و شوێنانەى کە تایبەتن بە وەرزش کردنى ئافرەتان؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
شاراوە نی یە کە وەرزش کردن چەند قازانجێکی تەندروستی ، ودەرونی هەیە ، بەڵام لەبەر ئەوەی وەرزش لەم سەردەمەدا شێوەیەکی تایبەتی هەیە :
بۆیە پێویستە چەند زەوابیتێکی شەرعی بۆ دابنرێت ، جا هەرکەسێک ڕەچاویان بکات ئەوا وەرزشەکەی دروستە و موباحە ، و بەپێچەوانەشەوە هەرکەسێک ڕەچاوی ئەو مەرجانە نەکات ئەوا وەرزشەکەی دروست نی یە و حەڕامە ، وهەندێ لەو مەرج و زەوابیتانە :
یەکەم:
پێویستە ئەو وەرزش کردنە دوور بێت لەچاوی پیاوان ، جا جیاوازی نی یە ئەو پیاوانە ڕاهێنەر بن یاخود مامۆستا ، یاخود قوتابی ، یاخود بینەر، و لەسەر بنەمای ئەم مەرجانە دروست نی یە تەسویری وەرزشی ئافرەتان بکرێت ، بۆ ئەوەی ئەو ڤیدۆیانە نەکەوێتە دەستی پیاوان و تەماشای بکەن .
هەر بۆیە باشتر ، وچاکتر ، وگونجاو تر ئەوەیە ئافرەت لەماڵی خۆیدا وەرزش بکات ، نەک قاعە ،و قوتابخانە و شوێنە تایبەتەکان هەر چەندە لەو جێگایانەدا تێکەڵی پیاوان نەبن ؛ چونکە ئەمین نی یە لەوەی کەسێکی خراپ تەسویری بکات و توشی شتێک بێت کەسەرەنجامەکەی باش نەبێت .
بەڵام گەر تێکەڵاوی پیاوان بن ئەوا گومان لەوەدا نی یە کە نابێ و دروست نی یە .

دووەم :
لەکاتی وەرزش کردندا جلێکی داپۆشەر لەبەر بکات ، دروست نی یە بۆ ئافرەت ، وئەوانەی لەگەڵی یاری دەکەن جلی کورت و تەنک و تەسک لەبەر بکەن ، ئەمەش مەرجێکی گشتگیرە بۆ پیاوان و ئافرەتان ، هەر بۆیە باش وایە ئەم مەرجە زۆر جەختی لەسەر بکرێتەوە ؛ چونکە زۆربەی یاریەکان جا هی پیاوان بێت یاخود ئافرەتان ئەم مەرجەی تێدا نایەتە جێ ، هەروەک ئاشکرایە لەزۆربەی یاریەکاندا جلی نەشیاو لەبەر دەکرێت وەک : جلی مەلە ، و زۆران بازی ، وتۆپی پێ وجگە لەمانەش .

سێیەم:
نابێت لەو یاریانەدا قومار و ڕەهن هەبێت .

چوارەم :
ئەو یاریانە نەبێتە هۆی دژیایەتی یەکتر کردن و ناخۆشی دروست بوون ، هەروەک ئەمڕۆ دەبینین خەڵک دابەش بوون بەسەر چەند لایەنێکدا هەریەکەو لایەن گر و هاندەری لایەکە و گەلان پارچە پارچە بوون ، تەنانەت لەیەک ماڵدا لەنێوان باوک و کوڕدا یاخود برا و خوشکدا یاخود خوشک و خوشکدا تەنانەت ژن و مێرددا ئەم دوو بەرەکی یە دروست بووە .

پێنجەم :
ئەم یاریانە لەچەند کاتێکی کەم و دیاری کراودا ئەنجام بدرێن ، نابێت ببێتە هۆی ئەوەی ئافرەت واجبە دینی و دونیاییەکانی فەرامۆش بکات .

شەشەم :
هەڵنەکردن و لێ نەدانی مۆسیقا لەکاتی ڕاهێنان و یاری کردندا .

حەوتەم :
خۆ نەشوبهاندن بەبێباوەڕان لەجل و بەرگ و هەڵس و کەوتدا ؛ چونکە ئێمە ڕێگریمان لێکراوە خۆمان بشوبهێنین بەبێباوەڕان ، و ئەو شتانە بەگەورە بزانین کەبێباوەڕان ئەنجامی دەدەن .

هەشتەم :
نابێ یاریکە لێدانی تێدا بێت وەک لێدان لەدەم و چاو و سەر ، ونابێ چەند هەڵس وکەوتێکی کوفری تێدا بێت ، وەک : خۆ چەماندنەوە پێش یاری دەس پێ کردن .

جا ئەگەر ئەم مەرجانە هاتنە جێ :
ئەوا دروستە ئافرەتان وەرزش بکەن ، هەر چەندە ئێمە ئامۆژگاری ئافرەتان دەکەین خۆیان بپارێزن ، ئاگاداری کاتەکانیان بن ، لەم جۆرە شتانەدا بەفیڕۆی نەدەن ، و بێگومان پاراستنی ئافرەتان لەدەس گرتنیانە بەفەرمانەکانی خوداوە ، کەگرنگترینیان : مانەوەیە لەماڵدا ، ودەرنەچوونە لەماڵ مەگەر لەبەر پێویستیەک نەبێت ؛ لەبەر ئەم ئایەتە پیرۆزە : ( وَقَرْنَ فِي بُيُوتِكُنَّ ) الأحزاب/ 33 .واتە : با ئافرەتان ئۆقڕە بگرن لەماڵدا .
وە ئەو شوێنانەى کە ئێستا هەیە بۆ وەرزش کردنى ئافرەتان خاڵى نین لە تاوان و سەرپێچی بۆیە کە توشى تاوان و خراپە هات ئەوکاتە نابێ سەردانى ئەو شوێنانە بکات و دەتوانێت لە ماڵەوە وەرزش بکات ئەمەش بۆ پاراستنى خۆى و ئیمانەکەى .
 

سەردان: ٥,٩٠٤ بەش: ئافرەتان