چۆنیەتى غوسل دەركردنى ئافرەت لە كاتێكدا كە لە حيض پاك دەبێتەوە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆنیەتى غوسل دەركردنى ئافرەت لە كاتێكدا كە لە حيض پاك دەبێتەوە
پرسیار:

پێشەكى دەست خۆشیتان لێ دەكەم هیواى سەركەوتنتان بۆ دەخوازم وە پرسیارەكەشم بریتیە لە چۆنیەتى غوسل دەركردنى ئافرەت لە كاتێكدا كە لە حيض پاك دەبێتەوە هیوادارم كە وەڵامم بدەنەوە ئیتر سوپاس-

بەناوى خواى بەخشندە و میهرەبان
ئافرەت دواى پاك بونەوەى لە (حيض) بەم شێوەیە غوسل دەكات:
ئەگەر پەلكەى هەبێت ئەوا پێشەكى پەلكەكانى دەكاتەوە، پاشان تاراتێك دەشوات یان دەگرێت، ئینجا دەستنوێژێك دەشوات ئەتوانێنێت پێكانى نەشوات و دوایان بخات بۆ دواى غوسلەكەى دەشتوانێت بیانشوات، پاشان دەستى تەڕ دەكات و دەیكات بەناو پرچى دا تاوەكو دڵنیا دەبێت ئاو گەشتۆتە بنەوەى پرچى پاشان سێ قاپ ئاو دەكاتە بەسەریدا، پاشان ئاو دەكات بەلاى ڕاستى دا و دواتر بەلاى چەپدا و پاشان بەسەر هەموو لاشەیدا، پاشان پارچە لۆكەیەك یان پەڕۆیەك بۆن خۆش دەكات و ناو فەرجى پێ بۆن خۆش دەكات.
ئەمە شێوازى سوننەتى غوسلە بۆ ئافرەتان، ئەوەشمان لە یاد نەچێ كە پێویسته نییەتى غوسل كردنى لە دڵ دا هەبێت پێش دەست پێ كردن بە غوسلەكەى و لەسەرەتاشدا (بسم الله) دەكات.
بەڵام ئەوەى كە پێویستە و بە نەبوونى غوسلەكەى بەتاڵە و دروست نى یە دوو شتە:
یەكەم: بوونى نییەت لە دڵ دا.
دووەم: تەڕكردنى هەموو لاشەى بە ئاو.
خواش زاناترە.
ئەم پرسیارە لە لایەن (مامۆستا عدنان بارام)ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ١١,٩٤٩ بەش: خۆشۆردن (غوسل)