مەبەستەکانى سەردانی گۆڕستان : ماڵپەڕی وەڵامەکان
مەبەستەکانى سەردانی گۆڕستان
پرسیار:

ئایا مەبەست لە سەردان کردنى گۆڕستان چیە؟ وە ئایا هیچ سودی بۆ مردوەکە هەیە؟

مەبەست لەسەردانی گۆڕستان دوو شتە
یەکەم ـ سوود وەرگرتنی ئەو كەسەی كە سەردانەكە دەكات بە بیركرنەوەی لە مردن و حاڵی مردووان .

دووەم ـ سوود بەخشین بە مردووەكە و چاكەكردن بەرامبەری ، بە سەلام لێكردن ، و نزا بۆ كردن و داوای لێ خۆشبوون بۆی .

بەبەڵگەی فەرموودەكەی دایكە ( عائشە ) ـ ڕەزای خوای لێ بێت ـ كە فەرموویەتی : ئەی پێغەمبەری خوا ئەگەر ویستم سەردانی گۆڕستان بكەم ، چیان پێ‌ بڵێم ؟ ئەویش لە وەڵامدا فەرمووی : پێیان بڵێ : " السلام على أهل الديار من المؤمنين والمسلمين ، ويرحم الله المستقدمين منا والمستأخرين ، وإنا إن شاء الله بكم للاحقون" (مسلم ) ، واتە : سەلامتان لێ بێت ئەی خەڵكی ئەم مەنزڵگایە لە بڕواداران و موسڵمانان ، و خواش ڕەحم بكات بەوانەی كەپێش كەوتوون ( یان ئەوانەی كە مردوون ) لێمان و ئەوانەی كە بە دوایاندا دەڕۆن ( یان ئەوانەی كە نەمردوون و ماون )و ئێمەش ـ إن شا‌ء الله ـ بەئێوە دەگەین 

     بەڵام : مەرجە لە كاتی ئەم سەردانەدا شتێك نەووترێت كە خوای پەروەردگار توڕە بكات ، وەكو هاوارپێكردن و لێپاڕانەوە لە مردوو و ئیستیغاسە پێكردنی !! هەروەكو ( أبو سعید الخدری ) ڕەزاى خواى لێ بێ لە پێغەمبەری خواوە دەگێڕێتەوە كە فەرموویەتی :" إني نهيتكم عن زيارة القبور فزوروها ؛ فإن فيها عبرة . [ ولا تقولوا ما يسخط الرب ] " ( أخرجه أحمد والحاكم وقال : ( صحيح على شرط مسلم ) ووافقه الذهبي وهو كما قالا ) 
. واتە : من سەردانی گۆڕستانم لێ قەدەغە كردبوون ، بەڵام لەمەودوا ئیتر سەردانی بكەن ، چونكە بەڕاستی پەندی تێدایە ( وە هیچ شتێك نەڵێن كە خوای پەروەردەگار توڕە بكات ) .

مامۆستا عدنان بارام

سەردان: ٢,٨٤٢ بەش: سەردانى گۆڕستان