سودى سەردانی کردنى گۆڕستان چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سودى سەردانی کردنى گۆڕستان چیە؟

دەبێت بزانرێت بۆچی سەردانی گۆڕستان دەكرێت؟
لەراستیدا سەردانی گۆڕستان سودێكی زۆری هەیە بۆ كەسێك باوەڕی بەپاشە ڕۆژ هەبێت، مەبەست لە سەردانی گۆڕستان ئەوەیە كە وا مرۆڤ بەگشتی وە مسوڵمان بە تایبەتی یادی ئەوە بكاتەوە لەپاش مردن زیندوو بونەوە هەیەو پاداشت و لێپرسینەوە هەیە لەسەر كرداری چاك‌و خراپ.
هەروەها بیر بكەیتەوە لەو مردوانەی تۆ سەردانی گۆڕەكانیان دەكەی وەك تۆ زیندوو بون و لە دونیادا ژیان، ئیتر كۆتایی هات بە ژیانیان وە جارێكی تر ناگەڕێنەوە بۆ ژیانی دوونیا، وە پەشیمان بوونەوەش دادی هیچ كامێكیان نادات، وە بیركردنەوەت لەم باسانە دەبێتە هاندەرێك بۆ ئەوەی زیاتر سوور بونت لەسەر كرداری چاك و خۆ بەدوور گرتن لە كرداری خراپ، ئەمە مەبەستە لە سەردانی گۆڕستان، بۆ پەند (عبر) وەرگرتن .
وەك پێغەمبەری خوا دەفرموێت: (إني نهيتكم عن زيارة القبور فزوروها، فإن فيها عبرة، ولا تقولوا ما يسخط الرب)اخرجه : احمد والحاكم.
واتە: من لە سەرەتادا قەدەغەم كردبو سەردانی گۆڕستان بكەن، بەڵام سەردانی بكەن، چونكە بەڕاستی پەندو ئامۆژگاری زۆری تێدایە، وە قسیەك مەكەن پەروەردگاری پـێ‌ توڕە بێت.
وە هەروەها لە فەرمودەیەكی تردا دەفەرموێت (كنت نهيتكم عن زيارة القبور ألا فزوروها فإنها ترق القلب، و تدمع العين و تذكرة الآخرة، ولا تقولوا هجراً) اخرجه : احمد والحاكم.
واتە: من لەسەر تادا قەدەغەم كردبوو سەردانی گۆڕستان بكەن، بەڵام سەردانی گۆڕستان بكەن، چونكە بەڕاستی دڵتان نەرم دەكات، وە فرمێسك لەچاوتان دەردەهێنێ‌، وە پاشە رۆژتان بیردەخاتەوە، وە كاتێ‌ سەردانی گۆڕستان دەكەن قسەی خراپ و نابەجـێ‌ مەكەن .

م.مالك رفعت

 

سەردان: ٣,٠٣١ بەش: سەردانى گۆڕستان