سێ جۆر سەردان کردن هەیە بۆ گۆڕستان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سێ جۆر سەردان کردن هەیە بۆ گۆڕستان
پرسیار:

ئایا سەردان کردنى گۆڕستان چەند جۆرە و جۆرەکانى چین؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

سەردانی کردنی گۆڕستان سێ جۆرە:
1- سەردانی کردنی شەرعی:
ئەوەش سەردانیەکە لەپێناو دوعا کردن بۆ مردووەکان ، و ڕەحمەت ناردن بۆیان ، و بیر کردنەوە لە دواڕۆژ و مردن   (1) .
2- سەردانی کردنی بیدعە:
ئەوەش ئەوەیە مەبەست لەسەردانەکە عیبادەت کردن بێت لەلای گۆڕەکەدا ؛ وەک قورئان خوێندن یاخود نوێژ کردن یاخود سەر بڕینی ئاژەڵ وجگە لەمانەش لەلای گۆڕەکەدا ؛ بەگومانی ئەوەی عیبادەتەکە لەو جێگایەدا خێری زیاترە ، ئەوەش بیدعەیە ، وهۆکارێکیشە بۆ شیرک  (2) .
3- سەردانی کردنی شیرکی:
ئەوەش سەردانیەکە بۆ پاڕانەوە لەگۆڕەکان وداوای فریا کەوتن لێیان ، یاخود سەربڕینی ئاژەڵ بۆیان یاخود نەزر کردن بۆیان ، یاخود جگە لەم عیبابەتانە کەبۆ جگە لەخودا دروست نییە ، وئەمە شیرکە   (3) .

زاناى پایەبەرز ابن القَيِّم ڕەحمەتى خوای لێ بێ دەڵێت:

بەنیسبەت سەردانی کەسانی یەکتاپەرستەوە: مەبەست لێی سێ شتە:
یەکەمیان
: بیرخستنەوەی دوا ڕۆژ وپەند وەرگرتنە لێی ، وپێغەمبەر صلَّى الله تعالى عليه وآلِهِ وسلَّم ئاماژەی بەمە داوە وفەرموویەتی: ((زُورُوا الْقُبُورَ؛ فَإٍنَّهَا تُذَكِّرُكُمُ الآخِرَةَ)). واتە: سەردانی گۆڕستان بکەن ؛ ئەو کارە بیری قیامەتتان دەخاتەوە .
دووەم: چاک بوون لەگەڵ مردوو ، بۆ ئەوەی زۆر بەسەری دا تێپەڕ نەبێت ، و لەبیری بکەن ، هەروەک چۆن کەسی زیندوو ماوەیەک سەردانی نەکرێت لەبیر دەکرێت ، جا گەر سەردانی زیندوو بکرێت دڵی خۆش دەبێت ، ومردوو لەپێش ترە ؛ چونکە چووە بۆ جێگایەک خەڵک لەو جێگایەدا کەس وکاریان لەبیر کردووە ، وئەگەر سەردانی بکات وهەدیەیەکی پێ ببەخشێت : لەدوعا کردن بۆی ، یاخود خێر کردن بۆی ، بەوە زیاتر دڵخۆش دەبێت ، هەروەک چۆن کەسی زیندو دڵخۆش دەبێت بەسەردانی کردنی ؛ هەر بۆیە پێغەمبەر صلَّى الله تعالى عليه وآله وسلم بەدروستی داناوە دوعا وپاڕانەوە بۆ مردو بکرێت ، وبەدروستی نەزانیوە داوایان لێ بکرێت وبیان کاتە وەسیلە بۆ دوعا ، ونوێژیان لەلادا بکات. 
سێیەم: کەسی سەردانی کار چاک بێت لەگەڵ خۆیدا بەوەی شوێن سوننەت بکەوێت وپابەندی سنوری شەرع ببێت ، بەوە چاک بکات لەگەڵ خۆی وکەسی سەردانی کراویشدا). ((إغاثة اللهفان)) (1/218)


(1) [9036] ((مجموع فتاوى ابن باز)) (4/345). 
(2) [9037] ((مجموع فتاوى ابن باز)) (4/345).
(3) [9038] ((مجموع فتاوى ابن باز)) (4/345) (13/287)، ((فتاوى اللجنة الدائمة- المجموعة الثانية)) (7/446).

سەردان: ١,٩٣٩ بەش: سەردانى گۆڕستان