ئایا دروستە ئافرەتانیش وەکو پیاوان سەردانى گۆڕستان بکەن؟
ئافرەتانیش وەكو پیاوانن لە سوننەتی سەردانی گۆڕستان ، لەبەر ئەمانەی خوارەوە :
یەكەم : فێركرنی زیكری چونە سەر گۆڕستان لە پێغەمبەرەوە ﷺ بۆ ( عائشە ) ـ ڕەزای خوای لێ بێت ـ هەروەكو لە لاپەڕەى پێشوو باس کراو و خرایە ڕوو .
دووەم : گشتێتی وتەكەی پێغەمبەری خوا ﷺ كە فەرموویەتی " ... فزورواها " ، واتە : سەردانی گۆڕستان بكەن ، كە ئافرەتانیش دەچنە ژێر ئەم فەرمانەوە .
سێیەم : بێ دەنگ بوونی پێغەمبەر ﷺ لەو ئافرەتەی كە لای گۆڕەكە بینی دەگریا ، هەروەكو لە فەرموودەی ( أنس ) دا ڕەزاى خواى لێ بێ هاتووە كە : " مرَّ رسول الله ﷺ بامرأة عند قبر وهي تبكي ، فقال لهـا : اتقي الله واصبري... " ( رواه البخاري ) ، واتە : پێغەمبەری خوا ﷺ دای بەلای ئافرەتێكدا كە لە لای گۆڕێك بوو دەگریا ، ئەویش پێی فەرموو : لە خوا بترسە وئارام بگرە ... هتد .
پێشەوا ( الحافظ ) لە ( الفتح ) دا فەرموویەتی : (( وموضع الدلالة منه أنه ﷺ لم ينكر على المرأة قعودها عند القبر ، وتقريره حجة )) ، واتە : جێگەی بەڵگە لەم فەرموودەیە ئەوەیە كە پێغەمبەر ﷺ دانیشتنی لای گۆڕكەی ئینكار نەكرد لە ئافرەتەكە ، و بێ دەنگی پێغەمبەریش ﷺ بەڵگەیە .
بەڵام : دروست نیە بۆ ئافرەتان كە زۆر سەردانی گۆڕستان بكەن ، چونكە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی كە تووشی سەرپێچی شەرعی ببن ، وەك هات و هاواركردن ، و خۆڕازاندنەوە ، و كردنی گۆڕ بەشوێنی گەشت وگوزار ، و كات بەفیڕۆدان لە قسەی پڕ و پوچدا .
مامۆستا عدنان بارام