سەردانی کردنی گۆڕستان و ئەحکامەکانی: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سەردانی کردنی گۆڕستان و ئەحکامەکانی
پرسیار:

حوکم و ئادابەکانى سەردان کردنى گۆڕستان چیە؟ دروستە ئافرەت سەردانى گۆڕستان بکات؟ وە دروستە سەردانى گۆڕی کافر بکرێ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم: جۆرەکانی سەردانی کردنی گۆڕستان:
سەردانی کردنی گۆڕستان سێ جۆرە:
1- سەردانی کردنی شەرعی:

ئەوەش سەردانی کردنە لەپێناو دوعا کردن بۆ مردووان ، و ڕەحمەت ناردن بۆیان ، و بیرکردنەوە لە مردن و دواڕۆژ.
2- سەردانی کردنی بیدعە:
ئەوەش سەردانی کردنە لەپێناو عیبادەت کردن لەلایدا ؛ جا قورئان خوێندن بێت یاخود نوێژ و سەربڕینی ئاژەڵ وجگە لەمانەش ؛ بەگومانی ئەوەی عیبادەت کردن لای ئەوانەدا باشترە ، ئەمەش بیدعەیە ، وهۆکارێکە بۆ شیریک.

3- سەردانی کردنی شیرکی:
ئەوەش سەردانی کردنی گۆڕستانە بۆ پاڕانەوە لێی وپەنا بردنە بەریان ونەزر کردن بۆیان وحەیوان سەربڕین لەپێناویاندا ، وجگە لەم عیبادەتانە کەبۆ جگە لەخودا دروست نی یە ، بێگومان ئەم کارانەش شیرک وهاوبەش بڕیاردانن.

دووەم: حوکمی سەردانی کردنی گۆڕستان بەنیسبەت پیاوانەوە :
سوننەتە و چاکە پیاوان سەردانی گۆڕستان بکەن ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە. 

سێیەم: حوکمی سەردانی کردنی گۆڕستان بەنیسبەت ئافرەتەوە:
زانایان جیاوازن لەبارەی حوکمی سەردانی کردنی گۆڕستان بەنیسبەت ئافرەتەوە و سێ بۆچوونیان هەیە لەم بارەیەوە:
بۆچوونی یەکەم: مەکروهە ئافرەت سەردانی گۆڕستان بکات ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وبۆچوونێکیشە لای حەنەفیەکان ، ومالکیەکان.
بۆچوونی دووەم: حەرامە ئافرەت سەردانی گۆڕستان بکات ، ئەوەش بۆچوونێکە لای حەنەفیەکان ، وشافعیەکان ، وبۆچوونی هەر یەک لە: ابنِ تيميَّة، وابنِ باز، وابنِ عُثيمينَ ـە.
بۆچوونی سێیەم: دروستە ئافرەتان سەردانی گۆڕستان بکەن ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکانە ، وبۆچوونێکە لای مالکیەکان ، وشافعیەکان ، وڕیوایەتێکە لەئەحمەدەوە ، وهەریەک لە: القرطبيُّ من المالكيَّة  ، والشوكانيُّ هەڵیان بژاردووە.
بە بەڵگەى بێ‌ دەنگ بوونی پێغەمبەر  لەو ئافرەتەی كە لای گۆڕەكە بینی دەگریا ، هەروەكو لە فەرموودەی ( أنس ) دا ڕەزاى خواى لێ بێ هاتووە كە : " مرَّ رسول الله  بامرأة عند قبر وهي تبكي ، فقال لهـا : اتقي الله واصبري... " ( رواه البخاري ) ، واتە : پێغەمبەری خوا  دای بەلای ئافرەتێكدا كە لە لای گۆڕێك بوو دەگریا ، ئەویش پێ‌ی فەرموو : لە خوا بترسە وئارام بگرە ... هتد .
 پێشەوا ( الحافظ) لە ( الفتح ) دا فەرموویەتی (( وموضع الدلالة منه أنه  لم ينكر على المرأة قعودها عند القبر ، وتقريره حجة )) واتە : جێگەی بەڵگە لەم فەرموودەیە ئەوەیە كە پێغەمبەر   دانیشتنی لای گۆڕكەی ئینكار نەكرد لە ئافرەتەكە ، و بێ‌ دەنگی پێغەمبەریش  بەڵگەیە .

وە شێخ ئیسلام ابن تیمیة ڕەحمەتى خواى لێ بێ دەفەرموێ : گەر ئافرەت زانى سەردانى گۆڕستان بکات خۆى پێ ناگیرێ و هەندێ وتە و کارى ناشەرعى و هات و هاوار دەکات ئەوا دروست نیە سەردانى گۆڕستان بکات .

چوارەم: حوکمی سەردانی کردنی گۆڕی کافر:
دروسته بۆ موسوڵمان سەردانی گۆڕی کافر بکات ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وبۆچوونی ابنِ حَزْم ـە، وەهەر یەک لە ابنُ تيميَّة، وابنُ باز، وابنُ عُثيمينَ هەڵیان بژاردووە.

پێنجەم: ئەوەی کەسوننەتە لەکاتی سەردانی کردنی گۆڕستاندا بوترێت:
سوننەتە ئەو کەسەی کەسەردانی گۆڕستان دەکات بپاڕێتەوە بۆ ئەو کەسەی کەسەردانی کردووە ، وەهەروەها بۆ هەموو مردووەکانی تری گۆڕستانەکە لەموسوڵمانان ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە . ئەوەش بە وتنى : " السَّلاَمُ عَلَيْكُمْ أَهْلَ الدِّيَارِ, مِنَ الْمُؤْمِنِيْنَ وَالْمُسْلِمِيْنَ, وَإِنَّا إِنْ شَاءَ اللهُ بِكُمْ لاَحِقُونَ [وَيَرْحَمُ اللهُ الْمُسْتَقْدِمِيْنَ مِنَّا وَالْمُسْتَأْخِرِيْنَ] أَسْأَلُ اللهَ لَنَا وَلَكُمُ الْعَافِيَةَ " ( مسلم ) ،
واته‌: (سڵاوتان لێ بێت ئه‌ی خه‌ڵكی گۆڕستان له‌ باوه‌ڕداران و موسوڵمانان، ئێمه‌ش (ان شاءالله) پێتان ده‌گه‌ین، خودای گه‌وره‌ ڕه‌حم به‌وانه‌مان بكات، كه‌ له‌ پێشمانه‌وه‌ ڕۆیشتوون و ئه‌وانه‌ش، كه‌ له‌ دوامانه‌وه‌ ده‌ڕۆن، داوا له‌ خودا ده‌كه‌م، كه‌ له‌ ئێمه‌ش و ئێوه‌ش خۆش ببێت)

سەردان: ٣,٩٢٦ بەش: سەردانى گۆڕستان