ئەحکامەکانی هەڵدانەوەی گۆڕ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەحکامەکانی هەڵدانەوەی گۆڕ
پرسیار:

حوکمی شکاندنی ئێسکی مردوو ، و هەڵدانەوەی گۆڕی موسوڵمان یان کافر تا چەند دروستە؟ وە  کەسێک نێژرا بێت بەبێ ئەوەی بشۆردرێت دروستە گۆڕی هەڵبدرێتەوە و دیسان بشۆردرێت؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

پێشەکی: حوکمی شکاندنی ئێسکی مردوو :
دروست نی یە ئێسکی مردوو بشکێندرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە. 

یەکەم: هەڵدانەوەی گۆڕی موسوڵمانان:
دروست نی یە گۆڕی موسوڵمانان هەڵبدرێتەوە بە بێ هیچ هۆیەکی شەرعى ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە. 

دووەم:  هەڵدانەوەی گۆڕی بێباوەڕان:
1- هەڵدانەوەی گۆڕی بێباوەڕێک کەلەجەنگدا بێت لەگەڵ موسوڵمانان:
دروستە گۆڕی بێباوەڕێک کەلەجەنگدا بێت لەگەڵ موسوڵمانان ؛ ئەوەش بۆ ئەوەی موسومانان سوود وەربگرن لەجێگاکەی ؛ وەک کردنە مزگەوت وجگە لەوەش ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان .

بە بەڵگەى فەرموودەکەى ئەنەس ڕەزاى خواى لێ بێ کە دەفەرموێ : ((أنَّ رسولَ اللهِ صلَّى الله عليه وسلَّم قَدِمَ المدينةَ... وأنَّه أَمَرَ ببناءِ المَسْجِدِ، فأرسَلَ إلى ملإٍ مِن بني النَّجَّارِ، فقال: يا بني النَّجَّارِ، ثامِنوني بحائِطِكم هذا. قالوا: لا واللهِ، لا نَطْلُبُ ثَمَنَه إلَّا إلى اللهِ. فقال أنَسٌ: فكان فيه ما أقولُ لكم: قبورُ المشركينَ، وفيه خِرَبٌ، وفيه نَخْلٌ، فأمَرَ النبيُّ صلَّى الله عليه وسلَّم بقبورِ المُشركينَ فنُبِشَتْ، ثُمَّ بالخِرَب فسُوِّيَتْ، وبالنَّخْلِ فقُطِعَ، فصَفُّوا النَّخْلَ قبلةَ المسجِدِ، وجعلوا عِضادَتَيْه الحجارةَ..))  أخرجه البخاري (428)، ومسلم (524)

2- هەڵدانەوەی گۆڕی ئەهلی زیمە (ئەو کافرانەی کە سەرانە دەدەن):
دروست نی یە هەڵدانەوەی گۆڕی ئەهلی زیمە ؛ ئەمە دەقی قسەی هەر یەک لە: حەنەفیکان ، وحەنبەلیەکان ،وابن بطَّال ـە لەمالکیەکان .

سێیەم: هەڵدانەوەی گۆڕ گەر ماڵ و پارەی تێدا لەبیر کرابێت:
دروستە گۆڕ هەڵبدرێتەوە  گەر ماڵ و پارەی تێدا لەبیر کرابێت ؛ وەک ئەنگوستیلە وجگە لەوەش ،  ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە. 

چوارەم:  هەڵدانەوەی گۆڕی مردوویەک کەنێژراوە بەبێ ئەوەی بشۆردرێت: 
زانایان جیاوازن لەم بارەیەوە: کەئایا گەر مردووەیەک بەبێ شوشتنەوە نێژرا گۆڕەکەی هەڵدەدرێتەوە بۆ شوشتنی یاخود نا ؟ ، و دوو بۆچوونیان هەیە: 
بۆچوونی یەکەم: گەر مردوو بەبێ شوشتن نێژرا ، ئەوا هەڵدەدرێتەوە ودەشۆردرێ گەر تێک نەچوو بوو ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی وشافعی ،وحەنبەلیەکان ، وبۆچوونی زاهیریەکانیشە.
بۆچوونی دووەم: گەر مردوو نێژرا بێ ئەوەی بشۆردرێت ئەوا هەڵنادرێتەوە ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکانە ، وبۆچوونی ئەشهەبە لەمالیەکان ، وەهەروەها بۆچوونی شافعیەکانە ، وڕیوایەتێکە لەئەحمەدەوە .

سەردان: ١,٧٠٩ بەش: ناشتنى مردوو