ئەو کارانەی دروست نین سەبارەت بە گۆڕ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەو کارانەی دروست نین سەبارەت بە گۆڕ
پرسیار:

ئایا  ئەو کارانەی چین کە دروست نین سەبارەت بە گۆڕ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم: گەچ دان لە گۆڕ :
حەرامە گەچ بدرێت لەگۆڕ ، ئەوەش بۆچوونی: ابن حزم ـە ، وەهەریەک لە: القرطبيُّ، وابنُ القَيِّم، والصنعانيُّ والشوكانيُّ، والشنقيطيُّ، وابنُ باز، وابنُ عُثيمينَ هەڵیان بژاردووە. تێبینى : هەڵواسینى گۆڕ بە چیمەنتۆ و کاشی و ئەو شتانەش دروست نیە .

بە بەڵگەى فەرمودەکەى جابر رَضِيَ اللهُ عنه، کە دەفەرموێ : ((نهى رسولُ الله صلَّى الله عليه وسلَّم أن يُجصَّصَ القبرُ، وأن يُقعَدَ عليه، وأن يُبنَى عليه)) أخرجه مسلم (970).

دووەم: حوکمی خانوو دروست کردن لەسەر گۆڕ  :
حەرامە خانو لەسەر گۆڕ دروست بکرێت ، ئەوەش بۆچوونی هەر یەک لە: ابنِ حزمٍ، وابنِ تيميَّة، والشَّوكانيِّ، والشنقيطيِّ، وابنِ باز، والألبانيِّ، وابنِ عُثيمينَ ـە.

سێیەم: دروستکردنی مزگەوت لەسەر گۆڕ :
دروست نی یە مزگەوت لەسەر گۆڕ دروست بکرێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە ،و بۆچوونی هەندێ لەمالکیەکان ، وشافعیەکانە ، وەهەر یەک لە : ابنُ تيميَّةَ، وابنُ القَيِّم، والصنعانيُّ، والشَّوكانيُّ، والشنقيطيُّ، وابنُ باز، وابنُ عُثيمينَ، والألبانيُّ ئەم بۆچوونەیان هەڵبژاردووە.

چوارەم: نوسین لەسەر گۆڕ  :
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی نوسین لەسەر گۆڕ ، ودوو بۆچوونیان هەیە : 
بۆچوونی یەکەم : باش نی یە لەسەر گۆڕ شت بنوسرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی ، شافعی ، وحەنبەلیەکان ، وبۆچوونی ئەبو یوسف ،و موحەمەدی کوڕی حەسەنە لەحەنەفیەکان.
بۆچوونی دووەم: دروست نی یە هیچ شتێک لەسەر گۆڕ بنوسرێت ، ئەوەش بۆچوونی الشَّوكانيِّ، وابنِ باز ـە.

پێنجەم: دەست بەئاو گەیاندن لەسەر گۆڕ :
حەرامە دەست بەئاو گەیاندن لەسەر گۆڕ ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە. 

شەشەم: دانیشتن لەسەر گۆڕ:
حەرامە دانیشتن لەسەر گۆڕ ، ئەوەش مەزهەبی زاهریەکانە ، وبۆچوونی هەندێ لەحەنبەلی ، وشافعیەکانە ، وقسەی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، وەهەروەها بۆچوونی هەر یەک لە: الصنعانيِّ، والشَّوكانيِّ، وابنِ باز، وابنِ عُثيمينَ، والألبانيِّ ـە.

حەوتەم: پێ نان بەگۆڕدا:
حەرامە پێ بنێرێت بەگۆڕدا ، ئەوەش بۆچوونێکە لای حەنبەلیەکان ، وەهەر یەک لە : ابنُ باز، وابنُ عُثيمينَ هەڵیان بژاردووە.

هەشتەم: پاڵدانەوە لەسەر گۆڕ  :
حەرامە پاڵدانەوە لەسەر گۆڕ ، ئەوەش بۆچوونێکە لای هەندێ لەشافعی ، وحەنبەلیەکان ، وبۆچوونی ابْنِ باز، وابنِ عُثيمينَ ـە.

نۆیەم: حوکمی ڕێ کردن بەنەعل و پێڵاو لە نێو گۆڕستاندا :
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی ڕێ کردن بەنەعل و پێڵاوەوە لەنێو گۆڕستاندا ، ودوو بۆچوونیان هەیە :
بۆچوونی یەکەم: مەکروە نی یە بەنەعل وخوفەوە ڕێ بکرێت لەنێو گۆڕستاندا ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفیەکانە ، وبۆچوونی دیاری شافعیەکانە ، وڕیوایەتێکە لەئەحمەدەوە ، وبۆچوونی زۆربەی زانایانە ، وەهەروەها بۆچوونی ابنِ حَزْمٍ ـە .
بۆچوونی دووەم: مەکروە بەنەعلەوە ڕێ بکرێت لەنێو گۆڕستاندا ، ئەوەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە ، وبۆچوونی ابنِ باز، وابنِ عُثيمينَ ـە.

دەیەم: حوکمی قورئان خوێندن لەسەر گۆڕ  :
دروست نی یە قورئان خوێندن لەسەر گۆڕ ، ئەوەش مەزهەبی مالکیەکانە ، وبۆچوونی ئەبو حەنیفەیە ، وڕیوایەتێکیشە لەئەحمەدەوە ، و ابنِ تيمِيَّة  ، وابنِ باز، وابنِ عُثيمينَ هەڵیان بژاردووە.

یازدەیەم: ڕوناک کردنەوەی گۆڕستان:
حەرامە گۆڕستان ڕوناک بکرێتەوە ، ابنُ تيمِيَّة کۆدەنگی لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

دوازدەیەم : سەر بڕینی ئاژەڵ لەلای گۆڕدا:
دروست نی یە ئاژەڵ لەلای گۆڕدا سەر ببڕدرێت ،  ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە. 

سیازدەیەم : خێر کردن لەلای گۆڕدا:
خێر کردن لەلای گۆڕدا بیدعەیە ، ئەوەش بۆچوونی هەر یەک لە : ابنِ تَيمِيَّة، وابنِ باز، والألبانيِّ ـە.

چواردەیەم : سەفەر کردن بۆ لای گۆڕ:
سەفەر کردن بۆ لای گۆڕ دروست نی یە ، جا جیاوازی نی یە گۆڕەکە گۆڕی پێغەمبەران بێت یان جگە لەوان ، ئەوەش بۆچوونی مالیک وزۆربەی هاوەڵەکانیەتی ، وبۆچوونی هەندێ لەشافعیەکانە ، وڕیوایەتێکە لەئەحمەدەوە ، وەهەر یەکە لە: ابنُ عَقيل، وابنُ تيميَّة، وهو قولُ ابنِ بطَّةَ، وابنِ الأثير، وابنِ عبدِ الهادي، وابنِ القَيِّم، والصنعانيِّ، وابنِ باز، وابنِ عُثيمينَ ئەم بۆچوونەیان هەڵبژاردووە.

پازدەیەم: دانانی دار یاخود گوڵ لەسەر گۆڕ :
دروست نی یە دار یاخود گوڵ لەسەر گۆڕ دابنرێت ، ئەمە دەقی قسەی هەر یەک لە: الخطَّابيُّ، وابنُ الحاجِّ من المالِكيَّة، وابنُ باز، وابنُ عُثيمينَ، والألبانيُّ ـە.

شازدەیەم : گۆڕستان کردنە شوێنی خۆشی گێڕان و جەژن:
دروست نی یە گۆڕستان بکرێتە شوێنی خۆشی گێڕان و جەژن ، ابنُ تيميَّة کۆدەنگی لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

سەردان: ٢,٢٠٤ بەش: ناشتنى مردوو