تکایە چۆنێتى ناشتنى مردوو و حوکم و ئادابەکانیمان بۆ ڕوون بکەنەوە .
لە درێژەى وەڵام ئەم خاڵانە ڕوونکراوەتەوە :
یەکەم: حوکمی ناشتنی مردوو :
دووەم: حوکمی کافر کاتێ لە نێو موسوڵماناندا دەمرێت:
سێیەم: شوێنی ناشتنی مردوو.
* ناشتنی موسوڵمان لەگۆڕستانی کافران
* ناشتنی کافر لەگۆڕستانی موسوڵمانان
* ناشتنی ئەو کەسەی کە لەناو کەشتی دا مردووە
* ناشتن لەتابووتدا
چوارەم: ئەوەی سوننەتە بوترێت لەکاتی مردوو خستنە گۆڕەوە:
پێنجەم: چۆنیەتی مردوو خستنە گۆڕەوە
شەشەم: کردنەوەی گرێی کفن لەگۆڕدا :
حەوتەم: حوکمی کردنی چەند مشتە خۆڵێک بەسەر گۆڕەکەدا دوای ناشتنی:
هەشتەم: حوکمی ناشتنی دوو کەس یاخود زیاتر لەیەک گۆڕدا:
نۆیەم: تەرتیب کردنی مردوو گەر بەیەکەوە نێژران :
دەیەم: کاتی ناشتنی مردوو
یازدەیەم: تەڵقین دانی مردوو:
دوازدەیەم: پاڕانەوە بۆ مردوو دوای ناشتنی :
سیازدەیەم: ئەوەی کەمردوو سوودی لێ دەبینێت:
چواردەیەم: حوکمی بەخشینی پاداشتی خێر بەمردوو:
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەکەم: حوکمی ناشتنی مردوو :
ناشتنی مردوو فەرزی کیفایەیە ، هەر یەک لە: ابنُ المنذرِ، وابنُ حزمٍ، وابنُ رشدٍ، والنوويُّ، وابن المُلَقِّن، والمرداويُّ، وابنُ عابدينَ کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.
فەرزی کیفایە: ئەوەیە گەر هەندێک یاخود کەسێک لەموسوڵمانان پێی هەستن لەسەر ئەوانی تر دەکەوێت ، خۆ ئەگەر لەجێگایەکدا کەس پێی هەڵنەستێت ئەوا هەموویان تاوان بار دەبن.
دووەم: حوکمی کافر کاتێ لە نێو موسوڵماناندا دەمرێت:
کافر کاتێ لەنێو موسوڵماناندا دەمرێت ، و کەسێکی نی یە لە ئەهلی دینەکەی بینێژێت ، لەم حاڵەتەدا موسوڵمانان دەینێژن ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.
سێیەم: شوێنی ناشتنی مردوو.
1- ناشتن لە گۆڕستان:
باشتر وایە مردوو لەگۆڕستان بنێژرێت ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.
2- ناشتن لە ماڵ:
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی ناشتن لەماڵ و دوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: دروستە لەماڵدا مردوو بنێژرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانه لە: مالکی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان ، وبۆچوونی زۆربەی زانایانە.
بۆچوونی دووەم: باش نی یە مردوو لەماڵدا بنێژرێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفی ، وهەندێ لەشفعیەکان ،وحەنبەلیەکانە ، و ابنُ حَجَرٍ هەڵی بژاردووە.
3- شوێنی ناشتنی ئەو ئافرەتەی کەئەهلی کتابە وخێزانی پیاوێکی موسوڵمانە ودوو گیانە لەو پیاوە:
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی ئافرەتێکەوە کەئەهلی کتابە وخێزانی پیاوێکی موسوڵمانە ودوو گیانە لێی ، کەئایا لەکوێ دەنێژرێت ، وچەندان بۆچوونیان هەیە ، بەڵام بەهێزترینیان دوو بۆچوونە:
بۆچوونی یەکەم: نەلە قەبرستانی بێ باوەڕان وە نەلە قەبرستانی موسوڵمانان نانێژرێت ، بەڵکو بەتەنها دەنێژرێت ؛ ئەوەش مەهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفیەکان ، وبۆچوونی ڕاسته لای مەزهەبی شافعی ، وحەنبەلیەکان.
بۆچوونی دووەم: لەگۆڕستانی موسوڵمانان دەنێژرێت ، ئەوەش بۆچوونێکە لای شافعیەکان ، وڕیوایەتێکە لەئەحمەدەوە ، و ابنُ عُثيمين هەڵی بژاردووە.
4- ناشتنی موسوڵمان لەگۆڕستانی کافران :
دروست نی یە مرۆڤی موسوڵمان لەگۆڕستانی کافران بنێژرێت ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە ، وبۆچوونی ابنِ حَزمٍ ـشە.
5- ناشتنی کافر لەگۆڕستانی موسوڵمانان :
دروست نی یە مرۆڤی بێ باوەڕ وکافر لەگۆڕستانی موسوڵمانان بنێژرێت ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە ، وبۆچوونی ابنِ حَزمٍ ـشە.
6- ناشتنی ئەو کەسەی کە لەناو کەشتی دا مردووە:
هەر کەسێک لەکەشتی دا بمرێت ، وهیچ مەجالی دەرهێنانی نەبێت ببرێتە دەرەوەی دەریاکە ، ئەوا دەشۆردرێت و کفن دەکرێت ونوێژی لەسەر دەکرێت وفڕێ دەدرێتە نێو دەریاکەوە ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .
- ئایا تەرمی ئەو کەسەی کە لەکەشتی دا مردووە قورس دەکرێت لەپێناو ئەوەی بچێتە بن دەریاکەوە؟
زانایان جیاواز لەبارەی ئەو کەسەی کە لەکەشتی دا مردووە کەئایا شتێکی پێوە دەبەسترێت بۆ ئەوەی قورس بێت لەپێناو ئەوەی بچێتە بن دەریاکەوە یاخود نا ؛ ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: فڕێ دەدرێتە نێو دەریاکەوە ، وبەشتێک قورس دەکرێت ، تاوەکو بگاتە بنی دەریاکە ، ئەوەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە ، وبۆچوونێکە لای مالکیەکان ، وقسەی عەتایە.
بۆچوونی دووەم: فڕێ دەدرێتە نێو دەریاکەوە ، و قورس ناکرێت ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکانە ، وقسەیەکی مالکیەکانیشە.
7- جێگای ناشتنی شەهید:
سوننەتە شەهید لەو جێگایەدا بنێژرێت کەتێیدا کوژراوە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان.
8- گواستنەوەی مردوو بۆ ناشتنی لە جگە لەو وڵاتەی کە تیایدا مردووە:
دروستە مردوو لەجێگەیەکەوە بگوازرێتەوە بۆ جێگەیەکی تر ، گەر لەبەر ئامانجێکی دروست بێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وحەنبەلیەکان.
9- لەحد و شەق لە هەڵکۆڵینی گۆڕدا :
لەحد : بریتی یە لەوەی گۆڕەکە لەلایەوە بن کەن دەکرێت ومردووەکە تێ دەکرێت ، بەڵام شەق : بریتی یە لەوەی لەنێوەڕاستەوە گۆڕەگە شەق دەکرێت ومردووەکەی تێ دەکرێت:
جا هەریە لە ( اللَّحْدِ والشَّقِّ )دروستن ،وە النوويّ گۆدەنگی لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.
10- کامیان باشترن (اللَّحْدِ) یاخود (الشَّقِّ) ؟
لەحد باشترە لەشەق ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .
11- ناشتن لە تابووتدا:
گەر پێویست نەبوو باش نی یە مردوو لەتابووتدا بنێژرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان ، وبۆچوونی ابنِ القاسم ـە لەمالکیەکان.
چوارەم: ئەوەی سوننەتە بوترێت لەکاتی مردوو خستنە گۆڕەوە:
سوننەتە بۆ ئەو کەسەی کەمردووەکە دەخاتە گۆڕەوە لەو کاتەدا کە دایدەنێت بڵێت: (بسْمِ اللهِ، وعلى مِلَّةِ رَسولِ اللهِ)، یاخود( بسْمِ اللهِ، وعلى سُنَّةِ رسولِ الله صلَّى الله عليه وسلَّم) ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .
پێنجەم: چۆنیەتی مردوو خستنە گۆڕەوە
1- دانانی مردوو لەسەر لای ڕاست :
سوننەتە مردوو لەسەر لای ڕاست بخرێتە گۆڕەوە ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .
2- مردووەکە ڕوو بکرێتە قیبلە:
دروستە ڕووی مردوو بکرێتە قیبلە ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .
3- نزیک خستنەوەی مردوو لە دیوارەکانی گۆڕەکە یاخود دانەپاڵی لەلای ڕاستیەوە:
سوننەتە مردوو لەلای ڕاستیەوە بدرێتە پاڵ گۆڕەکەی ، یاخود نزیک بکرێتەوە لەدیواری گۆڕەکەی ، ئەمە دەقی قسەی هەریەک لە : مالکی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکانە.
4- لەدوایەوە خۆڵ بدرێتە پاڵی:
سوننەتە لەدوایەوە هەندێ لەخۆڵ دابنرێت وبدرێتە پاڵی ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان ، وبۆچوونی هەندێ لەحەنەفیەکانە .
تێبینى : شێخ ئەلبانی لە کتێبی (أحکام الجنائز) خاڵێکى تر باس دەکات و دەفەرموێ : سوننەتە مردوو لە لای خواری گۆڕەكەوە ( لای پای گۆڕەكەوە ) دابەزێنرێتە ناو گۆڕەكەوە ، بەبەڵگەی فەرموودەكەی ( أبو إسحاق ) كە دەفەرموێت : " أوصي الحارث أن يصلي عليه عبدالله بن يزيد فصلى عليه ، ثم أدخله القبر من قِبَلِ رجلي القبر وقال : من السنة " أخرجه ابن أبي شيبة في " المصنف "(4/130) وأبو داود(2/69) ومن طريقه البيهقي(4/54) وقال : هذا إسناد صحيح وقد قال : " هذا من السنة " فصار من المسند " .
واتە : ( حارث ) وەسێتی كرد كە ( عبدالله ) ی كوڕی ( یزید ) نوێژی لەسەر بكات ، ئەویش نوێژی لەسەر كرد ، و پاشان لە لای قاچی قەبرەكەوە دایبەزاندە ناو گۆڕەكە و فەرمووی : ئەمە سوننەتە .
وە لە ( ابن سیرین ) ەوە دەگێڕنەوە كە فەرموویەتی : " كنت مع أنس في جنازة ، فأمر بالميت فسل من قبل رجل القبر" أخرجه أحمد (4081)وابن أبي شيبعة (4/130)وسنده صحيح "
واتە : لەگەڵ ( أنس ) دا بووم لە بەخاك سپاردنی مردوویەكدا ، ( أنس ) فەرمانی كرد كەوا مردووەكە لە لای قاچی قەبرەكەوە دابەزێننە خوارەوە ، وئەوانیش فەرمانەكەیان بەجێهێنا .
شەشەم: کردنەوەی گرێی کفن لەگۆڕدا :
گرێی کفن لەگۆڕدا دەکرێتەوە ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .
حەوتەم: حوکمی کردنی چەند مشتە خۆڵێک بەسەر گۆڕەکەدا دوای ناشتنی:
سوننەتە بۆ ئەو کەسەی کەئامادەیە لەناشتنی مردوودا سێ مشتە خۆڵ لەلای سەریەوە بکاتە سەر گۆڕەکەدا ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .
هەشتەم: حوکمی ناشتنی دوو کەس یاخود زیاتر لەیەک گۆڕدا:
دروست نی یە دوو پیاو یاخود دوو ئافرت لەیەک گۆڕدا بنێژرێن مەگەر بۆ زەرورەت نەبێت ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .
نۆیەم: تەرتیب کردنی مردوو گەر بەیەکەوە نێژران :
گەر مردوویەک زیاتر لەیەک گۆڕدا نێژرا ئەوا کامەیان باشتر بێت دەکرێتە لای قیبلەوە ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .
دەیەم: کاتی ناشتنی مردوو
1- ناشتنی مردوو لەکاتی هەڵهاتنی خۆر وئاوا بوونی دا و لە کاتی ڕاوەستان خۆر لەناوەڕاستی ئاسمان:
دروست نی یە مردوو بنێژرێت لەسێ حاڵەتدا: لەکاتی هەڵهاتنی خۆر وئاوا بوونی دا وەهەروەها کاتێ کە خۆر لەپێش بانگی نیوەڕۆ لەنێوەڕاستی ئاسماندا دەوەستێت، ئەوەش بۆ چوونی ابنِ حَزْم ـە ، وەهەریەک لە: الصنعانيُّ، والشوكانيُّ، وابنُ باز، وابنُ عُثيمينَ، والألبانيُّ هەڵیان بژاردووە.
2- ناشتن لەوشەودا
دروستە مردوو لەشەودا بنێژرێت ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .
یازدەیەم: تەڵقین دانی مردوو:
تەڵقین دانی مردوو دوای ناشتنی بیدعەیە ، ئەوەش قسەی هەریەک لە: العِزِّ بنِ عبد السَّلامِ، والصنعانيِّ، وابنِ باز، وابنِ عُثيمينَ، والألبانيِّ ـە.
دوازدەیەم: پاڕانەوە بۆ مردوو دوای ناشتنی :
سوننەتە پاڕانەوە بۆ مردوو بەوەی دامەزراو بێت لە وەڵامی فریشتەکاندا وەهەروەها داوای لێ خۆش بوون کردن بۆی ؛ ئەمە دەقی قسەی هەریەک لە: حەنەفی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکانە.
سیازدەیەم: ئەوەی کەمردوو سوودی لێ دەبینێت:
مردوو سوود لەنوێژ کردن دەبینێت کاتێک نوێژى لەسەر دەکرێ ، وەهەروەها دوعا و داوای لێ خۆش بوون کردن بۆی ، وعیبادەتی ماڵی ، وەک: ڕزگار کردنی بەندە ، وخێر کردن بۆی ؛ هەریەک لە: ابنُ قُدامةَ، والنوويُّ، وابنُ تيميَّةَ، وابنُ القَيِّم، وابنُ مُفْلح، والمرداوي کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.
چواردەیەم: حوکمی بەخشینی پاداشتی خێر بەمردوو:
زانایان خیلافیان هەیە لەبارەی بەخشینی خێر بەمردوو ودوو بۆچوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: دروستە پاداشتی خێر ببەخشرێت بە مردوو ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفی ، وحەنبەلیەکا ، وقسەی هەندێ لە شافعیەکان وەهەریەک لە: ابنُ تيميَّة، والصنعانيُّ هەڵیان بژاردوە.
بۆچوونی دووەم: دروست نی یە پاداشتی خێر ببەخشرێت بە مردوو ، ئەوەش مەزهەبی مالکیەکانە ، وبۆچوونی دیاری شافعیەکانە ، وقسەی ابنِ باز ـە.
سود وەرگیراوە لە کتێبی : ملخص فقه العبادات