لە کوردستان و زۆرێک لە وڵاتانى تر بانگى بەیانى پێش دەرکەوتنى فەجرى ڕاستگۆ دەدرێ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لە کوردستان و زۆرێک لە وڵاتانى تر بانگى بەیانى پێش دەرکەوتنى فەجرى ڕاستگۆ دەدرێ
پرسیار:

ئایا ئەو بانگەى ئێستا دەردێ بۆ نوێژى بەیانى کاتەکەى تەواوە؟ چونکە هێشتا دنیا تاریکە و هیچ ڕوناکى دەرکەوتنى فەجرى ڕاستگۆ دیار نیە ، و ئایا دروستە هەر لەگەڵ بانگى بەیانى نوێژ بکەین یان دەبێ چاوەڕێ بکەین تاوەکو دڵنیابین لەوەى کە فەجرى داوە؟ وە ئایا پێناسەى (فەجرى صادق و فەجرى کاذب) چیە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

لەڕاستى دا لە زۆرێک لە وڵاتان بانگى بەیانى لە کاتى خۆیدا نادرێ و بەڵکو بە بیست بۆ سی خولەک پێش دەرکەوتنى فەجرى ڕاستگۆ دەدرێ ، ئەوەتا زاناى پایەبەرز و فەرموودەناسی سەردەم پێشه‌وا محمد ناصر الدين الألبانى به‌ڕەحمه‌ت بێت کە خۆى موتابەعەى کردووە و دەفەرموێ : 

وه‌ من خودى خۆم چه‌ندين جار بينيومه‌ له‌ ماڵى خۆمه‌وه‌ له‌ كيوى هملان - باشورى  ڕۆژهه‌ڵاتى عمان  - وه‌ ئه‌وه‌  يارمه‌تى دام له‌ دڵنيا بونه‌وه‌ له‌ ڕاستى ئه‌و وته‌یەى كه‌ هه‌ندێك كه‌سى به‌ جه‌رگ له‌سه‌ر ڕاستكردنه‌وه‌ى عيباده‌تى موسڵمانان باسيان كردووه‌ . ئه‌وه‌ش بانگى به‌يانى له‌ هه‌ندێك له‌ وڵاتانى عه‌ره‌بيدا ده‌درێت پێش ده‌ركه‌وتنى سپێده‌ى ڕاستگۆ (الفجر الصادق) به‌ ئه‌ندازه‌ى نێوان بيست خوله‌ك بۆ سى خوله‌ك ، واتا پێش سپێده‌ى درۆزنيش ديسان (الفجر الكاذب
وە زۆر جار بیستومە کە نوێژی بەیانی دەکرێت لەگەڵ دەرچوونی سپێدەی ڕاستگۆدا (الفجر الصادق)  وه‌ بانگ ده‌ده‌ن پێش نوێژه‌كه‌ به‌ نيو كاتژمێر ، وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ بێت ئه‌وا ئه‌وان سونه‌تى نويژى به‌يايانيان پێش كاتى خۆى كردووه‌ ، وه‌ هه‌ندێك جار په‌له‌ ده‌كه‌ن له‌ ئه‌نجامدانى فه‌رزه‌كه‌ياندا پێش كاتى خۆى له‌ مانگى رەمەزاندا ،  وه‌ ئه‌م كاره‌ش بارته‌سك كردنه‌وه‌یەیە له‌سه‌ر خه‌ڵکى به‌وه‌ى په‌له‌يان لێده‌كه‌ن به‌ ده‌مگرتنه‌وه‌ له‌ خواردن ، وه‌ مه‌ترسى دروست كردنه‌ له‌سه‌ر نوێژی به‌يانى كه‌ پوچه‌ڵ ببێته‌وه‌ ، وه‌ هيچ هۆكارێكىش نيه‌ بۆ ئه‌مه‌ ته‌نها به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ پشتيان به‌ستووه‌ به‌ ته‌وقيتى فه‌له‌كى و پشتيانكردووه‌ له‌ ته‌وقيتى شه‌رعى . انتهى

وە هەروەها زانای پایەبەرز شێخ محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله - لەم بارەیەوە فەرموویەتى :

 هەندێك لە برایان دەرچوون بۆ دەرەوەی شار و بینیویانە كەوا جیاوازی هەیە لە نێوان ئەو كاتەی كە لە بەر دەستی خەڵكەوەیە لە گەڵ (دەركەوتنی فەجر)دا بە نزیكەی (20) دەقە ، جا ئەم مەسەلەیە زۆر ترسناكە . 
بۆیە لایەق نییە بۆ مرۆڤـ پەلە بكات لە نوێژی فەجردا لە دابەستنی نوێژەكەدا ، وە با (20 ) دەقە بۆ (25) دەقە دوای بخات ، تاوەكو دڵنیا دەبێت كەوا كاتی فەجر ئامادە بووە).

ئەى لە کوردستانى خۆمان چۆنە؟
لەکتێبی (چۆنێتى ڕۆژووى پێغەمبەر ) بەڕێز : مامۆستا عدنان بارام ئاماژە بەم باسە دەکات و دەڵێت :
 بەداخەوە ئێستا لە كوردستانی خۆشماندا ( بانگی یەكەم ) ی بەیانی هەر نەماوە و ئەو بانگەیش كە ئێستا دەدرێت بۆ نوێژی بەیانی بە ئەندازەی ( نیو سەعات كەمتر یان زیاتر ) پێش دەركەوتنی فەجری ڕاستگۆ پێش خراوەو هەموو خەڵكی موسوڵمان نوێژی بەیانیان لە كاتێكدا دەكەن كە لەڕاستیدا ئەو كاتە كاتی شەو نوێژە و كاتی ئیستغفار و پارشێو كردنە نەك كاتی نوێژی بەیانیان !!! ئەمە جگە لەمانگی ڕەمەزان ، بەڵام لە مانگی ڕەمەزاندا زیاد لەمە بیدعە بەناو ( ئیمساك ) یش زیادی كردووە و هەندێك لە موسوڵمانان بێ بەش و مەحروم دەكەن لە پارشێو كردن و بەم كردارە دوور لە قورئان و حەدیسە ئەوانەیش كە پارشێو دەكەن پێچەوانەی سوننەتی پێغەمبەری خوا   دەكەن چونكە سوننەت وایە پارشێو دوا بخرێت ،و لەوەش خراپتر نوێژی بەیانیان لەكاتی خۆیدا ناكەن !!!

وە هەر بەمەیشەوە نەوەستاون : بەڵكو هەندێك كۆت و زنجیر و بیدعەی ڕەشیان داهێناوە و بەستویانە بە بانگی بەیانیانەوە وەك :
یەکەم : ووتنی ( الإمساك ، الإمساك ، یا أمە محمد ) ، بە ماوەیەك پێش ئەو بانگەی كەلە كاتی خۆیدا نایدەن بە مەبەست خۆگرتنەوە لە خواردن ، وە ئەم بیدعەیە تایبەتە بە مانگی ڕەمەزانەوە .
دووەم : ووتنی : ( أستغفر الله ، سبحان الله ، والحمد الله ، ولا إله إلا الله ، والله اكبر ، ولا حول ولا قوە إلا بالله ) چەند جارێك پێش ئەو بانگەی كە لە كاتی خۆیدا نادرێت.
سێیەم: ووتنی ( الصلاة والسلام علیك یا رسول الله ... ) وە چەند سەڵەواتێكی تری بیدعە ئامێز لەو چەشنەدا ( بەدەنگی بەرز ) دوای ئەو بانگەی كە لە كاتی خۆیدا نادرێت ، چونكە ووتنی سەڵاوات لەسەر پێغەمبەر    بەو شێوازە بیدعەیە ، لەبەر ئەوەی پێغەمبەری خوا  بەو شێوازە صەحابەی فێر نەكردووە ، و نەیشی فەرمووە دوای بانگ بەدەنگی بەرز سەڵاوات لە سەرم بدەن ، بەڵكو فەرموویەتی : " إذا سمعتم المؤذن ، فقولوا مثل ما يقول ، ثم صلوا علي ، فإنه من صلى علي صلاة ، صلى الله عليه عشراً ، ثم سلوا لي الوسيلة ..." هتد فەرموودەكە ، كە لە ( صحيح مسلم ، برقم : 198 ) دا هاتووە.
واتاكەشی ئەوەیە : ئەگەر گوێتان لە بانگدەر بوو بانگی دا ئەوا ئێوەش وەكو ئەو بانگەكە بڵێنەوە ، ئەنجا سەڵاوات لەسەر من بدەن ، چونكە هەر كەسێ سڵاوات لەسەر من بدات ئەوا خوای گەورە دە جار سڵاواتی لەسەری دەدات ، ئەنجا داوای پلەی وەسیلەم بۆ بكەن ... ، لەم فەرموودەیە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە : تەنها ئەوانەی كە بانگ دەبیسن داوایان لێ كراوە سەڵاوات بدەن نەك بانگ دەر . انتهى

تێبینیەکى گرنگ : سوپاس بۆ خواى گەورە زۆرێک لە مزگەوتەکان لە دواى بانگى بەیانى نزیکەى (30) خولەک چاوەڕێ دەکەن پاشان نوێژى بەیانى دەکەن ، بەڵام دەبێ ئافرەتان و کەسانى نەخۆش و ئەوانەى کە لەماڵەوەن بەهەمان شێوە چاوەڕێ بکەن و هەر لەگەڵ بانگى بەیانیان گوێ لێ بوو نوێژ نەکەن .

فەجر دوو جۆرە :
یەكێك لەو حوكمانەی كە پێغەمبەری خوا  بە باشترین شێوە بۆ هاوەڵانی ڕوونی كردووتەوە ئەوەیە : فەجر دوو جۆرە .
یەكەم : فەجری درۆزن یان درۆزنە فەجر ( الفجر الكاذب ) :
دەركەوتنی ئەم جۆرە یان كردنی نوێژی بەیانی حەڵاڵ ناكات ( واتە : دروست نییە نوێژی فەرزی بەیانیان لە كاتی دەركەوتنی دا بكرێ‌ ، بەڵكو دەبێ دوا بخرێت تا دەركەوتنی جۆری دووەمی فەجر ) ، وە خواردنیش لەسەر ڕۆژوان حەرام و قەدەغە ناكات ( واتە : ئەو كەسەی كە نیەتی ڕۆژووی هەیە بۆی ڕەوایە خواردن و خواردنەوە بخوات و بخواتەوە با ئەم فەجرەش دەركەوتبێ تاوەكو جۆری دووەمی فەجر دەردەكەوێ‌ ئەو كاتە خۆی دەگرێتەوە لە خواردن و خواردنەوە ) .

دووەم : فەجری ڕاست گۆ یان فەجری ڕاستەقینە ( الفجر الصادق ) :
ئەم جۆرەی فەجر خواردن لە ڕۆژوان قەدەغە دەكات و نوێژی بەیانی حەڵاڵ دەكات ( واتە : بەدەركەوتنی كاتی نوێژ دێت ) .
لە ( ابن عباس )ەوە رضي الله عنه دەگێڕنەوە فەرموویەتی: " الفَجْرُ فَجْرَان : فَأَمَّا الأَوَّلُ فَإِنَّهُ لا يُحَرِّمُ الطَّعَامَ ، ولا يُحِلُّ الصَّلاةَ ، وَأَمَّا الثَّاني : فَإِنَّهُ يُحَرِّمُ الطَّعَامَ ، وَيُحِلُّ الصَّلاةَ " (١).
واتە : فەجر دوو فەجرە ، جۆری یەكەم : خواردن حەرام و قەدەغە ناكات لە ڕۆژووان ، وە كردنی نوێژیش حەڵاڵ ناكات ، بەڵام جۆری دووەم : خواردن حەرام و قەدەغە دەكات لە ڕۆژووان و نوێژیش حەڵاڵ دەكات .
باش بزانە برای موسوڵمان كە :
1 ـ فەجری درۆزن : بریتی یە لە سپیایی یەكی لاكێشەیی لەبەرەی ڕۆژهەڵاتەوە بەرز دەبێتەوە بۆ ماوەیەكی كەم پاشان نامێنێ .
2 ـ فەجری ڕاستگۆ : بریتی یە لە سورایەكی تیشك دەر لە بەرەی ڕۆژهەڵاتەوە بەسەر دۆڵ و شاخەكاندا دەردەكەوێت ، پاشان زیاد دەكات و دەگاتە سەر ڕێگەو ناوماڵان ، ئەم جۆرەی فەجر حوكمەكانی ڕۆژووی پێوە بەندە .

سەردان: ٧,٢٩٥ بەش: بانگ و قامەت