ئایا تا چەند ڕاستە ئەگەر پانزەی رمضان بکەوێتە ڕۆژی جمعەوه ئەوا دەنگێکی بەرز دەبیسترێت؟
الحمد لله وحده والصلاة والسلام علی من لا نبي بعده ، ٲما بعد :
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا فەرموودەیەک بڵاو دەکرێتەوە کە گوایە پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی : (ئەگەر پانزەی رمضان بکەوێتە ڕۆژی جمعەوه ئەوا دەنگێکی بەرز دەبیسترێت ) .
ئەم فەرموودەیە وتەی پێغەمبەری خوا نیە صلی الله علیه و سلم بەڵکو هەڵبەستراوە بەدەمی پێغەمبەری خواوە و دوورە لە ڕاستیەوە .
زانایانی گەورەی فەرموودە وەکو عقیلی (۱) و ابن جوزی(۲) و ابن القیم(۳) بەڕەحمەت بن فەرموویانە : [فەرموودەیەکی هەڵبەستراوە و ڕاست نیە لە ڕووی مەتن و سەندەوە پوچە ] . وە شێخی ئەلبانی بەڕەحمەت بێت بە ورد و درشتی قسەی لەسەر کردووە و وتەی زانایانی هێناوە لەو بارەیەوە (٤)
پاشان وەکو پێشەوا ابن باز بەڕەحمەت بێت دەفەرمووێت : " چەندین جار لە مێژوودا پانزەی رمضان کەوتووەتە ڕۆژی جمعەوە و هیچ شتێکی لەو شێوەیەش ڕووی نەداوە " (٥).
وە بەئیزنی خوا ئەم پانزەی مانگی ڕەمەزانەش دەی بینین کە تێپەڕ دەبێت و هیچ شتێک ڕوو نادات و دەردەکەوێت بە واقعی کە ئەم فەرموودەیە پوچەڵە .
بۆیە پێویستە لەسەر موسڵمانان وریا بن لەخۆیەوە وتەیەک نەدەنە پاڵ پێغەمبەری خوا ﷺ کە نەی فەرموو بێت چونکە هەڕەشەی توندی لەسەرە و درۆکردن بەدەمی پێغەمبەری خواوە ﷺ وەکو درۆکرن نیە بەدەمی خەڵکی دیکەوە چونکە هەر کەسێک درۆیەک بەدەمی پێغەمبەری خواوە بکات بە قەستی ئەوا با جێگایەک لەئاگردا بۆخۆی دیاری بکات .
وصلی الله وسلم وبارک علی نبینا محمد
(۱) [الضعفاء الكبير " (3/52) ]
(۲) [ الموضوعات " (3/191)]
(۳) [المنار المنيف (ص/98)]
(٤) [السلسلة الضعيفة " (رقم/6178، 6179) ].
(٥) مجموع فتاوى ابن باز " (26/339-341)]