بۆ ئەوەى دوعا کردنەکەت تەواو و بێ كەموكورتى بێ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
 بۆ ئەوەى دوعا کردنەکەت تەواو و بێ كەموكورتى بێ
پرسیار:

ئایا چی بکەین بۆ ئەوەى دوعا کردنەکەمان تەواو و بێ كەموكورتى بێ و ئادابەکانى کامانەن؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

 بۆ ئەوەى دوعا کردنەکەت تەواو و بێ كەموكورتى بێت ئەم خاڵانە جێ بەجێ بکە: 
1- شوكر وسەناى خواى گەورە پێش دوعاكە وپاشان سەڵاوات دان لەسەر پێغەمبەرى خوا  , فەزالەى كوڕى عەبید رضی الله عنه دەڵێت: جارێكیان پێغەمبەرى خوا  دانیشتبوو پیاوێك هاتە ژورەوە و نوێژى كرد و پاشان ووتى: اللهم اغفر لي  وارحمني ، پێغەمبەرى خوایش  فەرمووى: " عجلت أيها المصلَّي  إذا صليت فقعدت فاحمد الله بما هو أهله وصلِّ عليَّ ثم ادعُه "" (1)واتە: ئەى نوێژخوێن لەڕاستیدا پەلەت كرد، ئەگەر نوێژت كرد و دانیشتیت شوكرو وسوپاسی خوا بكە بەشێوەیەك شایستەى بێت و سەڵاوات لەسەر من بدە و پاشان دوعاكە بكە.
پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: " كلُّ دعاءٍ محجوبٌ حتى يُصلى على النبي " (2)
واتە: هەموو دوعایەك رێ لێ گیراو و وەرنەگیراوە هەتا سەڵاوات لەسەر پێغەمبەر نەدرێت .

2- ملكەچى و زەلیلى و ترس و ئومێد: 
خواى گەورە دەفەرموێت: {إِنَّهُمْ كَانُوا يُسَارِعُونَ فِي الْخَيْرَاتِ وَيَدْعُونَنَا رَغَبًا وَرَهَبًا وَكَانُوا لَنَا خَاشِعِين}[الأنبياء:90] واتە: بێگومان ئەوان دەستپێشخەریان دەكرد بۆ هەموو كاروكردەوەیەكى چاكە , و نزا و پاڕانەوەیان تەنها لاى ئێمە دەكردە بەئاواتى بەدەستهێنانى ئەوەى لەلاى ئێمەیە ، و ترسى سزا و تۆڵەمانیان هەبوو ، وە ئەوان ملكەچ وگوێڕایەڵبوون بۆ فەرمانەكانمان .

3- خۆیەكلاكردنەوە لە دوعادا و سووربون لە داواكردندا:  پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: " لا يقولنَّ أحدكم اللهم اغفر لي إن شئت ، اللهم ارحمني إن شئت، ليعزم المسألة فإنه لا مُستكرِهَ له "(3) واتە: با هیچ یەكێكتان لەكاتى دوعادا نەڵێت: خوایە ئەگەر ویستت لێم خۆش بە خوا ئەگەر ویستت رەحمم پێ بكە, با بەیەكلایی و سووربونەوە داواكەى بكات چونكە كەس نییە زۆر لە خوا بكات.

4- یەكێكى تر لە ئادابەكانى دوعا بریتیە لە زۆر دوبارەكردنەوەى داواكە و وازنەهێنان كە ئەوە بەڵگەیە لەسەر ڕاستگۆیی و ئومێدى دەستكەوتنى ئەو نیعمەتەى لاى خوا. 

5- دوعاكردن لە هەموو حاڵەتێكدا لە خۆشی و ناخۆشیدا, پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: "من سرَّه أن يستجيب الله له عند الشدائد والكُرَبِ فليكثر من الدعاء في الرخاء ""(4)  .
واتە: هەركەسێك پێى خۆشە خواى گەورە وەڵامى داواكەى بداتەوە لە كاتى ناخۆشی وبەڵادا ئەوا با لەكاتى خۆشیدا زۆر دوعا بكات.

6- دووربكەوەرەوە لە دوعاكردن لە خێزان و ماڵ و نەفس: پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: " لا تدعوا على أنفسكم ، ولا تدعوا على أولادكم ، ولا تدعوا على أموالكم ، لا توافقوا من الله ساعةً يُسأل فيها عطاءً فيستجيب لكم "(5) 
واتە: دوعا لە خۆتان مەكەن, دوعا لە منداڵتان مەكەن, و دوعا لە ماڵتان مەكەن, نەوەك ئەو دوعایە هاوكات بێت لەگەڵ ئەو سات و وەختەى كە دوعا گیرایە و خواى گەورە وەڵامى بداتەوە بۆتان.

7-دووبارە كردنەوەى دوعا سێ جار وەكو چەندین جار ئەوە لە پێغەمبەرى خواوە  روویداوە.

8- رووكردنە قیبلە وەكو لە فەرموودەى نوێژەبارانە و جگە لەویش هاتووە. 

9- دەست بەرزكردنەوە لە دوعادا وەكو لە كردەوەى پێغەمبەرى خوادا هاتووە و هەروەها فەرمویەتى: " إنّ ربّكم حييٌ كريم يستحي من عبده إذا رفع يديه إليه أن يردَّهما صفراً خائبتين ""(6) واتە: پەروەردگارتان بەشەرم وبەڕێز وبەخشندەیە شەرم دەكات لە بەندەكەى كە دەستى بۆلا بەرزبكاتەوە و ئەمیش بەنائومێدیەوە بیانگەڕێنێتەوە.
 وە ئەم دەست بەرزكردنەوەیەش بۆ دوعاى گشتیە نەوەك دوعاى چوونە ماڵ و دەرچوون لەماڵ و چونە سەرئاو و هاوشێوەكانى.

10- وتنى ئەو دوعایانەى كە ماناى گشتگیریان هەیە و هەموو داواكان لەخۆدەگرن لەبرى درێژكردنەوە وزیادەڕۆیی ناپێویست. 

11- دەنگ نزم كردنەوەو بەپەنهانى دوعاكردن: خواى گەورە فەرموویەتى: {ادْعُواْ رَبَّكُمْ تَضَرُّعًا وَخُفْيَةً إِنَّهُ لاَ يُحِبُّ الْمُعْتَدِين}[الأعراف:55] واتە: لە پەروەردگارتان ـ ئەى باوەڕداران ـ بپاڕێنەوە بە زەلیلى و كڕوزانەوە بەنهێنى ، وە با پاڕانەوەكەتان بەدڵكزى و دوور لەڕووپامایى بێت . بێگومان خواى پەروەردگار سنورشكێنەكانى خۆش ناوێت ئەوانەى كە سنورى پەیامەكە دەشكێنن ، و گەورەترین سنورشكاندیش هاوەڵبڕیاردانە بۆ خواى پەروەردگار ، وەكو پاڕانەوە لە مردوو و پەرستراوەكانى تر و هاوشێوەكانیان .
پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: " أيها الناس ، أربعُوا على أنفسكم ، إنكم لا تدعون أصمَّ ولا غائباً، إنكم تدعون سميعاً قريباً وهو معكم "" (7) واتە: ئەى خەڵكینە، بەزەییتان بە خۆتاندا بێتەوە وئەوەندە دەنگ بەرزمەكەنەوە، چونكە ئێوە داوا لە زاتێك ناكەن كە نابیست و غائیب بێت، بەڵكو داوا لە خوایەك دەكەن كە بیسەرە و نزیكە و لەگەڵتاندایە.


(1) شرح سنن أبو داود
(2) رواه الترمذي موقوفاً على عمر . صحيح الجامع (4523)
(3) متفق عليه البخاري (6339) ومسلم  (2678)    
(4) صحيح الجامع (6290)
(5) مسلم (3009)   وأبو داود
(6) صحيح الجامع (2070)
(7) البخاري (6384) وقد ذكر ابن القيم فوائد خفض الصوت والإسرار بالدعاء في كتابه بدائع الفوائد ( 3/6-10 )

سەردان: ٣,٣٤٨ بەش: ئادابەکانى دوعا