مەرجەكانى دوعا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
مەرجەكانى دوعا
پرسیار:

مەرجەكانى دوعا کامانەن؟

 بۆ ئەوەى دوعا وەرگیراو بێت و خواى گەورە وەڵامى بداتەوە ئەوا دەبێت:
1- ئەو كەسەى دوعا دەكات دەبێت باوەڕى وابێت كە تەنها خوا دەتوانێت وەڵامى دوعاكەى بداتەوە, ئەمەش تەوحیدى ربوبیەتە.

2- تەنها لە خوا نەبێت لەكەسی تر داوا نەكات، وەكو خواى گەورە فەرموویەتى: {وَأَنَّ الْمَسَاجِدَ لِلَّهِ فَلاَ تَدْعُوا مَعَ اللَّهِ أَحَدًا}[الجن:18] واتە: بێگومان مزگەوتەكان تەنها بۆ پەرەستنى خوایە بەتەنهایی ، هەر بۆیە تیایاندا جگە لەخوا مەپەرەستن .وە تیایاندا بەدڵسۆزى و نیەت پاكیەوە پەرەستنەكانى بۆ بكەن و لێى بپارێنەوە ، چونكە مزگەوتەكان بۆ ئەوە دروستكراون تەنها خوایان تێدا بپەرسترێت بەبێ هاوەڵ بۆ بڕیاردانی .
 وە لەم ئایەتەشدا واجبێتى ئەوەى تیایە كە مزگەوتەكان پاك ڕابگیرێت لە هەموو ئەو شتانەى نیەت و نیازى دڵ بۆ خوا و شوێنكەوتنی پەیامبەر كەم دەكەنەوە و تێكى دەدەن .

 3- بە ناو و صیفاتەكانى خوا داوا بكات یان بەكاروكردەوەیەكى چاكى یان دوعاى كەسێكى چاكى زیندوى ئامادە. 

4- پەلەنەكردن لە دوعادا بۆ وەڵامدانەوە و ئەگەریش وەڵامەكە دواكەوت ئەم بێ ئومێد نەبێت، چونكە پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: "يُستجابُ لأحدكم ما لم يَعجلْ ، يقول : دعوتُ فلم يُستجب لي "(1) واتە: خواى گەورە وەڵامى دوعاكانتان دەداتەوە ئەگەر پەلەنەكەن, دەڵێت: من هەر دوعا دەكەم و وەڵام نەدرامەوە.

* پێشەوا ابن القیم رەحمەتى خواى لێ بێت دەڵێت: " لەو بەڵایانەى كە رێگرى دەكات لە وەڵامدانەوەى دوعا ئەوەیە كە كەسەكە پەلە پەل بكات و وەڵام دانەوەى دوعاكەى بە دواخراو بزانێت و بەو هۆیەوە واز لە دوعاكردن دەهێنێت " (2)
5- دوعاكردن و داواكردنى شتى باش وخێرو دووركەوتنەوە لە پچڕانى سیلەى رەحم, چونكە وەكو لە فەرموودەكەدا هاتبوو :" يُستجاب للعبد ما لم يدعُ بإثمٍ أو قطيعة رحم ""  (3)

6- دڵنیابیت لەوەى وەڵام دەدرێیتەوە: پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: " ادعوا الله وأنتم موقنون بالإجابة "(4)واتە: داوا لەخوا بكەن و یەقینتان هەبێت بەوەى وەڵام دەدرێنەوە.

7- ئامادەیی دڵ: دەبێت دڵی بەئاگا بێت و بزانێت چی دەڵێت و لەو كاتەدا هەست بە گەورەیی ئەو زاتە بكات كە داواى لێ دەكات,  پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: "واعلموا أن الله لا يستجيبُ دعاءً من قلبٍ لاهٍ "" (5)  واتە: بزانن كە خواى گەورە وەڵامى دوعاى كەسێك ناداتەوە كە دڵی غافڵ وبێ ئاگابێت.

8- حەڵاڵێتى جلوبەرگ و خواردن و خواردنەوە: پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: "إن الله طيّبٌ لا يقبلُ إلا طيباً ، ثم ذكر الرجل يطيل السفر أشعث أغبر يمد يديه إلى السماء يا ربِّ يا ربِّ ، ومطعمهُ حرام ومشربهُ حرام وملبسهُ حرام وغُذِّيَ بالحرام فأنَّـى يُستجاب له ""واتە: خواى گەورە پاك و چاكە و پاكیش نەبێت وەرى ناگرێت, پاشان باسی پیاوێكى كرد لە سەفەرێكى دوورەوە هاتبوو ماندو و تۆزاوى و قژتێكچوو بو هەردوو دەستى بۆ ئاسمان بەرزكردەوەو دەیوت: یا رب یا رب, لەكاتێكدا خواردن و خواردنەوە وجلوبەرگى هەموو حەرام بوو تەنانەت بە خواردنى حەرامیش گەورە بوبو, جا ئیتر چۆن وەڵامى دەدرێتەوە. (6)

9- نابێت دوعاكردنەكەى سەرقاڵى بكات لە ئەنجام دانى واجبێك یان فەرزێك كە لەو كات وساتەدا ئەنجام دەدرێت, وەكو ئەوەى سەرقاڵى بكات لە نوێژى بەكۆمەڵ یان رێزگرتنى میوان یان خزمەتى دایك وباوكى یان مافی موسڵمانێك یان هاوشێوەى ئەوانە. 
 


(1) رواه البخاري (6340) ومسلم  (2735)  
(2) الجواب الكافي صـ10
(3) مسلم (2735)
(4) صحيح الجامع (245)
(5) صحيح الجامع (245)
(6) مسلم (1015)

سەردان: ٥,٢٦٤ بەش: دوعا و پاڕانه‌وه‌