فەزڵى دوعا کردن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
فەزڵى دوعا کردن
پرسیار:

ئایا فەزڵى دوعا کردن چیە و چۆن باس کراوە لە فەرمودەکاندا؟

 دوعا چەندین فەزڵ و بەرهەمى بەسوود و بەرچاوى هەیە لەوانە:
1-  دوعا خواپەرستى و گوێڕایەڵیە بۆ خواى گەورە وەكو خۆى دەفەرموێت: {وَقَالَ رَبُّكُمُ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ}[غافر:60] واتە: ئەى بەندەكان : پەروەردگارتان دەڵێت : تەنها داوا لەمن بكەن و تایبەتم بكەن بە پەرستش منیش وەڵامتان دەدەمەوە. جا بۆیە دوعاكار گوێڕایەڵى خوایە.

2- دوعا وا لە مرۆڤ دەكات دوور وسەلامەت بێت لە خۆبەزلزانى, خواى گەورە دەفەرموێت: {وَقَالَ رَبُّكُمُ ادْعُونِي أَسْتَجِبْ لَكُمْ إِنَّ الَّذِينَ يَسْتَكْبِرُونَ عَنْ عِبَادَتِي سَيَدْخُلُونَ جَهَنَّمَ دَاخِرِين}[غافر:60] واتە: ئەى بەندەكان : پەروەردگارتان دەڵێت : تەنها داوا لەمن بكەن و تایبەتم بكەن بە پەرستش منیش وەڵامتان دەدەمەوە , بێگومان ئەوانەى لوتبەرزن سەبارەت بە تەنهادانانم لە پەرستش و خوایەتیدا ئەوا بەسەرشۆڕى وزەلیلیەوە دەڕۆنە دۆزەخەوە. جا بۆیە تەرك كردن و وازهێنان لە دوعا خۆبەگەورەزانینە.

3- دوعا عیبادەتە وەكو پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: " الدعاء هو العبادة "(1)واتە: دوعا عیبادەت وخواپەرستیە.

4- دوعا بەڕێزترین شتە بەلاى خواى گەورەوە وەكو پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: " ليس شيء أكرم على الله من الدعاء "(2) واتە: شتێك نییە لە دوعا بەڕێزتر بێت بەلاى خواى پەروەردگارەوە.

5- دوعا هۆكارێكە بۆ لابردنى توڕەیی خوا, وەكو پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: " منْ لم يسألِ الله يغضبْ عليه " (3) واتە: هەركەس داوا لە خوا نەكات ئەوا لێى توڕە دەبێت.
 جا بۆیە دوعا یەكێكە لەگرنگترین و گەورەترین عیبادەتەكان چونكە بەهۆیەوە مرۆڤ خۆى پێ دەپارێزێت لە توڕەیی خوا.
وە بەڕاستى خاوەنى ئەم قسەیە جوانى وتوە كە دەڵێت:  " لا تَسألـنَّ بَني آدمَ حاجــةً وسلِ الذي أبوابُه لا تُحجـبُ " (4)
         اللهُ يغضبُ إنْ تركت سؤالًهُ           وبَني آدمَ حينَ يُسألُ يًغْضبُ

6- دوعا بەڵگەیە لەسەر پشت بەستن بە خوا: ئەوەش لەبەر ئەوەى مرۆڤ لەكاتى دوعادا تەنها پشت بەستووە بە خوا و تەواوى كاروبارى بۆ خوا دەخاتەڕو و بەوى دەسپێرێ. 

7- دوعا وا لەمرۆڤ دەكات دوور وسەلامەت بێت لە بێ دەسەڵاتى ونەتوانین: وەكو پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: " أعجزُ الناسِ من عَجَزَ عن الدعاء ، وأبخلُ الناس من بخلَ بالسلام "" (5) .
واتە: بێ دەسەڵاتترین كەس ئەوەیە كە دوعا نەكات و رەزیلترین كەسیش ئەوەیە كە رەزیلی بكات لە سەلام كردن.
 جا لاوازترین كەس لەڕووى بۆچون و هیممەتەوە ئەوەیە كە دوعا نەكات چونكە دوعا بۆ هەمیشە سوودى پێ دەگەیەنێت. 

8- وە لە گرنگترین باشی و فەزڵەكانى دوعا ئەوەیە كە بەروبوم و ئەنجامەكەى دەستەبەرە لاى خوا بۆ كەسێك پەلە نەكات: 
*  لە ئەبی هورەیرەوە رضی الله عنه دەڵێت: بیستم لە پێغەمبەرى خواوە  كە دەیفەرموو: " ما من أحدٍ يدعو بدعاءٍ إلاّ آتاه الله ما سأل ، أو كفَّ عنه من سوءٍ مثله، ما لم يدعُ بإثمٍ أو قطيعة رحم""(6)واتە: هیچ كەسێك نییە كە دوعایەك بكات ئیلا خواى گەورە پێى دەبەخشێت ئەوەى داواى كردووە یان بە وێنەى ئەوە خراپەى لێ لادەدات مادام داواى پچڕانى سیلەى رەحم و تاوان ناكات.
* لە ئەبی سەعیدى خودریەوە رضی الله عنه دەڵێت: پێغەمبەرى خواوە  فەرموویەتى: " ما من مسلم يدعو، ليس بإثم ولا بقطيعة رحـم ـ إلاّ أعطاه الله إحدى ثلاث : إما أن يُعجِّلَ له دعوته ، وإما أن يدّخرها له في الآخرة، وإما أن يدفعَ عنه من السوء مثلها. قال: إذاً نكثر، قال : "" الله أكثر "" (7) واتە: هیچ موسڵمانێك نییە كە داوا لە خوا بكات بەمەرجێك داواى پچڕانى سیلەى رەحم و تاوان نەكات ئەوا خواى گەورە یەكێك لەم سێ شتەى پێ دەبەخشێت:
 یان ئەوەتا داواكەى بۆ جێ بەجێ دەكات هەرلە دونیادا.
 یان بۆى هەڵدەگرێت بۆ قیامەتى.
 وەیاخود بە ئەندازەى ئەوە شەڕ و خراپەى لێ لادەبات.
وترا: دەى كەواتە ئیتر زۆر دوعا دەكەین, ئەویش فەرمووى: خواى گەورەش زۆرتر دەبەخشێت.

* پێغەمبەرى خواوە  فەرموویەتى: " ما من مؤمن ينصِبُ وجهه إلى الله ، يسأله مسألةً إلاّ أعطاه إياها ، إمّا عَّجلها له في الدنيا ، وإما ذخرها له في الآخرة ما لم يَعْجَلْ، قالوا : يا رسول الله ومما عجلتُه؟ قال : يقول دعوتُ ودعوتُ ولا أراه يُستجابُ لي ""(8) 
واتە: هیچ موسڵمانێك نییە كە ڕوو بكاتە خواو داواى شتێك بكات ئیلا پێى دەبەخشێت, ئیتر یان هەر لەدونیادا پێى دەبەخشێت یان بۆى هەڵدەگرێـت بۆ قیامەتى ئەگەر پەلە نەكات, وتیان ئەى پێغەمبەرى خوا پەلەكەى چییە؟ ئەویش فەرمووى: كەسەكە دەڵێت دوعام كردو خوا وەڵامى نەدایەوە و واش نازانم ئیتر وەڵامم بداتەوە. 
* پێشەوا ابن حجر رەحمەتى خواى لێ بێت دەڵێت: " هەموو داواكارێك وەڵام دەدرێتەوە, بەڵام چۆنێتى وەڵام دانەوەكە جۆراو جۆر و هەمەچەشنە, بۆ نمونە جارى وا هەیە خودى شتەكەى بۆ جێ بەجێ دەبێت و جارى واش هەیە ئەندازەى ئەو شتەى دەستدەكەوێـت " (9)

9- دوعا هۆكارە بۆ هەڵگرتن و دوورخستنەوەى بەڵاو كارەسات پاش دابەزینى: 
* پێغەمبەرى خواوە  فەرموویەتى: " من فُتح له منكم باب الدعاء فُتحت له أبواب الرحمة، وما سُئل الله شيئاً يعطى أحبَّ إليه من أن يسأل العافية، إن الدعاء ينفع مما نزل وممّا لم ينزل، فعليكم عباد الله بالدعاء"(10) واتە: هەركەس لە ئێوە دەرگای دوعای بەڕوودا كرایەوە ئەوا دەرگاكانی رەحمەتى بەسەردا كراوەتەوە, وە هیچ شتێك داوا لە خوا نەكراوەو ئەویش بەخشیبێتى و لاى خۆشەویستتربێت لەداواكردنى عافیەت وسەلامەتى, جا دوعا سوودى هەیە بۆ ئەو بەڵایەى كە دابەزیوە وئەوەش كە دانەبەزیوە, بۆیە ئەى بەندەكانى خوا دوعا بكەن.


(1) صحيح الجامع (3407)   
(2) صحيح الأدب المفرد (549)
(3) صحيح الأدب المفرد (512)
(4) صحيح الأدب المفرد (549)
(5) صحيح الجامع (1044) والصحيحة (154)
(6) صحيح الجامع (5678)
(7) صحيح الأدب المفرد (710)
(8) صحيح الأدب المفرد (548)
(9) فتح الباري (11/95)
(10) الترمذي (3499)

سەردان: ٩,٦٠٧ بەش: دوعا و پاڕانه‌وه‌