چەند هەڵەیەك لە کاتى دوعا کردندا: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چەند هەڵەیەك لە کاتى دوعا کردندا
پرسیار:

ئەو هەڵانە چین کە دەبێ موسڵمانان ئاگاداری بن لە کاتى دوعا کردندا ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

 پێشەوا ابن القیم رەحمەتى خواى لێ بێت دەڵێت: " هەر دوعایەك پێچەوانەى حیكمەتى خوا بێت یان نەگونجێت لەگەڵ شەرع و فەرمانى خواى گەورەدا یاخود پێچەوانەى ئەوە بێت كە خۆى هەواڵى پێ داوە ئەوا سنووربەزاندنە و خۆى و داواكارەكەشی خۆش ناوێت " (1)
 خواى گەورە دەفەرموێت: {ادْعُواْ رَبَّكُمْ تَضَرُّعًا وَخُفْيَةً إِنَّهُ لاَ يُحِبُّ الْمُعْتَدِين}[الأعراف:55] واتە: لە پەروەردگارتان ـ ئەى باوەڕداران ـ بپاڕێنەوە بە زەلیلى و كڕوزانەوە بەنهێنى ، وە با پاڕانەوەكەتان بەدڵكزى و دوور لەڕووپامایى بێت . بێگومان خواى پەروەردگار سنورشكێنەكانى خۆش ناوێت ئەوانەى كە سنورى پەیامەكە دەشكێنن ، و گەورەترین سنورشكاندیش هاوەڵبڕیاردانە بۆ خواى پەروەردگار ، وەكو پاڕانەوە لە مردوو و پەرستراوەكانى تر و هاوشێوەكانیان .

 دروست نییە ستەم بكرێت لەدوعادا و سنوور ببەزێنرێت و ئەمانەى خوارەوەش چەند نمونەیەكن لە سنوربەزاندن لە دوعادا: 
1- داواكردن لە غەیرى خوا لەگەڵ خوادا: وەكو ئەوەى داوا لە مرۆڤێك یان جنۆكەیەك یان شتى تر بكرێت. 

2- تەوەسول كردن بە شتێك كە بیدعە بێت وەكو ئەوەى تەوەسول بكرێت بە پێغەمبەر یان خاترى پێغەمبەر.

 3- دوعا كردن لە خۆت بەوەى بمریت لەبەر ناخۆشی و زەرەرێك كە تووشت بووە: پێغەمبەرى خوا  فەرموویەتى: " لا يتمنَّينَّ أحدكم الموت لضرٍّ نزل به ،  فإن كان لابد متمنياً الموت فليقل : اللهم احيني ما كانت الحياة خيراً لي ، وتوفني ما كانت الوفاةُ خيراً لي""(2) .
واتە: با هیچ كەسێك لە ئێوە ئاوات بە مردن نەخوازێت لەبەر ناخۆشیەك كە تووشی بووە, وە ئەگەر هەرناچارە ودەبێت بیڵێت ئەوا با بڵێت: خوایە بمژێنە ئەگەر ژیان سوود وخێرى بۆم هەیە و بممرێنە ئەگەر مردن باشتر و خێرە بۆم.

4- دوعاكردن بەوەى خوا سزاكەت بۆ پێش بخات لە دونیادا: لە ئەنەسەوە رضی الله عنه دەڵێت: جارێكیان پێغەمبەرى خوا  سەردانى كەسێكى كرد لە موسڵمانان كە زۆر لاواز وبێ هێز بوو وەكو بێچووە باڵندەى لێ هاتبوو, پێى فەرموو: " ئایا تۆ دوعا و داواى شتێكت لە خوا كردووە؟" وتى: بەڵێ: من وتومە خوایە ئەگەر سزام دەدەى لە قیامەتدا ئەوا بۆمى پێش بخە بۆ دونیاو لێرە سزام بدە, پێغەمبەرى خوایش فەرمووى: "سبحان الله , لا تطيقه أو لا تستطيعه ،  أفلا قلت : اللهم آتتا في الدنيا حسنةً وفي الآخرة حسنة وقنا عذاب النار ؟ فدعا الله له فشفاه  "(3) واتە: سبحان الله, تۆ بەرگەى ناگرى و ناتوانى, ئەى بۆچى نەتووت: خوایە لەدونیا ودوارۆژدا چاكەم پێ ببەخشە و لەسزاى ئاگریش بمپارێزە؟ ئەوەبوو دواتر پێغەمبەرى خوا  دوعاى بۆ كرد و خواى گەورە شیفاى دا.

5- دوعا وداواكردنى شتێك كە ئەستەم بێت و لەڕووى شەرع و عەقڵ وعادەتیشەوە رێك نەبێت ونەگونجێت: وەكو ئەوەى داواى نەمرى بكات لە دونیادا یان خوا پێغەمبەرایەتى پێ بدات یان قیامەت هەڵنەسێت و ئەم جۆرە شتانە. 

6- مەبەست و ئامانجى دوعاكارەكە فاسد و خراپ بێت وەكو ئەوەى داواى ماڵ وسامان بكات بۆ ئەوەى خۆى بە گەورە بزانێت بەسەر خەڵكیدا و تاوان سەرپێچی پێ بكات.  

7- زۆرلەخۆكردن بۆ گریان و دەنگ بەرزكردنەوە پێى بەتایبەت لە رەمەزاندا. 

8- هەڵەى تر لە دوعادا بریتیە لە بیدعە وداهێنراو تێیدا وەكو:  
 أ  ) كۆبوونەوە بۆ دوعا لەكات و شوێنێكى دیارى كراودا, و هەستانى یەكێكیان بەپێوە بۆ دوعاكردنەكە و ئەوانى تریش ئامین بكەن لەدوایەوە, ئەم شێوەیە لە سوننەتدا نەهاتووە تەنانەت لەیەكێك لەهاوەڵان و زانایانیشەوە نەگێردراوەتەوە. 
پێشەوا شاتبـی رەحمەتى خواى لێ بێت دەڵێت: " دوعاكردن بە شێوەی كۆمەڵ بە هەمیشەیی كاروكردارى پێغەمبەرى خوا نەبووە   " (4)
ب ) مەسح كردنى دەموچاو بەهەردوو دەست لەدواى تەواوبوونى دوعاكە: ئەم كارەش هیچ فەرموودەیەكى صەحیحى لەسەر نەهاتووە, بەڵام چەند فەرموودەیەكى لاواز ومونكەرى لەسەر هاتووە كە ناكرێنە بەڵگە بۆ دروستێتى و رەوادان بەم كارە. 

پێشەوا عیززى كوڕى عبدالسلام رەحمەتى خواى لێ بێت دەڵێت: " هیچ كەسێك دواى دوعاكردن دەست ناهێنێت بەدەموچاویدا ئیلا نەزان و نەفام نەبێت " (5)
جـ ) دوعاكردن لاى گۆڕى پیاوچان و مەرقەد وگڵكۆى مردوو بەباوەڕى ئەوەى كە شوێنەكە باشتر و بەرەكەتدارە.  
د  ) دوعا لەسەر ئەندامەكانى دەستنوێژ: هیچ فەرموودەیەكى لەسەر سابت نەبووە.
 پێشەوا نەوەوى لە المجموع دا دەڵێت : هیچ بنچینەیەكى نییە (6)، وەلە كتێبی (الأذكار) یشدا لە لاپەڕە 57 دا دەڵێت: " دوعا لەسەر ئەندامەكانى دەستنوێژ هیچ شتێكى لەسەر نەهاتووە لە پێغەمبەرى خواوە  .

 وە پێشەوا ابن القیم ڕەحمەتى خواى لێ بێ دەڵێت: " ئەو فەرموودانەى كە باسی دوعا دەكەن لەسەر ئەندامەكانى دەستنوێژ هەموویان باتڵن و صەحیحیان تێدا نییە " (7)
هـ ) پەیوەست بوون بە قنوتەوە لە نوێژى بەیانیدا: ئەوەش لەبەر ئەوەى هیچ فەرموودەیەك نەهاتووە كە نوێژى بەیانیان تایبەت بكات بە وتنى قنوتەوە، بەڵكو ئەوەى هاتووە ئەوەیە كە باسی وتنى قنوت دەكات لە هەمو نوێژەكاندا لەكاتى ناخۆشی وبەڵاو كارەساتدا. 
بەڵكو لە زۆرێك لە هاوەڵانەوە هاتووە كە قنوتیان نەكردووە لە نوێژى بەیانیاندا مەگەر لەكاتى كارەساتدا نەبێت وەكو عومەر وابن مسعود وابن عومەر  . 
ئەبی مالیكى ئەشجەعى رضی الله عنه دەڵێت: بەباوكمم وت: ئەى باوكە تۆ نوێژت لە دواى پێغەمبەرى خوا وئەبی بەكر وعومەر وعوسمان وعەلی كردووە, ئایا ئەوان قنوتیان دەخوێند؟ وتى: رۆڵە ئەوە بیدعە و داهێنراوە (8)

و ) تایبەت كردنى هەندێ كات بۆ دوعا بەبێ بەڵگە: وەكو مانگى رەجەب و شەوى نیوەى شەعبان و دوعاى بەكۆمەڵ لەدواى نوێژە فەرزەكان. 


(1) بدائع الفوائد ( 3/13 )
(2) متفق عليه
(3) رواه أحمد ومسلم ( 2688) والترمذي
(4) الاعتصام (1/219)
(5) الفتاوى مسألة (15)
(6) المجموع ( 1/489 )
(7) المنار   المنيف ص 120
(8) رواه الترمذي والنسائي وابن ماجه وابن أبي شيبة

سەردان: ٤,٩٠٣ بەش: ئادابەکانى دوعا