ئەحکامەکانی سەرەمەرگ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەحکامەکانی سەرەمەرگ
پرسیار:

ئەو کەسەى لەسەرە مەرگ دایە چی پێویستە لەسەرى؟ وە نیشانەکانى کەسی مردوو چین؟ وە کەسێک مرد سونەتە چی بۆ بکرێ؟ وە چی حەرامە لەسەر کەسوکارى مردوو؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

یەکەم: زۆر یادی مردن کردن
بەکۆ دەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە زۆر زیکر ویادی مردن کردن سوننەتە.

دووەم: خۆ ئامادە کردن بۆ مردن:
سوننەتە خۆ ئامادە کردن بۆ مردن ، بەوەی پەلە بکرێت لەتەوبە کردن ، وگەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەکەی وڕوو کردن تاعەت وعیبادەت.

سێیەم: گومانی باش بردن بەخودا:
پێویسته لەسەر نەخۆش وئەوەی لەسەرەمەرگدایە گومانی باش بەخودا ببات.

چوارەم: ڕوو کردنە قیبلەی ئەو کەسەی کەلەسەرەمەرگدایە:
سوننەت نی یە ڕووی بکرێتە قیبلە ، ئەمەش بۆ چوونی مالیک وهەندێ لەسەلەف وئەلبانی یە ، چونکە بەڵگەى لەسەر نیە .

پێنجەم: ئاودان پێی:
حەنەفیەکان وشافعیەکان وحەنبلیەکان پێیان باشە ئاو بدرێتە ئەو کەسەی کەلەسەرەمەرگدایە ، چونکە هەندێک ناڕەحەتى لەسەر سوک دەکا و کە زمانى تەڕ بێ ئاسانتر دەتوانێ شایەتومان بهێنێ .

شەشەم: تەڵقین دانی:
بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە سوننەتە تەڵقین دانی ئەوکەسەی کەلەسەرەمەرگدایە ئەوەش بەدوو بارەکردنەوەی (لا ٳلە ٳلا الله) . 

حەوتەم : نیشانەکانى کەسی مردوو 
 پوختەى نيشانەکانی مردن وەکو باس کراون لە لایەن دكتۆر و زاناکان:
- وەستانى دڵ و سوڕی خوێن .
- وەستانى هەناسە و نەمانى نیشانەکانى .
- نەمانى کۆنترۆڵی جەستە لە لایەن کۆئەندامی دەمارەوە کە نیشانەکانى بریتین لە خاوبونەوەى ماسولکەکان ، و فراوانبونى بیلبیلەى چاو و نەمانى کاردانەوەى بۆ ڕوناکی .
ئەو گۆڕانکارانەى بەسەر لەشدا دێن دواى مردن :
بریقەدانەوەى چاو ، ساردبونەوەى لاشە و کاڵبونەوەى ڕەنگی لەش .
سەرچاوە:(أحكام موت الدماغ) من ((موسوعة الفقه الطبي)) (4/1646)

هەشتەم: حوکمی ئەو کەسەی مێشکی مردووە:
ئەو کەسەی مێشکی مردبێت لەشەرع دا بەمردووی حەقیقی ئەژمار ناکرێت و ئەحکامەکانی مردنی بەسەردا جێ بەجێ نابێت ، ئەوەش بۆ چوونی ابن بازە ، وەبڕیاری هەریەک لە( المجمَعِ الفقهيِّ الإسلاميِّ) ،و هيئةِ كبارِ العلماءِ بالمملكة العربيَّة السعوديَّةِ)لەسەرە. تەنها کاتێ نەبێت کە هەناسە و دڵ بووەستێت ، و بەتەواوی لە لێدان بکەوێت دوای لابردنی ئامێری بوژانەوە ، و دڵنیان بوون لەمردنی بەشێوەیەک هیچ گومانێک هەڵنەگرێت ، ئا ئەم حاڵەتە هیچ خیلاف وجیاوازیەکی تێدا نی یە لەنێوان زانایان و دکتۆرەکاندا .

نۆیەم: وەستانی ئامێری بوژانەوە:
گەر مێشکی بەتەواوی لەکار کەوت وهەناسەی بەئامێر بوو ولێدانی دڵ بەجیهاز بوو وحەقیقی نەبوو ؛ ئەوا دروستە ئامێری بوژانەوەکەی لەسەر لاببرێت ، ئەمەش فەتوای(اللَّجنةِ الدَّائمةِ)بەسەرۆکایەتی ابن باز، وبڕیاری ( المَجْمَعِ الفقهيِّ الإسلاميِّ) لەسەرە.

دەیەم: ئەو شتانەی کەسوننەتە بۆ ئەو کەسە بکرێ کە مردووە:
1- نوقاندنی چاوی مردوو:
باش وایە دوای دەرچوونی ڕوح چاوی مردووەکە دابخرێت ، هەریەک لەئیمامی نەوەوی وسەنعانی کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

2- بەستنی ڕیش بەعەمامە:
سوننەتە ڕیشی مردوو بەعەمامەیەک ببەسترێت ، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە.

3-شێلانی ئەندامەکانی لاشە:
باش وایە ئەندامەکانی لاشەی مردوو بشێلرێت ، ئەمەش بۆ ئاسانکارى لە کاتى شۆردنیدا، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە.

4- داپۆشینی مردوو:
ئیمامی نەوەوی کۆدەنگی زانایانی نەقڵ کردوو لەسەر ئەوەی باش وایە دوای مردن مردوو دابپۆشرێت.

5- دانانی مردوو لەسەر سەرین وهاوشێوەکانی:
باش وایە مردوو لەسەر سەرین یاخود شتێک دابنرێن ، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە.

6- داکەندنی جلی مردوو:
دوای مردن باش وایە جلی مردوو دابخرێت ، ئەمەش بۆچوونی شافعی وحەنبەلیەکانە.

7- دانانی شتێکی قورس لەسەر سکی:
زانایانی هەر چوار مەزهەبەکە یەکدەنگن لەسەر باشی دانانی شتێکی قورس لەسەر سکی مردوو ، ئەمەش بۆ ئەوەى نەوەک سکى با بکا و دیمەنى ناشرین ببێ .

یازدەیەم: حوکمی ماچ کردنی مردوو دوای مردن:
دروسته ماچی دەم وچاوی مردوو بکرێت ، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە.

دوازدەیەم: ئەو کارانەی دروستن بکرێن و بوترێن لەکاتی توش بوون بەموسیبەتی مردن:
1- ئارام گرتن
واتە ئارام گرتنێک ببێتە ڕێگر لەشتە حەڕامەکان ، هەریەک ابنُ تيميةَ، وابنُ القَيِّم کۆدەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

2- ئەو کەسەى کە کەسێکى مردووە چی دەڵێ :
سوننەتە لەکاتی مردنی کەسێکی نزیکدا یاخود هەرکەسێکی تر بوترێت (ٳنا لله وإنا إلیە راجعون).

سیازدەیەم: ئەو شتانەی کەدروستن کەس وکاری مردوو وجگە لەوانیش بیکەن: 
1- گریان:
دروستە گریان لەسەر مردوو بەبێ هات وهاوار ودەربڕینی وشەى خراپ و ناشوکرى ، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە ، وبۆ چوونی ابن حزْم یشە.

2- وەصف کردن و باسکردنى چاکەکانى:
دروستە بە باشە باسکردنى مردووەکە بە شیعر بەمەرجێک زێدەڕەوی تێدا نەکرێت ، ئەمەش مەزهەبی حەنەفی وشافعیەکانە ،وبۆچوونی ابنِ باز، وابنِ عُثيمين ـە.((مجموع فتاوى ورسائل العثيمين)) (17/411).

چواردەیەم: ئەو شتانەی کە حەرامە کەس وکاری مردوو وجگە لەوانیش بیکەن:
هاوار و سنگ دادڕین و لەخۆ دان و جل دڕین ، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە.

پازدەیەم: ئاگاداری دان وبڵاو کردنەوەی هەواڵی مردن:
دروستە هەواڵی مردن بڵاو بکرێتەوە بێ هاوار کردن ، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە.

ابن حجر ڕەحمەتى خواى لێ بێ دەڵێت: ( نەعی وهەواڵی بڵاو کردنەوەی مردن بەگشتی ڕێگری لێ نەکراوە ، بەڵکو ئەوە مەمنوعە کە لەزەمانی نەفامی دا دەکرا ؛ ئەوان کەسانێکیان دەنارد بۆ دەرگای شوێنە گشتیەکان و بازاڕ بۆ بڵاو کردنەوەی هەواڵی مردنی کەسەکان ، و ابن المرابط دەڵێت: مەبەستی ئەوەیە: بڵاو کردنەوەی هەواڵی مردن وگەیاندنی بەکەسانی نزیک دروستە ، هەرچەند هۆکارێکە بۆ ناڕەحەت بوون ودڵ تەنگی ، بەڵام ئەم مەفسەدە وناخۆشیە چەندان مەسڵەحەتی تێدایە ؛ لەوەی کەدەبێتە هۆکاری ئەوەی بەزووی ئامادە بن و ئامادەی بکەن و نوێژی لەسەر کەن و بینێژن و دوعای بۆ بکەن و وەسیەتەکانی جێ بەجێ بکەن ...). ((فتح الباري)) (3/117).

شازدەیەم: پەلەکردن لەناشتنی مردوو:
هەر کات دڵنیا بوون لەمردنی کەسێک سوننەتە پەلە بکرێت لەناشتنی دا، خۆ ئەگەر گومانیان لەمردنی هەبوو ئەوا پێویستە دوا بخرێت ، ئەمەش بەکۆدەنگی زانایانی چوار مەزهەبەکە.

حەڤدەیەم: پەلە کردن لەدانەوەی قەرزەکانی:
سوننەتە پەلە بکرێت لەدانەوەی قەرزی مردوو ، ئەمەش بۆچوونی حەنەفی ، وشافعیەکانە.

هەژدەیەم:پەلە کردن لەجێ بەجێ کردنی وەسیەتەکانی:
سوننەتە پەلە بکرێت لەجێ بەجێ کردنی وەسیەتەکانی مردوو ، ئەمەش بۆچوونی حەنبەلی ، وشافعیەکانە.

نۆزدەیەم: حوکمی نەقڵ کردنی ئەندامی لاشەی مردوو:
گەر زۆر زەڕووڕ بوو دروستە بەشێک لەئەندامی لاشەی مردوو نەقڵ بکرێت بۆ کەسی موسوڵمان، بە مەرجێک خۆى پێشتر ڕازی بوبێ ، یان لە دواى مردنى کەسوکارەکەى ڕازی بن ، چونکە پاراستنى کەرامەتى لەشەرعدا پارێزراوە و نابێ بە بێ ئیزن ئەو کارە بکرێ . ئەمەش بڕیاری( هيئةِ كبارِ العلماءِ في المملكةِ العربيَّةِ السعوديَّةِ) ، و( مجمَعِ الفِقْهِ الإسلاميِّ)یە، و فەتوای لێژنەی فەتوای میسر وکۆیتی لەسەرە.

بیستەیەم: حوکمی هەڵدڕین ودەسکاری کردنی جەستەی مردوو (تشریح):
1- زانایان جیاوازن لەبارەی حوکمی هەڵدڕین ودەسکاری کردنی جەستەی مردووەوە بەمەبەستی فێرکاری ، وچەند بۆ چوونێک هەیە لەم بارەیەوە وبەهێزترینیان دوو بۆ چوونە:
بۆچوونی یەکەم: دروستە دەسکاری کردنی لاشەی مردوو بکرێت بەمەستی فێر بوون وفێرکاری ، ئەمەش بڕیاری( مَجْمَع الفِقْهِ الإسلاميِّ بمكَّةَ) ، وفەتوای لێژنەی فەتوای ئەزهەری لەسەرە.
بۆچوونی دووەم: گەر مردوو پارێزراو بێت لەژیانی دا جا موسوڵمان بێت یاخود کافر ، ئەوا دروست نی یە دەسکاری لاشەی بکرێت ؛ بەڵام گەر پارێزراو نەبوو ، وەک موڕتەد ، یان کافرى حەربی ئەوا دروستە دەسکاری بکرێت ، ئەوەش بۆ چوونی ابنِ باز، وبڕیاری(هيئةِ كبارِ العلماء).

2- دەسکاری کردن بەمەبەستی لێکۆڵینەوە وتەحقیقی جنائی ، بۆ نموونە گومان هەبێت لەهۆکاری مردنەکە کە ڕەنگە کوژرابێ ، لەم حاڵەتەدا دروستە ، ئەمەش بۆ چوونی ابنِ باز، وابنِ عُثيمين ـە ، وبڕیاری( مجمَعِ الفقه الإسلاميِّ)، و(هيئةِ كبارِ العلماء)، وفەتوای( اللَّجنةُ الدَّائمة)یە.

3- دەسکاری کردن بەمەبەستی لێکۆڵینەوە وتەحقیق کردن لەهۆکاری مردن وەک نەخۆشیە گوازراوەکان ، و وا پێویست بکات دەسکاری بکرێت ،لەم حاڵەتەشدا دروستە ، ئەمەش بڕیاری( المجمَعِ الفقهيِّ )، و( هيئةِ كبارِ العلماءِ)ـە.

بیست ویەکەم: گەر ئافرەتێک بمرێت ومنداڵێک لەسکی دا بێت وبجوڵێتەوە:
لەم حاڵەتەدا گەر ئومێدی ڕزگار کردنی منداڵەکە هەبوو دروستە سکی بدڕدرێت ، ئەمەش مەزهەبی حەنەفی وشافعی وبۆ چوونێکی حەنبەلی ومالیکیەکانە ، وبۆ چوونی ابنِ حَزمٍ، وابنِ عُثيمين ـە. 

سود وەرگیراوە لە کتێبی :  (ملخص فقه العبادات)

سەردان: ٨٥٢ بەش: کاتى سەرەمەرگ