شوشتنی مردووە و هەندێ لە حوکمەکانى: ماڵپەڕی وەڵامەکان
شوشتنی مردووە و هەندێ لە حوکمەکانى
پرسیار:

حوکمی شوشتنی مردووە چیە؟ دروستە کەسی مردو شۆر پارە وەربگرێ؟ چی واجبە لەسەر مردو شۆر؟ وە کەسی کافر دەشۆردرێ؟وەحوکمی خۆشوشتن دوای شوشتنی مردوو

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

1- حوکمی شوشتنی مردووە:
شوشتنی مردوو فەرزی کیفایەیە ، ئەمەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.
فەرزی کیفایە: ئەوەیە گەر هەندێک یاخود کەسێک لەموسوڵمانان پێی هەستن لەسەر ئەوانی تر دەکەوێت ، خۆ ئەگەر لەجێگایەکدا کەس پێی هەڵنەستێت ئەوا هەموویان تاوان بار دەبن.

2- حوکمی وەرگرتنی پارە لەسەر شوشتنی مردو:
دروستە پارە وەربگیردرێت لەسەر شوشتنی مردو ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە:  لەحەنەفیەکان ، ومالکیەکان ،وشافعیەکان ، وڕیوایەتێکیشە لەئیمام ئەحمەدەوە و بۆچوونی ابن بازیشە ڕەحمەتى خوایان لێ بێ .
لە لای حەنەفیەکان: دروستە پارە وەربگیردرێت گەر کەسانی تر هەبوون لەشارەکەدا بەڵام گەر کەسی تر نەبوو ئەوا دروست نی یە.
لە لای مالکیەکان: دروستە پارەی لەسەر وەرگرێت گەر پێویست نەبێت لەسەری ئەو کارە بکات وەک ئەوەی کەسی تر نەبێت ئەو کارە بکات لەو حاڵەتەدا دروست نی یە پارەی لەسەر وەرگرێت.

3- داپۆشینی ئەو ناشیرینی و  عەیب و ناتەواویانەی کە مردو شۆر دەیبینێت:
واجبە لەسەر مردو شۆر هەموو ئەو عەیب وناتەواویانە داپۆشێت وباسی نەکات کە لەمردووەکە دەیبینێت ، ئەمەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.

4- حوکمی ئامادەبوونی کەسانێک لەشۆردنی مردوودا کەپێویست نی یە ئامادە بن:
باش نی یە لەشۆردنی مردودا کەسانێک ئامادە بن کەیارمەتی مردو شۆرەکە نادەن ، وهیچ پێویستیەک نی یە بۆ ئامادەبوونیان ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە: لەمالکیەکان ،و شافعیەکان ،وحەنبەلیەکان. بەڵام شافعیەکان دەڵێن: سەرپەرشتیاری مردوو دەتوانێت ئامادەبێت گەر پێویستیش نەکات.

5-  حوکمی شوشتنی کەسی بێ باوەڕ:
حەرامە بۆ موسوڵمان کەسی کافر و بێ باوەڕ بشۆرێت ، ئەوەش مەزهەبی مالکیەکان ، وحەنبەلیەکانە ، وهەریەک لەشەوکانی وابن باز وابن عثیمین ئەم بۆچوونەیان هەڵبژاردووە.

6- حوکمی شوشتنی کەسی یاخی وڕێگر (قاطع الطریق):
کەسانی یاخی وڕێگر دەشۆردرێن ونوێژیان لەسەر دەکرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە: لە مالکیەکان ، وشافعیەکان ، وحەنبەلیەکان.

7- حوکمی خۆشوشتن دوای شوشتنی مردوو:
سوننەتە دوای شوشتنی مردوو مردو شۆر خۆی بشوات ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.

وەرگیراوە لە کتێبی : (ملخص فقه العبادات)

سەردان: ١,٨٠٣ بەش: شۆردن و کفن کردنى مردوو