چۆنیەتی شوشتنی مردو: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆنیەتی شوشتنی مردو
پرسیار:

مردوو چۆن دەشۆردرێ؟ گەر مردووەکە نێر موک بوو کێ دەیشوات؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
چۆنیەتی شوشتنی مردو و ئادابەکانى:
1- داماڵینی جل لەبەر مردو:
سوننەتە جل لەبەر مردو دابماڵرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وحەنبەلیەکان.

2- داپۆشینی عەورەتی مردو : 
لەکاتی دەست کردن بەشوشتنی مردو واجبە عەورەتی دابپۆشرێت ، ودروست نی یە تەماشا بکرێت ،هەریەک لە: ابن عبدالبر ، وابن القدامة ، والخطاب کۆدەنگیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.

3- دەست هێنان بەسکی مردودا بەمەستی هێنانە دەرەوەی پیسی:
دروستە بۆ مردوشۆر لەسەر خۆی وبەهێواشی دەست بێنێت بەسکی مردودا وپاشان بەپەڕۆیەک پاکی بکاتەوە ، ئەمەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە .

وە حەنەفیەکان پێیان وایە دەست هێنان بەسکی مردودا لەدوای شوشتنی دەبێت ،خۆ ئەگەر شتێکیش دەرچوو ئەوا دووبارە مردووەکە ناشۆردرێتەوە.

4- نیەتی شوشتن:
واجب نی یە بۆ شوشتنی مردو نیەت بهێندرێت ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وشافعیەکان، وڕیوایەتێکیشە لای حەنبەلیەکان .

5- دەس خستە نێوان ددانەکانی مردو و کونە لوتی و پاککردنەوەیان :
باش وایە مردو شۆر دەست بخاتە نێوان ددانەکانی مردو وهەروەها کونە لوتی وپاکیان بکاتەوە ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە .

6- دەست نوێژ گرتن بۆ مردو:
سوننەتە لەسەرەتاوە هاوشێوەی دەست نوێژی نوێژ دەست نوێژ بۆ مردو بگیردرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە .

حەنەفیەکان دەڵێن: دەست نوێژی بۆ دەشۆردرێت بێ ئاو لەدەم ولوت وەردان مەگەر لەشگران بێت.
وە لەلای مالکیەکان: ئاو لەدەمی وەردرێت وسەری لار دەکرێتەوە بەڵکو ئاو بچێتە نێویە وپاک بێتەوە .
وە لەلای شافعیەکان: دەست نوێژێکی هاوشێوەی دەست نوێژی نوێژی بۆ دەشۆردرێت وئاو لەدەم ولوتی وەردەدرێت.
وە لەلای حەنبلەیەکان: پارچە پەڕۆیەک دەهێندرێت بەددانەکانی دا وەهەروەها کونە لوتی وئەمە لەجێگەی ئاو لەدەم ولوت وەردانە.

7- شوشتنی مردو بەسیدر :
مردو بە ئاو وسیدر دەشۆردرێت ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە . حەنەفیەکان: ئەوەیان بەسەریحی گوتووە کەمردو بەسیدر دەشۆردرێت ، بەڵام بەسەریحی نەیان گوتووە سوننەتە ، بەڵام مالکیەکان بەسەریحی گوتویانە سوننەتە ،وشافعیەکان بەسەریحی گوتویانە لەیەکەم شوشتندا موستەحەب وچاکە .

وەدروستە سابون یاخود هەر شتێکی پاککەرەوەی تر بەکار بهێندرێت.

8- شوشتنی هەموو لاشەی مردو:
واجبە هەموو لاشەی مردو بشۆردرێت ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.

9- لای ڕاست پێش خستن لەشوشتنی مردوودا:
سوننەتە لەشوشتنی مردوودا لەلای ڕاستەوە دەست پێ بکرێت پاشان لای چەپ ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە.

10- تێکەڵ کردنی کافوور لەکۆتا شوشتندا:
سوننەتە مردو شۆر لەشوشتنی کۆتایی دا کافور تێکەڵی ئاوەکە بکات ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .

کافور: دارێکە مادەیەکی نەرمی لێ دروست دەکرێت وبۆنێکی خۆشی هەیە لە دوکانى بەهارات فرۆشەکان دەست دەکەوێ .

11- بەتاک شوشتن لەشوشتنی مردوودا:
بەتاک شوشتن لەشوشتنی مردوودا کارێکی موستەحەب وچاکە ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبە فیقهیەکە .

حەنەفیەکان: پێیان وایە شوشتنی مردو سوننەتە سێ جار بێت ، وگەر لەوەش زیاتر بێت دروستە هەروەک لەحاڵەتی ژیانیشدا هەر وایە.
وە مالکیەکان: دەڵێن: سێ جار یاخود پێنج جار یاخود حەوت جار دەشۆردرێت ، ولەوە زیاتر نابێت مەگەر پێویست کات.
وە شافعیەکان: دەڵێن: سۆننەتە سێ جار بشۆردرێت ، خۆ ئەگەر پاک نەبووەوە ئەوا دەشۆردرێت تاوەکو پاک دەبێتەوە ، و باش وایە بە ویتر و تاک کۆتایی پێ بهێندرێت.
وە حەنبەلیەکان: پێیان وایە سێ جار یاخود پێنج جار یاخود حەوت جار دەشۆردرێت ، ولەوە زیاتریش تاوەکو پاک دەبێتەوە ، وبەتاک کۆتایی پێ دەهێندرێت.

12- نینۆک کردنی مردو وەهەروەها بەر سمێڵ کردنی:
زانایان جیاوازن لەم بابەتەدا ودوو بۆ چوونیان هەیە:
بۆچوونی یەکەم: 
باش نی یە نینۆک و بەر سمێڵی مردو بکرێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنەفی ومالکیەکانە ، وقسەیەکی شافیەکانە وهەندێکیان ئەم بۆچوونەیان بەدروست زانیوە ، ونەوەوی هەڵی بژاردووە ، وابن منذر مەیلی بەلایدا هەبووە
بۆچوونی دووەم: 
باش وایە نینۆک و بەر سمێڵ مردو بکرێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە ، وقسەی هەندێ لەشافعیەکان ،وهەندێ لەسەلەفیشە ، وەهەریەک لە ابن باز وابن عثیمین هەڵیان بژاردووە.

13- تاشینی موی بەری مردو:
حەڕامە موی بەری مردو بتاشرێت ، ئەوەش مەزهەبی حەنبەلیەکانە. وەهەندێ لەزانایان پێیان وایە دروستە گەر زۆر درێژ بێت.

14- وشککردنەوەی مردو دوای شوشتنی:
باش وایە دوای شوشتنی مردو وشک بکرێتەوە ، ئەوەش بەکۆ دەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.

15- تەیەمووم کردن بۆ مردو لەکاتێکدا ئاو نەبێت یاخود نەتوانرێت ئاو بەکار بهێندرێت:
لەحاڵەتی نەبوونی ئاودا یاخود نەتوانرێت ئاو بەکار بهێندرێت ئەوا تەیەموم بۆ مردو دەکرێت ، ئەوەش بەکۆدەنگی هەرچوار مەزهەبە فیقهیەکە ، وقسەی ابن حەزمی زاهیریشە.

16- ئەحکامی تایبەت بەشوشتنی ئافرەت:
باش وایە پرچی ئافرەت دابهێندرێت ،وبکرێت بەسێ پەلک ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: مالکی ، وشافعی ، وحەنبەلیەکان .

17- شوشتنی نێر موک (الخنثی المشكل) واتە: (ئەوەی کەنازانرێت پیاوە یاخود ئافرەت)!:
(الخنثی المشكل) واته: نێرە موکێک کەنازانرێت پیاوە یاخود ئافرەت ناشۆردرێت بەڵکو تەیەمومی بۆ دەکرێت ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، حەنبەلیەکان ، وبۆچوونی هەندێ لەشافعیەکانیشه.

بەڵام تەفسیڵی تێدایە لەنێوان مەزهەبە فیقهیەکاندا:
حەنەفیەکان دەڵێن:
گەر ئەو کەسەی کەتەیەمومەکەی بۆ دەکات خزمی نزیکی بێت ،واتە: مەحرەمی بێت ئەوا بەبێ پارچە پەڕۆ تەیەموومی بۆ دەکات ، بەڵام گەر مەحرەمی نەبوو ئەوا پارچە پەڕۆیەک تەیەموومی بۆ دەکات و دەیهێنێ بەدەس وباڵ ودەم وچاوی دا ، بەڵام گەر منداڵ بوو ئەوا لەهەموو حاڵەتێکدا دەشۆردرێت ، جا جیاوازی نی یە ئەوەی دەیشۆرێت پیاو بێت یاخود ئافرەت ، بەڵام گەر گەشتبووە ئەندازەی شەهوەت واتە: بالغ بوو بوو ئەوا ناشۆردرێت بەڵکو تەیەموومی بۆ دەکرێت .
وە مالکیەکان دەڵێن: 
نێرە مووکی گەورە ئەوەی کە مەحرەمی نی یە لەپیاوان وئافرەتان وسەیدی پیاویشی نی یە ،ئەوا لەماڵەکەی خۆی جاریەیەکی بۆ دەکڕدرێت ، خۆ ئەگەر ماڵ وپارەی نەبوو لە بەیتول مال بۆی دەکڕدرێت پاشان دەگێڕدرێتەوە بۆ بەیتول مال ، و نابێتە وارس ، خۆ ئەگەر نەبوو ودەست نەدەکەوت ، ئەوا تەیەموومی بۆ دەکرێت ودەنێژرێت وپێویستە گەر پیاو تەیەموومی بۆ کرد تاوەکو مەچەکی وەک ئیحتات تەیەموومی بۆ بکات ، وگەر ئافرەت تەیەموومی بۆ کرد تاوەکو قوڕناسکی ، ئەوەش لەبەر ئەوەی گەر پیاو بێت ئەوا دەبێتە جاریەیی ،وئەگەر ئافرەت بێت ئەوا ئافرەتە بەڵام فەرمان دەکرێت بەداپۆشینی.
هەرچی حەنبەلیەکانە دەڵێن:
گەر کەسێک مرد نێر مووک بوو ونەدەزانرا پیاوە یاخود ئافرەت وتەمەنی حەوت ساڵ یاخود زیاتر بوو ئەوا گەر جاریەیی هەبوو ئەوا دەیشوات چونکە گەر ئافرەت بێت ئەوا هیچ کێشەی نی یە ، وئەگەر پیاو بێت ئەوا بۆ جاریەکەی هەیە بیشوات.

18- چۆنیەتی شوشتنی ئەو کەسەی کە بەئیحرامەوە مردووە:
شوشتنی مردویەک کەئیحرامی پێوە بێت ئەوا وەک شوشتنی وایە کەزیندو بێت ، ئەو شتانەی لێ دوور دەخرێتەوە کەبەزیندووی لەکاتی ئیحرام دا لێ بەدوور دەگیرا ، ئەوەش مەزهەبی شافعیەکان وحەنبەلیەکانە ، وقسەی کۆمەڵێکە لەسەلەف ، وبۆچوونی ابن حزم ،و ابن تەیمیە ، وابن قیم ، والصنعاني ، وابن باز ، وابن عثیمین.

لە بەر فەرموودەكەی ( ابن عباس ) ڕەزاى خواى گەورە لە خۆى و باوکی بێ كە دەفەرموێت : " بينما رجل واقف بعرفة ، إذ وقـع عن راحلته فوقصته ، أو قـال : فأقعصته ، فقـال النبي   : اغسلوه بمـاء وسدر ، وكفنوه في ثوبين ( وفي رواية : في ثوبيه ) ولا تحنطوه ( وفي رواية : ولا تطيبوه ) ولا تخمروا رأسه ( ولا وجهه ) ، فـإنه يبعث يوم القيامة ملبيا "
واتە : جارێكیان پیاوێك لەسەر كێوی عەرەفە ڕادەوەستێت ، لەسەر وڵاخەكەی دەكەوێتە خوارەوە و ملی دەشكێت ، پێغەمبەری خواش فەرمووی : بە ئاو و سیدر بیشۆن ، لە دوو كراسدا كفنی بكەن ( وە لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە : بە دوو كراسەكەی خۆی كفنی بكەن ) ، و كراسەكان بۆن خۆش مەكەن ( وە لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە : بۆنی خۆشی بەسەردا مەكەن ) ، نەسەر و نەڕوومەتیشی دامەپۆشن ، چونكە لە كاتی زیندووبونەوەیدا بە تەلبیەیەوە زیندوو دەكرێتەوە ( واتە : لبیك اللهم لبیك ... هتد دەكات ) .
تێبینى : بەڵام ئەگەر مردووەکە ئافرەت بوو ئیحرامی پۆشیبوو دەبێت دەم و چاوی داپۆشرێت و بشاردرێتەوە .

19- گەر دوای شوشتنی مردو پیساییەک لەمردوو دەرچوو:
گەر دوای شوشتنی مردو و پێش کفن پیساییەک لەمردو دەرچوو ، واجبە پیساییەکە بشۆردرێت ، وشوشتنەکە دوو بارە ناکرێتەوە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وشافعیەکان .

20- حوکمی دووبارە دەست نوێژ شوشتن بۆ مردوو دوای دەرچوونی پیسایی لێی:
گەر پیسایی لەمردوو دەرچوو دوای شوشتنی و پێش کفن کردنی ئەوا دەست نوێژی بۆ دووبارە ناکرێتەوە ، ئەوەش مەزهەبی جمهوری زانایانە لە: حەنەفی ، ومالکی ، وبۆ چوونی ڕاستە لەلای شافعیەکان .
وەرگیراوە لە کتێبی : (ملخص فقه العبادات)

سەردان: ٣,٤٤٥ بەش: شۆردن و کفن کردنى مردوو