فەزڵ و گەورەیی مانگی شەعبان چیە و بۆچی پێغەمبەرى خوا ﷺ زۆر گرنگی بەم مانگە داوە؟
سوپاس وستایش بۆ خوای پەروەردگار ، ودروود وسەلام لەسەر گیانی پێغەمبەری خودا ﷺ بێت .
سەبارەت بە وەڵامی پرسیارەکەى بەڕێزت بە کورتى فەزڵ و گەورەیی مانگی شەعبان بە (30) خاڵی گرنگدا دەخەینە ڕوو ، داوا کارین خوای پەروەردگار بیکاتە مایەیی سوود و خێر بۆ تەواوى موسڵمانان .
1- مانگی شەعبان هەشتەم مانگە لەمانگە کۆچیەکان ، ولەنێوان مانگی ڕجەب وڕەمەزاندایە .
و بۆیە ناو نراوە بەو ناوەوە ؛ چونکە عەرەب تیایدا بڵاو دەبوونەوە وبەشوێن ئاودا دەگەڕان .
وەگوتراوە: لەبەر بڵاو بوونەوەی هۆزەکانە لەکون ودۆڵەکاندا ، وگوتراوە: (شَعَبَ) واتە: دەرکەوتووە لەنێوان مانگی ڕەجەب وڕەمەزاندا .
و کۆیەکەی (شعابین)و( شعابات)ـە . تفسیر ابن كثير ( ٤/ ۱٤۷) . ولسان العرب (۱/ ٥۰۳).
2- مانگی شەعبان مانگێکی پیرۆزە ، وزۆر کەس لێی بێ ئاگان ، وکەوتووەتە نێوان مانگی ڕەجەب وڕەمەزانەوە ،
ئوسامەی کوڕی زەید خوا لێی ڕازی بێت گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: گوتم: (( يا رسول الله، لمْ أرَاكَ تصوم شهْرًا من الشهور ما تصوم مِنْ شعْبان، قال: ذلك شهْرٌ يغْفُل الناس عنْه بيْن رجب ورمضان، وهو شهْرٌ تُرْفَع فيه الأعْمال إلى ربِّ العالمين، فأحبّ أنْ يرْفعَ عملي وأنا صائمٌ)) رواه النسائي ( ۲۳٥۷) ، وحسنە الٲلباني في الصحیحة ( ۱۸۹۸) .
واتە: ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ هیچ مانگێک نەم بینیوی بەقەد شەعبان بەڕۆژوو بیت ، فەرمووی: ئەوە مانگێکە خەڵک لێی بێ ئاگان لەنێوان ڕەجەب وڕەمەزاندایە ، وئەوە مانگێکە کردەوەکان تیایدا بەرز دەبێتەوە بۆلای خودا ، بۆیە پێم خۆشە کاتێ کردەوەکانم بەرز دەبێتەوە بەڕۆژوو بم .
3- پێغەمبەری خوا ﷺ زۆربەی مانگی شەعبانی وەك سوننەت بەڕۆژوو دەبوو ، وئەم کارەی لەهیچ مانگێکی تردا نەدەکرد ، عائیشەوە گێڕاویانەتەوە ودەڵێت: (( ما رأيتُ رسولَ الله - ﷺ - استكملَ صيام شهر قطُّ إلا شهر رمضان، وما رأيتُه في شهرٍ أكثر صيامًا منه في شعبان)) رواه البخاري (۹۰٦۹) ، ومسلم (۱۱٥٦) .
واتە: پێغەمبەری خوام ﷺ نەبینیوە هیچ مانگێک جگە لەڕەمەزان بەتەواوی بەڕۆژوو بێت، ونەمبینیوە هیچ مانگێک زۆرترینی بەڕۆژوو بێت جگە لەمانگی شەعبان.
وە لەڕیوایەتێکی تردا هاتووە: ((کان يصوم شعبان كله ، كان يصوم شعبان ٳلا قلیلاً))رواه البخاري (۱۹۷۰) ، ومسلم (۱۱٥٦)
واته: هەموو شەعبان بەڕۆژوو دەبوو ، و مانگی شەعبان بەڕۆژوو دەبوو تەنها هەندێکی نەبێت .
4- پێغەمبەری خوا ﷺ هیچ کات دوو مانگی بەدوای یەکدا بەڕۆژوو نەدەبوو جگە لەمانگی شەعبان وڕەمەزان ، وزۆربەی شەعبان بەڕۆژوو دەبوو ودەیدا بە دەم مانگی ڕەمەزانەوە ، هەروەک ئوم سەلەمە گێڕاویەتیەوە ودەڵێت: ((ما رٲيت النبي ﷺ يصوم شهرین متتابعين ٳلا شعبان ورمضان )) رواه الترمذي (۷۳٦) ، والنسائي (۲۳٥٦) وصححە الٲلباني.
واتە: پێغەمبەری خوام ﷺ نەبینیوە هیچ کات دوو مانگی بەدوای یەکدا بەڕۆژوو بێت جگە لەمانگی شەعبان وڕەمەزان .
5- چاکەکردن لە کاتى غەفڵەت و بێئاگایی خەڵکدا ، فەرموودەکەی پێغەمبەری خوا ﷺ کە دەفەرموێ : ((ذلك شهْرٌ يغْفُل الناس عنْه بيْن رجب ورمضان))واتە: ئەوە مانگێکە خەڵک لێی بێ ئاگان لەنێوان ڕەجەب وڕەمەزاندایە .
ئاماژەیەکی تێدایە بەوەی کارێکی چاکە زیندوو کردنەوەی ئەو کاتانەی کەخەڵک لێی بێ ئاگان بەعیبادەت وکاری خێر ، و ئەوە شتێکە خوا وپێغەمبەر ﷺ پێیان خۆشە و لێی ڕازین ، هەر بۆیە هەندێ لەسەلەف پێیان باش بوو سوننەت کردن لەنێوان مەغریب وعیشادا ودەیان گوت ((هي ساعة الغفلة)) ، واته: ئەوە سەعاتێکە خەڵک لێی بێ ئاگان .
و بۆیە نوێژ لەسێ یەکی شەودا خێری زیاترە ؛ چونکە خەڵک لەو کاتەدا نوستوون وبێ ئاگان تیایدا لەزیکر ویادی خودا ، و پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: ((أقربُ ما يكونُ الربُّ من العبدِ في جوفِ الليلِ الآخرِ فإِنِ استطعْتَ أن تكونَ ممن يذكرُ اللهَ في تلْكَ الساعَةِ فكُنْ))رواه رواه الترمذي (۳٥۷۹) ، والنسائي ( ٥۷۲) وصححە الٲلباني.
واتە: نزیکترین کات کەخودا لەبەندەکەیەوە نزیکە لەناوەڕاستی شەودایە ، گەر توانیت لەو کەسانە بیت کەیادی خودا دەکەن لەو سەعاتەکەدا ئەوا ئەو کارە بکە .
هەر بۆیە سوننەت وزیکر ویادی خودا لەو جێگە وکاتانەدا کەخەڵک لێی بێ ئاگان وسەرقاڵی گاڵتە وگەپن چاکە وخێری زیاترە ، وەک بازاڕەکان وشوێنە گشتیەکان . لطائف المعارف لابن رجب (۱۳۱) .
6- یەکێک لەسوودەکانی چاکەکردن لەکاتی بێ ئاگای وسەرقاڵ بوونی خەڵکدا :
موسوڵمان گەر لەو کات وساتانەدا کاری چاکەی کرد ئەوا زیاتر کردەوەکانی بەپەنهانی دەبێت ، ونزیکترە لەئیخلاسەوە ، مرۆڤی موسوڵمان لەخۆی دڵنیا نییە لەوەی توشی ڕیا نەبێت گەر کردەوە چاکەکانی بەئاشکرا ئەنجام دا.
7- بەڕۆژوو بوونی مانگی شەعبان باشتر وچاکترە لەمانگە حەرامکراوەکانی تر ؛ چونکە ڕۆژووی مانگی شەعبان لەگەڵ ڕەمەزاندا هاوشێوەی سوننەتەکانی ترە لەگەڵ فەرزەکاندا ، وە هەروەک چۆن سوننەتە ڕاتیبەکان خێری زیاترە لەسوننەتی موتڵەق بەهەمان شێوە ڕۆژووی پێش وپاش ڕەمەزان خێری زیاترە لەوەی کەبەماوەیەکی دوورتر ڕۆژوو بگیردرێت . لطائف المعارف (۳٤ /۱۲۹) .
بەڵام بەنیسبەت ئەو فەرموودەیەوە کەدەفەرموێت : ((أفضل الصيام بعد رمضان، شهر الله المحرم ، وٲفضل الصلاة بعد الفريضة : صلاة الليل ))رواه مسلم .واتە: باشترینى ڕۆژووەكان دواى ڕۆژووى ڕەمەزان ڕۆژووى مانگى موحەڕەمە ، وباشترین نوێژ دوای نوێژە فەرزەکان: شەو نوێژە .
مەبەست لێی سوننەتی موتڵەق وبێ هۆکاره ، واتە : سوننەتی موتڵەق لەمانگی موحەڕەم دا باشترە ، پاشانی مانگەکانی تر ، هەروەک چۆن باشترین نوێژی سوننەتی موتڵەق: شەو نوێژه .
بەڵام بەنیسبەت مانگی شەعبانەوە ، پەیوەستە بەمانگی ڕەمەزانەوە ولەگەڵ ئەوە ، هاوشێوەی شەشەڵان کەباشترین ڕۆژووی سوننەتە .
هەروەک چۆن باشترین نوێژ دوای نوێژی فەرز وسوننەتە ڕاتیبەکان ، شەو نوێژە لای زۆربەی زانایان . لطائف المعارف (۳٤ /۱۲۹) .
8- مانگی شەعبان مانگی بەرز بوونەوەی کردەوەی ساڵانەیە بۆ لای خودا ، هەروەک لەم فەرموودەیەدا هاتووە : ((وهو شهْرٌ تُرْفَع فيه الأعْمال إلى ربِّ العالمين، فأحبّ أنْ يرْفعَ عملي وأنا صائمٌ))واتە: وئەوە مانگێکە کردەوەکان تیایدا بەرز دەبێتەوە بۆلای خودا ، بۆیە پێم خۆشە کاتێ کردەوەکانم بەرز دەبێتەوە بەڕۆژوو بم .
پێغەمبەر ﷺ پێی خۆش بوو لەکاتی بەرز بوونەوەی کردەوەکانیدا بەڕۆژوو بێت ؛ چونکە زیاتر نزیکە لەوەی خودا لێی قەبوڵ کات ، وپلەی بەرز ببێتەوە ، دەی با موسوڵمانان چاو لەپێغەمبەرەکەیان ﷺ بکەن ، ولەم ڕۆژانەدا زیاتر کردەوەی چاک بکەن لەنێویاندا زۆر بەڕۆژوو بن .
9- بەرز بوونەوەی کردەوە بۆ لای خودا سێ جۆرە هەروەک لەبەڵگە شەرعیەکاندا هاتووە :
جۆری یەکەم : بەرز بوونەوەی ڕۆژانە ، لەهەموو ڕۆژێکدا دوو جار کردەوە بەرز دەبێتەوە بۆلای خودا ، جارێک لەڕۆژو وجارێکی تریان لەشەودا ، هەروەک لەم فەرموودەیەدا هاتووە: (( يرفع إليه عمل الليل قبل عمل النهار وعمل النهار قبل عمل الليل ))رواه مسلم (179) .
کردەوەی ڕۆژ لەکۆتایی ڕۆژدا بۆ لای خودا بەرز دەکرێتەوە ، وبەهەمان شێوە کردەوەی شەو لەکۆتایی شەودا بۆلای خودا بەرز دەکرێتەوە ، فریشتەکان کردەوەی شەو لەکۆتایی شەو وسەرەتای ڕۆژدا بەرز دەکەنەوە ، وکردەوەی ڕۆژ لەکۆتایی ڕۆژو سەرەتایی شەودا بەرز دەکەنەوە ، هەروەک لەم فەرموودەیەدا هاتووە: ((يتعاقبون فيكم ملائكة بالليل وملائكة بالنهار ويجتمعون في صلاة الفجر وصلاة العصر ..))رواه البخاری ( ٥٥٥) مسلم (٦۳۲) .
واتە: فریشتەکان بەدوای یەکدا دێن بۆ ناوتان وچاودێریتان دەکەن ، فریشتە گەلێک لەشەودا وفریشتە گەلێکی تر بەڕۆژ ، وکۆ دەبنەوە لەنوێژی نیوەڕۆ وعەسردا .
هەرکەسێک لەو کاتانەدا لەعیبادەتدا بێت خودا بەرەکەت دەخاتە کار وڕزقیەوە. فتح الباري ( ۲ / ۳۷) .
هەر بۆیە زەحاک لەکۆتایی شەودا دەگریا ودەیگوت : (لا ٲدري ما رفع من علمي) واتە: نازانم چ کردەوەیەکم بەرز بووەتەوە . لطائف المعارف (۱۲۷)
جۆری دووەم: بەرز بوونەوەی هەفتانە ، هەموو هەفتەیەک کردەوەکان دوو جار بەرز دەبنەوە ، ڕۆژی دوو شەممە وپێنج شەممە ، هەروەک لەم فەرموودەیەدا هاتووە: ((تفتح أبواب الجنة يوم الاثنين ويوم الخميس، فيغفر لكل عبد لا يشرك بالله شيئا إلا رجلا كانت بينه وبين أخيه شحناء، فيقال: أنظروا هذين حتى يصطلحا، أنظروا هذين حتى يصطلحا، أنظروا هذين حتى يصطلحا))رواه مسلم (۳٦)
واتە: هەموو دوو شەممان وپێنج شەممانێک دەرگای بەهەشت دەکرێنەوە ، خودا لەهەموو کەسێک خۆش دەبێت کەهاوبەشی بۆ خودا بڕیار نەدابێت جگە لەکەسێک نەبێت کەلەنێوان خۆی وبراکەیدا ناخۆشیەک هەیە ، وپێیان دەڵێت: چاوەڕێی ئەو دووە بکەن تاوەکو سوڵح دەکەن ، چاوەڕێی ئەو دووە بکەن تاوەکو سوڵح دەکەن .
وئیبڕاهیمی نەخەعی لەڕۆژانی پێنج شەممەدا لەلای خێزانەکەیدا دەگریا وخێزانەکەشی لەگەڵی دەگریا ودەیان گوت ( الیوم تعرض ٲعمالنا علی الله )لطائف المعارف (۱۲۷) .
واتە: ئا ئەمڕۆ کردەوەکانمان بەرز دەبێتەوە بۆلای خودا وپیشانی دەدرێت .
جۆری سێیەم: بەرز بوونەوەی ساڵانەیە ، هەموو ساڵێک لەمانگی شەعباندا کردەوەکان بەرز دەبنەوە بۆ لای خودا ، هەروەک لەم فەرموودەیەدا هاتووە: ((وهو شهْرٌ تُرْفَع فيه الأعْمال إلى ربِّ العالمين، فأحبّ أنْ يرْفعَ عملي وأنا صائمٌ))
واتە: ئەوە مانگێکە کردەوەکان تیایدا بەرز دەبێتەوە بۆ لای خودا ، بۆیە پێم خۆشە کاتێ کردەوەکانم بەرز دەبێتەوە بەڕۆژوو بم .
پاشان هەموو کردەوەکان دوای مردن بەیەک جاری بەرز دەبنەوە ، ونامەی کردەوەکان دەپێچرێتەوە ، ئەمەش جۆرێکی تره لەبەرز بوونەوەی کردەوە .
10- هەر جۆرە بەرز بوونەوەیەک حیکمەتی خۆی هەیه وخودا دەیزانێت ، خوا بەرنامە دەنێرێت ، و پێغەمبەر ﷺ دەگەیەنێت ، وئێمەش تەسلیم بوونمان لەسەره .
11- باش وایە موسوڵمان کردەوەی چاکە زیاد بکات لەو کاتانەدا کەکردەوەکان بەرز دەبێتەوە بۆ لای خودا ،و دوو شەممە و پێنج شەم بەڕۆژوو بێت ، هاوشێوەی پێغەمبەر ﷺ کە لەمانگی شەعباندا کردەوەی چاکەى دەکرد و ڕۆژووی زۆر دەگرد ، لەپێناو بەدەست هێانی ڕازی بوونی خودادا .
12- با موسوڵمان بیرخۆی بێنێتەوە ، کردەوەکانی بەچاک وخراپەوە ، بەرز دەکرێتەوە بۆ لای خودا ، وبا کردەوەیەک بۆ خۆی هەڵبژێرێت ، کەپاداشتی لەسەر بێت نەک سزا .
13- مانگی شەعبان وەک پێشەکیەک وایە بۆ مانگی ڕەمەزان و وەک ڕاهێنان وایە بۆی ، ئەوەی لەڕەمەزاندا خێر وچاکە لەڕۆژوو وخوێندنی قورئان لەمانگی شەعبانیشدا خێر وچاکە ، بەڵکو ئامادە بێت بۆ مانگی ڕەمەزان ، و کاتێ کە ڕەمەزانی بەسەردا دێت چوست وچالاک بێت ، وتامی ڕۆژووی کردبێت . لطائف المعارف (134)
14- هەندێ کەس گلەیی قورسی ڕۆژوو و خوێندنی قورئان دەکەن لەڕەمەزاندا ، چونکە ئەوان خۆیان ئامادە نەکردووە بۆی و جگە لەڕەمەزان ڕۆژووی تر ناگرن وشەو نوێژ ناکەن جگە لەو مانگە ، کوا خۆ ئامادە کردن وخۆ ڕاهێنان بۆ مانگی ڕەمەزان ؟!
نەفس گەر ڕاهات لەسەر ئیسراحەت ونوستن ، ئەوا لەڕەمەزاندا قورس دەبێت لەسەری شەو نوێژ بکات وقورئان بخوێنێت بەبێ خۆ ڕاهێنان بۆی .
هەروەک ئەبو بەکری بەلخی دەڵێت: ( شهر الرجب شهر الزرع ، وشهر شعبان شهر سقي الزرع ، وشهر رمضان شهر حصاد الزرع) .
واتە: مانگی ڕەجەب مانگی چاندنە ، ومانگی شەعبان مانگی ئاودانی زەرعاتە ، ومانگی ڕەمەزان مانگی دوورینەوەی زەرعاتە .
وەهەروەها دەڵێت: ( مثل شهر رجب كالریح ، ومثل شهر شعبان مثل الغيم ، ومثل رمضان مثل المطر) . لطائف المعارف (121) .
واته: مانگی ڕەجەب وەک با وایە ، ومانگی شەعبان وەک هەور وایە ، ومانگی ڕەمەزان وەک باران وایە.
هەر کەسێک لەڕەجەب زەرعات نەکات ، ولەشەعباندا ئاوی نەدات ، چۆن لەڕەمەزاندا دەیدوورێتەوە؟!
و چۆن دەیەوێت هەست بەچێژ وخۆشی عیبادەت بکات لە مانگی ڕەمەزاندا لەکاتێدا پێش ڕەمەزان خۆی بۆی ئامادە نەکردووە وپێشتر ئەنجامی نەداوە وخۆی بۆ ئامادە نەکردووە ؟! .
دەی با پەلە بکەین پێش لەدەست چوونی هەلەکان ، یەحیای کوڕی مەعاز دەیگوت : ( لستُ ٲبکي علی نفسي ٳن ماتت فوات ، ٳنما ٲبکي علی حاجتي ٳن فاتت) حلية الٲولياء ( ۱۰ / ٥۱) ، والسیر ( ۱۳ / ۱٥) .
واتە: بۆ خۆم ناگریم کاتێ دەمرم ، بەڵکو بۆ هەل و پێویستیەکان دەگریم کاتێ لەدەست دەچن .
15- پێشەوایان و سەلەفی ساڵح خۆیان یەکلایی دەکردەوە بۆ خوێندنی قورئان لەمانگی ڕەمەزاندا ، ودەیان گوت: ( شهر شعبان شهر القرآن ) لطائف المعارف ( ۱۳٥) .
واتە: مانگی شەعبان مانگی قورئانە .
16- مانگی شەعبان مانگی هاریکاری کردنی کەسانی هەژار وموحتاجە وخێر کردنە پێیان ، بەڵکو بەهێز بن بۆ ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان وشەو نوێژ کردن لەشەوەکانی دا .
17- لەهەڵە باوەکان: لەمانگی شەعباندا کاتی دانی زەکاتیان دێت دوای دەخەن بۆ ڕەمەزان ، بەگومانی ئەوەی ڕەمەزان باشترە وخێری زیاترە ، جا دواخستنی زەکات دوای هاتنی کاتەکەی دروست نی یە ، چونکە ستەمە لەهەژار ، چونکە دواخستنیەتی لەکاتەکەی خۆی ، وتاوان وسەرپێچی خودایە ، بەڵام دروستە پێش خستنی زەکات لەبەر پێویستی هەژاران وهاریکاری کردنیان .
18- هەر کەسێک ڕۆژووی ڕەمەزانی ڕابردووی لەسەر بێت واجبە پەلە بکات لەگرتنەوەی پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان ، مادام توانای گرتنەوەی هەیه ، ودروست نی یه بەبێ عورز دوای بخات بۆ دوای ڕەمەزان .
دایکی ئیمانداران عائیشە خوای لێ ڕازی بێت دەڵێت : (( كَانَ يَكُونُ عَلَيَّ الصَّوْمُ مِنْ رَمَضَانَ، فَمَا أَسْتَطِيعُ أَنْ أَقْضِيَ إِلا فِي شَعْبَانَ))رواه البخاري (۱۹٥۰ ) ومسلم (۱۹٥۰ ) .
واتە: جاری وا هەبوو ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان قەرزدار بووم ، ونەم دەتوانی بیگرمەوە مەگەر لەشعباندا نەبێت .
ئیبن حەجەر دەڵێت: لەم فەرموودەیەدا سوور بوونی عائیشە خوای لێ ڕازی بێت دەردەکەوێت لەسەر ڕۆژوو کە لەشەعباندا قەزای دەکردەوە ، جا دروست نی یە دوا خستنی تاوەکو ڕەمەزانی داهاتوو دێت . فتح الباري (٤ /۱۹۱ ) .
19- هەر کەسێک ڕۆژووی ڕەمەزانی لەسەر بوو ، و قەزای نەکردەوە تاوەکو ڕەمەزانێکی تری بەسەردا هات ، وگەر لەبەر عوزرێکی بەردەوام بوو لەنێوان هەردوو ڕەمەزانەکەدا ، ئەوا تەنها قەزا کردنەوەی لەسەرە ، وهیچی تری لەسەر نی یە.
ئەوەش وەک ئەوەی نەخۆش بێت ، ونەخۆشیەکەی بەردەوام بێت تاوەکو ڕەمەزانەکەی تر ، ئەمەیان هیچ تاوانی لەسەر نی یە لەسەر دواخستنەکەی ، چونکە عوزری هەیە ، وتەنها قەزا کردنەوەی لەسەرە ، وئەو ڕۆژانە دەگرێتەوە کەنەیگرتوون .
بەڵام گەر ئەو دوا خستنە بەبێ عوزر بوو ، ئەوا ئەو کەسە تاوان بار دەبێت ، وزانایان کۆ دەنگن لەسەر ئەوەی قەزا کردنەوەی لەسەره ، بەڵام جیاوازن لەوەدا کەئایا لەگەڵ قەزا کردنەوەکەدا کەفارەتیشی لەسەرە یاخود نا ؟
بۆچوونێک هەیە دەڵێت: قەزای دەکاتەوە وبۆ هەر ڕۆژێکیش خواردنی هەژارێک دەدا ، ئەوەش بۆ چوونی مالک و شافعی وئەحمەدە ، وەلەم بارەوە هەندێ ئەسەر لەهەندێ سەحابەوە هاتووە .
وەهەندێکی تر لەزانایان دەڵێن: تەنها قەزای دەکاتەوە وکەفارەتی لەسەر نی یە ، ئەوەش مەزهەبی ئەبو حەنیفەیە ، وابن عثیمین هەڵی بژاردووە ولای پەسەندە . .بڕوانە: المغني (٤/ ٤۰۰) ، والشرح الممتع ( ٦ /٤٤٥) .
20- دروست نی یە تایبەت کردنی نیوەی شەعبان بەڕۆژوو گرتن وەهەروەها تایبەت کردنی شەوەکەی بەنوێژ، یاخود تایبەت کردنی بەسەردانی قەبرستان ، یاخود خێر کردن بۆ مردوو ، یاخود جۆرێکی تایبەت لەعیبادەت ، هەموو ئەمانە بیدعەن .
و فەرموودەی سەحیح نی یە لەبارەی فەزڵی عیبادەت کردن لە شەوی نیوەی شەعبانەوە کەبتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت ، بەڵکو فەرموودەکان یان زەعیفن ویاخود مەوزوع ودروستکراون ، بەپێچەوانەی هەندێ لەزانایانەوە کەبەسەحیحیان داناوە .
دوو باره تەئکید لەوە دەکەینەوە ئەو فەرموودانەی لەو بارەیەوە هاتوون یان زەعیفن ویاخود مەوزوع وهەڵبەستراون بەدەم پێغەمبەرەوە ﷺ ، وهیچ شتێکی وا سابت نەبووە لەپێغەمبەر ﷺ ،وهاوەڵانەوە .
المنار المنیف لابن القیم ( ۹۸ ) ، والفوائد المجموعة للشوكاني ( ۱۰٦) ، وفتاوی ابن باز (۱/ ۱۸٦ ) ، وفتاوی اللجنة الدائمة(۳/ ٦۱ ) .
21- هەرکەسێک عادەتی وا بوو شەو نوێژ بکات ، ونیوەی مانگی شەعبان شەو نوێژی کرد بێ ئەوەی باوەڕی وا بێت ئەو شەوە زیادەی خێری هەیە وتایبەتمەندی خۆی هەیه ، ئەوا هیچی لەسەر نی یە وکارەکەی دروستە .
22- دروست نی یه تایبەت کردنی نیوەی مانگی شەعبان بەڕۆژوو گرتن ، مەگەر بۆ کەسێک عادەتی وا بێت ڕۆژ نا ڕۆژێک یاخود دوو شەم وپێنج شەم بەڕۆژوو بێت وئەو ڕۆژە بکەوێتە ئەو ڕۆژەوە کەئەم تیایدا بەڕۆژوو دەبێت ، بۆ ئەم کەسە دروستە بەڵام کاتێ کەباوەڕی وا نەبێت خێری زیاترە وتایبەت مەندی خۆی هەیە وە ئەو فەرموودەی لەو بارەیەوە هاتووە زەعیفە وسەحیح نی یە .
23- ڕۆژووی نیوەی شەعبانە لەو ڕۆژانە کەڕۆژوو گرتن تیایدا سوننەتە چونکە دەکەوێتە ڕۆژە سپیەکانەوە کە(۱۳ - ۱٤ - ۱٥) ـە ، بۆیە هەر کەسێک بەو نیەتە بەڕۆژوو بێت ئەوا سوننەتی پێکاوە ، بەڵام نابێ باوەڕی وا بێت ئەو ڕۆژە خێری زیاترە لەمانگەکانی تر ، بەڵام گەر کەسێک بەتەنها ئەو ڕۆژە ،واتە (۱٥) شەعبان بگرێت ئەوا پێی ناوترێت ڕۆژە سپی یەکان بەڕۆژوو بووە ، بەڵکو بۆیە بەتەنها گرتوویەتی بەنیەتی زیادەی خێر نەبێت لەو ڕۆژەدا ئەوەش ڕێگری لێ کراوە . اقتضاء صراط المستقيم لابن تيمية (۲/ ۱۳۸ ) ، ولطائف المعارف (۱۳٦) ، وفتاوی ابن باز (۱/ ۱۸٦ ) .
24- زۆربەی زانایان فەرموودەی : (( ٳذا انتصف شعبان فلا تصموا ))رواە ٲبو داود ( ۲۳۳۷) ، والترمذي (۷۳۸ ) ، وابن ماجە ( ۱٦٥)
واتە: کاتێ مانگی شەعبان گەشتە نیوە بەڕۆژوو مەبن.
بەزەعیفيان داناوە ، وگەورە زانایان دەڵێن : فەرموودەیەکی مونکەرە ، لەوانە: عبدالرحمن بن مهدي ، وٲحمد بن حنبل ،وٲبو زرعة . لطائف المعارف ( ۱۳٥) .
هەر بۆیە ڕۆژووی دوای نیوەی شەعبان مەکروە نی یە ، تەنها پێش ڕەمەزان نەبێت بەڕۆژێک یاخود دوو ڕۆژ کەحەرامە لەو ڕۆژانە ڕۆژوو بگیردرێت.
25- لەسەر ئەو بۆچوونەش کەفەرموودەی ڕێگری کردن لەڕۆژووی دوای نیوەی شەعبان بەسەحیح دەزانن ئەو کەسانە ناگرێتەوە کەعادەتیان وا بێت بەڕۆژوو بن تیایدا ، وەک کەسێک عادەتی وا بێت ڕۆژ نا ڕۆژێک یاخود دوو شەم وپێنج شەم بەڕۆژوو بێت وئەو ڕۆژە بکەوێتە ئەو ڕۆژەوە کەئەم تیایدا بەڕۆژوو دەبێت ، بۆ ئەم کەسە دروستە بەڵام کاتێ کەباوەڕی وا نەبێت خێری زیاترە وتایبەتمەندی خۆی هەیە ، و هەرکەسێک پێش پازدەی مانگی شەعبان بەڕۆژوو بوو ولەگەڵیشیا دوای پازدەی مانگ بەڕۆژوو بوو ئەمەش فەرموودەکە نایگرێتەوە ، چونکە لەفەرموودەدا هاتووە: ((کان یصوم شعبان کله ، کان یصوم شعبان ٳلا قلیلا))رواه البخاري ( ۱۹۷۰ ) ومسلم ( ۱۱٥٦) .
واتە: هەموو شەعبان بەڕۆژوو دەبوو ، ومانگی شەعبان جگە لەهەندێکی نەبێت هەمووی بەڕۆژوو دەبوو .
وە هەروەها ئەوانەش ناگرێتەوە کەلەدوای نیوەی شەعبان ڕۆژووی قەرزی ڕەمەزان دەگرنەوە .
26- حەرامە ڕۆژوو گرتنی پێش ڕەمەزان بەڕۆژێک یاخود دوو ڕۆژ ، مەگەر بۆ کەسێک عادەتی وا بێت بەڕۆژوو بێت ، یاخود ڕۆژووی نەزری لەسەر بێت ، یاخود ڕۆژووی ڕەمەزانی ساڵی ڕابردووی لەسەر بێت ، یاخود لەگەڵ ڕۆژانی پێشوو بەدەم یەکەوە بەڕۆژوو بێت ، لەبەر ئەم فەرموودەیه: (( لا تَقَدَّمُوا رَمَضَانَ بِصَوْمِ يَوْمٍ وَلا يَوْمَيْنِ إِلا رَجُلٌ كَانَ يَصُومُ صَوْمًا فَلْيَصُمْهُ ))رواە البخاري (۱۹۱۳) ومسلم (۱۰۸۲) .
واتە: پێش ڕەمەزان بەڕۆژێک یاخود دوو ڕۆژ بەڕۆژوو مەبن، مەگەر کەسێک نەبێت عادەتی وا بێت بەڕۆژوو بێت با بەڕۆژوو بێت .
27- بە ڕۆژوو بوونی کۆتایی شەعبان سێ حاڵەتی هەیە:
یەکەم : بەنیەتی ڕەمەزان وەک ئیحتیات بەڕۆژوو بێت ، ئەمەیان دروست نی یە وڕێگری لێ کراوە .
دووەم: بەنیەتی نەزر ، یاخود قەزا کردنەوەی ڕەمەزان بەڕۆژوو بێت ، ئەم جۆرەیان لای جمهوری زانایان دروستە .
سێیەم: بەنیەتی سوننەتی موتڵەق بگیردرێت ، ئەمەیان مەکروهە ، مەگەر بۆ کەسێک عادەتی وا بێت بەڕۆژوو بێت ئەم کەسە بەڕۆژوو دەبێت ، یاخود پێش دوو ڕۆژ پێش ڕەمەزان بەڕۆژوو بووبێت ولەگەڵ ڕەمەزان بیداتە دەم یەک .شرح النووي علی مسلم (۷/ ۱۹٤) ، ولطائف المعارف ( ۱٤٤) .
28- حیکمەت لەڕێگری کردن لەبەڕۆژوو بوونی ڕۆژێک یاخود دوو ڕۆژ پێش ڕەمەزان وەک لە کتێبی (لطائف المعارف) دا هاتووە بۆ ئەوەیە ڕۆژووەیەک بۆ ڕەمەزان زیاد نەکرێت کەبەشێک نییە لەو ، ئەمەش نەک وەک ئەهلی کتاب لێ بێت کەبەبۆچوونی خۆیان ڕۆژوویان زیاد دەکرد .
وەهەروەها لەبەر جیاوازی کردن لەنێوان ڕۆژووی فەرز وسوننەت ، و جیاوازی خستنە نێوان خودی یەک جۆر لە عیبادەتەکان لەسوننەت وفەرزەکاندا دروستە وکارێکی باشە ، هەر بۆیه پێغەمبەر ﷺ ڕێگری کردووە لەوەی نوێژی سوننەت بلکێندرێت بەنوێژی فەرزەوە بەبێ گۆڕینی جێگەی نوێژ یاخود قسە کردن لەنێوانیاندا ( ٤) . صحيح مسلم ( ۸۸۳ ) .
29- ڕۆژی گوماناوی (یوم الشك) ڕۆژی سی (۳۰) شەعبانە کاتێ کەجەوی دونیا هەورە ومانگ نابینردرێت ، ئەم ناوەی لێ نراوە ، چونکە گومانی تێدایه ، لەو ڕووەوە ئایا کۆتا ڕۆژی شەعبانە یاخود یەکەم ڕۆژی ڕەمەزانە ؟
ڕۆژووی ئەم ڕۆژە حەرامە مەگەر بۆ کەسێک کەعادەتی وا بێت بەڕۆژوو بێت وبکەوێتە دوو شەم یاخود پێنج شەممەوە ، لەبەر ئەم فەرموودەیه: (( من صام یوم الشك فقد عصی ٲبا القاسم))
واتە: هەر کەسێک لەڕۆژی گوماناوی (یوم الشك)دا بەڕۆژوو بێت ، ئەوا بەتەئکید بێ فەرمانی پێغەمبەری ﷺ کردووە . رواه البخاري معلقا بصیغة الجزم ( ۳/ ۲۷) ، ووصله ٲبو داود ( ۲۳۳٤) ، و الترمذي (٦۸٦) ،وصححه الٲلباني .
30- لەمانگی شەعباندا چەند ڕووداوێکی گەوره ڕوویان داوە ، لەوانە:
ــ لەساڵی دووی کۆچی دا ڕۆژووی تیادا فەرز کرا .
ــ گۆڕینی قیبلە لەقودسەوە بۆ کەعبەی پیرۆز ، ئەوەش هەر لەساڵی دووی کۆچی دا بوو ، و بۆچوونێک هەیە دەڵێت: نەخێر لەمانگی ڕەجەبدا بوو ، وبۆچونێکی تر هەیە پێی وایه لەمانگی (جمادي الآخرە) دا بووە .
ــ مارەکردنی حەفەسه لەلایەنە پێغەمبەرەوە ﷺ لە ساڵی سێی کۆچی .
ــ غەزای (بني المصطلق) لەساڵی پێنجی کۆچی دا .
ــ غەرزای (تبوك) لەساڵی نۆی کۆچی ، وئەو جەنگە لەڕەجەبدا بوو ولەڕەمەزاندا گەڕایەوە ، وبۆچوونێک هەیە گوایە لەشەعباندا بووە .
وصلى الله على محمد وعلى آله محمد