ئەو ڕۆژانەی کەحەڕامە تیایدا بەڕۆژوو بیت کامانەن؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەکەم: ڕۆژووی هەردوو جەژنەکە:
حەڕامە ڕۆژوو گرتنی هەردوو جەژنەکە (جەژنی ڕەمەزان وقوربان) ، هەریەک لە: أبو جعفرٍ الطبريُّ، وابنُ المنذِرِ، والطحاويُّ، وابنُ حزمٍ، وابنُ عبدِ البَرِّ، وابنُ رشدٍ، وابنُ قُدامةَ، والنوويُّ کۆدەنگی زانایانیان لەم بارەیەوە نەقڵ کردووە.
دووەم: ڕۆژووی (أيَّامُ التَّشريق)،واتە: دووەم ڕۆژی جەژنی قوربان تا چوارەم ڕۆژ:
1- مەبەست بە(أيَّامِ التَّشريقِ) یازدە ، ودوازدە ،وسیازدەی ، مانگی(ذي الحِجَّة)یە.
2- حوکمی ڕۆژووی (أيَّامُ التَّشريق):
حەڕامە ڕۆژوو گرتنی ڕۆژانی (أيَّامُ التَّشريق)،واتە: دووەم ڕۆژی جەژنی قوربان تا چوارەم ڕۆژ ، ئەمەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە ، وبۆچوونی زاهیریەکان ، وزۆربەی زانایانیشە.
سێیەم: ڕۆژووی( يومِ الشَّكِّ )،واتە: ڕۆژووی ئەو ڕۆژەی کەگومان هەیە ئایا ڕەمەزانە یاخود نا:
1- پێناسەی( يومِ الشَّكِّ ):
"يومُ الشَّكِّ": بریتی یە لەسی شەعبان ، کاتێ کە مانگ نابینرێت ونازانرێت ئەو ڕۆژە ڕەمەزانە یاخود نا.
2- حوکمی ڕۆژووی "يومِ الشَّكِّ":
حەڕامە ڕۆژوو گرتنی "يومِ الشَّكِّ" لەترسی ئەوەی نەوەک ڕەمەزان بێت ، یاخود وەک ئیحتیات وەرگرتنێک ، ئەوەش مەزهەبی مالکی ، وشافعیەکانە ، وڕیوایەتێکیشە لەئەحمەدەوە ، وقسەی کۆمەڵێک لەسەلەفە ، وەهەریەک لە الجصَّاص، وابنُ حَزمٍ، وابنُ عبد البَرِّ، وابنُ عُثَيمين ئەم بۆچوونەیان لاپەسەندە.
چوارەم: ڕۆژوو گرتنی سوننەت لەلایەن ئافرەتەوە بەبێ ئیزنی مێردەکەی:
1- حوكمی ڕۆژوو گرتنی سوننەت لەلایەن ئافرەتەوە بەبێ ئیزنی مێردەکەی:
دروست نی یە بۆ ئافرەت ڕۆژووی سوننەت بگرێت کاتێ کەمێردەکەی حازرە ، مەگەر ڕێگای بدات ، ئەمەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.
2- حوکمی ئەو پیاوەی کەڕۆژووی سوننەت بەخێزانەکەی دەشکێنێت کاتێ کەبەبێ ئیزنی ئەو بەڕۆژوو بووە:
کاتێ کەئافرەت بەبێ ئیزنی مێردەکەی ڕۆژووی سوننەتی گرت ئەوا مێردەکەی دەتوانێت پێی بشکێنێت ، ئەمەش بەکۆدەنگی هەر چوار مەزهەبەکە.