چۆن مرۆڤ ڕزگاری دەبێت لەخۆڕازی بوون بەشێوەیەکی زانستی ؟ هەندێ جار کە کارێك دەکەم ـ جا کاری عیبادەت بێت یاخود خێر وسەدەقە ـ هەست بەجۆرێک لە لەخۆڕازی بوون دەکەم ، ئەوەش زۆر ناڕەحەتم دەکات ، جا ئایا چۆن بتوانم لەوە دەرباز ببم ؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە ، وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا ، وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
براى بەڕێزمان بزانە کە لەخۆڕازی بوون دەردێکە زۆر کەس بەدەستیەوە گیرۆدە بوونە ، و ترسناکیەکەی لەوەدایه مرۆڤ لەبری چاوەڕێی سوپاسی خودا وپاداشتەکەی بکات چاوی لەوەیه خەڵک وەسفی بکەن و پیایا هەڵدەن ، ئەمەش پێچەوانەیه لەگەڵ ئیخلاس و بۆ خوا سوڵحان ، و لەخۆڕازی بوون تەواو دژی خۆشکاندن و خۆ بەکەم زانین وهەست کردن بەهەژاری و بێ دەسەڵایەتییە بەرانبەر بەخوداى گەورە .
وە زانایانی شارەزا لەخو و ڕەوشتدا ئەوەیان یەکلایی کردووەتەوە کە لەحەقیقەتدا هۆکاری لەخۆڕازی بوون بۆ نەزانین وبێ ئاگایی مرۆڤ دەگەڕێتەوە ، خۆ ئەگەر لەگەڵ ئەوەشدا وەسف و سەنای خەڵکی بۆ زیاد ببێت و زۆر پیایا هەڵدەن ، لەگەڵ لاوازی هەست کردن بەچاودێری خودا و کەمی وەرع وترسان لێی ، ئەوا ئەو بەڵا کوشندەیە بەتەواوی لەمرۆڤ کۆدەبێتەوە ولەنێوی دەبات مەگەر خودا بەڕەحمی خۆی فریایی کەوێت .
زاناى پایەبەرز ابن القيم رحمه الله دەڵێت: " بێ ئاگا بوون و نەزانین و کەم عیلمی بەپەروەردگاری ومافەکانی و ئەوەی پێویستە بیکات وا لەمرۆڤ دەکات ڕازی بێ بەو عیبادەت وتاعەتەی کەدەیکات وگومانی باشی بەخۆی هەبێت ، لەمەشەوە مرۆڤ توشی لەخۆڕازی بوون و خۆ بەگەورەزانین دەبێت وچەند دەردێک کەهەندێکیان لەتاوانە دیارەکان ترسناکترن هاوشێوەی زینا وخواردنەوەی عەرەق وهەڵاتن لەجەنگ وهاوشێوەی ئەمانە . "مدارج السالكين" (1/175) .
وەزانایان چەند کتێبێکیان هەیە لەم بارەیەوە وچارەسەرەکەیان خستووەتە ڕوو ، باشترین وگرنگترینیان کتێبەکەی زانای پایەبەرز ( ابن حزم الأندلسي)یە ڕەحمەتی خوای لێ بێت ، و ئێمە لێرەدا کورتەیەکی لێ نەقڵ دەکەین :
ابن حزم دەڵێت :
هەرکەسێک توشی لە خۆڕازی بوون بوو با بیر لە عەیب وکەم وکورتیەکانی بکاتەوە ، گەر سەرسام بوو بەچاکەکانی با ورد بێتەوە لەڕەوشتە ناشیرینەکانی ، خۆ ئەگەر هەستی بە کەم وکورتیەکانی نەکرد بەشێوەیەک وا گومانی دەبرد هیچ عەیبێکی نی یە ئەوا با بزانێت توشی بەڵایەک بووە بۆ هەتا هەتایه ، و ئەو ناتەواوترین مرۆڤە ، و لەهەموان عەیبی زیاترە ، ولەهەموان بەرچاوڕوونی و جوداکاری کەمترە .
وە یەکەم شت ئەو کەسێکە عەقڵی لاوازە ، و جاهل و نەزانە ، وهیچ عەیبێک نی یە لەم دووە کوشندە تر بێت ؛ چونکە کەسی عاقڵ ئەو کەسەیه کەهەست بەعەیبەکانی دەکات وهەوڵی چارەسەرکردنیان دەدات وکەسی ئەحمەق و گێل ئەو کەسەیە کەبێئاگایە لەکەم وکورتی وعەیبەکانی خۆی .
وەدڵنیابە لەوەی: هیچ مرۆڤێک بێ عەیب وکەم وکورتی نی یە ، جگە لەپێغەمبەران صلوات الله عليهم ، هەر کەسێک هەست بەکەم وکورتیەکانی خۆی نەکات ئەوا لەنێو چووە ، وبووە بەکەسێکی لاواز وعەقڵ ناتەواو و تێنەگەیشتوو ، بەشێوەیەک هیچ کەسێک هاوشێوەی ئەو نی یە لەخراپیدا ، جا با فریای خۆی بکەوێت بەگەڕان بەدوای عەیبەکانیدا ، وسەرقاڵ بوون بەوەوە ودوور بکەوێتەوە لە لەخۆ ڕازین بوون ، و عەیبی کەسانی تر .
وە من هیچ سودێک لەگوێبیست بوونی عەیبی خەڵکدا نابینم جگە لەوە نەبێت ببێتە پەند بۆ مرۆڤ و لەو عەیبانە دوور کەوێتەوە گەر تێیدا بوو وە هەوڵ بدات خۆی لێ قوتار کات بەپشت و پەنای خودا .
وە باسکردنی کەم و کورتی خەڵک عەیبێکی گەورەیه وبەهیچ شێوەیەک دروست نی یە ، و واجبە مرۆڤ لێی دوور بکەوێتەوە تەنها بۆ کاتی ئامۆژگاری نەبێت بۆ کەسێک کەگومانی توش بوونی بەخراپەیەک هەبێت بەهۆیەوە.
پاشان دەڵێین بەو کەسەى کە سەرسامە بە خۆى : دووبارە بگەڕێوە بۆ لای دەروونت ، خۆ ئەگەر عەیبەکانت دەستنیشان کرد ، ئەوا عەیبەکەت چارەسەر کردووە ، وبەراوردی خۆت مەکە لەگەڵ کەسانێکدا کەعەیب وکەم وکورتیان لەتۆ زیاترە وببیتە کەسێکی چاولێکەر لەکەسانی خراپەکار وئەهلی شەڕ ، وتەقلید وچاو لێکەری کەسانی چاک زەم کراوە چ جای چاو کردن لەئەهلی شەڕ ، بەڵکو خۆت بەراورد بکە لەگەڵ کەسانی لەخۆت باشتردا ، ئەو کات ئەو لەخۆڕازیبوونەت نامێنێت ، و بەخەبەر دێیت و ڕزگارت دەبێت لەو دەردە کوشندەیە ئەوەی کەوای لێ کردووی خەڵک بەکەم بزانیت ، کەسانێک کەبێگوومان تیاندا هەیە لەتۆ باشتر وچاکترە ، خۆ ئەگەر بەناحەق بەکەم تەماشات کرد ، ئەوا ئەوان بەحەق تۆ بەکەم دەزانن ؛ چونکە خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ( وَجَزَاءُ سَيِّئَةٍ سَيِّئَةٌ مِثْلُهَا ) .
واتە: وه سزای خراپهش خراپهیهكی هاوشێوهی خۆیهتی، كهسێك كه ستهمی لێ كردیت ئهتوانی وهڵامی بدهیتهوه وهكو خۆی نهك زیاتر.
وە ئەگەر سەرسام بوویت بەعەقڵت : ئەوا بیر لەو هەموو خراپەیە بکەرەوە کەبەمێشکتدا دێت ، وئەو هەموو ئاواتە پڕو پوچانەی کەهەتە ، ئەوکات هەست بەناتەواوی عەقڵت دەکەیت .
وە ئەگەر سەرسام بوویت بەبۆچوونەکانت : ئەوا بیر لەبۆچوونە هەڵەکانت بکەرەوە ، و لەبەری بکە و لەیادیان مەکە ، هەموو ئەو بۆچوونانەی کە ناتەواو و هەڵە دەرچوون و بەو شێوەیە نەبوون کەتۆ چاوەڕێت دەکرد و لێکدانەوەت بۆ دەکرد و بۆچوونی کەسانی تر ڕاست دەرچوو وتۆ بەهەڵەدا چووی ، خۆ ئەگەر وات کرد ئەوا کەمترین شت بۆ چوونە ڕاست و هەڵەکانت بەرانبەر دەبنەوە و لەئەنجامدا بۆت دەردەکەوێت کەتۆ کەسێکی هێنده زیرەکیش نیت ، ئەمە لەکاتێکدایە کەهەڵەکردن وبەهەڵەدا چوون زیاترە ، ئەمەحاڵی هەموو کەسێکە جگە لەپێغەمبەران صلوات الله عليهم .
ئەگەر سەرسام بوویت بەکردەوەکانت : ئەوا بیر لەتاوانەکان و کەموکورتیەکان و بار و گوزەرانی ژیانت بکەرەوە ، دەی سوێند بەخودا هەست دەکەیت بەوەی کەخراپەت لەچاکەت زۆرترە ، ئەو کات لەبری لەخۆ بایی بوون هەست بەکەمی خۆت دەکەیت .
وەئەگەر سەرسام بوویت بەزانستەکەت : ئەوا بزانە هیچ ئازایی خۆتی تێدا نی یە ، بەڵکو بەخششی خودایە ، وپێی بەخشیوی ، ودوور نی یە لێت وەرگرێتەوە ولەبیرت بەرێتەوە ، بۆیە لەبەرانبەر ئەو بەخششەدا لەبری سوپاسگوزاری خودا کارێک مەکە خودا لەخۆت تووڕە بکەیت ، کەوا پێویست بکات توشی لەبیرچوونەوەت بکات وهەموو ئەو شتانەی لەبەرت بوون لەبیرت بەرێتەوە .
وە بزانە زۆر لەو کەسانەی کەسوورن لەسەر خوێندنەوە و وەرگرتنی زانست وزانیاری شتێکی ئەو تۆ لەو زانستە دەست ناخەن ، دەی با کەسانی خاوەن زانست بزانن گەر زانست بەهەوڵدان بێت ئەوا کەسانی تر لەپێشی ئەوەوەن ، کەواتە زانست دیاری وبەخششی خودایە ، بۆیە هیچ مەجالێک بۆ لەخۆڕازی بوون ولەخۆبایی بوون نییە ، ئەمە تەنها شوکر وسوپاسی خودای پێویستە بەڵکو زیادی بکات ولێی وەرنەگرێتەوە .
پاشان بیربکەرەوە وبزانە ئەوەی لێت شاراوەیە ونایزانی زۆر زیاترن لەوەی تۆ دەیزانیت وخۆتی پێوە هەڵدەکێشی ، بۆیە لەبرى لەخۆبایی بوون هەست بەکەمی خۆت بکە وسەرزەنشتی خۆت بکە .
وەبیرکەرەوە لەوانەی کە لەتۆ زیرەکترن ، ئەو کات بۆت دەردەکەوێت کەسانێکی زۆر هەن ، و ئەو کات خۆت بەکەم دەزانیت .
وەبیر لەوە بکەوە بزان چەند پێچەوانەی ئەو زانستەى دەیزانی کار دەکەیت وکار بەزانستەکەت ناکەیت ، زانستەکەت بەڵگەیە لەسەرت ، بەتەئکید نەزان بویتایە ڕەنگە سەلامەتتر بویتایە ، و بزانە لەم حاڵەتەدا کەسی نەزان عاقڵ ترە لەتۆ وحاڵی باشترە وعوزری زیاتری هەیە ، گەر وات کرد ئەوا بەتەواوی لەخۆبایی بوونت نامێنێت .
دواتر ڕەنگە ئەو زانستەی تۆ سوودێکی ئەوتۆی نەبێت ، وبڕوانە بۆ ئەو کەسانەی کەزانستەکەیان لەزانستی تۆ زۆر باشترە بۆ دین ودونیا ، ئەوکات هەست بەکەمی خۆت دەکەیت .
وە گەر بەئازایەتیەکەت سەرسام بووی ئەوا بیر لەو کەسانه بکەوە کە لەتۆ ئازاترن ، ودواتر بیر لەوە بکەوە بزان ئەو ئازایەتیەت لەچیدا بەکارهێناوە ، خۆ ئەگەر لەتاواندا بەکارت هێنابێت ئەوا تۆ کەسێکی ژیر نیت ؛ چونکە خۆت بۆ شتێک تەرخان کردووه کە هیچ نی یە ، و گەر لەعیبادەتدا بەکارت هێنابێت ، ئەوا بە لەخۆبایی بوونەکەت بەتاڵت کردۆتەوە ، دواتر بیر بکەرەوە لەکاتی پیریدا ئەو ئازایەتیەت نامێنێت ، وگەر بژی هاوشێوەی منداڵ لاواز دەبیت ودەبیتە کەسێکی ئاسایی .
ئەمە لەکاتێکدایە من زۆر بەکەمی لەخۆبایی بوونم لەکەسانی ئازادا بەدی کردووە ،و بەوە پاکی وبەرزی ئەوانم هەست پێ کردووە .
وە گەر بەناوبانگت سەرسامی لەدونیادا: ئەوابیر لەهاوشێوەکانت بکەوە ، ڕەنگە لەلای تۆ کەسانێکی کەم و هیچ نەبوو بن ، کەواتە بزانە ئەوانیش بەو شێوەیە تەماشای تۆ دەکەن.
وە بزانە سەرسامیت بەماڵەکەت بێعەقڵیە؛ چونکە ئەوە تەنها کۆمەڵە بەردێکە سوودی لێنابێنیت تەنها کاتی نەبێت لەجێگای خۆیدا بەکاری دێنیت ، وماڵیش دێت ودەڕوا ، ودوور نییە لەدەستت بچێت ، وبچێتە دەستی کەسانی ترەوە ، ودوور نییە بچێتە دەستی ناحەزانی تۆوە ، بۆیە سەرسام بوون بەماڵ بێعەقڵیە ، وسیقە بوون پێی لاوازی وغڕوڕە .
وە گەر سەرسامی بەجوانیەکەت ئەوا بیر لەوانە بکەوە کەتوشت دەبێت وئێمە شەرم دەکەین لەباسکردنی ، وخۆت شەرمی لێ دەکەیت ، وئەوەندەی ئاماژەمان پێدا کافیە .
وە گەر سەرسام بوویت بەوەسف وسەنای هاوەڵەکانت بۆ تۆ: ئەو کات بیر لەبەخراپە باسکردن بکەوە لەلای ناحەزانت ، ئەو کات لەخۆڕازی بوونت نامێنێت ، خۆ ئەگەر هیچ دوژمنێکت نەبێت ئەوا هیچ خێرێک لەتۆدا نی یە ، وهیچ پلەو پایەیەک نی یە کەمتر بێت لەپلەو پایەیی کەسێک کەهیچ دوژمنێکی نی یە ، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ئەو کەسە نیعمەتێکی بەسەرەوە نی یە خەڵک حەسوودی پێ بەرن ، خوا بمانپارێزێت .
وە ئەگەر عەیبەکانت بەکەم هاتە پێش چاو: ئەوا بیر لەوانە بکەوە گەر خەڵک هەموو عەیبەکانت بزانن ، ئەو کات هەست بەتەریقی دەکەیت ، حەتمەن ئەو کات هەست بەکەمی خۆت دەکەیت گەر کەمترین جودا کاریت هەبێت .
وە گەر سەرسام بیت بەبنەماڵە ونەسەبت : ئەوا ئەم شتەت لەهەموو ئەو شتانەی پێشوو خراپترە کەباسمان کرد؛ چونکە ئەوەی تۆ پێی سەرسامی نە لەدونیا و نە لەقیامەت هیچ سوودێکت پێ ناگەیەنێت ، بڕوانە بزانە سوودت پێ دەگەیەنێت لەکاتی برسێتی دا ، وعەورەتت دادەپۆشێت ، ویاخود لەدواڕۆژدا سوودت پێدەگەیەنێت .
وە بزانە ڕاگرتنی دەروون قورسترە لەڕاگرتنی شێر ، چونکە شێر کاتێ لەماڵدا سجن دەکرێت ئەمین دەبیت لەشەڕی ، بەڵام نەفس ودەروون هەرچەند سجن بکرێت ئەمین نابیت لەشەڕی .
بڕوانە : "بريقة محمودية" (2/237)