40 خاڵی گرنگ سەبارەت بە دە ڕۆژی یەکەمی مانگی حاجیان: ماڵپەڕی وەڵامەکان
40 خاڵی گرنگ سەبارەت بە دە ڕۆژی یەکەمی مانگی حاجیان
پرسیار:

وەکو دەزانن نزیک بوینەتەوە لە مانگی جاجیان جا دەمەوێ زانیاریم بدەنێ سەبارەت بە فەزڵ و گەورەیی دە ڕۆژی یەکەمی مانگی حاجیان.

الحمد لله والصلاة والسلام علی رسول الله .
ئەمە کورتە باسێکە لەبارەی فەزڵ و گەورەیی دە ڕۆژی یەکەمی مانگی حاجیان (ذي الحجة) ، داوا کارین لە خوای پەروەردگار بیکاتە مایەیی خێر بۆ هەموو لایەک و پاداشتی هەموو ئەوانەش بداتەوە کە دەبنە هۆکاری بڵاو کردنەوەی .

1-خوای پەروەردگار فەزڵ وڕێزی هەندێ لەدروستکراوەکانی داوە بەسەر ئەوانی تردا لەهەندێ شتدا ، و ڕێزی هەندێ کات و ڕۆژ و مانگی داوە بەسەر ئەوانی تردا ، فەزڵ و ڕێزی دەڕۆژی یەکەمی مانگی حاجيانى داوە بەسەر ڕۆژەکانی تردا و لەناو ئەو دە ڕۆژەشدا ڕۆژی جەژنی قوربانی داوە بەسەر نۆ ڕۆژەکەی تردا  ، وباشترین ڕۆژەکانی حەفتە ڕۆژی هەینی یە ، وباشترین شەوەکان: دەشەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزانە ، و لەو دە شەوەشدا شەوی قەدر باشترینیانە .

2- خوای گەورە لە ساڵ و کاتەکاندا جۆرەها دیاری و هەلی داناوە بۆ بەندە یەکخواپەرستەکانی ، لەوانە: دەڕۆژی یەکەمی مانگی حاجیان ، ئەم دە ڕۆژە یەکێکە لەو کاتانەی کەتیایدا عیبادەت کردن تیایدا ڕێز و قەدرێکی تایبەتی هەیە ، ئا لەم ڕۆژانەدا کەسی باوەڕداری یەکخواپەرست هەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ بەدەستی هێنانی ڕەزامەندی خودا وبەرز کردنەوەی پلە وپایەی و پڕ کردنەوەی ئەو کەموکورتیانەی کەهەیەتی ، وچاوەڕێی ڕەحم وبەزەیی خودا دەکات ، دەی با ئێمەی باوەڕداریش ئەم هەلە لەدەست نەدەین  ، وهەوڵ بدەین عیبادەت وپەرستشی زۆر تیایدا ئەنجام بدەین ، بەڵکو خودا ڕەحممان پێ بکات ولێمان خۆش بێت.

3- دەڕۆژی سەرەتایی مانگی حاجیان لەهەموو ڕۆژەکانی تری ساڵ باشتره ، لەفەرموودەیەکدا هاتووە : ((مَا مِنْ أَيَّامٍ الْعَمَلُ الصَّالِحُ فِيهِنَّ أَحَبُّ إِلَى اللَّهِ مِنْ هَذِهِ الأَيَّامِ الْعَشْرِ ، فَقَالُوا : يَا رَسُولَ اللَّهِ وَلاَ الْجِهَادُ فِي سَبِيلِ اللَّهِ ؟ فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ (ﷺ) : وَلاَ الْجـِهَادُ فِي سَبِيلِ اللَّهِ إِلاَّ رَجُلٌ خَرَجَ بِنَفْسِهِ وَمَالِهِ فَلَمْ يَرْجِعْ مِنْ ذَلِكَ بِشَيْءٍ)) صحيح البخاري رقم : (969) وصحيح سنن الترمذي رقم : (757) واللفظ لـهُ .
واتە : هیچ ڕۆژانێك نییە كردەوەی چاكە تێیدا خۆشەویست تر بێت لە لای خوا وەكو ئەم دە ڕۆژەی مانگی حاجیان ، وتیان : تەنانەت جیهادیش لە پێناوی خوادا ؟ فەرمووی : تەنانەت جیهادیش لە پێناوی خوادا ، تەنها مەگەر پیاوێك نەبێت كە بە خۆی و ماڵ و سامانییەوە دەربچێت بۆ جیهاد لە پێناوی خوادا و هیچیش لەوانە نەگەڕێتەوە.

4- عیبادەتە فەرزەکان لەم دەڕۆژەدا خێریان زیاترە بەبەراورد بەڕۆژەکانی تری ساڵ ، وپاداشتیان زۆرترە ، وبەهەمان شێوە سوننەت لەم دەڕۆژەدا خێری زیاترە بەبەراورد بەڕۆژەکانی تری ساڵ ، وپاداشتی زۆرترە ، بەڵام سوننەت لەم دەڕۆژەدا خێری زیاتر نی یە لەفەرز لەکاتەکانی تری ساڵدا . الفتح الباري لابن رجب (۹ / ۱٥) .

5- نوێژ کردن لەم دەڕۆژەدا خێری زیاترە بەبەراورد بەڕۆژەکانی تری ساڵ ، وپاداشتی زۆرترە ، وبەهەمان شێوە ڕۆژوو ، وقورئان خوێندن ، و نزاو پاڕانەوە ، و خۆشکاندن بۆ خودا ،وچاک بوون لەگەڵ دایک وباوکدا ، وگەیاندنی سیلەی ڕەحم وسەردانی خزم وکەس وکار ، و جێ بەجێ کردنی پێداویستی خەڵک ، وسەردانی نەخۆش ، وشوێنکەوتنی جەنازه ، وچاک بوون لەگەڵ دراوسێدا ، و خواردن بەخشین ، و ئەو کردەوانەی کەسوودی گشتیان هەیە ، وبەم شێوەیه تا کۆتایی .

6- فەزڵ وڕێزی ئەم دە ڕۆژە شەویش دەگرێتەوە ، بەڵام فەزڵی دەشەوی کۆتایی مانگی ڕەمەزان لەدە شەوی سەرەتایی مانگی حاجیان زیاترە ، وڕۆژەکانی لەڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزان فەزڵی زیاترە ، لەبەر بوونی ڕۆژی عەرەفە وجەژن و تەرویە تیایدا . مجموع الفتاوی (۲٥: ۲۸۷) ، وبدائع الفوائد لابن القیم ( ۳/ ۱٦۲) ، وزاد المعاد (۱/ ٥۷) ، وتفسیر ابن کثیر (٥/ ٤۱٦).

7- لەم دەڕۆژەدا جۆرەها عیبادەت کۆدەبنەوە کەلەمانگەکانی تردا بەو شێوەیە بوونیان یە ،  وەک حەج وقوربانی کردن ، جگە لەنوێژ وڕۆژوو وخێر وسەدەقە . فتح الباري لابن حجر (۲/ ٤٦۰).

8- یەکێکە لەڕێز وفەزڵەکانی ئەم دەڕۆژە ئەوەیە:
 خوای پەروەردگار سوێندی بەشەوەکانی خواردووە ، هەروەک فەرموویەتی: ﴿ وَالْفَجْرِ (1) وَلَيَالٍ عَشْرٍ ﴾ [ الفجر : 2] .
خوای گه‌وره‌ سوێند ئه‌خوات به‌ به‌ره‌به‌یان، یاخود مه‌به‌ست پێی نوێژی به‌یانی یه‌، یاخود مه‌به‌ست پێی به‌یانی ڕۆژی جه‌ژنی قوربانه‌، هه‌موو ئه‌و ته‌فسیرانه‌ كراوه‌.
 وه‌ خوای گه‌وره‌ سوێند ئه‌خوات به‌ ده‌ شه‌وه‌كه‌، كه‌ وتراوه‌: مه‌به‌ست پێی ده‌ ڕۆژی یه‌كه‌می مانگی ڕه‌مه‌زانه‌، یان ده‌ ڕۆژی سه‌ره‌تای مانگی موحه‌ڕه‌مه‌، یاخود ده‌ ڕۆژی سه‌ره‌تای مانگی (ذی الحجه‌)یه‌ كه‌ خۆمان پێی ئه‌ڵێین: نۆمینه‌ی حاجیان له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی قورباندا، ئه‌مه‌یان ته‌واوتره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ناو ڕۆژه‌كاندا خۆشه‌ویستترین ڕۆژ لای خوای گه‌وره‌ .
ئەوەی کەدەڵێت مەبەست لێی نۆمینه‌ی حاجیان له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی قورباندا بۆچوونی جمهوری زانایانی تەفسیرە لەسەلەف وجگە لەوانیش . تفسیر ابن کثیر ( ۸ / ۳۹۰) ، ولطائف المعارف لابن رجب (۲٦۸)

9- یەکێکی تر لەفەزڵ وڕێزەکانی ئەم دەڕۆژە ئەوەیە:
 ڕۆژە مەعلومە موبارەکەکانە ئەوەی کەخودا دایناوە تیایدا زیکرو ویادی خۆی تێدا بکرێت لەسەر ئەو ئاژەڵانەی کەناسراون بە(بهیمة الٲنعام) ، هەروەک فەرموویەتی: ﴿لِّيَشْهَدُوا مَنَافِعَ لَهُمْ وَيَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِي أَيَّامٍ مَّعْلُومَاتٍ عَلَىٰ مَا رَزَقَهُم مِّن بَهِيمَةِ الْأَنْعَامِ﴾ [ الحج : ۲۸ ] .
واته: تا ئاماده‌ی سودى دونیاو قیامه‌تیان بن، به‌رژه‌وه‌ندی دونیا بازرگانی و ئاژه‌ڵ سه‌ربڕینه‌، به‌رژه‌وه‌ندى قیامه‌تیش ره‌زامه‌ندى خواى گه‌وره‌و به‌هه‌شته‌ ، وه‌ زیكری خوای گه‌وره‌ بكه‌ن و ناوی خوای گه‌وره‌ بێنن له‌ چه‌ند ڕۆژێكی دیاریكراو، كه‌ ده‌ رۆژى سه‌ره‌تاى مانگى (ذي الحجة) یه‌ كه‌ باشترین رۆژى ساڵن و عیباده‌ت تیایاندا زۆر خۆشه‌ویسته‌ لاى خواى گه‌وره‌ ته‌نانه‌ت له‌ جیهاد كردنیش له‌ پێناو خواى گه‌وره‌ خۆشه‌ویستتره‌، مه‌گه‌ر كه‌سێك گیان و ماڵى له‌ پێناو خواى گه‌وره‌ ببه‌خشێت و هیچى نه‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، یاخود ڕۆژی چه‌ژنى قوربان و سێ رۆژه‌كه‌ى دوایه‌تى ، وه‌ سوپاسی خوای گه‌وره‌ بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی پێ به‌خشیون، (ئه‌نعام) واته‌: وشترو مانگاو مه‌ڕو بزن ، ئێوه‌ خۆتان لێی بخۆن ئه‌گه‌ر قوربانی بێت یان (هه‌دی) بێت ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی كه‌ له‌ حه‌ج سه‌رئه‌بڕێن ، وه‌ بیشده‌ن به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ زۆر فه‌قیرن و پێیانه‌وه‌ دیاره‌، وه‌ ئه‌وانه‌ى كه‌ فه‌قیرن و نایه‌لن كه‌س هه‌ستیان پێ بكات و داوا ناكه‌ن. 
جا ﴿أَيَّامٍ مَّعْلُومَاتٍ﴾ لای جمهوری زانایان وزۆرپەی زانایانی تەفسیر دەڕۆژی یەکەمی مانگی زولحیجەیە . تفسیر البغوي ( ٥ / ۳۷۹) ، تفسیر ابن کثیر ( ٥ / ٤۱٥) ، ولطائف المعارف لابن رجب (۲٦۳) .

10- ئا ئەم دەڕۆژە کۆتایی مانگە دیاریکراوەکانی حەجە ، کەخوای پەروەردگار لەبارەیانەوە فەرموویەتی: ﴿الْحَجُّ أَشْهُرٌ مَعْلُومَاتٌ﴾[البقرة :۱۹۷].
واتە: كاتی حه‌ج چه‌ند مانگێكی دیاری كراوه‌ كه‌ (شه‌وال و ذو القعدة و ذو الحجة) یه‌، یاخود وتراوه‌: (شه‌وال و ذو القعدة و ده‌ی ذو الحجة) یه‌ ، هەروەک ڕیوایەت کراوە لەزۆربەی هاوەڵانەوە ، وەک : عومەر ، وعبداللەی کوڕی ،وعەلی ، وئیبن مەسعود ، وئیبن عەباس ، وئیبن زوبەیر ، وئەمە بۆچوونی زۆر لەتابعینە . لطائف المعارف لابن رجب (۲٦۹)بەدەسکاریەوە .

11- یەکێکی تر لەفەزڵ وڕێزەکانی ئەم دە ڕۆژە ئەوەیه: 
ڕۆژی عەرەفەی تێدایه ، ئەو ڕۆژەی کەخوای پەروەردگار دینی تیادا کامڵ وتەواو کرد ، ونیعمەتی خۆی بۆ موسوڵمانان تەواو کرد ، هەروەک فەرموویەتی: ﴿الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا ۚ ﴾[المائدة: ۳] .
واته: ئه‌مڕۆ دینه‌كه‌ی خۆم بۆتان ته‌واو كرد، هه‌رگیز پێویستتان به‌ زیاده‌ نابێت بیهێننه‌ ناو دینه‌كه‌تانه‌وه‌، وه‌ ئاشكرام كرد به‌سه‌ر هه‌موو دینه‌كاندا، (ئه‌م ئایه‌ته‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بیدعه‌ى حه‌سه‌نه‌ له‌ دیندا نیه‌، (ئیمامى مالیك) ده‌فه‌رمێت: (هه‌ركه‌سێك له‌ ئیسلامدا بیدعه‌یه‌ك بكات و بڵێت حه‌سه‌نه‌یه‌ ئه‌وا بڕیارى ئه‌وه‌ى داوه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا- - خیانه‌ت و ناپاكى له‌م دینه‌ كردووه‌، چونكه‌ خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رمێت: ئه‌مڕۆ من دینه‌كه‌ى خۆمم بۆتان ته‌واو كرد، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌و رۆژه‌ دین نه‌بووبێت ئه‌مرۆیش دین نیه‌، وه‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ى خوێنده‌وه‌و كردى به‌ به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر قسه‌كه‌ى) له‌ پاش ئه‌م ئایه‌ته‌ هیچ حه‌ڵاڵ و حه‌رامێك دانه‌به‌زى ، وه‌ نیعمه‌تی خۆم ته‌واو ڕژاند به‌سه‌رتاندا به‌وه‌ی كه‌ مه‌ككه‌م بۆ ئازاد كردن و به‌سه‌ر كافراندا زاڵم كردن ، وه‌ ڕازی بووم كه‌ ئیسلام دینی ئێوه‌ بێ تا ڕۆژی قیامه‌ت، وه‌ ئێوه‌یش رازى بن كه‌ دینتان بێت، ئه‌مه‌ دوا ئایه‌ت بووه‌ له‌ قورئانی پیرۆز دابه‌زی له‌ (حَجَّةُ الْوَدَاع) له‌ حه‌جی ماڵئاوایی له‌ ڕۆژی عه‌ره‌فه‌ له‌ ڕۆژی جومعه‌دا كه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا- - به‌ پێوه‌ راوه‌ستا بوو، وه‌هه‌شتاو یه‌ك رۆژ پاش ئه‌م ئایه‌ته‌ كۆچى دوایى كرد .

12- یەکێکی تر لەڕێزو فەزڵەکانی ئەم دەڕۆژە ئەوەیە: ڕۆژی حەجی گەورە (یوم النحر) ، و(یوم الحج الٲکبر)ـی تێدایە ، کەگەورەترین ڕۆژە لەلای خودا ، هەروەک لەفەرموودەیەکدا هاتووە‌ : ❪❪ إنَّ أفضلَ الأيَّامِ عندَ اللَّهِ يومُ النَّحرِ ثمَّ يومُ القرِّ ❫❫ رواه ٲبو داود (۱۷٦٥)وصححه الٲلباني 
واتە: باشترین ڕۆژەکانی لەلای خودا ڕۆژی قوربانی کردنە پاشان ڕۆژی دوای ئەوە .
و بۆیە ڕۆژی دواتر ناونراوە (يومُ القرِّ) لەبەر ئەوەی خەڵک لەو ڕۆژەدا جێگیر (یستقر) دەبن لە(منی) .

13- کاری چاکە لەم دەڕۆژەدا لەڕۆژەکانی تر باشترە ، ئەوەش لەبەر شەرەف وڕێزی کات بەنیسبەت عامی خەڵکەوە ، وشەرەفی کات وشوێن بەنیسبەت حاجی ماڵی خوداوە .

14- سەلەف ڕەحمەتی خوایان لێ بێت زۆر سوور بوون لەسەر هەوڵدان وعیبادەت کردن لەم دەڕۆژەدا ، وزۆر بەگەورەیان دادەنا .
لەوانە سەعدی کوڕی جوبەیر کاتێ ئەم دەڕۆژەی بەسەردا دەهات زۆر عیبادەتی ئەنجام دەدات ، بەشێوەیەک خەریک بوو توانای بەسەردا نەمێنێ ، ولەو دەشەوەدا خەڵکی هەڵدەنا لەسەر عیبادەت ودەیفەرموو: ((لا تُطْفِئُوا سُرُجَكُمْ لَيَالِي الْعَشْرِ)) .لطائف المعارف (۲٦۳) .
واتە : شەوانی دە ڕۆژی یەكەمی مانگی حاجیان چراكانتان مەكوژێننەوە [مەبەستی ئەوەیە : شەونوێژ بكەن و قورئان بخوێنن و زیكری خوا بكەن] .

وە ئەبو عوسمانی نەهەدی دەیفەرموو : ❪ كانُوا يُعَظِّمُونَ ثلاثَ عَشَرَاتٍ: الْعَشْرُ الأُوَلُ مِنَ الْمُحَرَّمِ، والعَشْرُ الأُوَلُ مِنْ ذِي الحِجَّةِ، والعَشْرُ الأَوَاخِرُ مِنْ رَمَضَانَ❫ لطائف المعارف (۳٥) .
واتە: ئەوان سێ دە ڕۆژییان بەگەورە دادەنا: دە ڕۆژی یەکەمی مانگی موحەڕەم ، و دە ڕۆژی یەکەمی مانگی حاجیان ، و دە ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕەمەزان .

15- پێویستە لەسەر موسوڵمان ئاگاداری ئەم دە ڕۆژە بێت ولەدەستی نەدات ، وکردەوەی چاکی زۆر تێدا ئەنجام بدات ، وکاتەکانی بەشتی باش و خێر بەڕێ بکات ، بەڕاستی جێی سەرسوڕمانە لەمانگی ڕەمەزاندا چوست وچالاک بین ودواتر لەم دە ڕۆژەدا تەمبەڵی بکەین ، لەکاتێکدا ڕۆژەکانی لەڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزان ڕێزدار ترە ، و کردەوە کردن تیایدا خۆشەویسترە بەلای خوداوە .

16- ئاممان ئاممان ئاگادار بن لەبەفیڕۆدانی کات لەم دە ڕۆژەدا و خۆ سەرقاڵ کردن بەشتی خراپ وبێ سوودەوە هاوشێوەی نوستن ، و وتی و وتی ، وتەماشاکردنی کەناڵەکان ، وسەرقاڵ بوون بە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە ، چونکە ئەم کاتانە غەنیمەت ودەستکەوت گەلێکی زۆر گەورەن و گەر لەدەستت بچێ قەرەبوو ناکرێنەوە .

17- باشترین کردەوە لەم دەڕۆژەدا :حەج کردنە ، ئەو حەجەی کەخودا قەبوڵی کردووە ، لەفەرموودەدا هاتووە: ❪❪ الحج المبرور ليس له جزاء إلا الجنة❫❫ رواه البخاري (۱۷۷۳) ، ومسلم (۱۳٤۹) .
واتە: حەجی وەرگیراو وقەبوڵ کراو هیچ پاداشتێکی نییە جگە لەبەهەشت نەبێت .
بەتایبەت گەر حەجی فەرز بێت ، بەجوانترین شێوە ئەنجام بدرێت ، و واجباتەکان ئەنجام بدات ، ودوور کەوێتەوە لەحەرامکراوەکان ، و لەگەڵ ئەوەشدا چاک بێت لەگەڵ خەڵکدا ، ئەوەش بەسەلام کردن لێیان وخواردن دان پێیان ، وە هەروەها زۆر زیکر ویادی خودا بکات ، ودەنگ بەرز بکاتەوە بە(لبیك اللهم لبیك ) ، وقوربانی بکات . لطائف المعارف (۲٦٤) ، وفتح الباري لابن رجب(۹/ (۱٤)بەدەسکاریەوە .

18- سوننەتە لەم دەڕۆژەدا زۆر زیکر ویادی خودا بکرێت ، 
لەهەموو کات وسات وبارێکدا ، بەدانیشتەنەوە بێت یاخود بەپێوە ، وپاڵکەوتنەوە ،وە بەسواری بێت یاخود بەپیادە .

19-زۆر(لا اله إلا الله) و (الله‌ أكبر) و (الحمد لله) کردن ،  پێغەمبەر فەرموویەتی: ❪❪ما من أيام أعظم عند الله ولا أحب إليه العمل فيهن من هذه الأيام العشر فأكثروا فيهن من التهليل والتكبير والتحميد ❫❫ أخرجه احمد(۷ / ۲۲٤) وصحّح إسناده أحمد شاكر .
 واته: هیچ ڕۆژانێك نییه‌ لای خوا گه‌وره‌تر بێت و كرده‌وه‌ی تێدا خۆشه‌ویست تر بێت له‌م ده‌ ڕۆژه‌، ده‌ی زۆر (لا اله إلا الله) و (الله‌ أكبر) و (الحمد لله) بكه‌ن .

خوای پەروەردگار لەبارەی حاجیانی ماڵەکەیەوە فەرموویەتی: ﴿لِّيَشْ هَدُوا مَنَافِعَ لَهُمْ وَيَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِي أَيَّامٍ مَّعْلُومَاتٍ عَلَىٰ مَا رَزَقَهُم مِّن بَهِيمَةِ الْأَنْعَامِ﴾ [الحج : ۲۸] .
واته: بۆ ئه‌وه‌ی سوود و که‌ڵکی ماددی و مه‌عنه‌وی به‌ده‌ست بهێنن و ببینن و یادی خواش بکه‌ن و ناوی پیرۆزی به‌رده‌وام له‌سه‌ر زاریان بێت له ڕۆژانێکی دیاریکراودا (که ڕۆژانی عه‌ره‌فه و جه‌ژنی قوربانه‌، سروودی (لبیك أللهم لبیك، لبیك لا شریك لك لبیك، إن الحمد و النعمة لك والملك، لا شریك لك)، له حه‌جدا (ألله أکبر، ألله أکبر، ألله أکبر، لا إله إلاألله و ألله أکبر ولله الحمد) له ڕۆژانی جه‌ژندا، فه‌رامۆش نه‌که‌ن، هه‌روه‌ها ناوی خوا (بسم الله‌) بکه‌ن له‌کاتی سه‌ربڕینی ئه‌و ماڵاتانه‌دا که پێمان به‌خشیوون .

20- (الله ٲکبر) کردن لەگەڵ (سبحان الله) و(لا ٳله ٳلا الله) کردندا ؛ ئائەمانە پێیان دەوترێت: (الباقیات الصالحات) ، وخۆشەویسترین وتەن بەلای خوداوە ، وهەروەها لەهەموو ئەو شتانەی کەخۆر بەسەریاندا هەڵدێ خۆشەویسترن بەلای پێغەمبەرەوە ، و باش وایە لەم ڕۆژانە دەنگ بەزیکر کردن بەرز بکرێتەوە ، وبەپێ و دانیشتنەوە ، وبەسواری وپیادە ، لەماڵ وڕێگاو بانەکاندا ، و لەمزگەوت و شوێنە گشتیەکاندا ، و لەبازاڕ وجێگای کاردا .

21- وەپێویستە لەسەر پێشەوایانی خەڵک ئەوانەی خەڵک چاویان لێ دەکەن وعامی موسوڵمانان دەنگ بە(الله ٲکبر) بەرز بکەنەوە لەمزگەوت وماڵەکاندا ، و دروستە سەماعە و ئامێری دەنگ بەکار بهێندرێت .

22- عبداللەی کوڕی عومەر وئەبو هورەیرە لەم ڕۆژانەدا دەردەچوون بۆ بازاڕ وشوێنە گشتیەکان و(الله ٲکبر)یان دەکرد خەڵکیش لەدوایانەوە دەیکرد . رواه البخاري معلقا بصیغة الجزم (۲/ ۲۰) .
مەیمونی کوڕی میهران دەڵێت: ❪❪أدركتُ الناسَ وإنَّهم ليُكبِّرون في العَشر، حتى كنتُ أُشبِّهه بالأمواجِ مِن كثرتِها❫❫ فتح الباري لابن رجب (۹/ ۹) .
واتە: کەسانێکم بینیوە ئەوان (الله ٲکبر)یان لە دە ڕۆژی سەرەتای مانگی زولحیجەدا دەکرد ، بەشێوەیەک من لەبەر زۆری دەمچواند بەشەپۆلی دەریا .

23- لەگەڵ (الله ٲکبر) کردندا موژدەی نزیکبوونەوەی سەرکەوتن دەدرێت لەم دەڕۆژەدا ، چون به (الله ٲکبر) خەیبەر ڕزگار کرا ، وجگە لەویش فەتح دەکرێت ، وبەویستی خوا دوژمن تێک دەشکێت .

24- (الله ٲکبر) کردن 
 (الله ٲکبر) کردن لەم دە ڕۆژە و هەموو جێگە و کات وساتێکدا دەکرێت ، لەهەموو ئەو جێگایانەی کەزیکر ویادی خودا تیایدا دروستە ، موسوڵمان بەئاشکرا دەیکات ودەنگی پێ بەرز دەکاتەوە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی: ﴿وَيَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِي أَيَّامٍ مَّعْلُومَاتٍ عَلَىٰ مَا رَزَقَهُم مِّن بَهِيمَةِ الْأَنْعَامِ ۖ﴾ [الحج : 28] .
بڵاوترین شێوەی (الله ٲکبر) کردن بەم شێوەیەیە (الله أكبر ، الله أكبر ، لا إله إلا الله، الله أكبر ، الله أكبر ، ولله الحمد) ، وئەم بابەتە مەجالی تێدایە ومەرج نییە تەنها بەم شێوەیه بێت .

25- سوننەتە ڕۆژوو گرتنی نۆ ڕۆژی مانگی زولحیجە، یاخود ئەوەندەی کەدەکرێت وگونجاوە ، ولەهەندێ لەفەرموودە وهەندێ لەسەلەفەوە ڕۆژوو گرتنی ئەم ڕۆژانە هاتووە .
وە ڕۆژوو گرتن کەفارەتی تاوانە ، و پارێزە لەئاگر ، لەفەرموودەیەکدا هاتووە :  " مَا مِنْ عَبْدٍ يَصُومُ يَوْمَاً في سَبيلِ اللهِ إلا بَاعَدَ اللهُ بِذَلِكَ وَجْهَهُ عَن النَّارِ سَبْعينَ خَريفاً "  أخرجه البخاري : (6 / 35) رقم : (2840) ومسلم رقم : (1153) 
واته‌ : هه‌ر به‌نده‌یه‌ك له‌ به‌نده‌كانى خوا ڕۆژێك به‌ ڕۆژوو بێت له‌ پێناوى خواى په‌روه‌ردگار ، ئیللا به‌ هۆیه‌وه‌ خواى په‌روه‌ردگار ڕوومه‌تى له‌ ئاگرى دۆزه‌خ ( 70 ) حه‌فتا پایز ( واته‌ : ساڵ ) دوور ده‌خاته‌وه‌ .

26- ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە بۆ جگە لە حاجی ( ئەوانەی لە حەجن ) سوننەتی پێغەمبەرە وهەلێکی گەورەیە؛ وتاوانی دوو ساڵ دەسڕێتەوە ، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی : ❪❪صِيَامُ يَوْمِ عَرَفَةَ أَحْتَسِبُ عَلَى اللَّهِ أَنْ يُكَفِّرَ السَّنَةَ الَّتِي قَبْلَهُ وَالسَّنَةَ الَّتِي بَعْدَهُ❫❫ رواه مسلم (۱۱٦۲) .
واتە : ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە چاوەڕوانم كە خوا بیكاتە مایەی كەفارەت و سڕینەوە و لێخۆشبوونی تاوانی ساڵێك لە پێشییەوە و ساڵێكیش لە پاشییەوە (واتە : ببێتە كەفارەتی تاوانی دوو ساڵ) .
تێبینى : باشتر وایە لەڕۆژووی دیاری کراودا و لەوانە ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفه لەشەوەوە نیەتی بۆ بهێندرێت ، بەڵکو پاداشتەکە تەواو وبێ کەم وکورتی بێت .

27- باش وایه ماڵ ومنداڵ وکەس وکار لەسەر ئەم ڕۆژووە ڕابهێندرێن ، سەعیدی کوڕی جوبەیر دەیگوت: ❪❪ أيقظوا خدمكم يتسحرون لصوم يوم عرفة ❫❫ حلية الٲولياء (۲۸۱) ، والسیر (٤/ ۳۲٦).
واتە: خزمەتکارەکانتان بەخەبەر بێننەوە بەڵکو پارشێو بکەن بۆ ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە .

28- سوور بە لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئاوابوونی خۆری ڕۆژی عەرەفەدا تاوانەکانت ئاوا ببن .

29- یەکێک لەتیجارەت وبازرگانیەکان لەم مانگەدا قورئان خوێندن وخەتم کردنیەتی ، چونکە خوای پەروەردگار بەهەر پیتێک دە خێر دەنوسێت ، وگومانی تێدا نییە زیادەی خێر لەم دە ڕۆژەدا شتێکی حەتمی یە .

30- باشترین نوێژ دوای نوێژە فەرزەکان "شەو نوێژە" (رواه مسلم (۱۱٦۳))
 بۆیە کەسی موسوڵمان تەنها لەڕەمەزاندا شەو نوێژ ناکات بەڵکو لەم دە ڕۆژەشدا شەو نوێژ دەکات .

31- وە با لەم ڕۆژانەدا پشکت هەبێ لەم ئایەتە و لەو کەسانە بیت کەوەسفیان کراوە : ﴿ وَالْمُسْتَغْفِرِينَ بِالْأَسْحَارِ ﴾ [آل عمران: 17] .
 واتە: وه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ به‌ره‌به‌یاندا داوای لێخۆشبوونیان له‌ خوای گه‌وره‌ كردووه‌ .
وەهەروەها ئایەتی: ﴿كَانُوا قَلِيلًا مِّنَ اللَّيْلِ مَا يَهْجَعُونَ ، وَبِالْأَسْحَارِ هُمْ يَسْتَغْفِرُونَ ﴾ [ الذاریات: 17- 18] . 
واتە: له‌شه‌وگاردا زۆر که‌م ده‌خه‌وتن و ڕاده‌کشان (چونکه‌سه‌رگه‌رمی شه‌و نوێژ و ده‌ور کردنه‌وه‌ی قورئان و یادی خوا بوون).
وله‌به‌ره‌به‌یانه‌کانیشدا داوای لێخۆشبوونیان له‌په‌روه‌ردگاریان ده‌کرد (تا لێیان ببورێت).

32- خێر وسەدەقە کردن یەکێکە لەباشترین عیبادەت و کارە چاکەکان ، وبەڵگەیە بۆ خاوەنەکەیی ونیشانەی ڕاستی باوەڕەکەیەتی ، وخاوەنەکەی لەژێر سێبەرەکەیدا دەبێت لەڕۆژی دواییدا ، ودەبێتە هۆکاری ڕێگری کردن لە بەڵاو موسیبەت ، وسڕینەوەی گوناە و تاوان ، وتوڕەیی خودا دادەمرکێنێتەوە ، وهۆکاره بۆ بەرەکەتی ماڵ وزیادبوونی ڕزق وڕۆزی ، ئا ئەم کردەوانە لەم دە ڕۆژەدا خێریان زۆرترە .
وە هەروەها یەکێک لەباشترین کردەوەکان خۆشی خستنە دڵی موسوڵمانەوە ، ئەوەش بەگەیاندنی سیلەی ڕەحم ، یاخود خێر وسەدەقه ، یاخود جێ بەجێ کردنی پێداویستیەک دەبێت ، حەتمەن ئەم جۆرە کارانه لەم دەڕۆژەدا خێریان زیاترە .

33- یەکێکی تر لەکارە خێرەکان چاودێری کردنی ماڵ ومنداڵی ئەو کەسانەیە کەچوون بۆ حەج و جێ بەجێ کردنی پێداویستیە بۆیان ، وسەرپەرشتی کردنی منداڵەکانیانە ، لەفەرموودەیەکدا هاتووە : ❪❪من جَهَّزَ غازيًا أو جهز حاجا أو خلفَهُ في أَهْلِهِ ، .. كان لَهُ مثلُ أجورهم ، من غيرِ أن ينقصَ من أجورهم شيء❫❫ رواە ابن خزيمة (۱۹۳۰)وصححه الٲلباني .
واتە: هەرکەسێک جەنگاوەرێک یاخود حاجیەک ئامادە بکات یاخود چاودێری ماڵ ومنداڵیان بکات ، ئەوا هەمان پاداشتی ئەوانی دەست دەکەوێت ، بەبێ ئەوەی لەپاداشتی ئەوان کەم بێتەوە .

34- یەکێکی تر لەعیبادەتە گەورەکان لەم دەڕۆژەدا : نوێژی جەژنە ، پاشان خۆ نزیک کردنەوەیە لەخودا بەقوربانی کردن ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی: ﴿ فَصَلِّ لِرَبِّكَ وَانْحَرْ ﴾ [ الكوثر: 2 ].
واته: ئه‌ی محمد - - كه‌ ئه‌و خێره‌ زۆره‌مان پێبه‌خشیویت و ئه‌و چاكه‌ زۆره‌مان له‌گه‌ڵدا كردوویت له‌ دونیاو قیامه‌تدا، تۆش نوێژه‌كانت به‌تاك و ته‌نها بۆ خوای گه‌وره‌ بكه‌ وه‌ حه‌یوان سه‌ربڕینیشت به‌تاك و ته‌نها بۆ خوای گه‌وره‌ بێ و به‌تاك و ته‌نها ناوی خوای گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بێنه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی موشریكان حه‌یوانیان بۆ غه‌یری خوای گه‌وره‌ سه‌رئه‌بڕی، یاخود (فَصَلِّ لِرَبِّكَ وَانْحَرْ) نوێژی جه‌ژن به‌تاك و ته‌نها بۆ خوای گه‌وره‌ بكه‌ وه‌ قوربانیش هه‌ر بۆ خوای گه‌وره‌ بكه‌، وه‌كو چۆن پێغه‌مبه‌ر - - نوێژی جه‌ژنی ئه‌كرد پاشان هه‌ر له‌ نوێژگه‌كه‌یدا قوربانی بۆ خوای گه‌وره‌ ئه‌كرد.

35- دەستکاری نەکردنی مووی لاشە و نینۆک بۆ ئەو کەسانەی نیەتی قوربانی کردنیان هێناوە ، ئەوە لەئاوا بوونی خۆری کۆتا ڕۆژی مانگی زولقەعدەوە دەست پێ دەکات ، پێغەمبەری خوا صلی الله عليه وسلم فەرمویەتی : ❪❪ إِذَا رَأَيْتُمْ هِلالَ ذِي الْحِجَّةِ وَأَرَادَ أَحَدُكُمْ أَنْ يُضَحِّيَ فَلْيُمْسِكْ عَنْ شَعْرِهِ وَأَظْفَارِهِ ❫❫ وفي لفظ له : ( إِذَا دَخَلَتْ الْعَشْرُ وَأَرَادَ أَحَدُكُمْ أَنْ يُضَحِّيَ فَلا يَمَسَّ مِنْ شَعَرِهِ وَبَشَرِهِ شَيْئًا ❫❫ رواه مسلم (۱۹۷۷) .
واته : ئەگەر مانگی زولحیجەتان بینی وەکەسێک لە ئێوە ویستی قوربانی بکات با دەست بگرێتەوە لە موکردنەوە و بڕینی نینۆکەکانی.
و لە لەفزێکی تردا هاتوە کە فەرمویەتی :ئەگەر چونە نێو دە ڕۆژی سەرەتای مانگی زولحیجەوە وەکەسێک لە ئێوە ویستی قوربانی بکات ئەوە با دەستبگرێتەوە لە پێست وموو لەخۆکردنەوە.  

36- هەرکەسێک بزانێت بەدوای چیەوەیەو ئامانجەکەی چیە ئەوکات ئەوەی لەپێناویدا دەبەخشێت ئاسان دەبێت لەسەری ، ئاگادار بن کاڵای خودا بەنرخە ، ئاگادار بن کاڵای خودا بەنرخە ، دەی با پەلە بکەین لەئەنجامدانی کاری چاکەدا ، و هەموو تەوبە بکەین وبگەڕێینەوە بۆ لای خودا ، ئەوەش بەیەکجاری وازهێنان لەگوناە وتاوان ، وخەفەت خواردن بۆ ئەو تاوانانەى کە کردوویەتی و نەگەڕانەوە سەری، لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئەو مافانەی کەهی کەسانی ترن ،و با ئەم دە ڕۆژە بکەینە خاڵی وەرچەرخان وهەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ خوای تەعالادا ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی : ﴿يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا تُوبُوا إِلَى اللَّهِ تَوْبَةً نَّصُوحًا عَسَىٰ رَبُّكُمْ أَن يُكَفِّرَ عَنكُمْ سَيِّئَاتِكُمْ وَيُدْخِلَكُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ﴾ [التحریم : 8] .
واتە: ئه‌ی باوه‌ڕداران ئێوه‌ ته‌وبه‌ بكه‌ن و بۆ لای خوای گه‌وره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ به‌ڵام ته‌وبه‌یه‌كی راستگۆ و نه‌صوح، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مرۆڤـ به‌ ڕاستگۆیی و به‌دڵسۆزی ته‌وبه‌ بكات و ئه‌وه‌ی له‌ ڕابردوودا كردوویه‌تی لێی په‌شیمان بێ، وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا له‌ تاوان ئه‌یكات ده‌ستی لێ هه‌ڵگرێ، وه‌ عه‌زیمه‌تی هه‌بێ كه‌ له‌ داهاتوودا نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ری، وه‌ به‌ دڵ په‌شیمان بێ له‌وه‌ی كه‌ ڕابردوو كردوویه‌تی، به‌ زمان داوای لێخۆشبوون له‌ خوای گه‌وره‌ بكات، به‌ لاشه‌ ده‌ستی لێ هه‌ڵگرێ، عه‌زیمه‌تی هه‌بێ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ری، وه‌ ئه‌گه‌ر ماف و حه‌قی خه‌ڵكیش بوو حه‌قی خه‌ڵكى بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ، به‌ دڵنیایی خوای گه‌وره‌ له‌ تاوانه‌كانتان خۆش ئه‌بێ ئه‌گه‌ر ته‌وبه‌یه‌كی وا بكه‌ن ،وه‌ ئه‌تانخاته‌ به‌هه‌شته‌وه‌ كه‌ پڕه‌ له‌ باخ و باخات كه‌ جۆگه‌له‌ ئاو به‌ژێر دارو خانووه‌كانیاندا ئه‌ڕوات .

37- لەزیرەکی وتێگەیشتووی موسوڵمان ئەوەیە لەم دەڕۆژەدا چەند جۆرێک عیبادەت پێکەوە کۆ بکاتەوە ، هاوشێوەی زیکر ونوێژ ، وکاری چاکه ئەوانەی کەخێریان بۆ کەسانی تر هەیه ، بەڵکو خێرەکەی گەورە و زۆر بێت .

38- کاری چاکه ودوور کەوتنەوە لەتاوان لەم دەڕۆژەدا ، موسوڵمان ڕادەهێنێت لەسەر بەگەورەدانانی شەعائیرەکانی خودا ، وپارێزگاری کردن لەسنورەکانی ، ئەمە دە ڕۆژە لەمانگە حەرامکراوەکانە ، خوای پەروەردگار لەبارەی مانگی حەرامکراوەوە دەفەرمووێت: ﴿فَلَا تَظْلِمُوا فِيهِنَّ أَنْفُسَكُمْ﴾ [التوبة: 36].
واته: ئێوه‌ له‌و مانگانه‌دا زوڵم له‌ خۆتان مه‌كه‌ن به‌وه‌ی كه‌ كوشتاری تیادا بكه‌ن .
وە هەروەها فەرموویەتی: ﴿وَمَن يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِن تَقْوَى الْقُلُوبِ﴾ [الحج : 32] .
هه‌ر كه‌سێك دروشمه‌كانی دین و فه‌رمانى خواى گه‌وره‌و حه‌ج كردن به‌ گه‌وره‌ بزانێ، یان ئاژه‌ڵى قه‌ڵه‌و و گه‌وره‌و چاك سه‌رببڕێت ، ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ته‌قوای دڵی ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌سێكه‌ ته‌قوا له‌ دڵیدایه‌. 
وە هەروەها فەرموویەتی: ﴿وَمَنْ يُعَظِّمْ حُرُمَاتِ اللَّهِ فَهُوَ خَيْرٌ لَهُ عِنْدَ رَبِّهِ﴾ [الحج: 30].
وە كه‌سێك ڕێز له‌ دروشمه‌كانی خوای گه‌وره‌ بگرێ وه‌ به‌جوانی جێبه‌جێی بكات و خۆى له‌ تاوان بپارێزێت ئه‌وه‌ بۆ خۆی باشتره‌ لای خوای گه‌وره‌، خوای گه‌وره‌ ئه‌جرو پاداشتی زۆری ئه‌داته‌وه‌ .

39- کردەوەی چاکە لەم دەڕۆژەدا ، ودەست خستنی تاعەت وعیبادەت ، و بەهەل زانینی ئەم موناسەباتانە کەدوو بارە نابنەوە لەساڵدا ، باشترین شتە بۆ ڕاهێنانی دڵ ودەروون وزیاد بوونی ئیمان ، وبەدرێژایی ساڵ سوود بەمرۆڤ دەگەیەنێت .

40- خێزان وماڵ ومنداڵمان ئەمانەتن لەگەردنمان ، پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرمویەتى : ❪❪ كلكم راع وكلكم مسئول عن رعيته ، الرجل راع في بيته ومسئول عن رعيته ❫❫رواه البخاري (۲٤۰۹) ، ومسلم (۱۸۲۹).
واتە: هەمووتان شوان وبەرپرسن وبەرپرسیشن لەو شوانیەتی وبەرپرسیاریەتییە ، پیاو شوان وبەرپرسە لەماڵەکەی خۆیدا وبەرپرسیارە لەو کەسانەی لەژێردەستیدان .
دەی با هەوڵدەین گەورەیی ئەم کات وموناسەباتانە به منداڵەکانمان ئاشنا بکەین ، وڕایان بێنین لەسەر ڕێز گرتن  لێی ، وئەنجامدانی کاری خێر وچاکە تیایدا .
و با هەل ودەرفەتەکان لەدەست نەدەین ، وکار بکەین پێش لەدەست چوونیان .

سەردان: ٥,١٠٢ بەش: نۆمینەى حاجیان