فەزڵ و گەورەیی دە ڕۆژی یەكەمی مانگی حاجیان لەگەڵ ئەو کردەوانەى کە سوننەتن لەم دە ڕۆژەدا ئەنجام بدرێن: ماڵپەڕی وەڵامەکان
فەزڵ و گەورەیی دە ڕۆژی یەكەمی مانگی حاجیان لەگەڵ ئەو کردەوانەى کە سوننەتن لەم دە ڕۆژەدا ئەنجام بدرێن
پرسیار:

ئایا فەزڵ و گەورەیی دە ڕۆژی یەكەمی مانگی حاجیان چیە و چ کردەوەیەک سوننەت و خێر و چاکە لەم دە ڕۆژەدا ئەنجامی بدەین 

یەکەم : خوای گەورە لە قورئاندا سوێندی پێ‌ خواردووە و فەرموویەتی : [وَالْفَجْرِ . وَلَيَالٍ عَشْرٍ] [سورة الفجر]. 
دووەم :  چاکەکردن لە دە ڕۆژی سەرەتایی مانگی حاجیان لەهەموو ڕۆژەکانی تری ساڵ باشتره : پێغەمبەری خوا () فەرموویەتی : هیچ ڕۆژانـێـك نییە كردەوەی چاكە تێیدا خۆشەویست تر بێت لە لای خوا وەكو ئەم دە ڕۆژەی مانگی حاجیان ، وتیان : تەنانەت جیهادیش لە پێناوی خوادا ؟ فەرمووی : تەنانەت جیهادیش لە پێناوی خوادا ، تەنها مەگەر پیاوێك نەبێت كە بە خۆی و ماڵ و سامانییەوە دەربچێت بۆ جیهاد لە پێناوی خوادا و هیچیش لەوانە نەگەڕێتەوە.
سێیەم : یەکێکی تر لەفەزڵ وڕێزەکانی ئەم دە ڕۆژە ئەوەیه: ڕۆژی عەرەفەی تێدایه ، ئەو ڕۆژەی کەخوای پەروەردگار دینی تیادا کامڵ وتەواو کرد ، ونیعمەتی خۆی بۆ موسوڵمانان تەواو کرد .
* ئەو كردەوانەی كە سوننەتن لەم دە ڕۆژەدا ئەنجام بدرێن :
1 ـ زۆر ئەنجام دانی كردەوە چاكەكان بە گشتی : وەكو : قورئان خوێندن و زیكر كردن و فەرمان كردن بە چاكە و قەدەغە كردنی خراپە و جگە لەمانەش.
 أ . قورئان خوێندن : یەکێک لە بازرگانییە پڕ خێر و قازانجەکان  قورئان خوێندنە لە دە ڕۆژى یەکەمی مانگی حاجیان ، چونکە خوای پەروەردگار بەهەر پیتێک دە خێر وچاکەت بۆ دەنوسێت ، و بێ گومان  لەم دە ڕۆژە خێری زیاتری هەیە.   
ب . زیكر كردن : بە هەمان شێوە زیكری خوایش لە هەموو كاتێكدا سوننەتە و خێر و پاداشتی زۆر و گەورەیە ، بەڵام لەم دە ڕۆژە خێرترە و خوای گەورە فەرموویەتی : [ وَيَذْكُرُوا اسْمَ اللهِ فِي أَيَّامٍ مَعْلُوماتٍ ] [الـحج]  واتە : زیكری خوا بكەن لە ڕۆژە زانراوەكاندا (كە بریتین لە دە ڕۆژی یەكــەمی مانگی جاجیان) .
 2 ـ نوێژ كردن : بەوەی كە زوو بچیت بۆ نوێژە جەماعەتەكان و پەلە و پێشبڕكێ‌ بكەیت بۆ ڕیزی یەكەم ، هەروەها ئەنجامدانی نوێژە سوننەتەكانی پێش و پاشی نوێژە فەرزەكان و شەونوێژ و زوحا و سوننەتی دەست نوێژ ...
3 ـ خێر و صەدەقە كردن ماڵ بەخشین : پێغەمبەری خوا() فەرموویەتی: (الصَّدَقَةُ تُطْفِيءُ الْخَطِيئَةَ كَمَا يُطْفِئُ الْمَاءُ النَّارَ) واتە: خێرو صەدەقەو ماڵ بەخشین لە پێناوی پەروەردگاردا تاوان دەكوژێنێتەوەو نایهێڵێ‌، هەروەك چۆن ئاو ئاگر دەكوژێنێتەوەو نایهێڵێ‌. 
4 ـ ڕۆژوو گرتن : هەندێ لە خێزانەكانی پێغەمبەر() فەرموویانە: پێغەمبەر () نۆ ڕۆژەكەی مانگی حاجیان بە ڕۆژوو دەبوو 
5 ـ ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە بە تایبەت : سوننەت وایە بۆ ئەو كەسانەی كە نەڕۆیشتوون بۆ حەج و لە عەرەفەدا نین و لە ماڵدان كەوا بە تایبەت لە ڕۆژی عەرەفەدا (9 / ذو الـحجة) بە ڕۆژوو بن ، چونكە پێغەمبەر () فەرموویەتی : ((صِيَامُ يَوْمِ عَرَفَةَ أَحْتَسِبُ عَلَى اللَّهِ أَنْ يُكَفِّرَ السَّنَةَ الَّتِي قَبْلَهُ وَالسَّنَةَ الَّتِي بَعْدَهُ))واتە : ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە چاوەڕوانم كە خوا بیكاتە مایەی كەفارەت و سڕینەوە و لێخۆشبوونی تاوانی ساڵێك لە پێشییەوە و ساڵێكیش لە پاشییەوە (واتە: ببێتە كەفارەتی تاوانی دوو ساڵ) .بۆیە سوور بە لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئاوابوونی خۆری ڕۆژی عەرەفەدا تاوانەکانت ئاوا ببن، ئەوەش بە دوعا کردن و پاڕانەوەى زۆر لە خواى گەورە .
6 ـ عومرە کردن : پێغەمبەر () فەرموویەتی : عومرە دوای عومرە كەفارەت و ڕەشكەرەوەی گوناهی نێوانیانە .
7. حەج كردن : پێغەمبەر () فەرموویەتی : حەجێكی چاك پاداشتی نیە تەنها بەهەشت نەبێت.
8 ـ زیكر كردن بە ووتی : (الله أكبر ...) لەم دە ڕۆژەدا هەموو كاتێك و بەم شێوازە : (الله أكبر ، الله أكبر ، الله أكبر ، لا إلـهَ إلاَّ الله ، والله أكبر ، الله أكبر ، وللهِ الـحمد)
9 ـ خۆ ئامادە كردن بۆ قوربانی ئەنجام دان : ئەگەر كەسێك ویستی وا بوو قوربانی بكات ئەوا نابێت لە تووكی هەموو لاشەی و نینۆكەكانی لابەرێت یان لـێ‌ی بقرتێنێت و كەمی كاتەوە ، لە سەرەتـــای مانگی حاجییانەوە (ذو الحجة) تاوەكو قوربانییەكەی سەردەبڕێت 
10 ـ قوربانی كردن لە ڕۆژی جەژندا :  پێغەمبەر ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لە ماڵ دەرنەدەچوو هەتا خواردنی نەخواردایە ، وە ڕۆژی جەژنی قوربان خواردنی نەدەخوارد هەتا دەگەڕایەوە لە نوێژی جەژن ئەنجا لە قوربانییەكەیی دەخوارد .
تێبین ی : هەرچەندە قوربانی ئەنجامدان لە سێ‌ ڕۆژەكەی دوای جەژنیشدا (أیام التشریق) دروستە بەڵام باشتر و خێرتر وایە كە لە ڕۆژی جەژندا سەرببڕێت لەبەر سوننەتەكە و ئەنجا دەشكەوێتە نێو دەیەم ڕۆژی مانگی حاجیانەوە كە كردەوەی چاكە تێیدا فەزڵ و خێرەكەی تایبەتە ، بۆیە باشتر وایە لە دەیەمین ڕۆژدا قوربانی ئەنجامبدرێت .
لەکۆتاییدا : پێویستە لەسەر تۆی موسوڵمان ئاگاداری ئەم دە ڕۆژە بیت و لەدەستی نەدەیت ، و کردەوەی چاکەی زۆر تێدا ئەنجام بدەى ، و کاتەکانی بە شتی باش و خێر بەڕێ بکەى ، و ئاممان ئاگادار بن لەبەفیڕۆدانی کات لەم دە ڕۆژەدا و خۆ سەرقاڵ کردن بەشتی خراپ و بێ سوودەوە هاوشێوەی نوستنى زۆر ، و وتی و وتی ، و تەماشاکردنی کەناڵەکان ، و سەرقاڵ بوون بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ، چونکە ئەم کاتانە غەنیمەت ودەستکەوت گەلێکی زۆر گەورەن و گەر لەدەستت بچێ قەرەبوو ناکرێنەوە .
وآخر دعوانا أن الحمد لله ربِّ العالمين
بۆ چاپ کردنى ئەم نوسینە و بڵاوکردنەوەى لە نێو موسڵمانادا ئەم لینکە بکەرەوە

https://t.me/ba_kurty/617

سەردان: ١,٧٤٩ بەش: نۆمینەى حاجیان