حوکمی ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە سزای گۆڕ نییە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە سزای گۆڕ نییە
پرسیار:

چۆن وەڵامى ئەو كەسە بدەینەوە كە باوەڕى بەسزاى گۆڕ نییە بەبیانوو و بەڵگەى ئەوەى كە ئەگەر گۆڕێك هەڵبدرێتەوە دەبینی نەگۆڕاوە و نە لەسەرى تەسك بۆتەوە نە فراوانیش بووە؟

ئەو كەسە بەچەند وەڵامێك دەتوانرێت وەڵام بدرێتەوە لەوانە:  
یەكەم: سزاى گۆڕ بە شەرع جێگیربووە، خواى گەورە سەبارەت بە فیرعەون و شوێنكەوتوانى دەفەرموێت: (النَّارُ يُعْرَضُونَ عَلَيْهَا غُدُوّاً وَعَشِيّاً وَيَوْمَ تَقُومُ السَّاعَةُ أَدْخِلُوا آلَ فِرْعَوْنَ أَشَدَّ الْعَذَابِ) (غافر:46) واتە: لەسەرەتادا بەنوقومبوون لەئاودا تووشبوون و تیاچوون ، پاشان لەگۆڕەكانیاندا ـ كە ئاگر هەیە ـ سزا دەدرێن ، بەوەى هەموو بەیانى وئێوارەیەك ئاگریان توشدەكرێت هەتا كاتى لێپرسینەوە ، وكاتێكیش كە دواڕۆژ بەرپادەبێت ، پێیان دەوترێت : فیرعەون و شوێنكەوتوانى بخەنە نێو ئاگرەوە ، لەپاداشتى ئەو كردەوە خراپانەى كە ئەنجامتاندا . وە ئەم ئایەتەش بنەوا وبەڵگەیەكە لەسەر سەلماندن وجێگیركردنى سزاى ناوگۆڕ .
وە پێغەمبەرى خوا    دەفەرموێت: ((فلولا أن تدافنوا لدعوت الله أن يسمعكم من عذاب القبر الذي أسمع ثم أقبل بوجه فقال: تعوذوا بالله من عذاب النار، قالوا نعوذ بالله من عذاب النار، فقال: تعوذوا بالله من عذاب القبر، قالوا: نعوذ بالله من عذاب القبر)) واتە: لەبەر ئەوە نەبووایە كە ئێوە مردووەكانتان نانێژن ئەوا داوام لەخوا دەكرد دەنگى سزاى گۆڕتان ببیستایە كە من دەیبیستم پاشان ڕووى وەرچەرخاند و فەرمووى: پەنا بگرن بەخوا لە سزاى ئاگر، ئەوانیش ووتیان: پەنا دەگرین بەخوا لەسزاى ئاگر، پاشان فەرمووى: پەنا بگرن بەخوا لەسزاى ناوگۆڕ، ئەوانیش ووتیان: پەنا دەگرین بەخوا لەسزاى ناو گۆڕ.
  وە پێغەمبەرى خوا    سەبارەت بە حاڵى باوەڕدار دەفەرموێت: ((يفسح له في قبره مد بصره))(١). واتە: گۆڕەكەى بۆ فراوان دەكرێت بەئەندازەى بینینى چـاوى. جگە لەمانەش چەندین دەقی تر هاتوون سەبارەت بەم باسە، جا دروست نییە بە هۆى وەهم و خەیاڵێكەوە دژى ئەم دەقانە بوەستیتەوە بەڵكو واجب ئەوەیە كە بەڕاست بزانرێت و ملكەچ بیت بۆى.
دووەم: سزاى گۆڕ لە بنچینەدا لەسەر رۆحە و كارێكى هەست پێكراو نییە لەسەر لاشە، جا ئەگەر كارێكى هەست پێكراو بووایە لەسەر لاشە ئەوا لە غەیبیات نەدەبوو وە نەدەچووە ڕیزى باوەڕهێنان بە غەیبەوە و لەو كاتەشدا باوەڕبوون پێى هیچ سوودى نەدەبوو، بەڵكو ئەوە لە كارە نادیار وپەنهانیەكانە و بەراورد وپێوانە ناكرێت بە حاڵەتە دونیاییەكان.
سێ یەم: سزا و خۆشى وناخۆشى و فراوانى وتەسكى گۆڕ حاڵەتگەلێكن كە تەنها كەسی مردوو هەستى پێ دەكات و دەیبینێت نەك جگە لەو، بۆنمونە جارى وا هەیە كەسێك خەوتووە و لەخەونیدا دەبینێت كە دێت و دەچێت ولێ دەدات و لێى دەدرێت و یان دەبینێت لەشوێنێكى تەسك و ناخۆش ودڵتەنگدایە یان لەشوێنێكى خۆش وفراواندایە كەچى ئەو كەسانەى كە نەخەوتوون و لەلاى ئەودان هیچ هەست بەو شتانە ناكەن و نایبینن و نایبیستن.
جا ئەوەى واجبە لەسەر مرۆڤ لەم بارەیەوە ئەوەیە كە بڵێت: سمعنا وأطعنا، وآمنا وصدقنا .

سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله –


(١) أخرجه البخاري، كتاب الجنائز، باب ما جاء في عذاب القبر (1374)، ومسلم، كتاب الجنة، باب عرض مقعد الميت من الجنة (2870).

 

سەردان: ٢,٠١٧ بەش: باوەڕبون بە ڕۆژى دوایى