لەڕۆژی دوایدا خواى گەورە بە چ زمانێک قسە لەگەڵ بەندەکانى دەکات من کوردم یەکێکى تر تورکە ئەوى تر عەرەبە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لەڕۆژی دوایدا خواى گەورە بە چ زمانێک قسە لەگەڵ بەندەکانى دەکات من کوردم یەکێکى تر تورکە ئەوى تر عەرەبە؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
 بۆ وەڵامى ئەم جۆرە پرسیارانە پێم خۆشە وەڵامێکى شێخ (محمد بن صالح العثیمین) بخەمە ڕوو کە سەبارەت بە پرسیارى ئەوەى کە (ئایا (ملك الموت) ڕاسپێردراوە بە رۆحكێشانی گیانلەبەران (ئاژەڵان)؟)

لەوەڵامدا دەفەرموێ : ئایا ڕات چۆنە ئەگەر بڵێم بەڵێ‌ رۆحی ئاژەڵانیش ئەكێشێ‌ یان نەخێر، ئایا ئەمە سوودی چیە؟ ئایا هاوەڵان پرسیاری وایان لە پێغەمبەری خوا كردووە لەكاتێكدا پێغەمبەر لە ئێمە زۆر شارەزاترو بەتواناتر بووە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە .

پاشان گەر بڵێن بە عەرەبی یان کوردى خواى گەورە قسەمان لەگەڵ دەکات چ سودێکت پێ دەگات؟
بۆیە شێخ (محمد بن صالح العثیمین) پاشان سەبارەت بەو کەسانەى کە جۆرە پرسیارێک دەکەن زانین و نەزانیى هیچ سودی نیە دەفەرموێ :
گرنگترین شتێك لە وەڵامی ئەم جۆرە پرسیارەدا ئەوەیە كە مرۆڤ زۆر لە خۆی نەكات وبەدوای شتانێكدا نەگەڕێت كە سوودی تێدا نەبێت، قال النبي : (هلك المتنطعون) وە ئەگەر ئەم زانیاریە سوودی هەبووایە ئەوا خوای پەروەردگار لە قورئاندا یان لە سوننەتدا ڕوونی دەكردەوە، یان وای لە كەسێك دەكرد بچێت ئەو پرسیارە لە پێغەمبەر بكات ، هەربۆیە هاوەڵان دلخۆش دەبوون ئەگەر دەشتەكیەك بهاتایەو پرسیارگەلێكی لە پێغەمبەر بكردایە كە هاوەڵان شەرمیان دەكرد ئەو پرسیارەی لێ‌ بكەن.

بەكورتی ئەی برام بۆ تۆو ئەوەی دەیبیسێت یان دەیخوێنێتەوە ئەڵێم: قووڵ بوونەوە لەم باسانە هەڵەیە، لەبەر ئەوەی پێغەمبەر فەرمووی: (هلك المتنطعون) نەك یەك جار: [هلك المتنطعون، هلك المتنطعون، هلك المتنطعون] بەڵكو سێ جار، سەبارەت بەم شتە نادیارو پەنهانیانە ئەوەی بەڵگەی لەسەر هاتووەو باس كراوە وەری بگرەو ئەوەشی باس نەكراوە وازی لێ بهێنە. هاووێنەی ئەمەش لە بابەتی سیفاتی خوای گەورە، ئەوە لەپێشترە كەقسەی تێدا نەكەین، بە پێچەوانەی هەندێك فێرخوازەوە كە دەڵێن ئێمە ئەمانەوێت بابەتە عەقەدیەكان شی بكەینەوە، بۆیە پرسیاری شتی وا دەكەن كە هاوەڵان پرسیاری وایان نەكردووەو قورئان وسوونەتیش باسی نەكردووە، وە ئەمە ئەو باسەیە كە پێویستە لێی وریا وئاگادار بین.

وە لەوانەیە ئەو بەسەرهاتە بزانن كە پرسیاریان لە مالك رضي الله عنه كرد وتیان: ئەی باوكی عبداالله ئایا خوای گەورە چۆن لەسەر عەرش وەستاوە؟ ئایا ئیمامی مالك چی كرد؟ سەری كردە خوارو نەیتوانی سەربەرز بكاتەوە لەبەر سەختی وناڕەحەتی ئەو پرسیارەی لێی كرا، پاشان هەستاو ئارەقی كردو سەری بەرز كردەوەو ووتی: ئەی كابرا! بەرزبوونەوەی خوا شتێكی نەزانراو نیە، بەڵام چۆنیەتیەكەی نەزانراوە، باوەڕبوون پێی واجبە وپرسیاركردن دەربارەی بیدعەیە.

لەكاتێكدا ئەو پێشەوایەكە لە پێشەوا بەرزەكانی ئوممەت، بۆیە ئەی برایان ئێمە پێویستە لەسەرمان ئەو شتە غەیبیانەی كە سەلمێنراوە باوەڕمان پێی هەبێت ئەوەشی نەزانراوە لێی بێدەنگ بین و ئەگەر بەرژەوەندی لەزانینیدا هەبوایە ئەوا خوا ڕوونی دەكردەوە بۆمان، خوای گەورە بە پێغەمبەر دەفەرموێت: [وَأَنزَلْنَا إِلَيْكَ الذِّكْرَ لِتُبَيِّنَ لِلنَّاسِ مَا نُزِّلَ إِلَيْهِمْ ] (النحل:44) جا بۆیە پێغەمبەر شتێكی نەهێشتۆتەوە كە پێویستمان پێی هەبێت و نەیزانین ئیلا ڕوونی كردۆتەوە.
من لقا‌ءات الباب المفتوح

سەردان: ٢,٧٦٦ بەش: باوەڕبون بە ڕۆژى دوایى