ئایا غوسلی ڕۆژی جومعە چۆن دەردەکرێ وە هیچ جیاوازى هەیە لەگەڵ غوسلى لەشگرانى؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا غوسلی ڕۆژی جومعە چۆن دەردەکرێ وە هیچ جیاوازى هەیە لەگەڵ غوسلى لەشگرانى؟

بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.

چۆنێتی غوسلی ڕۆژی جومعە
غوسلی ڕۆژی جومعە وەكو غوسلی لەش گرانی وهەر غوسلێكی تر وایە، هەر وەكو پەیامبەری خوا دەفەرموێت: «مَنِ اغْتَسَلَ يَوْمَ الْجُمُعَةِ غُسْلَ الْجَنَابَةِ» ، واتە: «هەر كەسێك لە ڕۆژی جومعە غوسلی دەركرد ولە شێوەی غوسلی لەشگرانی»، بەڵام مەخابن ! زۆربەی زۆری موسڵمانان غوسلەكانیان بەو شێوازە نییە كە شەرع داوایكردوە، بەڵكو هەر لە خۆیەوە یان بەو شێوەیەی فێركراوە دور لە بەڵگەی شەرعی غوسل دەردەكات.
جا غوسل بەم شێوەیە دەردەكرێت:
سەرەتا ئەگەر عەورەتی شوێنەواری هیچ شتێكی پێوە هەبوو ئەوا عەورەت ودەوروبەری پاكدەكاتەوەو، پاشان دەستی دەشوات، پاشان دەستنوێژێكی جوان دەگرێت، پاشان سێ‌ جار ئاو دەكات بەسەریدا، وجوان دەست دەخاتە نێو قژی بۆ ئەوەی ئاوەكە بەر بنی قژی بكەوێت، پاشان سێ‌ جار ئاو دەكات بەلای ڕاستیدا، پاشان سێ‌ جار ئاو دەكات بەلای چەپیدا، پاشان دەست دەهێنێت بەهەموو لاشەیدا، بۆ ئەوەی ئاوەكە بەجوانی بەر هەمو لاشەی بكەوێت، پاشان هەر دوو پێكانی دەشوات. ئەبێت هەمو لاشەی تەڕ ببێت بە جوانی.
ئەمە غوسلی پەیامبەری خوایە و ئەمەش باشترین شێوازی دەركردنی لەشگرانیە.
ئەگەر بەم شێوازە غوسل دەربكات دەتوانێت بێ ئەوەی دەست نوێژی تازە بگرێتەوە نوێژ بكات.
ئەگەر كەسێكیش وای نەكرد، بەڵكو هەر ئاوێكی كرد بە خۆیدا، یان لەئاوێكدا قوتێكی خواردەوە بە مەبەستی غوسل دەركردن، ئەوە غوسلەكەی دەرچوە وتەواوە وهیچ تاوانبار نابێت.
بەڵام ئایا ئەو کەسەى کە لە ئاوێکدا قوت دەخواتەوە بە نیەتى غوسل دەست نوێژی هەیە؟
با بڵێین وەك پێشوتر دەتوانێت نوێژ بكات بێ ئەوەی دەستنوێژێكی تازە بگرێتەوە؟
ئەمە خیلافی لەسەرە، هەندێك ئەڵێن دەستنوێژی هەیە، لەبەر:
- ئەڵێن: كاتێك خوای گەورە باسی غوسلی كردوە باسی دەستنوێژی لەگەڵ نەكردوە. ئەمەشم لە شێخ عوسەیمینەوە بیستوە.
- غوسل تەهارەی گەورەیە ودەستنوێژیش تەهارەی بچوكە، كە تۆ گەورەكەت كرد بچوكەكەشت ئەنجامداوە.
- بونی حەدیسەكەی عائیشە كە پەیامبەری خوا غوسلی كردوە ونوێژی كردوە ودەست نوێژی نەگرتوە. ئەمەشم لە شێخ ئەلبانیەوە گواستۆتەوە.
وەڵامی ئەمانەش:
- ئەڵێن: ئەوە لازم نیە، وعدم الذکر لیس ذکرا للعدم.
- ئەڵێن: حەدیسەكەی دایكی ئیماندارانیش باسی غوسلی پەیامبەر دەكات، ئێمەش لەوە خیلافمان نیە كە هەر غوسلێك وەك غوسلی پەیامبەر بێت ئەوە دەستنوێژی هەیە، چونكە پەیامبەری خوا هەرگیز غوسلی بێ دەستنوێژ نەگرتوە، تەنانەت بەهۆی ئەمەوە هەندێك لە زانایان دەستنوێژ بۆ غوسل بە واجب دەزانن. بە هۆی تەرك نەكردنیەوە لەلایەن پەیامبەرەوە .
كەواتە ڕەچاوی ئەم خیلافە بكرێت لەمەدا زۆر چاكە. والله تعالی أعلم.

وەرگیراوە لە کتێبی : جومعە : فەزڵەكانی، ئەحكامەكانـی، داهێنراوەكانی . مامۆستا على خان

تەماشاى ئەمانەش بکە : 

ئایا خۆشۆردن بۆ نوێژی جومعە واجبە ؟ وه كاتی خۆشۆردنەکە كەی دەست پێ‌ دەكات؟ 

ئەگەر كەسێك لە ڕۆژی جومعەدا لەشی گران بوو ئەبێ غوسلى لەشگرانى و غوسلى جومعەش دەربکات؟

سەردان: ٧,٦٠١ بەش: خۆشۆردن (غوسل)