سوودەكانی داوێنپاكی چییە بۆ گەنجان بەتایبەتى لە ئێستا کە خراپە زۆر بووە؟
بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
یەکەم: سەلامەت بوونی كۆمەڵگە لە خراپە و تاوان: چونكە ئەو كۆمەڵگەیەی كە بە داوێنپاك ناسراوبێت دوورە لە خراپە و بەدڕەوشتی.
دووەم : داوێنپاك یەكێكە لەو حەوت كەسەی كە خوای گەورە لە رۆژی دواییدا دەیانخاتە ژێر سێبەری عەرشی خۆیەوە کە لەو ڕۆژەی كە هیچ سێبەرێك بوونی نییە جگە لەو سێبەرە نەبێت.
سێیەم: داوێنپاكی هۆكاری ڕزگاربوونە لە ناخۆشی و بەڵا و نەهامەتی:
بە بەڵگەی بەسەرهاتی ئەو پیاوانەى كە گیریان خوارد لەنێو ئەشكەوتەكەدا و تاشەبەردێكی گەورە دەرگای ئەشكەوتەكەی لێ داخستن و یەكێكیان لەخوا پاڕایەوە بەم كردەوەیەو وتی: خوایە تۆ دەزانی كە من كچەئامۆزایەكم هەبوو زۆرم خۆشدەویست، منیش زۆرم لێكرد بۆ ئەوەی كاری خراپەم لەگەڵدا بكات ئەویش ڕازی نەبوو هەتا من سەد دینارم پێدا هەتا قایل بوو ، خۆی ڕادەست كردم و منیش دانیشتم بۆ ئەنجامدانی كاری بەدڕەوشتی، لەوكاتەدا كچەكە وتی: لەخوا بترسە ، ئەڵقەكە مەپچڕێنە بە حەقی خۆی نەبێت، منیش هەستام و سەد دینارەكەشم پێدا، جا ئەی خوایە ئەگەر من ئەم كارەم لەبەر تۆ كردووە و وازم لەو خراپەیە هێناوە ئەوا لێرە دەربازمان بكە و ڕزگارمان بكە، ئەوە بوو خوای گەورەش دەرگاكەی بۆكردنەوە و ڕزگاریان بوو.
چوارەم : هاوكاری كردنی خوا بۆ ئەو كەسەی داوێنی خۆی پاك ڕادەگرێت:
خوای گەورە ئەوەی لەئەستۆ گرتووە كە هەركەس هاوسەرگیری بگات بەنیەتی داوێنپاكی ئەوا ئاسانكاری بۆ دەكات، پێغەمبەری خوا ﷺ فەرموویەتی: سێ كەس هەن خوای پەروەردگار كردوویەتی بەحەق بەسەر خۆیەوە یارمەتیان بدات ، كەسێك بیەوێ ژن بێنێ لەبەر داوێن پاكی ، كەسێك قەرز بكات بەمەبەستی دانەوەی، كەسێكیش بچێت بۆ غەزا لە پێناوی خوا.