چۆنیەتی دەرکردنی زەکات لەدار خورما: ماڵپەڕی وەڵامەکان
چۆنیەتی دەرکردنی زەکات لەدار خورما
پرسیار: سێ ساڵ پێش ئێستا خانوویەكم كڕی سوپاس بۆ خوا سێ دارخورماى بەردارى تێدا بوو كە دوو جۆر خورما دەگرن، وە بەروبومێكى زۆریان هەیە جا ئایا من زەكاتم لەسەرە بەم شێوەیە، وە ئەگەر وەلآمەكە بەڵێیە ئەوا خەڵكى هیچ نازانن لەم بارەیەوە جا دەپرسم كە چۆن بزانم بڕەكەى گەیشتۆتە ئەندازەى زەكات لێ دەركردن لەكاتێكدا من دەیچنمەوەو دەیڕنم؟ دووەم: رێژەو ئەندازەى زەكاتى چۆنە؟ وە ئایا هەر جۆرە وبەجیا زەكاتەكەى دەردەكرێت یان پێكەوە هەموو كۆدەكرێتەوە لەیەك جۆر خورما زەكات دەردەكرێت؟ وە ئایا دروستە لەبرى ئەوە پارە بدەم؟ وە چی بكەم سەبارەت بەو ساڵانەى كە ڕابوردوە؟

ئەوەى كەباسی كرد سەبارەت بەوەى كە زۆرێك لە خەڵكى حوكمى ئەو دارخورمایانە نازانن كە لەنێو ماڵاندان ئەوە ڕاستە، زۆرێك لە خەڵكى حەوت دار خورما یان دە دار یان زیاتر یان كەمترى هەیە و بەروبومەكەشی گەیشتۆتە ئەندازەى زەكات كەچی نازانن زەكاتى تێدایە و وا گومان دەبەن كە زەكات تەنها لە بێستاندا هەیە، جا بەرى خورما زەكاتى تێدایە ئیتر لە بێستاندا بێت یان لەنێو ماڵ و گەڕەك، جا بۆیە با كەسێكى شارەزا بهێنن و بیخەمڵێنێت بەوەى كە ئایا گەیشتۆتە ئەندازەى زەكات یان نا؟ وە ئەگەر گەیشتە ئەندازەى زەكات ئەوا زەكاتى دەردەكات بەڵام چۆن دەرى دەكات كە ئەو دەچنێت و دەیڕنێتەوە؟ وەكو پرسیاركەر ووتى من واى دەبینم لەم حاڵەدا نرخى خورماكە دیارى بكرێت نیوەى دە یەكى دەربكرێت، چونكە ئەوە ئاسانترە بۆ خاوەنەكەى و سووبەخشتریشە بۆ هەژار ونەدار واتە پارەدان بەسوودترە بۆ هەژار و ئاسانتریشە بۆ خاوەن خورما، وە ئەندازەى زەكاتەكەشی بریتیە لە پێنج لە سەد، ئەمە لەكاتێكدا زەكاتى ماڵ بریتیە لە دوو نیو لەسەد، بەڵام ئەمە پێنج لە سەدى تێدایە چونكە زەكاتى بەروبومە نەوەك هى ماڵ وبازرگانى. 
هەروەها ئەو ساڵانەشى كە زەكاتى دەرنەكردووە ئەوا لە دڵی خۆیدا دەیخەمڵێنێت و بزانێت چەند بڕى بەروبوم بووە لەو چەند ساڵەدا و ئێستا زەكاتەكەى دەردەكات، وە تاوانیشی لەسەر نییە لەوەى زەكاتى دواخستووە ئەو چەند ساڵە چونكە بە نەزانین بووە بەڵام ئێستا دەبێت هى ئەو چەند ساڵە بدات.

 سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -