كەسێك یەكێك لە حەرامكراوەكانى كاتى ئیحرام ئەنجام بدات بەبیرچونەوە بێت یان نەزانین ئایا حوكمى چییە؟
هەركەسێك یەكێك لە حەرامكراوەكان ئەنجام بدات لەپاش ئەوەى جلى ئیحرامى پۆشیوە و بەڵام هێشتا نیەتى نەهێناوە ئەوا هیچى لەسەر نییە چونكە عیبرەت بە نیەتە نەوەك جلى ئیحرام، بۆیە ئەگەر نیەتى هێنابێت و چووبێتە ناو حەجەكەوە ویەكێك لە حەرامكراوەكانى ئەنجام دا ئیتر بەبیرچونەوە بێت یان نەزانین ئەوا هیچی لەسەر نییە، بەڵام دەبێت كارێك بكات كە عوزرەكەى نەمێنێت واتە ئەگەر بیرى چووبێتەوە بیرى دەخرێتەوە ئەگەریش نەزان بێت ئەوا فێـردەكرێت و دەبێت دەستبەجێ واز لەو حەرامكراوە بهێنێت.
بۆ نمونە: ئەگەر كەسێك بیرى چوو جلێكى ترى لەبەركرد و هێشتا هەر لە ئیحرامیشدا بوو ئەوا هیچی لەسەر نییە، بەڵام ئەو كاتەى كە بیرى دەخرێتەوە دەبێت دەستبەجێ ئەو جلە دابكەنێت و بەهەمان شێوە ئەگەر شەرواڵەكەشی لەپێ ما وپاشان بیرى كەوتەوە دواى ئەوەى كە نیەتیشی هێناوە و تەلبیەى كردووە ئەوا دەبێت دەستبەجێ شەرواڵەكەى دابكەنێت و هیچی لەسەر نییە، بەهەمان شێـوە ئەگەر نەزان بوو هیچی لەسەر نییە وەكو ئەوەى فالینەیەكى لەبەركرد كە دورینى تێدا نەبوو بەڵام چنرابوو وە گومانى وەها بوو كە موحریم ئەگەر جلێك لەبەر بكات كە دورینى پێوەبێت ئاساییە ئەوا دیسان هیچی لەسەر نییە، بەڵام كە بۆى دەركەوت كەفالینە لەبەركردن هەرچەندە دوورینیشی پێوە نەبێت هەر قەدەغەیە ئەوا دەبێت لەبەرى دایكەنێت.
وە ڕێسا گشتیەكەى ئەم بابەتە ئەوەیە كە هەموو حەرامكراوەكانى كاتى ئیحرام ئەگەر مرۆڤ بەبیرچوونەوە یاخود نەزانین یان بەناچارى وزۆرلێكردن ئەنجامى دا ئەوا هیچی لەسەر نییە. خواى گەورەش فەرموویەتى:( رَبَّنَا لا تُؤَاخِذْنَا إِنْ نَسِينَا أَوْ أَخْطَأْنَا ) (البقرة: 286) فقال الله تعالى : قد فعلت. واتە: پەروەردگارا سزامان مەدە ئەگەر شتێكمان لەبیرچوەوە لەوەى فەرزت كردوە لەسەرمان ، یان هەڵەمان كرد و شتێكمان كرد كە یاساغیت لێكردوە. خواى گەورەش فەرمووى: ئەوا كردم.
ولقوله تعالى ( وَلَيْسَ عَلَيْكُمْ جُنَاحٌ فِيمَا أَخْطَأْتُمْ بِهِ وَلَكِنْ مَا تَعَمَّدَتْ قُلُوبُكُمْ وَكَانَ اللَّهُ غَفُوراً رَحِيماً) (الأحزاب: 5) واتە: وە گوناهبارنابن لەوەى كە بەهەڵە ئەنجامتانداون و بە ئەنقەست نەبووە ، بەڵكو تەنها خواى پەروەردگار لێتاندەگرێت ئەگەر ئەوە بە ئەنقەست ئەنجامبدەن . وە خواى پەروەردگاریش لێبوردەیە بۆ ئەو كەسانەى هەڵەیانكردووە ، و بەڕەحم و بەبەزەییە بۆ ئەو كەسەى كە تەوبەى لە گوناهەكانى كردووە.
وە هەروەها خواى گەورە سەبارەت بە ڕاوكردنى نێچیر كە یەكێكە لە حەرامكراوەكانى كاتى ئیحرام دەفەرموێت: ( وَمَنْ قَتَلَهُ مِنْكُمْ مُتَعَمِّداً ) (المائدة: 95). واتە: وە هەركەسێك هەرجۆرە نێچیرێك بەئەنقەست بكوژێت.
وە هیچ جیاوازى نییە ئەگەر ئەو حەرامكراوە جلوبەرگ بێت یان بۆن و هاوشێوەكانیان بێت یان ڕاوكردن و سەرتاشین و هاوشێوەكانى بێت، هەرچەندە هەندێ لە زانایان جیاوازیان كردووە لەنێوان ئەو شتانەدا بەڵام لەڕاستیدا ئەوەى دروست وپەسەند بێت ئەوەیە كە جیاوازیان نییە، چونكە هەركامەیان بێت هەر یەكێكە لە حەرامكراوەكان و مرۆڤ عوزرى هەیە بەبیرچوونەوە و نەزانین و زۆرلێكردن.
سەرچاوە : کتێبی فتاوى أرکان الإسلام: زاناى پایەبەرز : محمد بن صالح العثیمین - رحمه الله -
