حەقیقەتی بەندایەتیکردن بۆ خوای گەورە چییە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حەقیقەتی بەندایەتیکردن بۆ خوای گەورە چییە؟
پرسیار:

ئامانج لە دروستکردنی مرۆڤ ئەوەیە کە بەندایەتی تەنها بۆ خوای گەورە بکات، ئایا دەکرێت حەقیقەتی بەندایەتیم بۆ ڕوون بکەیتەوە؟

وەڵامی پرسیارەکە بە پوختی:

بەندایەتی بریتییە لە گوێڕایەڵیکردنی خوا ئەوەش بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی و خۆپاراستن لە قەدەغەکراوەکانی، لەگەڵ خۆشەویستی و ترس و ئومێد بە خوا. 
بەندایەتیکردن بۆ خوا پرسێکی گشتگیرە و باڵ بەسەر ژیانی موسڵماندا دەکێشێت؛ کاتێک لەسەر زەوی هەوڵدەدات بۆ پەیداکردنی بژێوی، ئەوە بەندایەتیی خوا دەکات. 
کاتێکیش دەخەوێت، خەوتنەکەی بۆ ئەوەیە کە هێز و توانای هەبێت بۆ بەندایەتیکردنی خوای گەورە. ڕێگەی گەیشتن بەم ئاستەش ئەوەیە، کە بەندە لە کاتی کارکردنیدا لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا هەمیشە یادی پەروەردگاری لە دڵدا ئامادە بێت و پرسیار لە خۆی بکات: ئایا ئەو لە شوێنێکدایە کە پەروەردگاری لێی ڕازییە، یان لێی تووڕەیە؟

سوپاس و ستایش بۆ خوا، و دروود و سڵاو لەسەر پێغەمبەری خوا ().

چەمکی بەندایەتی
بەندایەتی لە ڕووی زمانەوانییەوە: بریتییە لە ملکەچی و گەردنكەچی، عەرەب دەڵێن (هذا طريق مُعَبَّدْ)، واتە: ڕێگەیەکی کوتراو و تەختکراوە، بەهۆی زۆریی هاتوچۆ و پێپەستانەوە بەسەریدا.

بەڵام لە ڕووی شەرعییەوە، چەمکی بەندایەتی بۆ دوو شت بەکاردێت:
 یەکەم: کردەوەی بەندە؛ وەک ئەو کەسەی نوێژ دەکات یان زەکات دەدات، ئەم کردەوەیە بەندایەتییە. زانایان پێناسەی بەندایەتی بەم شێوەیە دەکەن: "بریتییە لە گوێڕایەڵیکردنی خوا لە ڕێگەی ئەنجامدانی فەرمانەکانی و دوورکەوتنەوە لە قەدەغەکراوەکانی، هاوشان لەگەڵ خۆشەویستی و ترس و ئومێد بە خوا".

دووە م: خودی ئەو شتەی کە فەرمانی پێ کراوە، تەنانەت ئەگەر هیچ کەسێکیش ئەنجامی نەدات؛ وەک نوێژ و زەکات لە خودی خۆیاندا و پەرستشەکانی تریش. بۆیە زانایان بەم شێوەیە پێناسەی دەکەن: "ناوێکی گشتگیرە بۆ هەموو ئەو وتە و کردەوە دیار و نادیارانەی کە خوای گەورە لێیان ڕازییە".

ئەم فەرمانانە ناونراون بە بەندایەتی، لەبەرئەوەی باڵغ و تێگەیشتووەکان (موکەلەفەکان) کاتێک ئەنجامیان دەدەن، لە ئاست پەروەردگاریاندا (جل وتعالى) ملکەچ و گەردن‌کەچن و خۆشیان دەوێت. بۆیە لە بەندایەتیکردنی خوادا، مەرجە کە ئەوپەڕی خۆشەویستی هاوشان بێت لەگەڵ ئەوپەڕی ملکەچی و گەردن‌کەچی بۆ زاتی الله (سبحانه).

پەروەردگارمان بۆی ڕوون کردووینەتەوە کە گەورەترین مەبەست و ئامانج لە دروستکردنی جنۆکە و مرۆڤ ئەوەیە کە تەنها بەندایەتی بۆ ئەو بکەن و هیچ هاوبەشێکی بۆ بڕیار نەدەن، وەك دەفەرموێت: {وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ} الذاريات/٥٦.


حەقیقەتی بەندایەتیکردن بۆ خوای گەورە
ئەی چۆن ئەم ئامانجە بهێنینە دی و بگەین بەو مەبەستە؟
زۆرێک لە خەڵکی وا گومان دەبەن کە بەندایەتی هیچی تر نییە جگە لە کۆمەڵێک پەرستش و دروشمی ئایینی کە خوای گەورە فەرمانی کردووە لە کاتە دیاریکراوەکانی خۆیاندا ئەنجام بدرێن؛ وەک نوێژ، ڕۆژوو و حەج، بەوەش هەموو شتێک کۆتایی دێت! بەڵام لە ڕاستیدا بابەتەکە بەو جۆرە نییە کە ئەوان بیری لێ دەکەنەوە.

ئایا دروشمە ئایینی و پەرستشەکان چەندێک لە کاتی شەو و ڕۆژێکمان دەبەن؟
وە بگرە چەندێک لە کاتی تەمەنی خودی مرۆڤەکە داگیر دەکەن؟!
کەواتە پاشماوەی تەمەن لە کوێیە؟
 پاشماوەی هێز و توانا لە کوێیە؟ 
کاتەکانی تر چییان لێ دێت؟ 
لە چیدا خەرج دەکرێن و بۆ کوێ دەچن؟ 
ئایا لە بەندایەتیدا سەرف دەکرێن یان لە شتی تردا؟
 ئەگەر بڕیار بێت لە غەیری بەندایەتیدا خەرج بکرێن، ئەی چۆن ئەو ئامانجەی بوونی مرۆڤ دێتە دی، کە ئایەتەکە بە تەواوەتی و تەنها لە بەندایەتیکردنی خوادا کورتیکردووەتەوە؟
 هەروەها چۆن ئەم فەرموودەیەی خوای گەورە دێتە دی کە دەفەرموێت: {قُلْ إِنَّ صَلَاتِي وَنُسُكِي وَمَحْيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ} الأنعام/162.

بە دڵنیاییەوە بەندایەتی پرسێکی گشتگیرە و باڵ بەسەر تەواوی ژیانی موسڵماندا دەکێشێت؛ بۆیە کاتێک لەسەر زەوی تێدەکۆشێت بۆ پەیداکردنی بژێوی، ئەوە بەندایەتیی خوا دەکات، چونکە پەروەردگاری فەرمانی پێ کردووە، وەک دەفەرموێت: { فَامْشُوا فِي مَنَاكِبِهَا وَكُلُوا مِن رِّزْقِهِ ۖ وَإِلَيْهِ النُّشُورُ} الملك/15.

کاتێکیش دەخەوێت، خەوتنەکەی بۆ ئەوەیە کە هێز و توانای هەبێت بۆ بەندایەتیکردنی خوای گەورە، وەک موعازی کوڕی جەبەل (ڕەزای خوای لێ بێت) دەفەرموێت: "إني لأحتسب نومتي كما أحتسب قومتي" واتە: من چاوەڕێی پاداشتم لە خەوتنەکەمدا، هەروەک چۆن چاوەڕێی پاداشتم لە شەونوێژەکەمدا، أخرجه البخاري 4342. 
مەبەستی ئەوەیە کە چاوەڕێی پاداشت دەکات لە خەوتنەکەیدا ڕێک وەک چۆن چاوەڕێی پاداشت دەکات لە هەستانیدا بۆ شەونوێژ، چونكە بەو نیەتەوە دەخەوێت كە لاشەی پشویەك بدات پاشان چالاك بێت بۆ شەو نوێژ و عیبادەت .
 بگرە موسڵمان بەوە ڕازی نابێت کە چێژوەرگرتنی لە خواردن و خواردنەوە و سەرجێییکردن نەچێتە تای تەرازووی چاکەکانییەوە، هەروەک پێغەمبەر () دەفەرموێت: (وفي بُضعِ أحَدِكُم صَدَقةٌ، قالوا: يا رَسولَ اللهِ، أيَأتي أحَدُنا شَهوتَه ويَكونُ له فيها أجرٌ؟ قال: أرَأيتُم لو وضَعَها في حَرامٍ، أكان عليه فيها وِزرٌ؟  قالوا: نعم . قال: فكَذلك إذا وضَعَها في الحَلالِ كان له أجرٌ )  أخرجه مسلم 1006.
 واتە: لە سەرجێییکردنی هەر یەکێکیشتاندا خێر و سەدەقەیەک هەیە. وتیان: ئەی پێغەمبەری خوا، ئایا کەسێکمان ئارەزووی خۆی جێبەجێ بکات پاداشتی بۆ هەیە؟
 فەرمووی: پێم بڵێن، ئەگەر لە حەرامدا ئارەزووەکەی جێبەجێ بکردایە ئایا گوناهی لەسەر نەدەبوو؟ 
وتیان: بەڵێ.
فەرمووی: بە هەمان شێوەش ئەگەر لە حەڵاڵدا جێبەجێی بکات، ئەوا پاداشتی بۆ هەیە، 
ڕێگەی گەیشتن بەم ئاستە بەرز و مەزنەی بەندایەتیکردن بۆ خوای گەورە، بەوە دەبێت کە بەندە لە کاتی کارکردنیدا لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا، هەمیشە یادی پەروەردگاری لە دڵدا ئامادە بێت، و پرسیار لە خۆی بکات: ئایا لە جێگەیەکدایە کە پەروەردگاری لێی ڕازییە، یان لێی تووڕەیە؟ 
ئەگەر لە جێگەی ڕەزامەندیی خوادا بوو، با سوپاس و ستایشی بکات و چاکەی زیاتر بکات. 
خۆ ئەگەر پێچەوانەی ئەوە بوو، با داوای لێخۆشبوون لە خوا بکات و تەوبە بکات و بگەڕێتەوە بۆ لای، ڕێک وەک حاڵی ئەو بەندە پارێزکارانەی كە خوای گەورە بەم شێوەیە وەسفی کردوون: {وَالَّذِينَ إِذَا فَعَلُوا فَاحِشَةً أَوْ ظَلَمُوا أَنْفُسَهُمْ ذَكَرُوا اللَّهَ فَاسْتَغْفَرُوا لِذُنُوبِهِمْ وَمَنْ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ إِلا اللَّهُ وَلَمْ يُصِرُّوا عَلَى مَا فَعَلُوا وَهُمْ يَعْلَمُونَ. أُولَئِكَ جَزَاؤُهُمْ مَغْفِرَةٌ مِنْ رَبِّهِمْ وَجَنَّاتٌ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا وَنِعْمَ أَجْرُ الْعَامِلِينَ} آل عمران/ 135، 136.
واته: وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی كاتێك كه‌ كارێكی به‌دڕه‌وشتی و زینایه‌كیان كرد [أَوْ ظَلَمُوا أَنْفُسَهُمْ] یان زوڵمیان له‌ نه‌فسی خۆیان كرد به‌تاوان [ذَكَرُوا اللَّهَ فَاسْتَغْفَرُوا لِذُنُوبِهِمْ] زیكرو یادی خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌نه‌وه‌و داوای لێخۆشبوون له‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌كه‌ن بۆ ئه‌و تاوانه‌ی كه‌ كردوویانه‌و له‌سه‌ری به‌رده‌وام نابن [وَمَنْ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ إِلَّا اللَّهُ] وه‌ كێ هه‌یه‌ له‌تاوان خۆشبێ جگه‌ له‌ خوای گه‌وره‌، ته‌نها خوای گه‌وره‌ له‌ تاوانه‌كان خۆش ئه‌بێ [وَلَمْ يُصِرُّوا عَلَى مَا فَعَلُوا] وه‌ به‌رده‌وام نه‌بوونه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كرده‌وه‌ خراپانه‌ی كه‌ كردوویانه‌ [وَهُمْ يَعْلَمُونَ (135)] وه‌ ئه‌وان ئه‌زانن ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن گوناهبار ئه‌بن، یان ئه‌زانن ئه‌گه‌ر ته‌وبه‌ بكه‌ن خوا لێیان خۆش ده‌بێت . 
[ أُولَئِكَ جَزَاؤُهُمْ مَغْفِرَةٌ مِنْ رَبِّهِمْ ] ئه‌م كه‌سانه‌ كه‌ سیفه‌تیان باسكرا پاداشتیان لای خوای گه‌وره‌ لێخۆشبوونێكه‌ له‌ خوای گه‌وره‌و لێیان خۆش ئه‌بێ [ وَجَنَّاتٌ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا ] وه‌ خوای گه‌وره‌ ئه‌یانخاته‌ به‌هه‌شته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك داری لێیه‌و ئاو به‌ژێری ئه‌و دارانه‌دا ئه‌ڕوات و به‌هه‌میشه‌یی تیایدا ئه‌مێننه‌وه‌ [ وَنِعْمَ أَجْرُ الْعَامِلِينَ (١٣٦) ] كه‌ ئه‌مه‌ باشترین پاداشتی ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ له‌ دونیا كرده‌وه‌ی چاكیان كردووه‌ .

بەندایەتیکردن بۆ خوا لە لای پێشینە چاکەکان (سەلەفی ساڵح) چۆن بووە؟

ئا بەم جۆرە چەمکی بەندایەتی لە ناخ و هەستی پێشینە چاکەکانماندا لە هاوەڵان و ئەوانەی دوای ئەوانیش ڕەنگی دابووەوە؛ هەرگیز کورتیان نەدەکردەوە تەنها لە چوارچێوەی دروشمە ئایینی و پەرستشەکاندا، بە شێوەیەک کە گوایە تەنها ئەو ساتانەی کە ئەو پەرستشانەی تێدا ئەنجام دەدەن کاتی بەندایەتی بێت، و پاشماوەی ژیانیشیان بکەوێتە "دەرەوەی بەندایەتی". بەڵکوو لە هەستی هەر یەکێکیاندا وابوو کە تەواوی ژیانی بەندایەتییە، و دروشمە ئایینییەکانیش تەنها کۆمەڵێک ساتی چڕن کە مرۆڤ تێیاندا وزە و هێزی ئیمانی بەدەست دەهێنێت، بۆ ئەوەی یارمەتیدەری بن لە جێبەجێکردنی پاشماوەی ئەو پەرستشانەی کە لێی داوا کراون. هەر لەبەر ئەمەش بوو کە گرنگییەکی تایبەتیان بەو ساتانە دەدا، ڕێک وەک چۆن ڕێبوارێک گرنگی دەدات بەو توێشووەی کە لە ڕێگەکەدا یارمەتیی دەدات، و بەو ساتەی کە توێشووەکەی تێدا بەدەست دەهێنێت.

ئەوان ڕێک بەو شێوەیە بوون کە پەروەردگاریان وەسفی کردوون: {الَّذِينَ يَذْكُرُونَ اللَّهَ قِيَامًا وَقُعُودًا وَعَلَىٰ جُنُوبِهِمْ} آل عمران/191، واتە لە هەموو کات و بارودۆخێکدا یادی خوایان کردووە. ئەوان یادی خوایان بە زمان و بە دڵ پێکەوە کۆدەکردەوە، هەمیشە گەورەیی خوا و ترسی ئەو لە دڵیاندا ئامادە بوو، لە هەر کارێک کە دەیانکرد یان هەر قسەیەک کە دەیانگوت. جا ئەگەر یەکێکیان تووشی غەفڵەت و بێئاگایی ببوایە و هەڵەیەکی بکردایە ، حاڵی ڕێک وەک ئەوە بوو کە خوای گەورە لەو ئایەتانەی پێشووی سوورەتی (آل عمران)دا وەسفی کردووە كە هەر زوو دەگەڕانەوە و تەوبەیان دەكرد و بەردەوام نەدەبوون.

هەموو مرۆڤێک بە سروشتی خۆی بەندەیە
پاشان بزانە - خوای گەورە سەرکەوتووت بکات - کە هەر مرۆڤێک بە سروشتی خۆی بەندەیە، واتە لەسەر بەندایەتیکردن دروست کراوە؛ ئیتر یان ئەوەتا بەندایەتی تەنها بۆ خوای گەورە دەکات بێ هیچ هاوبەشێک، یان بەندایەتی بۆ شتێکی تر جگە لە خوا دەکات، چ لەگەڵ خوادا بێت یان بێ خوا، هەردووکیان هەر یەکن! ئەم جۆرە بەندایەتییەش ئەوەیە کە خوای (سبحانه وتعالی) ناوی ناوە بە "بەندایەتیی شەیتان"، چونکە بەدەمەوەچوونی بانگەوازی شەیتانە: {أَلَمْ أَعْهَدْ إِلَيْكُمْ يَا بَنِي آدَمَ أَن لَّا تَعْبُدُوا الشَّيْطَانَ ۖ إِنَّهُ لَكُمْ عَدُوٌّ مُّبِينٌ (60) وَأَنِ اعْبُدُونِي ۚ هَٰذَا صِرَاطٌ مُّسْتَقِيمٌ } يس/60.

 واته: ئه‌ی ئاده‌میزاد ئایا عه‌هدو به‌ڵێنم لێ وه‌رنه‌گرتن كه‌ ئێوه‌ عیباده‌تی شه‌یتان نه‌كه‌ن ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌یتان دوژمنێكی ئاشكرای ئێوه‌یه‌. وه‌ به‌تاك و ته‌نها عیباده‌تی من بكه‌ن ئا ئه‌مه‌ ڕێگای ڕاستی منه‌ كه‌ دینی ئیسلامه‌.

ژیانی ئەو مرۆڤەی بەندایەتی بۆ خوا دەکات هەرگیز یەکسان نییە بە ژیانی ئەو کەسەی کە بەندایەتی بۆ شەیتان دەکات:
 { أَفَمَن يَمْشِي مُكِبًّا عَلَىٰ وَجْهِهِ أَهْدَىٰ أَمَّن يَمْشِي سَوِيًّا عَلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ} الملك/22.
{قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الْأَعْمَىٰ وَالْبَصِيرُ أَمْ هَلْ تَسْتَوِي الظُّلُمَاتُ وَالنُّورُ ۗ} الرعد /16.

وە شەیتان پلە بە پلە مرۆڤ پەلکێش دەکات لە هەوڵێکدا بۆ دوورخستنەوەی لە بەندایەتیکردنی خوا؛ هەندێک جار سەرکەوتوو دەبێت لە دوورخستنەوەی بە شێوەیەکی کاتی، ڕێک وەک ئەوەی کاتێک مرۆڤ دەکەوێتە ناو تاوانەوە، (لا يَزني الزَّاني حينَ يَزني وهو مُؤمِنٌ، ولا يَسرِقُ السَّارِقُ حينَ يَسرِقُ وهو مُؤمِنٌ..) واتە: زیناکار لەو کاتەی کە زینا دەکات باوەڕدار نییە، وە دزیش لەو کاتەی کە دزی دەکات باوەڕدار نییە.. أخرجه البخاري (2475) ومسلم (57)، هەندێک جاری تریش بە یەکجاری دووری دەخاتەوە، بە شێوەیەک کە هەموو پەیوەندییەک لە نێوان بەندە و پەروەردگاریدا دەپچڕێت، بەمەش هاوبەش بۆ خوا بڕیار دەدات، یان بێباوەڕ دەبێت، یان تووشی بێدینی (ئیلحاد) دەبێت - پەنا بە خوا -.
پەرستنی ئارەزووەکان = بەندایەتیکردن بۆ شەیتان

ئەم جۆرە بەندایەتییە بۆ شەیتانیش، هەندێک جار بە پەرستنی هەوا و ئارەزوو خۆی دەنوێنێت، هەروەک خوای گەورە دەفەرموێت: {أَرَأَيْتَ مَنِ اتَّخَذَ إِلَٰهَهُ هَوَاهُ أَفَأَنتَ تَكُونُ عَلَيْهِ وَكِيلًا } الفرقان/43. 
جا ئەم بەندەیەی کە فەرمان لە ئارەزووەکانییەوە وەردەگرێت، هەرچییەک بە باش بزانێت دەیکات و هەرچییەک بە خراپ بزانێت وازی لێ دەهێنێت؛ ئەوە بەتەواوی ملکەچی ئارەزووی نەفسیەتی و دوای هەر شتێک دەکەوێت کە بانگی دەکات، بگرە هەروەک ئەوەی بیپەرستێت، ڕێک وەک چۆن مرۆڤێک بەندایەتی بۆ پەرستراوەکەی دەکات.

هەندێک جاری تریش، ئەم بەندایەتییە دەبێتە پەرستنی درهەم و دینار (پارە و سامان)، هەروەک پێغەمبەر () دەفەرموێت: (تَعِسَ عَبْدُ الدِّينَارِ وَعَبْدُ الدِّرْهَمِ.. الحديث) واتە: سەرشۆڕبێت  و تیاچێت ئەو كەسەی بەندەی دینار و بەندەی درهەمە.... رواه البخاري 2887.

ئا بەم شێوەیە، هەر کەسێک دڵی بە شتێکی تر جگە لە خوا پەیوەست بێت لە هەوا و ئارەزووەکانی نەفسی، ئەوا ئەو کەسە بەندەی ئەو شتەیە کە ئارەزووی دەکات و کۆیلەیەتی؛ چونکە لە ڕاستیدا کۆیلایەتی و بەندایەتی، بریتییە لە کۆیلایەتی و بەندایەتیی دڵ.

پاشان بەو ئەندازەیەی کە ئەم حەز و ئارەزووانە یان بەشێکیان دەیكەنە کۆیلەی خۆیان، بە هەمان ئەندازە بەندایەتیکردنی بۆ پەروەردگاری (سبحانه) لاواز دەبێت. جا ئەگەر بەندایەتیکردنی بۆ ئەو حەز و ئارەزووانە هێندە جێگیر و بەهێز بوو کە بە تەواوەتی لە ئایینەکە دووریان خستەوە، ئەوا ئەو کەسە موشریک و بێباوەڕە. خۆ ئەگەر ئەو هەوا و ئارەزووانە تەنها لە بەشێک لە ئەرکەکان دووریان خستەوە، یان ئەنجامدانی هەندێک لە حەرامکراوەکانیان بۆ ڕازاندەوە کە ئەنجامدەرەکەی لە ئایین ناکاتە دەرەوە، ئەوا بەو ئەندازەیەی کە لە ڕێگەی ڕاست لایداوە، لە بەندایەتی بۆ پەروەردگاری و لە باوەڕەکەی کەم بووەتەوە.

داواکارین لە خوای گەورە کە نیعمەتی بەندایەتییەکی کامڵمان بۆ زاتی الله (سبحانه) پێ ببەخشێت، وە بمانخاتە ڕیزی بەندە دڵسۆز و دۆستە نزیکەکانییەوە، بەڕاستی ئەو بیسەر و نزیک و وەڵامدەرەوەیە.
خوای گەورەش زاناتر و داناترە.
المراجع: كتاب العبودية لشيخ الإسلام ابن تيمية.

سەردان: ١٠٩ بەش: بیروباوه‌ڕ