ئایا پەروەردگاری بەدیهێنەر ( الله ) پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە ؟!: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا پەروەردگاری بەدیهێنەر ( الله ) پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە ؟!

شوكر وستایش بۆ ( الله ) پەروەردگاری جیهانیان ، و بەدیهێنەری تاك و تەنها ، و تەنیا شایستەی پەرەستن ، صەڵات و سەلامیش لەسەر نێرداوی بەهەق بۆ مرۆڤایەتی موحەممەد ، وە لەسەر ئەهل و بەیت و یارویاوەران و شوێنكەوتوانیان بە چاكە تا ڕۆژی دوایی .
پاشان دەڵێم : جێی داخە كە لەم سەردەمانە دەبینین نەخۆشی ئیلحاد و بێباوەڕی بڵاوبووەتەوە ، كە یەكێكە لە نەخۆشیە فیكریە كوشندە لەناوبەڕەكان ، چونكە باوەڕی بیر لاوازەكان لە ناودەدات ، و چاوەكان كوێر دەكات لە بینینی بەڵگە ڕوون و ئاشكراكان بوونی بەدیهێنەری تاك و تەنها ، وە دەبینیت تووشبوان بەم نەخۆشیە دەمەدەم و مشتومڕ دەكەن تەنانەت لەسەر شتە بەڵگە نەویستەكان !! ، و شتە دژیەكان ـ لەیەك كاتدا ـ لەگەڵا یەكدا كۆدەكەنەوە ، و هەموو شوبهە و گومانێكیان لێدەبێتە ڕاستی ، و گومان و نەزانینەكانیان لێدەبێت بە زانین ، و ڕەواییان لێدەبێت بە ناڕەوایی و نەزانین ، و ناڕەواییان لێدەبێت بە ڕەوایی !!!
لە گرنگترین هۆِكارەكانی ئەم نەخۆَشیەش : شارەزانەبوونە بە ئایین ، و لاوازی لە بیروباوەڕی ئیسلامی ، و بەدواداچوونی نەبڕانی وەسوەسە و گومانە فیكریەكان ، وە لە هەمووشیان گرنگتر خوێندنەوەی گومان و شوبهەی بێباوەڕانە بێ ئەوەی مرۆڤ هیچ زانستێكی شەرعی هەبێت ، و لەو بوارەدا دامەزرا بێت !!!
بەڵگەنەویستە كە گومان و شوبهەی بێباوەڕان جگە لە هەندێك ووتەی بێ بنەوا نەبێت هیچی تر نین ، و هەموو لاف گەزافی بێ بەڵگەن ، بەڵام سەرباری لاوازی و پوچەڵەیان دەبینین كاریگەریان هەیە لەسەر هەندێك تاكی موسڵمانان ئەوەش لەبەر : كەمی زانست ، و زیادبوونی نەزانی بە ئایین ، بۆیە پێویستە بەرپەرچی یەك لەدوای یەكی شوبهە و گومانەكان و تێكەڵكردنی چەمكەكان ، و لاف و گەزافی بێباوەڕان بدرێتەوە ، ئەوەش بۆ ئەوەی هیچ كەسێك بە ئاوەژووركردنیان بۆ ڕاستیەكان هەڵنەخەڵەتێت ، و ووتە و گومانەكانیان كاریگەری لەسەر هیچ تاكێكی موسڵمان نەبێت .
جا لێرەدا هەڵەی ئەو پرسیارە ئاشكرا دەكەین كە دەووترێت : (( ئایا پەروەردگاری بەدیهێنەر پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە ؟!!! )) ، چونكە پرسیارێكی لۆژیكی نیە ، و هەڵەیە بەڵام سەرەڕای ئەوەش بێباوەڕان دووبارەی دەكەنەوە !!!
بێباوەڕان پێمان دەڵێن : ئێوەی باوەڕداران بە بوونی خودا پرسیار دەكەن سەبارەت بە هۆكاری بوونی مادەی یەكەمی دروست بوونی گەردوون ، و خۆتان وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن : هۆكاری هێنەكایەی مادەی یەكەمی دروست بوونی گەردوون ( الله ) یە ، و ئێمەش ئەپرسین : ( الله ) ـی بەدیهێنەر پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە ؟!!! ئەو كاتە ئێوە وەڵام دەدەنەوە : ( الله ) پێویستی بە هۆكاری بەدیهێنان نیە بۆ بوونی ، باشە بۆ ئێوە تیۆری زانستی : (( هەموو بەدیهێنەرێك پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە )) پەك دەخەن كاتێك پرس و باسە كە پەیوەست دەبێت بە ( الله ) وە ؟!!

بەڵام ئێمەش وەڵامتان دەدەینەوە و دەڵێین : بۆچی ئەگەری ئەوە دانەنێین كە تەنی یەكەمی دروستبوونی گەردوون پێویستی بە هۆكاری بەدیهێنان نیە !!!! و بەوەش دەمەدەم و نیقاشەكە دەبڕێتەوە !!!
وە هەندێك دەڵێن : ئەگەر بڵێن گەردوون بەدیهێنەرێكی هەیە ، ئەوا ئەم بۆچوونە سەر دەكێشێت بۆ ئەوەی بووترێت : ئەو بەدیهێنەرە بەدیهێنەرێكی تری هەیە ، و ئەمەش ڕێگە بۆ كەسانێكی تر خۆش دەكات كە بەدیهێنەری تر دابنێن یەك بۆ یەك ، , و یەك لە دوای یەك ، وە ئەم زنجیرە بەدیهێنەرە بێكۆتاییە قەدەغەیە ، بۆیە وەستان لە ئاستی گەردوون و تێنەپەڕاندنی واتە وەستان لە ئاستی هەست پێكراو و بینراوی پاڵپشتكراوە بە بەڵگە ، و ئەمەش دەرگا دادەخات لە پێش ئەوانەی كە هۆكاری تر بۆ بوون دادەنێن ، لە كاتێكدا باوەڕ بە بەدیهێنەرێتی ( الله ) خۆی لە خۆیدا ئەم دەرگایە دەكاتەوە !!!
سەرەتا سەبارەت بە پرسیارەكە دەڵێین : پرسیاری ئەوەی : ئایا پەروەردگاری بەدیهێنەر پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە ؟!! پرسیارێكە لە پرسیارە نالۆژیكیەكان ، چوونكە دروستكەر دروست ناكرێت ، ( الله ) ش دروستكراو نیە ، بۆ ئەوەی ئەو پرسیارە بكرێت ، چونكە ( الله ) هەربووە و دروسكرتكراو نیە ، یەكەمە و هیچی لە پێشدا نەبووە ، بۆیە ڕێسای دروستكراوەكان نایگرێتەوە ، بۆ ئەوەی بووترێت ئایا پێویستی بە دروستكەر هەیە یان نە ؟!! ، یان بەدیهێنەری هەیە !!! دروستكراوێتیش سیفەتی بەدیهێنراوەكانە ، كە ئەو شتانەیە بەدیهێنراون پاش نەبوونیان ، دەسا چۆن بەدیهێنەر وەسف بكەین بە سیفەتی بەدیهێنراوەكان ، و شتی نالایەقی بدەینە پاڵ ؟!!
( الله ) ـی تاك و تەنها ئەزەلی و هەربووە ، وە بوونی سەرەتایی نیە ، وە بوونی سیفەتێكی خودی و زاتیە و لێی جیا نابێتەوە ، واتە : بە هەتا هەتایی دەمێنێتەوە ـ ، جا ئەگەر ( الله ) بوونی سەرەتای نەبێت ، چۆن پرسیار لەوە بكرێت : ئایە پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە یان نە ؟!! یان پرسیار لە هۆكاری بوونی بكەین ؟!! بنەواش لە بەدیهێنەر بوونە ، چونكە ئەگەر بنەوا تێیدا نەبوون بوایە ئەوا گەردوونی بەدینەدەهێنا ، چونكە ئەوەی شتێكی نەبێت ناتوانێت بیبەخشێت ، پێشین دەڵێن : ((فَاْقِدُ الشَّيْءِ لاَ يُعْطِيْهِ )) ، وە ئەگەر بوونی ( الله ) بنەوا بێت ، ئەوا ئەمە دەخوازێت كە پێویستی بە بەدیهێنەر نەبێت بۆ ئەوەی بەدی بهێنێت ، و هۆكاریشی ناوێت بۆ ئەوەی بیهێنیتە بوون ، چونكە ئەوەی بنەوا تێیدا بوون بێت پێویستی بەوە ناكات بەدوای هۆكاری بوونی بگەڕێین .
ووتەی ئەوانەش كە دەڵێن : بەدیهێنەری گەردوون پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە !!! نزیكە لە ووتەی ئەوانەی كە دەڵێن : خوێ پێویستی بە خوێ هەیە بۆ ئەوەی سوێر بێت !!! یان شەكر پێویستی بە شەكر هەیە بۆ ئەوەی شیرین بێت !!! وە ڕەنگی سور پێویستی بە ڕەنگی سور هەیە بۆ ئەوەی سور بنوێنێت !!!َ
وە ووتەی ئەوانەی كە دەڵێن : كێ بەدیهێنەری بەدیهێناوە !!! یەكسانە بەوەی كە بووترێت : چی پێشی ئەو شتەیە كە هیچی لەپێش نیە ؟!!!
وە یەكسانە بەوەی كە بووترێت : سەرەتای ئەو شتە چیە كە سەرەتای نیە ؟!!!
یان یەكسانە بەوەی كە بووترێـت : سەرەتای بوونی ئەو شتە چیە كە بوونی سەرەتای نیە ؟!!!
بەڕاستی ئەم ووتەیە لەوپەڕی بێبنەوایی و كەودەنیدایە .
كەواتە ( الله ) لەلای ئێمەی باوەڕدار ( وَاْجِبُ الْوُجُوْد = هەربووی پێویستە ) ، كەواتە : بوونی ئەزەلیە و هەربووە ، وە بوونی سیفەتێكی زاتیە و لێی جیانابێتەوە ، و لە هیچ سات و زەمانێكدا پێویستی بە بەدیهێنان نەبووە ، وە لە هیچ سات و سەردەمێك نەبوو نەبووە بۆ ئەوەی پێویستی بەوە هەبێت لە نەبوونەوە بهێنرێتە بوون ، پاكی و بێگەردی بۆ دروستاكاری بەدیهێنەری كات و شوێن ، بۆیە لەسەر ئەم بنەوایە : ( الله ) ـی بەدیهێنەر بەدیهێنراو نیە بۆ ئەوەی پرسیار لە بەدیهێنەری بكەین یان لە هۆكاری بەدیهاتنی .
وەڵامی ئەوەش ئایا بۆ ئێوە تیۆری زانستی : (( هەموو بەدیهێنەرێك پێویستی بە بەدیهێنەر هەیە )) پەك دەخەن كاتێك پرس و باسەكە پەیوەست بێت بە ( الله ) وە ؟!!!
دەڵێم : وەڵامی ئەم پرسیارە لە چەند ڕوویەكەوە :
ڕووی یەكەم : بێگومان بنەوا لە بەدیهێنەر بوونە ، چونكە ئەگەر بنەوا تێیدا نەبوون بێت ئەوا نەیدەتوانی گەردوون بەدی بهێنێت ، چونكە ئەوەی شتێكی نەبێت ناتوانێت بیبەخشێت ، یان هۆكارەكەی نەبێت ناتوانێت بیبەخشێت ، جا ئەگەر بنەوا لە بەدیهێنەر بوون بێت ، ئەوا دروست نیە ، پرسیار لە هۆكاری بوونی بكرێت .
ڕووی دووەم : بێگومان بوونی ( الله ) ئەزەلی و هەربووە ، و بوونی سیفەتی زاتی موبارەكێتی و لێی جیا نابێتەوە ، بۆیە دروست نیە پرسیار لە هۆكاری بوونی بكرێت ، لەكاتێكدا بوونی سەرەتای نیە .
ڕووی سێیەم : بێگومان ( الله ) تەواوێتی ڕەهایی هەیە ، لە كاتێكدا خۆیەتی كە تەواوێـتی بە دروستكراوەكانی بەخشیوە ، بۆیە خۆی شایستە تر و لەپێشترە لە پێبەخشكراوەكان بەم سیفەتە وەسف بكرێت ، وە هەموو تەواوێتیەك بۆ دروستكراوە بەدیهێنراوەكان جێگیر بكرێت ، ئەوا بەدیهێنەر شایستە تر و لە پێشترە ئەو سیفەتەی تێدا بێـت ، جا ئەگەر تەواوێتی و كاملێتی ڕەهایی جێگیر بێت بۆ ( الله ) ، و پێویستی پێچەوانە و پوچەڵكەرەوەی ئەو تەواوێتیە ڕەهایەیە ، كەواتە تەواوی ڕەها پێویستی بە جگە لە خۆی نیە ، لەسەر ئەم بنەوایەش : بەدیهێنەر پێویستی بە جگە لە خۆی نیە ، وە ئەگەر پێویستی بە جگە لە خۆی نەبێت كەواتە پێویستی بە هۆكار نیە ، وە ئەگەر پێویستی بە هۆكاریش نەبێت دروست نیە پرسیار سەبارەت بە هۆكاری بوونی بكرێت .
ڕووی چوارەم : پرسیاركردن سەبارەت بە هۆكاری بوون كاتێك دروستە كە پرسیارەكە سەبارەت بە شتێك بێت بنەوا تێیدا دروست بوون و هاتنەكایە بێت ، یان سەبارەت شتێك بێت : بوونی نەبووبێت پاشان هاتبێتە كایەوە پاش ئەو نەبوونە ، بەڵام ( الله ) هەربووی ئەزەلیە ، و دروستبوو نیە و نەهاتۆتەكایەوە .
ڕووی پێنجەم : ئەگەر ووترا : هەموو بەدیهێنەرێك بەدیهێنەرێكی هەیە ، واتە : بەدیهێنەری گەردون بەدیهێنەرێكی هەیە ، وە ئەوەش بەدیهێنەری بەدیهێنەری گەردونە بەدیهێنەرێكی هەیە ، وە بەم شێوەیە تاكو ناكۆتا !!! ئەمەش خوازیاری ئەوەیە كە گەردون بەدیهێنەری نیە ، ئەم ووتە و ئاكامێكی پوچ و بەتاڵە ، چونكە گەردون بوونی هەیە ، بۆیە بوونی گەردون ئەوە دەخوازێت بەدیهێنەرەكان تاكو ناكۆتا بەدوای یەكدا نەیەن !! چونكە پێویستە ئەو زنجیرەیە بكات بە هۆكارێكی پێویست نەبوو بە هۆكار و بەدیهێنەر ، وە دەبێت هۆكارەكان لە ئاستی هۆكارێكدا بووەستێت ، چونكە ناكرێت هۆكارەكان لە ئاستێكدا نەوەستن و ناكۆتا یەك بەدوای یەك بێن .
ئەگەرنە هیچ نەدەبوو ، كەواتە : ڕیز بەندی و یەك لەدوای یەك هاتنی هۆكارەكان تاكو كۆتایی قەدەغە و نادروستە ، بەڵكو دەبێت بگەینە كۆتایی تیایدا ، ئەو كۆتاییەش لە بەدیهێنەرەكان یان لە هۆكارەكان بۆ لای ( الله ) ـی بەدیهێنەری تاك و تەنهایی بێگەردی و بەرز و بڵند بێت .
بۆ نزیك كردنەوەی ئەمەش نموونە سەربازێك و تەقاندنی فیشەكێك دەهێنینەوە ، سەربازەكە دەیەوێت فیشەكێك بتەقێنێت ، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو كارە بكات پێویستی بەوە هەیە فەرمان لە سەربازێكی پاش خۆی وەربگرێت ، وە ئەو سەربازەش بۆ فەرماندانی بەو كارە دەبێت فەرمان لە سەربازێكی پاش خۆی وەرگرێت ، وە بەم شێوەیە تاكو ناكۆتا دەڕوات !!
پرسیارەكە ئەوەیە : ئایا سەربازەكە فیشەكەكە دەتەقێنێت ؟! بێگومان نەخێر ، چونكە هەرگیز ناگاتە ئەو سەربازەی كە فەرمانی تەقاندنی فیشەكەكەی دەداتێ ، بەڵام ئەگەر زنجیرەكەی گەیشتە كەسێك كە لە سەرویەوە كەس نەبێت بۆ ئەوەی فرمانی پێبدات ، ئەو كاتە فیشەكەكە دەتەقێت ، وە بەبێ ئەو كەسە چەندێك ژمارەی سەربازەكان زیاد بكات فیشەكەكە ناتەقێنرێت ، چونكە ئەوان وەكو سفرەكانن كە لە تەنیشت یەكتر دابنرێن هەرچەندە زۆربن تاكو بگاتە كۆتایی هەر نابێتە شتێك ، جگە لەوەی كە گەر لە پێشی ژمارە یەكێك ( 1 ) یان زیاتر دابنرێت .
وە لە وەڵامی ئەو پرسیارەیان كە دەڵێن : بۆچی ئەگەری ئەوە دانەنێین كە مادە پێویستی بە هۆكاری بوون نەبێت ؟!!
دەووترێت : زۆر جیاوازە سیفەتەكانی بەدیهێنەر كە بەڵگەی هەربوونی و ئەزەلێتی هەیە ، لەگەڵ سیفەتی مادە كە بەڵگەی بەدیهاتن و پێوییستی بە بەدیهێنەر هەیە ، ئەو ووتەیەش كە بێباوەڕان دەیڵێن : مادە سەرەتاییەكان پێویستیان بە بەدیهێنەر نیە ، ووتەیەكی بێ بەڵگە و وەڵامی لە چەند ڕوویەكەوە :
یەكەم : زانست نەگەشتووە بەوەی كە چی لەپێش ئەو تەقینەوە گەورە و مەزنەوە بووە كە گەردونی لێهاتووەتە كایەوە ، وە ناشزانێت ئەو مادەیەی كە گەردونی لێدروست بووە لە كوێوە هاتووە ، و هەموو شتێك لێیەوە پەرەی سەندوە !!!
دووەم : هیچ شتێك نیە ئەوە بسەڵمێنێت كە مادە و ووزە بوونیان هەبووبێت پێش ئەو تەقینەوە گەورە و مەزنە .
سێیەم : بۆشایی و كات لەگەڵ ئەو تەقینەوە گەورە و مەزنە هێنراوەتە كایەوە ، و ماددەش : هەموو شتێكە كە تەن و قەبارەی هەبێت ، و شوێنێك لە بۆشاییدا داگیر بكات ، واتە : ماددە پێویستی بە شوێن و جێگەیەك هەیە بیگرێتەوە ، بەوەش هیچ مادەیەك نیە بەبێ بوونی شوێنێك كە بیگرێتەوە .
چوارەم : ئەوەی كە گەردون پەرەی سەندوە لە مادەی سەرەتایی بۆ ئەوەی كە ئێستا لەسەریەتی ، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە مادە ی سەرەتایی گۆڕان و ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە ، ئەوەش كە گۆڕان و ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت هەتا هەتایی و ئەزەلی نیە ، چونكە هەموو شتێك كە گۆڕان و ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت بێگومان پێویستی بە گۆڕەر و ئاڵوگۆركار هەیە ، واتە : پێویستی بە هۆكارێك هەیە بیگۆڕێت و ئاڵوگۆڕی پێبكات ، وە ئەو هۆكارەش دەبێت لە پێش خۆی بوونی هەبووبێت ، ئەمەش پێچەوانەی هەتاهەتایی و ئەزەلییەتە جا لەبەر ئەوەی مادەی سەرەتایی پێویستی بە هۆكار بووە بۆ ئەوەی لە بارێكەوە بیگۆڕێت بۆ بارێكی تر ، وە هۆكارێك لە بارێكەوە ئاڵوگۆڕی پێبكات بۆ بارێكی تر ، كەواتە ماددە پێویستی بە جگە لە خۆی هەیە ، و خۆی بۆ خۆی بێپێویست نیە ، كە ئەوەش بەڵگەیە لەسەر دروستكراوێتی مادە ، چونكە ئەگەر بنەوا تێیدا بوونێكی هەربوویی و ئەزەلی بوایە ، ئەوا تووشی گۆڕان و ئاڵوگۆڕ نەدەبوو .
وە ئەوەش كە دەڵێن : ئەوەی كە بووترێت ئەم گەردوونە بەدیهێنەرێكی هەیە دەرگای یەك لەدوای یەكهاتنی بەدیهێنەرەكان (التَّسَلْسُلُ فِي الْفَاْعِلِيْنَ ) دەكاتەوە كە ئەمەش ووتەیەكی قەدەغە و نادروستە !!!
لەڕاستیدا ئاوەژوو كردنێكی ڕاستیەكانی تێدایە ، و یەكسان كردنی سیفەتی بەدیهێنەری هەربووی ئەزەلی تێدایە بە سیفەتی بەدیهێنراوی دروستكراو ، بەدیهێنەر بەدیناهێنرێت ، و هەر بووی ئەزەلیش دروست ناكرێت ، و بە پێچەوانەوە ئەوەی كە دەووترێت ( الله ) ـی بەدیهێنەر گەردونی بەدیهێناوە ، ڕێگە دەبڕێت لەبەردەم دەرگای یەك لەدوای یەك هاتنی بەدیهێنەرەكان (التَّسَلْسُلُ فِي الْفَاْعِلِيْنَ ) ، و یەك لای دەكاتەوە ، چونكە لە سیفەتەكانی بەدیهێنەر ئەوەیە كە یەكەمە و هیچ لە پێشی نیە ، بەوەش هیچ یەك لەدوای یەك هاتنی بەدیهێنەر بوونی نیە نەك دەرگا بەڕووی ئەو ووتەیەدا بكاتەوە !!!
دوا ووتەشمان شوكر ستایشە بۆ ( الله ) تەنها بەدیهێنەری جیهانیان .

وەرگێڕاون بە دەستكاریەوە
باوكی سوننە عدنان بارام كەلاری
5/ 4 / 1437 ك

سەردان: ٣,٤٥٣ بەش: باوەڕبون بە خوا