ئایا سه‌له‌فییه‌ت پێشكه‌وتن و داهێنان و نوێكارى به‌لاوه‌ بیدعه‌یه‌؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا سه‌له‌فییه‌ت پێشكه‌وتن و داهێنان و نوێكارى به‌لاوه‌ بیدعه‌یه‌؟

نه‌خێر، سه‌له‌فییه‌ت یه‌عنى ئیسلام وه‌ ئیسلامیش هانى داوین كه‌ زیاتر لێكۆڵینه‌وه‌ و وردبوونه‌وه‌ و هه‌وڵدانمان هه‌بێت بۆ كارى خێر و به‌رژه‌وه‌ندى موسوڵمانان.
وه‌ هه‌ر پێشكه‌وتنێكى دونیایی له‌ بوارى ته‌كنه‌لۆژیا و ئه‌لیكترۆنى و پیشه‌سازى، ئیسلام به‌ باشى ده‌زانێت، به‌ مه‌رجێك له‌ خزمه‌تى خه‌ڵكیدا بێت، وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ش داهێنانى دونیایی و نوێكاریش، واته‌ سه‌له‌فییه‌ت هیچ كاتێك به‌ كاره‌با و سه‌یاره‌ و قیتار و ته‌یاره‌ و كۆمپیته‌ر و گشت داهێنانه‌ دونیاییه‌كانى ترى نه‌وتووه‌ بیدعه‌یه‌ و خه‌راپه‌.
وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ئه‌م پڕوپاگه‌نده‌یه‌ بۆ سه‌له‌فییه‌كان ده‌كه‌ن یان نه‌فامن یان ناحه‌ز و بوهتانكه‌رن، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه‌ وسلم فه‌رموویه‌تى:
«أنتم أعلم بأمور دنياكم» [رواه مسلم]، واته‌: ئێوه‌ شاره‌زاترن به‌ دونیا له‌ من.
كه‌واته‌ هیچ كاتێك سه‌له‌فییه‌كان نه‌یانووتوه‌ پێویسته‌ دونیای ئه‌مڕۆى ئێمه‌ وه‌كو دونیاى سه‌رده‌مى پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه‌ وسلم بێت!!
نه‌یانوتووه‌ با كاره‌با و سه‌یاره‌ نه‌بێت، وه‌ با خۆشگوزه‌رانى دونیایی نه‌بێت!!
چونكه‌ خواى گه‌وره‌ فه‌رموویوتى:
{قُلْ مَنْ حَرَّمَ زِينَةَ اللَّهِ الَّتِي أَخْرَجَ لِعِبَادِهِ وَالطَّيِّبَاتِ مِنَ الرِزْقِ} [الأعراف: ٣٢]. واته‌: كێیه‌ ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ ئه‌و ڕازاوه‌یی و جوانیانه‌ حه‌رام ده‌كات كه‌ خوا به‌ خه‌ڵكى به‌خشیوه‌، وه‌ كێ ڕزقه‌ پاكه‌كان حه‌رام ده‌كات له‌ به‌نده‌كانى خوا؟!
وه‌ هه‌روه‌ها فه‌رموویه‌تى: {وَلَا تَنْسَ نَصِيبَكَ مِنَ الدُّنْيَا} [القصص: ٧٧]، واته‌: به‌شى خۆشگوزه‌رانى خۆت له‌ دونیا له‌بیرمه‌كه‌، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك حه‌ڵاڵ و پاك بێت نه‌ك حه‌رام و پیس و زیانبه‌خش. كه‌واته‌ سه‌له‌فییه‌ت هیچ داهێنان و نوێكارى و پێشكه‌وتنێكى باشى دونیایی له‌ خه‌ڵك حه‌رام نه‌كردووه‌ و به‌لایه‌وه‌ بیدعه‌ نیه‌. به‌ڵكو ئه‌وه‌ى كه‌ به‌لایه‌وه‌ بیدعه‌یه‌ و حه‌رامه‌ ته‌نها ده‌ستكارى كردنى دینه‌ و زیاد و كه‌مى لێ كردنیه‌تى و داهێنانى شتێكى تازه‌یه‌ به‌ناوى دینه‌وه‌ هه‌روه‌كو پێغه‌مبه‌ر صلى الله علیه‌ وسلم فه‌رموویه‌تى:
«مَنْ أَحْدَثَ فِى أَمْرِنَا هَذَا مَا لَيْسَ مِنْهُ فَهُوَ رَدٌّ» [رواه مسلم]، واته‌: هه‌ركه‌سێك له‌م دینه‌ى ئێمه‌دا شتێك دابهێنێت و زیادى بكات به‌ناوى دینه‌وه‌ كه‌ له‌ دینه‌كه‌دا نه‌بێت ئه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌ و لێی وه‌رناگیرێت چونكه‌ دین خۆى كامڵ و ته‌واوه‌ و هیچ نوقسانیه‌كى نییه‌ و پێویستى به‌ پینه‌ و زیاده‌ و بیدعه‌ ناكات، هه‌روه‌ك خواى گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تى:
{الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ} [المائدة: ٣]، واته‌: من ئه‌مڕۆ دینه‌كه‌تانم بۆ كامڵ و ته‌واو كردوون ... كه‌واته‌ ده‌ركه‌وت كه‌ له‌ دیندا داهێنان بیدعه‌یه‌ به‌ناوى دین نه‌ك له‌ دونیادا.
بۆ نموونه‌ نوێژى به‌یانى دوو ڕكعه‌ته‌ هه‌ركه‌سێك ڕكعه‌تێكى ترى بۆ زیادبكات ئه‌وه‌ بیدعه‌یه‌ و گومڕاییه‌، وه‌ هه‌روه‌ها له‌ دیندا ته‌نها دوو جه‌ژنى ساڵانه‌ هه‌یه‌، هه‌ركه‌سیك جه‌ژنى سه‌رى ساڵ و جه‌ژنى له‌ دایك بوون زیادبكات ئه‌وه‌ لێی وه‌رناگیرێت.
به‌ڵام هه‌ركه‌سێك ڕێگا و بانێكى باش یان بینایه‌كى باش یان سه‌یاره‌یه‌كى باش یان پرۆژه‌یه‌كى دونیایی باش بۆ خه‌ڵكى دابهێنێت ئه‌وه‌ بیدعه‌ نییه‌ به‌ڵكو كارێكى باشه‌.
دکتۆر عبداللطیف أحمد

سەردان: ٢,٨٤٢ بەش: سەلەفیەت