بسم الله الرحمن الرحیم
سوپاس و ستایش بۆ خواى گەورە وە درودو سڵاو لە سەر گیانى پێغەمبەرى خوا وە لەسەر خێزان و كەس وكارى ئیماندارو هاوەڵان و شوێن كەوتوانى تا رۆژى دوایى.
سەرەتا پێویستە ئەوە بزانین كە مردن چارەنووسی هەموو مرۆڤێكە
دەوڵەمەند ، فەقیر ،دەسەڵاتدار ،بێ دەسەڵات ،گەورە ،بچووک هەر هەمووى ئەبێ مردن بچێژێت وەكو خوای پەروەردگار دەفەرموێت:
[ كُلُّ نَفْسٍ ذَائِقَةُ الْمَوْتِ ] (آل عمران:185)
هەموو كەسێك دەبێت بمرێت و مردن بچێژێت (كەی ، لەكوێ ، بەچی خوا نەبێت كەس نازانێت) .
سەبارەت وەڵامى پرسیارەکە بەڕاستى مردن پەند و ئامۆژگارى زۆرى تێدایە ، بۆ نموونە گەر کەسێکى دەوڵەمەند یان دەسەڵاتدار یان سەرۆک عەشرەت دەمرێت :
کەسانێکى بێ دەسەڵات و لاواز و فەقیر و بێ کەس بیر دەکاتەوە کە دەسەڵات و پارە و سەروەت و سامان و عەشرەت ناتوانن ڕێگرى لە مردن بکەن و چەند بەهێز و دەسەڵات دار و دەوڵەمەند و خاوەن عەشرەت بیت مردن هەر پێت دەگات ، کاتێک کە بیر لەمە دەکاتەوە ئەوکاتە ئاسودە و مورتاح دەبیت و بە بەشى خۆى ڕازى دەبیت و دنیاى لا بێ نرخ دەبێت .
وە هەروەها پەند و ئامۆژگارىشی تێدایە بۆ کەسانى دەسەڵاتدار و خاوەن سەروەت و سامان و عەشرەت بەوەى کە چەند بەهێز و دەوڵەمەند بیت ڕۆژێک دێ مردن یەخەت دەگرێت و دنیا بە جێ دەهێڵی بۆیە ئەم جۆرە کەسانە کاتێک بیر لەمە دەکەنەوە ئەو کاتە زوڵم و ستەم لە ژێردەستەکانیان ناکەن و حەق و مافیان بە بەشێوەیەکیش جێ بە جێ دەکەن کە لە دواى مردن هەم خواى گەورە لە خۆیان ڕازی دەکەن ، وە هەم خەڵکیش بە مردنەکەیان خەمبار و دڵتەنگ دەبێت و دوعاى خێریان بۆ دەکرێت و هەمیشە بە چاکە باس دەکرێن .
کەواتە پێوییستە لە سەر هەموو کەسێک بیر لە مردن و ناڕەحەتیەکانى بکاتەوە و بزانێت هەموو ڕۆژێک هەنگاوێک لە مردن و قەبر نزیک دەبێتەوە و کار بکات بۆ دواى مردنى چونکە هەر چەند بژیت هەر دەبێت بمریت .
کاتێک هاوڕێیەکت ، یان کەسێکى نزیکت دەمرێت پەندو ئامۆژگارى لێ وەربگرە و وە بە بیرى خۆتى بهێنەوە کە چۆن فریشتەی مردن (ملك الموت) هاتووەتە خزمەتی بەهەمان شێوە دێتە خزمەتی تۆش، چونكە ژیان چەنێك بەردەوام بێت هەر بەمردن كۆتایی دێت، هەمووی ئەمرێت، چاكەكاران و خراپەكاران، لەخوا ترسان و گوناهكاران، پاڵەوانەكان و لاوازەكان ، ترسنۆكەكان و بوێرو نەترسەكان، ئەوانەی دونیایان خوشدەۆی و ئەانەی دواڕۆژیان خۆشەوی، هیمەت بەرزو بێ هیمەتەكان، هەمووی دەمرێت
پرسیاریش لە خۆت بکە و بڵێ ئەتەوێت چەنێك بژیت؟ حەفتا ساڵ؟ هەشتا ساڵ؟ نەوەد ساڵ؟ سەد ساڵ؟ دووسەد ساڵ؟ هەزار ساڵ؟ دوای ئەوە چی؟ دوای ئەوە مردن و نەمان و دفن كردن، دوای ئەوە...قیامەت.
کاتێک تۆ بیر لەمە دەکەیتەوە ئەوکاتە گرنگى بە کاتەکانى ژیانت دەدەى و لە شتى بێ سوود و تاوان و خراپەدا سەرفى ناکەى و توێشوو بۆ قەبر و قیامەتى خۆت کۆ دەکەیتەوە گەر وات کرد ئەوا بزانە تۆ کەسێکى زۆر ژیر و تێگەشتووى هەروەکو پێغەمبەرى خوا ﷺ فەرموویەتى :
((باشترینی موسوڵمانان ئەوانەن كە جوانترین خوڕەوشتیان هەیە ، و ووشیارترین و ژیرترین موسوڵمانان ئەوانەن كە لەهەموویان زیاتر یادی مردن دەكەنەوە وە لە هەموویان چاكتر خۆیان ئامادە كردووە بۆ دوای مردن ))
وە هەروەها زوو زوو سەردانى گۆڕستان بکە و سەیرى گۆڕى کەسوکار و هاوڕێ و خزمەکانت بکە چۆن تا دوێنێ وەکو تۆ وابوون بەڵام ئێستا هەر ناڵێى خاوەنى ئەم قەبرانە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە دنیادا ژیاون ، کاتیک تۆ لە گۆڕى خۆشەویستانت تێڕادەمێنى ئەو کات دەزانى دنیا چەند بێ نرخە .
بۆیە با چیتر كاتی خۆمان بەفیڕۆ نەدەین و هەر ئێستا بڕیار بدەین و خۆمان بۆ كاتی مردن ئامادە بكەین و هەر كارێك باشە بۆ دوای مردن ئەو كارانە بكەین .
وەڵامەکان