حاڵى ئینسانى خواپەرست و باوەڕدار چۆنە لە ناو گۆڕەکەیدا تا هاتنى قیامەت؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حاڵى ئینسانى خواپەرست و باوەڕدار چۆنە لە ناو گۆڕەکەیدا تا هاتنى قیامەت؟

کۆمەڵێ بەڵگە هەن لەسەر ئەوەی کە باوەڕدار لە خۆشی و خۆشگوزەرانیدایە لە گۆڕەکەیدا هەتا هاتنی ڕۆژی دوای و گواستنەوە و چوونی بۆ ناو خۆشیەکى هەتا هەتایی کە ئەویش بەهەشتە و خوای گەورە لە ئەهل وخەڵکی بەهەشتمان بگێڕێ ـ
ئەمانە کۆمەڵێ شێوەی ئەو خۆشیانەن کە باوەڕدار لە گۆرەکەى دا دەیچێژێ و دەیبینێ:
۱ـ فەرش و ڕاخەری لە فەرش و ڕاخەرەکانی بەهەشتی بۆ ڕائەخرێ.
۲ـ جلوبەرگی لە جلوبەرگەکانی بەهەشتی لەبەر دەکرێ.
۳ـ دەرگایەکی بەڕوی بەهەشتدا بۆ دەکرێتەوە کە گوڵ و گوڵزاری بەهەشت دەبینێ و بۆنی بەهەشتی بەسەردا دێ و چاوەکانی ئۆقرە دەگرن بە بینینی خۆشیەکانی بەهەشت.
٤ـ گۆڕەکەی بۆ فراوان دەکرێ.
۵ـ موژدەی ڕەزابوونی خوا و بەهەشتی پێ ئەدرێ و بۆیە تامەزرۆی هاتنی ڕۆژی دوای دەکات.
٦ـ دڵخۆش دەبێ بە بینینی جێگەکەی لە دۆزەخ کە خوای گەورە بۆی گۆڕیوە بە شوێنێ لە بەهەشت.
۷ـ دەخەوێ وەک خەوی تازە زاوا ـ کە مەبەست لێی کە لە ژیانێکی خۆشدایە ـ
۸ـ گۆرەکەی بۆ ڕووناک دەکرێتەوە ـ
ئەمانە کۆمەڵێ لەو خۆشیانەن گە لە فەرمودەى صەحیح دا هاتوون و خوای گەورە دەیبەخشێت بە باوەڕداران لە گۆڕدا ـ داواکارین لەخوای گەورە لەو کەسانەمان بگێڕێ و بژمێرێ کە خاوەنی ئەم خۆشیانەن ـ
خواى گەورەش زاناترە

سەردان: ٥,٣٢٣ بەش: مردن