هۆکارەکانى دابینکردنى ئەمن و ئاسایش لە خاک و وڵاتدا چیە ؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
هۆکارەکانى دابینکردنى ئەمن و ئاسایش لە خاک و وڵاتدا چیە ؟

بسم الله الرحمن الرحیم
الحمد لله رب العالمين والصلاة والسلام على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين ومن تبعهم باحسان الى يوم الدين،أما بعد:
کاتێک باسى نیعمەتى ئەمن و ئاسایش دەکەین ئەبێ ئەم سێ خاڵە بزانین :
یەکەم : سودەكانى ئەمن و ئاسایش  دووەم : هۆكارەكانى دابینكردنى   سێیەم : هۆكارى بەردەوام بوونى 

خاڵى یەکەم : سودەكانى ئەمن و ئاسایش
لە ژیاندا مرۆڤ پیویستى بەدوو شتى گرنگ هەیە بۆ ئەوەى بە ئاسودەیى و ئارامى ژیان بەسەر بەرێت،یەكێك لەم دووشتە بۆ لاشەكەیەتى كە بریتى یە لە خواردن، چونكە مرۆڤ به بێ خۆراك دەمرێت و ژیانى نامێنێت.
وە دووەم شتیش بریتى یە لە نیعمەتى ئەمن و ئاسایش و ئارامى و ئاسودەیى، چونكە مرۆڤ هەرچەندە خۆراكى باشیشى هەبێت بەڵام كەلە ژیانێكى پڕمەترسیدا بوو ئەوە ئیسراحەت ناكات و ئاسودە نابێت و سوود لە خۆراكەكەیشى نابینێت و ژیانى بەرەو هەڵدێر و نەمان دەچێت.
وە ئەم دوو پێداویستى یە هى گشت كەسێكە تاك بن یان كۆمەڵ، وە پێویستە هەموو لایەك هەوڵى دابین كردنى ئەم دوو شتە بدەن چ لەسەر ئاستى تاك یاخود دەوڵەت.
وە پێویستە هەموولا هاوكارى یەكترى بكەن بۆ دابینكردنیان بە شێوەیەكى ڕێك وپێك و ڕەوا.
وە پێویستە هەموو لایەك بەرپەرچى ئەو شاڵاوانە بدەنەوە كە ئەمن و ئاسایش تێك دەدەن و فیتنە وئاژاوە وئاشوب دروست دەكەن.
چونكە ئاسایش وئاسودەیى وخێروخۆشى هەموو چاكەكارێكى تێدایە وخراپەكارانیش دەیانەوێت لە ئاوى لێڵدا ڕاو بكەن.
بەڵام پێویستە بە وردى بیربكەینەوە و وردبینەوە و بزانین ئایا هۆكارە سەرەكی یەكانى دەست كەوتنى ئەمن و ئاسایش و ئاسودەیى چین بۆ ئەوەى دەستەبەریان بكەین، وە ئەو هۆكارانەیش كە ئاسایش ناهێڵن چین تا خۆیان لێ بەدوور بگرین.

دووەم : هۆكارەكانى دابینكردنى ئەمن و ئاسایش
1- ئیمانیكى ڕاست و تەواو بەخواى پەروەردگار و نێردراوەكەى و كردنى كردەوەى چاك بە گوێرەى قورئان و سوننەت:
بێ گومان ئەم مرۆڤ وبونەوەرە پەروەردگارێكى هەیە كە یاسا و دەستورێكى بۆ داناوەو بە هێز و توانا و بە دەسەڵاتە لەسەر هەموو شتێك و خۆشى و ناخۆشى و مردن و ژیانى ئیمەى بەدەستە.
جا هەركەسێك بیناسێت و باوەڕى پێ بێت و لە ڕێبازەكەى لانەدات و سپڵە نەبێت بەرامبەرى، ئەوە خۆشحاڵ دەبێت، وەك پەروەردگار خۆى فەرموویەتى: [ وَعَدَ اللَّهُ الَّذِينَ آَمَنُوا مِنْكُمْ وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ لَيَسْتَخْلِفَنَّهُمْ فِي الْأَرْضِ كَمَا اسْتَخْلَفَ الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ وَلَيُمَكِّنَنَّ لَهُمْ دِينَهُمُ الَّذِي ارْتَضَى لَهُمْ وَلَيُبَدِّلَنَّهُمْ مِنْ بَعْدِ خَوْفِهِمْ أَمْنًا يَعْبُدُونَنِي لَا يُشْرِكُونَ بِي شَيْئًا] (النور /55)
واتە / خواى گەورە وەعدە وپەیمانى داوە بەوكەسانەى كە باوەڕیان هێناوە و كردەوەى چاك دەكەن بەوەى كە:
* بیانكاتە جێنیشینى سەر زەوى (واتە دەسەڵات دار دەبن)، هەروەكو چۆن ئەوانەى پێش ئەمانى دەسەڵات دارو جێنیشین كردووە.
* وەئەو دینەیشیان بۆ جێگیرو دامەزراو دەكات كە كارى پێ بكەن و حوكمى پێ بكەن كە خۆى ڕازى بووە لێی بۆیان.
* وەترس ونائاسایشیان بۆدەگۆڕێتەوە بە ئەمن و ئاسایش وئاسودەیى و ئارامى.
بەڵام بەمەرجێك كەبەتاك وتەنها خواى گەورە بپەرستن وهیچ هاوبەشێكى بۆ دانەنێن.
كەواتە یەكێك لە بەرهەمە گرنگەكانى ئیمان و كردەوەى چاك بریتى یە لە ئەمن وئاسودەیى وهێمنى و ئاسایش.
وە لە ئایەتێكى تردا پەروەردگار فەرموویەتى: [ فَمَنْ تَبِعَ هُدَايَ فَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ] (البقرة / 38).
واتە / هەركەسێك شوێن ڕێنمایى و بەرنامەى خوا بكەوێت ئەوا نەترسى لە سەرە بۆ داهاتووى وە نەغەم و خەفەتیش دەخوات لە ڕابردووى.
2- هاوبەش دانەنان بۆ خواى گەورە لە پەرستنى دا:
وەكو خواى گەورە دەفەرمێت: [ فَأَيُّ الْفَرِيقَيْنِ أَحَقُّ بِالْأَمْنِ إِنْ كُنْتُمْ تَعْلَمُونَ، الَّذِينَ آَمَنُوا وَلَمْ يَلْبِسُوا إِيمَانَهُمْ بِظُلْمٍ أُولَئِكَ لَهُمُ الْأَمْنُ وَهُمْ مُهْتَدُونَ] (الأنعام /81-82)
واتە / كام لە دوو گروپەكە شایستە ترە بە ئەمن و ئاسایش …. گروپى ئیمانداران یان بێ باوەران ؟ !
بێ گومان ئەوانەى باوەڕیان بە تەنهایەتى خوا هەیە و هاوەڵ و شەریكى بۆ دانانێن ئەوانە ئەمن و ئاسایشیان بۆهەیە و ئەوان ڕێنمایى كراون.
3- بڵاوبوونەوە وسەقامگیربوونى ئیسلام لەناو خەڵكیدا:
وەكو لەم فەرموودەیەدا پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیەوسلم) فەرموویەتى: [واللهِ لَيُتِمَّنَّ اللهُ هذا الدينَ – او هذا الامرَ – حَتَّى يَسِيرَ الرَّاكِبُ مِنْ صَنْعَاءَ الى حَضْرَمَوْتَ لايَخافُ الا اللهَ أوالذِّئْبَ على غَنَمِهِ،وَلكِنَّكُمْ تَسْتَعْجِلُون] (رواه البخاري في صحيحه)،(3612 و3852 و6943)
واتە / خواى گەورە ئەم دینە تەواو دەكات (دینى ئیسلام) تەواو سەقامگیر دەبێت تاواى لێ دێت ڕێبوار لە سەنعاوە دەڕوات بۆ (حَضْرَمَوْتَ)لەم هەموو ڕێگا دوورە ترسى هیچى نابێت تەنها ترسى خوانەبێت، وەهەروەها مەگەر مەترسى
گورگى ببێت لەمەڕەكەى بەڵام ئێوە پەلەدەكەن.
كەواتە ئەمن و ئاسایشى تەواو بەندە بە دیندارێتى تەواو و سەقامگیر بوونى تەواوى ئاینى ئیسلام.
وەتاوەكو ئیسلام بەڕاستى وتەواوێتى بڵاوببێتەوە ئەوە ئەمن و ئاسایش زیاتر بڵاودەبێتەوە، وەتاوەكو ئیسلامەتى لاواز بێت لەناو كۆمەڵگادا ئەوا ڕێگرى و كوشتار ودزى وفیتنە و ئاژاوە و ئاشوب بڵاودەبێتەوە و ئاسایش نامێنێت.

سێیەم : هۆكارى بەردەوام بوونى ئەمن و ئاسایش
بەڵام نیعمەتى ئەمن و ئاسایش بەوە زیاد دەكرێت و پارێزگارى لێ دەكرێت كە سوپاسى خوا بكەین و پەرستنى بۆ بكەین، وە بەكوفر و دوورى لەخوا لەدەست دەچێت.
خواى گەورە دەفەرمێت: [لِإِيلَافِ قُرَيْشٍ إِيلَافِهِمْ رِحْلَةَ الشِّتَاءِ وَالصَّيْفِ فَلْيَعْبُدُوا رَبَّ هَذَا الْبَيْتِ الَّذِي أَطْعَمَهُمْ مِنْ جُوعٍ وَآَمَنَهُمْ مِنْ خَوْفٍ ] (قريش /1-4).. واتە / قورەیش لەسەردەمى نەفامى یاندا بۆ بازرگانى لەزستاندا دەردەچون بۆ یەمەن ولە هاویندا بۆ شام، وە لەو كاتەدا عەرەب دەیاندا بەسەر یەكتردا وماڵى یەكتریان بەتاڵان دەبرد ویەكتریان دەكرد بە كۆیلە،بەڵام ئەم شتانەیان لەگەڵ قورەیشدا نەدەكرد لەبەر ڕێزو پلەو پایەى كەعبەى ماڵى خوا، خواى گەورەیش پێیان دەفەرمێت با پەروەردگارى ئەو كەعبەیە بپەرستن كە بەهۆیەوە پارێزراو بوونە لەدەست درێژى خەڵكانى تر، ئەو پەروەردگارەى كە بەهۆى ئەم دوو كاروانەوە تێریانى كردووە لەبرسێتى یەكى سەخت، وەئەمینیانى كردووە ولەهێمنى وئاسایشدا دەژین وترسى خۆیان وماڵ وسامانیان نى یە بەهۆى كەعبەوە، لەكاتێكدا كەخەڵكانى تر لەترس ودڵەڕاوكێ ونائارامى دا دەژین، هەروەكو چۆن پێشتریش ئەمینیانى كرد لەترسی حەبەشەو فیلەكانیان.
كەواتە پێویستە لە سوپاسى ئەو دوو نیعمەتە گەورەیە بەندایەتى و پەرستنى پاك و تەنها بكەن بۆ پەروەردگارى خاوەن دوو نیعمەتەكە.
بەڵام بە پێچەوانەوە نیعمەتێك كە لە ئاراشدا بێت ومەوجودیش بێت لەدەستمان دەچێت ئەگەر سوپاسى خواى گەورەى لەسەر نەكەین، خواى گەورە دەفەرمێت: [وَضَرَبَ اللَّهُ مَثَلًا قَرْيَةً كَانَتْ آَمِنَةً مُطْمَئِنَّةً يَأْتِيهَا رِزْقُهَا رَغَدًا مِنْ كُلِّ مَكَانٍ فَكَفَرَتْ بِأَنْعُمِ اللَّهِ فَأَذَاقَهَا اللَّهُ لِبَاسَ الْجُوعِ وَالْخَوْفِ بِمَا كَانُوا يَصْنَعُونَ] (النحل /112)
واتە / خواى گەورە نمونەى دێیەك (مەككە) بۆ خەڵكى مەككە دەهێنێتەوە كە لە ئارامى هێمنى وئاسایشدا دەژیان، وەخواى گەورە ڕۆزى فراوانى دەڕژاند بەسەریاندا لە هەموو شوێنێكەوە،بەڵام كاتێك كوفریان كرد بەبەخششەكانى خواى گەورەو سوپاسگوزاریان نەكرد،خواى گەورە توشى برسێتى وترسێكى زۆرى كردن بەهۆى كردەوەى خراپى خۆیان.
كەواتە سوپاس گوزارى بۆ خواو پابەند بوون بە شەرعەكەى نیعمەتى ئەمن و ئاسایش و خۆشگوزەرانیمان بۆ دابین دەكات، وە بۆمان پارێزگارى لێ دەكات، بەڵام سپڵە بوون بەرامبەر خوا نیعمەتەكانمان لەدەست دەدات و وەزعمان تێك دەدات(*).
وە بەزەبرى هێزیش ئاسودەیى و ئاسایش بەرپا نابێت كە پیادەكردنى ئیسلامى ‌لەگەڵ نەبێت.
هەڵبەتە مەبەستیش لە ئیسلام ئەو ئیسلامەیە كە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) وهاوەڵانى لەسەرى بوون، نەك ئیسلامى توندڕەوێتى و حیزبایەتى و ڕەشەكوژى.
یا ئیسلامی خورافێتى و شەخس پەرستى و لاسایى كردنەوەى كوێرانە.
وصلى الله وسلم على نبينا محمد وعلى آله وصحبه أجمعين.
==========================
(*) سوپاس گوزارى نیعمەتى وون بوو دەهێنێتەوەبوون و دەستەبەرى دەكات، وەپارێزگارى لەنیعمەتە بوونەكان دەكات، وەكوفركردن ونا سوپاسى بێ بەشت دەكات لە نیعمەتى وون بوو، وەنیعمەتە بوونەكانیشت لە دەست دەدات.

دکتۆر عبداللطیف أحمد

سەردان: ٨,٤٥٦ بەش: هەمەجۆر