تكایە ڕوونكردنەوەیەكمان سەبارەت بە مارەیى زۆر بۆ بڵاوبكەنەوە چونکە ئێستا کچان داواکاریان زۆر زۆرە: ماڵپەڕی وەڵامەکان
تكایە ڕوونكردنەوەیەكمان سەبارەت بە مارەیى زۆر بۆ بڵاوبكەنەوە چونکە ئێستا کچان داواکاریان زۆر زۆرە

بسم الله الرحمن الرحيم

مەبەست لە ژن هێنان و شوو كردن دروست كردنی خێزانێكی بەختەوەرە نەك (كڕین و فرۆشتنی كچ و پارە پێ پەیدا كردن) !!!
بە ڕاستی لە ئیسلامدا كچ لەوە زۆر ڕێزدار و قورس و سەنگین ترە كە بە پارە یان بە زێڕ و شتومەك بەها و وەزن بكرێت، بۆیە دەبێت ئەوە بزانرێت ئەو مارەییەی كەوا بۆ كچ دادەنرێت لە كاتی بە شوودانیدا بریتی نى یە لە نرخی كچەكە بەڵكو دیاری و بەخشیشێكە پێشكەش بە كچ دەكرێت بۆ ئەوەی دڵی پێخۆش بكات و هەندێك شتومەكی پێبكڕێت وەك زێڕ و جلوبەرگ بۆ ئەوەی خۆی پێبڕازێنێتەوە چونكە ئافرەتان زۆر حەزیان لە شتی ڕازاوە و جوان و ناسكە و ئەمەش شتێكی سروشتى یە وەك خوای گەورە فەرموویەتی: [أَوَمَن يُنَشَّأُ فِي الْحِلْيَةِ] [سورة الزخرف: (18)] واتە: ئافرەتان لە نێو شتی ڕازاوەدا پێگەیشتوون.
بەڵگەش بۆ ئەوەی كەوا مارەیی دیاری و بەخشیشە نەك نرخ و بەهای كچ خوای گەورە فەرموویەتی: [وَآتُواْ النَّسَاء صَدُقَاتِهِنَّ نِحْلَةً] [سورة النساء: (4)] نِحْلَةً: أي هدية.
واتە: مارەیی بدەن بە ئافرەتان وەك دیاری.
وە پێوەر بۆ بە شوودانی ئافرەت بریتى یە لە دین و ئەخلاق نەك پارە و ناوبانگ و پلەوپایە ! پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: ((إذا أتاكم من ترضون دينه وخلقه فأنكحوه، إنْ لا تفعلوه تكن فتنة في الأرض وفساد كبير)) [صحيح سنن الترمذي رقم: (1084)] .
واتە: ئەگەر كەسێك هات بۆ خوازبێنی ژن لێتان لە دین و ئەخلاقی ڕازی بوون ئەوا ژنی بدەنێ، ئەگەر وا نەكەن ئەوا فیتنە و ئاشوب و فەساد و بەدڕەوشتى یەكی گەورە ڕوودەدات لە زەویدا.
وە ئیسلامی هانی گەنجانی داوە بۆ ژن هێنان بۆ ئەوەی خۆیان لە تاوان بپارێزن وەك پێغەمبەری خوا فەرموویەتی: ((يا معشر الشباب من استطاع منكم الباءة فليتزوج فإنه أغض للبصر وأحصن للفرج)) [صحيح سنن النسائي رقم: (2242)] .
واتە: ئەی گرۆی گەنجان هەر یەك لە ئێوە توانای ژن هێنانی هەیە ئەوا با ژن بێنێت چونكە ژن هێنان دەبێتە مایەی چاو گرتنەوە لە سەیر كردن و دامێن پاراستن لە داوێن پیسی.
بۆیە پێویستە هاوكاری گەنجان بكرێت بۆ ژن هێنان بە هەموو شێوەیەكی شەرعی، یەكێك لەو شێوانە ئەوەیە كە مارەیی كچانیان لە سەر قورس و زۆر و گران نەكرێت تاوەكو بتوانن ژن بهێنن و خێزانێكی دیندار و بە ئەخلاق و بەختەوە پێك بێنن.
وە كار ئاسانی كردن لە بە شوودانی كچدا و كەم كردنەوەی مارەییەكەی نیشانەی بەرەكەت و خێر و فەڕی ئەو ئافرەتەیە وەك پێغەمبەری خوا فەرموویەتی:((إنَّ من يُمن المرأة تيسير خطبتها وتيسير صداقها)) [صحيح الـجامع الصغير رقم: (2235)] .واتە: بەڕاستی لە بەرەكەتی ئەوەیە كە خوازبێنی كردنی و بە شوودانی ئاسانكاری تێدا بكرێت و مارەییەكەی سووك و كەم بێت.
وە پێویستە ئەوەش بزانرێت كەوا ئەمە لە ڕێزی ئافرەتان كەم ناكاتەوە بەڵكو هاوكاری كردنی ئەوانیشە بۆ شوو كردن و ئارام گرتن لە ماڵی خۆیدا چونكە ئەویش مافـی خۆیەتی بچێتە ماڵی خۆی و لە سایەی ژیانی هاوسەرگیریدا بحەسێتەوە.
وە بە پێچەوانەوە هەم كوڕان و هەم كچانیش دووچاری ئەوە دەكرێنەوە كەوا پەنا بۆ كاری حەرام ببەن ئەگەر كاری ئاسانی نەكرێت لە پرۆژەی هاوسەرگیریدا.
لە لایەن مامۆستا (محمد عبدالرحمن)ە وە وەڵام دراوەتەوە

سەردان: ٥,٠٣٩ بەش: ژنهێنان و شوکردن